راسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە نەك رێگر نەبن بەڵكو هاوكار بن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان

راسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە نەك رێگر نەبن بەڵكو هاوكار بن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان
باڵیۆز نانسی سۆدێربێرگ لە كۆڕێكی تەلەفزیۆنی C- SPAN دا:راسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە نەك رێگر نەبن بەڵكو هاوكار بن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان


لە ئۆكتۆبەری مانگی رابردوو تەلەفزیۆنی (C-SPAN) كۆڕێكی بۆ سەرۆك و بەڕێوەبەری گرووپی تاسك فۆرس سەبارەت بە راپۆرتی بونیادنانی دەوڵەت لە «كوردستانی عێراق» گرێدا، لەم پەنێڵەدا باڵیۆز نانسی سۆدربێرگ بەمجۆرە لەسەر ناوەڕۆكی ئەم راپۆرتە قسەی كرد.
«رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاودایە، هەرەسهێنانی دەوڵەتی عێراق و پێشڕەویی دڕندانەی داعش و شەڕی ناوخۆیی سووریا و هەروەها هەنگاوی ئەم دواییەی رووسیا بۆ پشتگیریكردنی بەشار ئەسەد، ئەمانە بوونەتە جێی سەرنجی سیاسەت داڕێژەرانی هەر دوو بەرەی ئەتلانتیك و هەروەها لە ناوچەكەشدا، كە دەبێت ئەمانە زەنگی بە ئاگاهێنانەوە و هۆشیاركردنەوە بن بۆ سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، چونكە ئەو رێچكەیەی لە ئێستادا گیراوەتەبەر مایەی شكستە. لە نێو ئەم پشێوییانەدا ئێمە مەسەلەیەكی گرنگمان فەرامۆش كردووە، ئەویش كاروانی سەربەخۆیی كوردی عێراقە، ئێمە ئەو راستییە دەزانین كە ئەمە بەشێكە لە پرسێكی گەورەتر، بەڵام تەركیز لەسەر واقیعێك و راستیەك دەكەین كە وەك پێویست شیكردنەوەی بۆ نەكراوە و لەبەرچاونەگیراوە. باوەڕمان وایە پێویستە كوردی عێراق و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری سەخت بدەن لە پێوەندی بە كاروانی بەڕێكەوتووی كوردی عێراق بەرەو سەربەخۆیی. كە ئەگەر بە راست و دروستی ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، ئەوا هاتنەئارای كوردستانی سەربەخۆ و گەشەكردوو و دیموكرات و سەقامگیر لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا دەبێت و خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی كورد و عێراق و ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكات. دەرئەنجامە سەرەكییەكانیشمان لە سێ بواردا كورت دەكەینەوە:

_ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بەوەیە دژی سەربەخۆیی كورد نەوەستێتەوە، بەڵكو بۆ ئەو مەبەستە كار لەگەڵ كورددا بكات.
_ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بەوەیە یەكگرتووتر هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ شەڕكردن لە دژی داعش.
_ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بەوەیە هاوكاری كورد بكات بۆ زاڵبوون بەسەر باری گرانی ئاوارەكاندا.
لەبەر ئەوە راسپاردەی ئێمە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە چیتر رێگە لە كاروانی سەربەخۆیی كوردی عێراق بەرەو سەربەخۆیی نەگرێت. چونكە ئەگەر ئاوڕێك بۆ دواوە بدەینەوە ئەوا كورد لە ساڵی 1991ەوە دەوڵەتی ئەمری واقیعیان بنیاد ناوە، هەروەها لە ماوەی 12 ساڵی دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمەریكاوە – لە ساڵی2003دا- كورد هەوڵیداوە كار لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە بەغدا بكات، بەڵام لەگەڵ هەرەسهێنانی عێراق و لەگەڵ بەرهەڵستییەكانی بەغدا چیتر كورد ناتوانن ئەم كارە بكەن. لە ماوەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە دەستووری ساڵی 2005ی عێراق، كورد مەرجیان هەبوو بۆ مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەویش ئەوە بوو كە عێراق وڵاتێكی دیموكرات و فیدڕاڵ و نامەركەزی بمێنێتەوە، بەڵام چیتر ئەم چەشنە عێراقە لە ئارادا نییە. لە مانگی تەمموزی ساڵی 2014دا هەرێمی كوردستان پلانی سازدانی راپرسی راگەیاند كە زەمینەی بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی خۆش دەكرد. هەرێمی كوردستانیش لەو راستییە تێدەگات كە نابێت پەلە بكات، لەبەر ئەوەی دەكەوێتە ناكۆكییەوە لەگەڵ عێراق و سووریا و توركیا و ئێراندا. هێشتا ئێمە نازانین كەی و چۆن كوردستانی عێراق هەوڵ دەدات سەربەخۆیی رەسمی بەدەست بهێنێت. بەڵام لە بەرژەوەندی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە كە رێگری بكات لە خەونی رەوای كورد بۆ مومارەسەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس. بەڵكو لە بری ئەوە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بەغدا و دەوڵەتە پێوەندیدارەكاندا بكات بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەكی راوێژكاری و دیموكراتی و سەقامگیر و بەرپرسیارانە بێت.
بە دڵنیاییەوە هەرچەندە كوردی عێراق بە وریاییەوە هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵبگرن، ئەوا مەترسیی ناسەقامگیركردنی ئەو دەوڵەتە دراوسێیانە لە خۆدەگرێت كە دانیشتووانی كوردیان هەیە. هەروەها كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رووبەڕووی تەحەددی دەبێتەوە، كاتێك كورد پایەی دەوڵەتەكەیان دەچەسپێنن.
ئێمە لەناو راپۆرتی بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراقدا، چەند راسپاردەیەكمان هەیە لە راپۆرتەكەدا كە هەندێكیان لێرەدا دەخەینەڕوو. سەرەتا راسپاردەمان ئەوەیە بۆ حكومەتی عێراق پێویستە كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان چارەسەر بكات و بە گوێرەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق راپرسی ئەنجام بدات لەبارەی كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی دیكەی لە هەردوو پارێزگای دیالە و نەینەوا، كە ئەو راپرسییەش لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چاودێری بكرێت. خۆ ئەگەر حكومەتی عێراق نەتوانێت، یان نەیەوێت ئەم كارە بكات ئەوا راسپاردەی ئێمە ئەوەیە كوردستان بە پاڵپشتی بە هێزی و بە چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم كارە بكات.
راسپاردەكان بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە
1- ئێران و توركیا دڵنیا بكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پلانی دامەزراندنی كوردستانی گەورەی نییە كە بەشێك لە توركیا، یان سووریا، یان ئێران ئاوێتەی دەوڵەتەكەی بكات.
2- داوا لە چاودێری نێودەوڵەتی بكات ئەگەر راپرسی ئەنجام درا و سەربەخۆیی راگەیەندرا، كار بكرێت بۆ ئەوەی عێراق و دەوڵەتە دراوسێكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوەتی لە پرۆسەكە ئاگادار بكرێنەوە.
3- رێوشوێنێكی تایبەتی دابەشكردنی دەسەڵات لە كەركووك و ئەو ناوچانەی دیكەدا پیادە بكات ئەگەر هاتوو لە راپرسییەكەدا دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، هەروەها بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتەكانی عێراق و توركیا و ئێران لەبارەی پرسە سیاسییەكانی دوای سەربەخۆیی وەك سنوورەكان و دانپێدانان و پرسە ئابوورییەكان.
4- راسپاردەی ئێمە بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە توانای خۆی بەهێز بكات بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە و دەبێت وەزیری كاروباری پێشمەرگە كار بۆ بەهێزكردنی كۆنتڕۆڵكردنی سوپا لە لایەن دەسەڵاتی مەدەنییەوە بكات و پێشمەرگە بگۆڕن بۆ سوپایەكی پیشەگەر، هەروەها كار بكات بۆ داڕشتنەوەی پەیكەربەندی مووچەی پێشمەرگە و بە رێكوپێكی ئەو مووچەیەش دابین بكات، لەگەڵ دابینكردنی مووچەی خانەنشینی و ئیمتیازاتەكانی دیكەی خانەنشینی.
راسپاردەكان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
- راسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە لەو راستیە تێبگات كە كوردی عێراق هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی دەنێت و كار بكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق و دەوڵەتە دراوسێكان بۆ پشتیوانیكردن لە پەرەدان بە نەخشەڕێگا و خشتەیەكی زەمەنی شەفاف لە بارەی ئەگەری بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق- لە لایەن كوردەوە-، چونكە شەفافییەت پێوەندییەكانی دوای سەربەخۆیی پتەوتر دەكات. هەروەها دەبێت یارمەتی راستەوخۆ دەستەبەر بكرێت بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نەخشە و ئەنجامدانی هەر راپرسییەك لە بارەی سەربەخۆییەوە بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بێت و پێویستە چاودێر بنێرن بۆ دڵنیابوون لەوەی راپرسییەكە بێخەوش و دادپەروەرانە بێت. دەمەوێت پەنجە بخەمە سەر گرتنەبەری هەوڵی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەكەدا.
- كورد لایەنی سەرەكین لە شەڕی دژی داعش هەم لە سوریا و هەم لە عێراق. مایەی ئیعجاب بوو بۆ ئێمە كە ئەمەریكا هاوكاری كوردی كرد بۆ بەرگری كردن لە هەولێر لە ساڵی 2014 بۆ رێگریكردن لە پێشڕەوی داعش بەرەو هەولێر. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرژەوەندی هەیە لەوەی كوردستانی عێراق ببێتە نەوایەكی سەقامگیر و هاوپەیمانێكی باشتر لە دژی داعش.
- ڕاسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێوەندی بە داعشەوە ئەوەیە كە پشتیوانی لە هەوڵی یەكگرتوو بكات هەم لە سووریا و هەم لە عێراق بۆ تێكشكاندنی داعش، ئەویش بە هێنانەدی هاوكاری لە نێوان گرووپە كوردەكان لە رێی دەستەبەركردنی راهێنانی پێویست و دابینكردنی كەل و پەل بۆیان تاوەكو بتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن. بەردەوام پێداچوونەوە بە پێداویستیی پێشمەرگەدا بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی داعش كە رۆڵی كوردیش لەم روەوە بەڕێوەدەچێت.
- پێویستە بە پەلە چەكی دژەتانك بۆ پێشمەرگە دابین بكرێت بۆ ئەوەی كاراتر بەرگری لە خۆیان بكەن لە دژی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژەكان و بۆمبی چێندراو، هەروەها راهێنان بە پێشمەرگە بكرێت و چەكی پێشكەوتوویان پێبدرێت كە پێویستە بۆ كردەوەی هێرشبردن لە دژی داعش.
- بە رەچاوكردنی پێداویستی بەپەلەی ئەمنی لە ناوچەكەدا راسپاردەی ئەوە دەكەین كە ئەمەریكا پەرە بە پلانێك بدات بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی لە كوردستانی عێراقدا كە تەواو كارا دەبێت ئەگەر هاتوو كوردستانی عێراق سەربەخۆیی بەدەست هێنا. هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەمنی ئەوا كورد دۆستانە پێشوازی لێدەكەن و ئەوان جەنگاوەری باشن و ئەمەش بە شێوەیەكی دراماتیكی پەرە بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەدات.
- راسپاردەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە راستەوخۆ كۆمەك بە هەرێمی كوردستان ببەخشێت بۆ برەودان بە پلانێكی گشتگیر و هەمەلایەن بۆ دۆخی دوای ناكۆكی بۆ سەقامگیركردنی رەوشەكە.
- پێشنیاری ئەوە دەكەین كە نوێنەری هەرێمی كوردستان ئەم پلانە بخاتەڕوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بە گوێرەی ئەوەی پێی دەڵێن (Arria-Formula) كە میتودێكی ناڕەسمییە و رێگا دەدات بە دەوڵەتە نائەندامەكانی ئەنجومەنی ئاسایش كە لە دانیشتی ناڕەسمی ئەم ئەنجومەنەدا قسە و وتاریان هەبێت.
- راسپاردەی ئەوەمان هەیە كە راستەوخۆ كۆمەك بدرێتە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك وەزارەتی پلاندانان و تەندروستی و هەروەها رێكخراوە ناحكوومییە مەحەلییەكان كە خزمەتگوزاری تەندروستی و مرۆیی پێشكەش دەكەن بۆ هاوكاریكردنی لە چارەسەركردنی قەیرانەكەدا.
- بە دڵنیاییەوە هیچ دەوڵەتێكی نوێ ئامادەی سەربەخۆیی نابێت، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددییاتە هاوكاری كورد بكات.
Top