ئازادكردنی شنگال ئاراستەی تیرۆریستانی داعشی لە هێرشبردنەوە گۆڕی بۆ بەرگری لەخۆكردن و ئێستا هەموو جیهان شانازی بە پێشمەرگەوە دەكات
November 26, 2015
دیمانەی تایبەت
سابت عەبدوڵڵا بڕوانامەی دكتۆرای لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی جۆرج تاون بەدەست هێناوە، وانەبێژی مێژوو بووە لە زانكۆكانی یۆرك و ئۆكلاهۆما و زانكۆی ئەمەریكی لە قاهیرە. خاوەنی چەندین توێژینەوە و وتار و كتێبە لە بواری مێژوودا، بۆ نموونە كتێبی «مێژوویەكی كورتی عێراق: لە ساڵی 636ـەوە تاوەكو ئێستا» بۆ بەدواداچوونی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێوەندی بە تیرۆریسم و بوونی بە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە و رێگاچارەكانی بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكاندنی داعش بەتایبەتی دوای زیادبوونی مەترسییەكانی لەسەر رۆژئاوا، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستە كرد و ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە تێڕوانینەكانی كرد.پرۆفیسۆر سابت عەبدوڵڵا لە زانكۆی جۆرج تاون بۆ گوڵان:ئازادكردنی شنگال ئاراستەی تیرۆریستانی داعشی لە هێرشبردنەوە گۆڕی بۆ بەرگری لەخۆكردن و ئێستا هەموو جیهان شانازی بە پێشمەرگەوە دەكات
* پاش هێرشەكەی چارلی هیبدۆ، تیرۆریستانی داعش هەفتەی رابردوو چەند هێرشێكی دیكەی تیرۆریستییان لە پاریس ئەنجامدا و ئەو شارەیان خەڵتانی خوێن كرد، چ پەیامێك لەپشت ئەم هێرشانەی داعشەوە دەبینن و لە رۆژئاوا چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت؟
- لە راستیدا پەیامەكان زۆرن، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە ئێستا داعش لە حاڵەتی بەرگریدایە، ئەو تێكشكانەی داعش لە كۆبانێ و هەروەها رزگاركردنی شنگال و ئەو پێشڕەوییانەی كە پێشمەرگە بەرانبەر داعش كردوویانە، وایكردووە داعش لە ئێستادا و بە شێوەیەك لە شێوەكان بكەوێتە باری بەرگرییەوە و لێرەشەوە هێرشەكانی پاریس بە دووشێوە خزمەتی داعش دەكات:
1- پەلامارێكی راستەوخۆیە بۆ دەسەڵاتی رۆژئاوا كە پاڵپشتی ئاسمانییان دابینكردووە بۆ زۆرێك لەو گرووپانەی شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن لە عێراق و سووریا.
2- پێموایە یەكێك لە ئامانجەكانی دیكە ئەوەیە كە درزێك درووست بكەن لەنێوان دانیشتووانی موسڵمان لە ئەوروپا و هەروەها خەڵكی ئەوروپا، دەیانەوێت ئەمە ببێتە شەڕی نێوان موسڵمانان و رۆژئاوا، ئەگەر بتوانن ئەمە بەدەست بێنن، ئەوا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەوان، بۆیە بە پەلارمادانی خەڵكی مەدەنی بەم شێوەیە لە پاریس و فڕۆكە رووسییەكە كە لە میسر خرایە خوارەوە و شوێنانی دیكە، ئامانجیان ئەوەیە كاردانەوەی رەگەزپەرستی دژی موسڵمانان لە ئەوروپا دروست بێت. بە داخشەوە هەندێك لە پارتە سیاسییەكانی ئەوروپا و لە ئەمەریكاش هەندێك لەوانەی خۆیان بۆ سەرۆكایەتی كاندید كردووە، خۆیان خستووەتە داو و تەڵەكەی داعشەوە و یارییان پێدەكەن بەوەی كە هەندێك لێدوانیان داوە دژ بە پەنابەران، ئەمانە هەموو خزمەت بە داعش دەكەن و هیوادارم كە ئەمە بەدی نەهێنن. مەسەلەیەكی تر بۆ داعش ئەوەیە كە دەیانەوێت بڵێن هێشتا بەهێزن بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر لە رۆژئاواوە پێوەندییان پێوە بكەن.
* ئێمە دەزانین كە حاڵی حازر سووریا و لیبیا بوونەتە كارگەری بەرهەمهێنانی تیرۆریستان و گۆشكردنی كەسانی توندڕەو، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا مەترسی ئەوە لە ئارادا نییە كە ئەم خەڵكانە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان و لەوێدا كار و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، ئایا پێشبینی ئەوە ناكرێت هێرشی لەم چەشنە زیاتر رووبدات؟
- من نازانم ژمارەی ئەو كەسانە چەند دەبێت، بەڵام گومانم نییە كە ئەو گرووپە شەڕانگێزە لەسەر ناڕازیبوونی موسڵمانانی ئەوروپا و ئەمەریكا دەژین و هەوڵدەدەن هاوسۆزییان بەدەست بهێنن بۆ ئەو پەیامەی هەڵیانگرتووە كە پەیامی وێرانكاری و كوشتارە، بۆیە مەزندە دەكرێت پەلاماری زیاتر رووبدات، بەڵام زۆر گرنگە بۆ هێزە پێشكەوتنخوازەكان لە رۆژئاوا و ئەو گرووپانەی شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە تەواو بە روونی پیشانی بدەن كە شەڕەكە لێرەدا لە نێوان ئیسلام و رۆژئاوادا نییە، بەڵكو بەڕاستی شەڕی نێوان دوو دیدە بۆ ئەوەی چۆن خەڵك بەڕێوە ببرێت، كە دیدێكێان دیموكراسیە بۆ ئەوەی خەڵك ئازاد بێت لەوەی هەرچیەك بپەرستێت، یان هەر ئایینێك هەڵبژێرێت كە دەیەوێت و چەند مافێكی دیاریكراوی هەبێت كە كەس نەتوانێت هەر چۆنێك بێت دەستی بۆ ببات. هەروەها دیدێك كە بەڕاستی فاشیستییە، بەلای منەوە داعش گرووپێكی فاشیستییە و ئایین وەك ئایدیۆلۆژیای خۆی بەكار دەهێنێت هەروەك چۆن فاشییەكان لە ئەوروپا نەتەوەپەرستییان بەكار دەهێنا، یان سەدام حوسەین نەتەوەپەرستی لە عێراقدا بەكارهێنا، هەموو ئەمانە بە شێوەیەكی گشتی سەرپۆشن بۆ ئەو ئامانجە راستەقینەیەی هەیانە كە بریتییە لە سەركوتكردنی سەرجەم ئازادییەكان و پەكخستنی پرۆسەی بە بەدیموكراسی كردنی كۆمەڵگە و سنوورداركردنی ژیانی خەڵكە، ئەمە ئەو شتانەیە كە داعش نوێنەرایەتی دەكات و پێموایە زۆر گرنگە ئەو گرووپانەی شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن لەناوچەكەدا، نەچنە ژێرباری ئەو لۆجیكە تایفەگەرییەی داعشەوە، من نیگەرانم كە هەندێك لەو گرووپانەی شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن لە عێراق، بۆ نموونە، لە تكریت دەستبكەن بە بەرزكردنەوەی دروشمی تایفەیی دژی داعش، لەبەرئەوەی ئەمە ئەو رێگەیە نییە كە دەبێت بگیرێتەبەر، رێگەكە دەبێت بەرزكردنەوەی دروشمی دیموكراسی بێت، دژی فاشیزم.
* ئایا دەرئەنجامی ئەم هێرشانەی داعش بۆ سەر خەڵكە مەدەنییەكە چی دەبێت لە پێوەندی بەو هێرشە ئاسمانییانەی رۆژئاوا لە دژی ئەم تیرۆریستانە ئەنجامیان دەدات؟ ئایا ئەمە چ گۆڕانكارییەك دروست دەكات و كاردانەوەی دەوڵەتی فەڕەنسا چۆن دەبێت؟
- تا ئەم دواییانە خەمی داعش ئەوە بوو لە ناوچەكەدا چالاكییە سەربازییەكانی ئەنجام بدات، واتە لەو ناوچانەی كە گرتبوونی و لە دەوروبەری بوون وەك تەقینەوە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان و دیمەشق و .. هتد، بەڵام لەودیو ئەو ناوچانەوا نا، بۆیە هەر وەك وتم یەكێك لەو هۆكارانەی كە بەرەو نێودەوڵەتیبوون چوو، ئەوەیە كە هەست دەكات كەوتۆتە باری بەرگرییەوە، بۆ ساڵێك دەچێت داعش چیتر ناتوانێت ناوچەی تر داگیربكات و ناوچە لەدەست دەدات لە باكوور و سنووری كوردستان و هەروەها چەند ناوچەیەكیشی لەدەست دا لە بەرامبەر سوپای عێراقدا، بۆیە بە شێوەیەك لە شێوەكان هەوڵدەدات بەرەنگاربێتەوە و تا راددەیەك بەهێزبێتەوە.
* تا چەند پێویستە جیهان هەڵوێستێكی هاوبەش لە دژی داعش بگرێتەبەر و بۆ ئەم مەبەستەش هاوپەیمانێتییەكی جیهان دروست بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە كە ئێستا بۆتە مایەی هەڕەشە لە سەرجەم مرۆڤایەتی؟
- لەم رووەوە دەتوانین بڵێین رووسیا نموونەیەكە و چینیش نموونەیەكی ترە، هەر بەم دواییانە بیستمان كە هاونیشتمانییەكی چینی لەلایەن داعشەوە كوژرا، بۆیە زۆر گرنگە بۆ ئەو هێزانەی سەركردایەتی شەڕ لە دژی داعش دەكەن، ئیتر چ هەرێمایەتی و چ نێودەوڵەتی بن، هەر شتێك بكەن كە دەتوانن بۆ ئەوەی بەرەیەكی یەكگرتوو بۆ تێكشكانی ئەو هێزە شەڕانگێزە دروست بكەن. بەڵام لە نێو وڵاتاندا جیاوازی زۆر بەرچاو هەیە، ئەمەریكا جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ رووسیا، زۆر نیگەرانی هەیە لەوەی ئێران تێوەبگلێت لە ناوچەكەدا، یان هاوكاریكردنی بۆ ئەسەد، هەروەها پرسی توركیا و نیازەكانی، بەڵام بە بۆچوونی من لێرەدا فاكتەرێكی هاوبەش هەیە، ئەویش ئەوەیە كە داعش مایەی هەڕەشەیەكە كە گەورەترە لە جیاوازییەكانی نێوان پارتە جیاوازەكان. لەبەر ئەوە دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ هەوڵدان و دروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتوو، بەدروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتووش دژی داعش زۆر لەو جیاوازییانەی لەنێوان ئەو لایەنانەدا هەیە، بۆ خۆی چارەسەر دەبێت.
* ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە سەرەڕای ئەوەی لایەنەكانی دیكە لە بەرامبەر داعشدا تێكدەشكێن، ئەوا كورد و هێزی پێشمەرگە توانیویانە گوزری گەورە لە داعش بدەن و شكستیان بەسەردا بێنن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە چ كاریگەرییەكی لێدەكەوێتەوە و تا چەند پێویستە هاوكاری زیاتری كورد بكرێت بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی زیاتر بە شەڕی دژ بە داعش بدات ؟
- ئەمە زۆر گرنگە، باوەڕم وایە ئەمەریكا پێویستە یارمەتییە سەربازی و هێرشە ئاسمانییەكان و راهێنانەكانی زیاتر بكات و دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی سەربازی و راهێنان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دابین بكات، هەروەها پێموایە زۆر گرنگە بۆ رۆژئاوا هەرچی ئامرازێكی هەیە و چەند توانای هەیە لە رووی قەناعەتپێكردنی خەڵك و ئامرازە دیپلۆماسییەكانەوە هەوڵبدات و دڵنیایی بدات، بەتایبەتی حكومەتی عێراق كە خۆی لابدات لەهەر مەیلێكی تایفەگەری كە لەوانەیە هەیبێت، تەنیا هیوا بۆ لەناوبردن و تێكشكانی داعش ئەوەیە كە حكومەتی عێراق هەوڵبدات رێگاچارەیەك بگرێتەبەر كە رەنگدانەوەی نوێنەرایەتی هەموو عێراقیەكان بێت نەك تەنیا گرووپێك، لەبەرئەوە دووبارە دەیڵێمەوە كە شەڕی ئایدیۆلۆژی دژی داعش لە نێوان موسڵمانان و رۆژئاوادا نییە و دەبێت لە نێوان دیدی دیموكراسیەوە لەم مەسەلەیە بڕوانین كە زۆر گشتگیرە و دژی دیدی فاشیستییە كە فاشیەتیش تێڕوانینێكی تایفەییە.
* تاچەند پێتوایە بەدەر لە هێزەكانی حەشدی شەعبی شیعەكان، عێراق سوپایەكی یەكگرتووی بۆ تێكشكانی داعش هەبێت ؟
- پێموایە حكومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆكایەتی مالیكی بە شێوەیەكی زۆر ناڕەوا تێوەگلابوو، كە بەشێكی گەورە بوو لە هۆكاری سەرهەڵدانی داعش بە هۆی گرتنەبەری سیاسەتە تایفەگەرییەكانیەوە. گەرچی بە بەراورد بە مالیكی حكومەتی عەبادی باشتربووە، بەڵام دەبێت زیاتر كار بكات، پێویستە گۆڕانێكی زۆر ئاشكرا هەبێت بەرەو حكومەتی مەركەزی عێراقی كە بەڕاستی نوێنەری هەموو عێراقییەكان بێت، نەك تەنیا یەك گرووپ یان تایفەیەك، یان مەزهەبێك، ئەمەش دەبێت لە دامەزراوەكانی حكومەتدا رەنگ بداتەوە، بەتایبەتی پۆلیس و سوپا. سوپایەك كە تەنیا یەك گرووپ دەستی بەسەردا بگرێت، تەنها خزمەت بە بەهێزكردنی داعش دەكات، مەبەستم ئەوەیە كە ئارگومێنتی سەرەكیی داعش ئەوەیە كە شەڕ لەگەڵ بێباوەڕان دەكات، ئەوانەی هاوبەشی لە راڤە بەرتەسكەكەیان ناكەن بۆ ئیسلامی سوننە، بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەبێت پشت ببەسترێت بە هاوپەیمانییەكی فراوان و حكومەتێك كە بانگەشەی دیموكراسی گشتگیری بكات.
* ئەو دۆخەی لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكاندا لەئارادایە ئەوەیە كە حكومەتەكانیان لە بەرەیەكدا و دانیشتووانەكەشیان لە بەرەیەكی دیكەدان، واتە كاتێك حكومەتی ئەم وڵاتانە دەبنە بەشێك لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەوا كەشێك لە نێو خەڵكەكەدا باڵادەست كە هاوكاری و پشتیوان نییە بۆ ئەم ئەركە، لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- بەدڵنیاییەوە ئێوە بەتایبەتی باسی وڵاتانی كەنداو دەكەن، جارێكی دیكە دەیڵێمەوە كە بە تەواوی لەگەڵتاندا هاوڕام. پێموایە ئایدیۆلۆژیای وەهابیزم بە شێوەیەكی گشتی هەمان ئایدیۆلۆژیایە كە داعش ئاودەدات، پێموایە ئەمە شتێكە دەبێت لە ماوەیەكی درێژخایەندا چارەسەربكرێت، لە ئێستادا چارەسەری كورتخایەن دەبێت سەربازی بێت، پێویستە هێرشێكی سەربازی بەهێز هەبێت لە دژی داعش، بەڵام لە ماوەیەكی دووردا دەبێت فشار هەبێت بەتایبەتی لەسەر سعودیە و قەتەر كە دەستهەڵگرن لەپاڵپشتی ئەو وەهابییە توندڕەوانە، من ناڵێم كە رۆژئاوا ببێتە پۆلیس و دیاری بكات خەڵك چ جۆرە ئایینێك پەیڕەو بكەن، بەڵام هیچ هۆكارێك نییە خەڵاتی ئەو وڵاتانە بكرێت كە زۆر بە ئاشكرا لە پشت بڵاوبوونەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیا توندەڕەوەوەن، عێراق و سووریا دوو هەرێمن كە لە رووی مێژووییەوە زۆر پێشوازیكەر بوون بەرانبەر راڤە جیاوازەكانی ئایین و ئایینی جیاواز و ئەو تایفەگەرییە قووڵە ئایینییەیان نەبووە، بۆیە ئەمەی ئێستا هەیە شتێكە لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە لە وڵاتانی كەنداوەوە هاتووە، وەك سعودیە و هەروەها چەند بەشێك لە پاكستان بەهۆی جۆرێك لە داڕمانی حكومەت لەو ناوچانەدا، بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە چارەسەری دەستبەجێ ئەوەیە كە رێگەی سەربازی بگیرێتەبەر و لە سەرئاستی ماوەدرێژیش دەبێت فشار بخرێتە سەر چەند حكومەتێكی جیاواز كە پاڵپشتی ئایدیۆلۆژی داعشن لە سەرەكیترینیشیان وڵاتی سعودیە و وڵاتانی كەنداون.
* ئایا هیچ شتێكت ماوە ئێمە پرسیارمان نەكردبێت و بتەوێت لە كۆتاییدا بیڵێیت؟
- هەموومان زۆر شانازی بە پێشمەرگەوە دەكەین، نەك تەنیا بەو سەركەوتنانەی بەدەستیان هێناوە، بەڵكو بەو شێوازەش كە كاری پێدەكەن، شەڕەكەیان بە شێوەی تایفەیی ئەنجام نەداوە و هەواڵ هەیە تەنانەت ئافرەتانی كورد لە شەڕەكانی دژی تیرۆریستان بەشداری دەكەن، ئەمە زۆر بە روونی ئایدیۆلۆژیا و دیدێكی جیاواز پیشان دەدات لەشەڕكردن دژی داعش و كە بەڕاستی زۆر گرنگە.