شنگال بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە ئازادكراوە
November 26, 2015
دیمانەی تایبەت
پرۆسەی ئازادكردنی شنگال نەك تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان بەگشتی و بۆ كوردانی ئێزیدی بەتایبەتی رووداوێكی مێژوویی بوو، بەڵكو لەسەر ئاستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئازادكردنی شنگال وەك خاڵی وەرچەرخان و یەكلاكەرەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سەر ئاستی جیهان سەیر دەكرێت و هەموو جیهان بە ئیعجابەوە سەیری ئەو پلانە سەربازییە دەكەن كە راستەوخۆ بە سەرپەرستی سەرۆك مسعود بارزانی و بە هەماهەنگی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لە كەمتر لە 48 كاتژمێردا جێبەجێ كرا. پرۆسەی ئازادكردنی شنگال تەنیا هێرشێكی سەربازی نەبووە بۆ گرتنەوەی شارێك، بەڵكو پلان و پرۆسەیەكی سەربازی بووە و ئامانج لەم پلان و پرۆسە سەربازییە بۆ ئەوەبووە شاری شنگال بە جۆرێك ئازاد بكرێت كە بە تەواوەتی مەترسیی تیرۆریستانی داعش دوور بخرێتەوە، لەمەش زیاتر ئەم پرۆسە سەربازییە رەهەندێكی ستراتیژیی سەربازی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشی لە خۆی گرتووە، ئەویش ئەوەیە پرۆسەی ئازادكردنی شنگال واتە لەتكردنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش. ئەم پرۆسەیە وەك پلانێكی سەربازی، تەنیاو تەنیا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە جێبەجێكراوە و وەك نەریتێكی سەربازی لە ژێر سەرپەرشتی یەك سەركردایەتی ئەنجامدراوە، بۆیە ئەگەر لایەنێكی سیاسی دوای ئازادكردنی شنگال هاتبێتە ناو شنگال، ئەوە مانای ئەوە نییە لە پرۆسەی ئازادكرنی شنگالدا بەشداری كردبێت. بۆ قسەكردن لەسەر پرۆسەی ئازادكردنەوەی شنگال و چارەنووسی ئەم شارە لە ئایندە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ئەم شارە و ئاوەدانكردنەوەی، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی هێزی شنگال ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی هێزی شنگال بۆ گوڵان:شنگال بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە ئازادكراوە
* پێش ئەوەی بێینە سەر گرنگیی ئازادكردنی شنگال، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو كارەساتە گەورەیەی بە سەر ئێزیدییان هات. ئایا لەناو ئەو كارەساتە گەورەیە چۆن مقاوەمەت كراو چۆن ئامادەباشی بۆ رزگاكردنی شنگال كرا؟
- هەموو جیهان ئاگادارە كە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و داگیركردنی شنگال لەلایەن ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە چەند كارەساتێكی گەورە بووە. تیرۆریستانی داعش رووی راستەقینەی خۆیان پیشانی جیهان دا كە چەند دڕندە و بێ ئەخلاق و بێ ویژدان بوون و ئەمانە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نییە. ئەو تیرۆریستانە دوای داگیركردنی شنگال دەستیان لە هیچ نەپاراست، هەوڵیاندا هەموو خەڵكی ئێمە لە ژن و منداڵ هەتا پیرەمێردی 120 ساڵی هەمووی كۆمەڵكوژ بكەن، هەتا ئێستاش نازانین بە درووستی ئاماری كوژراوەكانی ئێمە چەندە، بەدروستی نازانین چەند كچ و ژنی ئێمە لای تیرۆریستانی داعش یەخسیر كراون و هەر لەبەردەستی ئەوان ماون، ئەوەی مەزندە دەكرێت ئەوەیە زیاتر لە 5000 هاووڵاتی ئێمە شەهید بوون، زیاتر لە 5000 كچ و ژنی ئێمە هەتا ئێستا لای تیرۆریستانی داعش ماونەتەوە. بۆیە ئەم كارە بێ ئەخلاقی و دڕندەییەی ئەو تیرۆریستانە بەرامبەر كوردانی ئێزیدی ئەنجامیان دا، كارێكە هەموو جیهان مەحكوومی دەكات و تەنانەت هیچ موسڵمانێك لەم جیهانەدا تیرۆریستانی داعش وەك موسڵمان قبووڵ ناكات.
* دوای داگیركردنی شنگال و ئاوارەبوونی كوردانی ئێزیدی بۆ چیای شنگال، هەموو هەوڵی تیرۆریستانی داعش ئەوە بوو، مەزاری شێخ شەرفەدین داگیر بكەن و بیتەقێننەوە، ئایا چۆن بەرگری لە مەزاری شێخ شەرەفەدین كرا؟
- ئامانجی سەرەكیی تیرۆریستانی داعش بۆ لەناوبردنی تەواوی ئێزیدییان بوو، هەر بۆیە داعشییەكان دوای داگیركردنی شنگال 16 جار هێرشیان كردە سەر مەزاری شێخ شەرەفەدین، بەڵام بە پێشتیوانی خوا و بە هیممەتی پێشمەرگە هەموو هێرشەكانیان تێكشكێندراو رێگە نەدرا دەستی چەپەڵی تیرۆریستان بگاتە ئەو مەزارە پیرۆزە، بۆ ئێمەی ئێزیدی مەزاری شێخ شەرەفەدین دوای لالش شوێنیكی پیرۆزە، بۆیە تیرۆریستان ئامانجیان ئەوە بوو دوای داگیركردنی ئەو مەزارە، چیای شنگالیش داگیر بكەن و هەموو ئەو خەڵكەی لە چیای شنگال بوو كە 50-60 هەزار كەس مەزندە دەكران، هەموویان كۆمەڵكوژ بكەن، یان دەستگیریان بكەن، بۆیە بە راشكاوی دەڵێم: ئێمە هەتا پێش 18ی 12ی 2014 و ئازادكردنی چیای شنگال، بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، بەڵام دوای ئەوەی بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ئەو چیایە ئازادكرا، ئێمە لە چیای شنگال لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی كۆبووینەوە، ئەو پێی راگەیاندین ئەو مقاوەمەتەی بۆ پارێزگاریكردن لە مەزاری شێخ شەرفەدین كراوە، قارەمانەتییەكی بێ وێنە بووە، هەروەها دواتریش كە جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی هاتە مەزاری شێخ شەرفەدین و ناوچەكەی بینی زۆر ستایشی ئەو مقاوەمەتەی كرد.
* باسی ئەوەت كرد هەتا پێش 18ی 12ی 2014، بارودۆختان خراپ بووە، چۆن ئەم وەزعەتان لە سەركردایەتی گەیاند و چۆن هاوكاریتان بۆ دابین كرا؟
- پێش ئەو بەروارە، تیرۆریستانی داعش بەردەوام بوون لە هێرشكردن، بۆیە من راستەوخۆ تەلەفونم بۆ بەڕێز مسرور بارزانی كرد و بارودۆخەكەم بەتەواوەتی تێگەیاند، بەوەی ئەگەر یارمەتیمان نەگاتێ باردۆخەكەمان خراپتر دەبێت، دوای ئەم تەلەفۆنە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی فەرمانی كرد بە هەر رێگەیەك بێت و چۆن دەكرێت، دەبێت چەك بۆ ئێمە بنێرن و چەك بگاتە دەستی ئێمە، بۆ ئەمەش هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دوو قۆڵەوە، هەوڵیاندا رێگەی سەرەكی بۆ گەیشتن بە چیای شنگال پاك بكەنەوە و بە تەواوەتی چیای شنگال ئازاد بكرێت، بە ئازادكردن و پێكەوە گرێدانەوەی چیای شنگال بە كوردستانەوە، ئیدی بارودۆخی ئێمە گۆڕا، جەنابی سەرۆك خۆی هاتە سەر چیای شنگال و لەوێوە پێی راگەیاندین: من ئیسراحەت ناكەم، هەتا شنگال رزگار نەكرێت، ئەگەر 1000 پێشمەرگەش بۆ ئازادكردنی شنگال شەهید بكرێن، هەر دەبێت شنگال رزگار بكرێت.»
لەو كاتەوە تا رۆژی 12ی 11ی 2015 ئامادەباشی بۆ ئازادكردنەوەی شنگال دەكرێت و رۆژێ 12ی 11 ئەم هێرشە فراوانە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی دەستی پێكرد و چۆن بەڵێنی دابوو، بە هەمان شێوە شنگالی ئازاد كرد و بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێ كرد.
* پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال، لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەدا جەنابی سەرۆك چۆن باسی پلانەكەی كرد؟
- پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شنگال لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووینەوە، سەرۆك بارزانی تەواوی پلانی سەربازیی ئازادكردنی شنگالی بۆ باسكردین و لێی پرسین، ئێمە بە چەند كات دەتوانین ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەین؟ ئێمە لەوەڵامدا پێمان راگەیاند، تەنیا جەنابت فەرمان بدەیت، پرسی ئازادكردنەوەی شنگال چەند كاتژمێرێكی دەوێت، هەربۆیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شنگالی دەركرد، لە هەموو قۆڵەكانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات، ناوەند، پێشمەرگە لە چەند كاتژمێرێكدا توانی هەموو قۆڵەكان بە سەركەوتوویی پاكبكاتەوە و بە تەواوەتی شنگال گەمارۆ بدا و چاوەڕێی فەرمانی چوونە ناو شنگال بێت، ئەم هەڵمەتانەی پێشمەرگە لە هەموو قۆڵەكانەوە لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و هەموو قۆڵەكان یەكیان گرتەوە، بەڵام بۆ چوونە ناو شنگال پەلە نەكرا و هێڵرایەوە بۆ رۆژی دواتر، رۆژی دواتر پێشمەرگە چووە ناوشنگال و لە كاتێكی كەمدا تەواوی شنگالی كۆنتڕۆڵ كرد، بۆیە ئەم پرۆسە گەورەیە بە كەمتر لە 48 كاتژمێر بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.
* تاچەند وردبینی لە پلانەكەی سەرۆك بارزانی هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەركەوتوویی و لە ماوەیەكی كورتدا ئەم پلانە گەورەیە جێبەجێ بكات؟
- بەڕاستی من وەك فەرماندەیەكی سەربازی ناتوانم قسە لەسەر وردبینی و تۆكمەیی ئەو پلانە بكەم كە جەنابی سەرۆك بۆ ئازادكردنی شنگال دایڕشتبوو، لەمەش زیاتر ئامادەبوونی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە سەر چیای شەنگال بۆ سەرپەرشتیكردنی هەموو شەڕەكە لە هەموو قۆڵەكانەوە، ئیرادەیەكی گەورەی بە هەموو پێشمەرگەی كوردستان بەخشیبوو، بڕوا بكەن، ئەوانەی كە مابوونەوە و راستەوخۆ لە شەڕەكە بەشدار نەبوون، هەموویان دڵتەنگ و چاو بە فرمێسك بوون، ئەو پێشمەرگانەشی لە هێرشەكان بەشداربوون، هەموویان بە ورەیەكی پۆڵایین و دڵخۆشییەكی ئەوتۆەوە هێرشیان دەبردە سەر داعش وەك ئەوە بوو بچنە سەر داوەت و شایی، بێ گوێدانە بۆمبی چێنرا، هێرشیان دەكرد، زۆر بەداخەوە لەئاكامی ئەم حەماسەیە 4 پێشمەرگەی قارەمانمان شەهید بوون و 18 پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوون، من لێرەدا لە خوا دەپاڕێمەوە شەهیدەكان بە بەهەشت شاد بكات و شیفای بریندارەكان بدات، بەڵام لەم باسكردنە مەبەستم ئەوە بوو، بڵێم ئامادەبوونی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لەبەرەكانی شەڕ چ ئیرادە و ورەیەكی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست كردبوو.
* كەواتە ئەو هێزەی رۆڵی سەرەكی گێڕاوە لە پلاندانان و ئازادكردنی شنگال، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە؟ بەڵام ئاماژە بەوە دەكرێت هەندێك لایەنی دیكەش بەشدار بوون و رۆڵیان نادیدە دەگیرێت، لەسەر ئەمە چی دەڵێیت؟
- مەسەلەی ئازادكردنی شنگال، پرۆسەیەك بوو پلانی بۆ دانرابوو، كاتژمێری سفری بۆ دانرابوو، ئەو هێزەی دانرابوو ئەم پلانە لە كاتژمێری سفر جێبەجێ بكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، بۆیە راستە هێزی دیكە لە سنووری شنگال بوونی هەبووە، بەڵام ئەو هێزەی راسپێردرابوو ئەو پلانە جێبەجێ بكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، بۆیە تەواوی ئازادكردنی شنگال لە هەموو قۆڵەكانی شەڕەوە لەسەر دەستی پێشمەرگە بووە و هیچ هێزێكی دیكە لە ئازادكردنی شنگال رۆڵی نەبووە، بەڵام پاش ئازادكردنی شنگال هەندێك هێز بە ئاڵای حزبەكانیان سوار سەیارەكانیان بوون و هاتوونە ناو شنگال و لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەكان خۆیان بەو جۆرە نمایش دەكەن كە ئەوانیش لە پرۆسەی ئازادكردنی شنگال بەشدار بوون، بەڵام ئەمانە هیچی راستی نین و كوردانی ئێزیدی ئەو راستییانە بەچاوی خۆیان دەبینن، ئەگەر بە تەمای ئەو هێزانە بووینایە شنگال ئازاد بكرێت، بڕوا بكەن پێنج ساڵی دیكەش چاوەرێمان بكردایە شنگال ئازاد نەدەكرا.
* ئەگەر بێینە سەر پێكهێنانی فەرماندەیی شنگال، ئەم فەرماندەییە تایبەتە بە كوردانی ئێزیدی، چۆن ئەم فەرماندەییە دامەزرا؟ ئایا تاچەند ئەم هێزە دوای ئازادكردنی شنگال دەتوانێت شنگال بپارێزێت؟
- ئێمە زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەین كە فەرمانی كرد فەرماندەیی هێزی شنگال دابمەزرێت، ئەم فەرماندەییە هەتا ئێستا 7500 پێشمەرگەی هەیە، هەموویان بە شێوەیەكی زۆر رێكوپێك مەشق و راهێنانیان پێكراوەو چەك و تەقەمەنی و پێداویستی تەواویان بۆ دابینكراوە، لەمەش زیاتر هەر چەك و ئامێرێكی تازە لەلای هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبێت، لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی بۆ فەرماندەیی شنگالیش دابینكراوە، سەبارەت بە لێهاتوویی و ئیرادەی ئەم هێزەش، دیارە ئێستا بە پشتیوانی خوا و سەرۆك بارزانی لەگەڵ پێشان بەراورد ناكرێت، ئەم هێزە كە لە جوامێرەكانی ئێزیدی پێكهاتووە، كاتێك رووبەڕووی داعش بوونەوە، سڵیان لەوە نەكردەوە كە داعش چەك و تەقەمەنیی دوو دەوڵەتی لەبەر دەست بوو، بۆیە لە ئێستا من هەموو ئێزیدیان و تەواو خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە، ئەم هێزە لە توانایدا هەیە شنگال بپارێزێت، هەروەها خەڵكی شنگال دڵنیا دەكەمەوە جارێكی دیكە تیرۆریستانی داعش ناتوانن خۆیان لەگەڵ شنگال تاقی بكەنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوەی ئەمجارە بە سەر تیرۆریستانی داعش هات لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی، وایكردووە كە جارێكی دیكە نەتوانن بیر لە شنگال بكەنەوە.
* ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە بۆ كوردستان ئەوەیە، باس لەوە دەكرێت كچانی جوامێری ئێزیدی هاوشانی برا پێشمەرگەكانیان خۆبەخشانە هاتوونە ریزی فەرماندەیی هێزی شنگال، ئایا ئەم خانمە پێشمەرگانە چۆن رێكخراون؟
- جێگەی شانازییە هەتا ئێستا 120 خانمی ئێزیدی خۆبەخشانە بوونەتە پێشمەرگە و شان بە شانی براكانیان رێكخراون، ئومێدی ئەوەشمان هەیە خۆبەخشی زیاتری كچان و خانمانی ئێزیدی پێوەندی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بكەن، ئێمە زۆر بڕوامان بە كچان و خانمانی كوردستان هەیە و دەزانین ئەوانیش هاوشێوەی براكانیان هەمان بووێری و ئیرادەیان هەیە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پاراستنی خاكی كوردستاندا، پەندێكی كوردەواری هەیە دەڵێت: (شێر لە بێشە هاتەدەر، چ نێر بێ، چ مێ)، من لەو باوەڕەدام ئەمە بۆ هەر تاكێكی كوردستان راستە، ئەوجا ئەو تاكە نێر بێت، یان مێ، ئەوەی كە بڕیاری دا ببێتە پێشمەرگە و بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، هیچ جیاوازییەكیان نییە و وەك یەك دەتوانن بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، هیوای ئێمە ئەوەیە خانمانی كوردستان بە هاوشێوەی خانمانی وڵاتانی دیكە زیاتر بەشداری لە بوارەكانی پێشمەرگایەتی و ئاسایش و پۆلیس بكەن و باشتر رێكبخرێن بۆ ئەوەی هەر تاكێكی كوردستان لە پاراستنی ئەم خاكە پیرۆزە بەشدار بێت.
* لە رۆژانی 12 و 13 ی ئەم مانگە كاتێك پرۆسەی ئازادكردنی شنگال بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی بەڕێوەدەچوو، كوردانی ئێزیدی ئەم رۆژەیان وەك جەژن سەیر كرد، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو زۆر دڵخۆش بوون بە ئازادكردنی شنگال، ئایا تا چەند ئێزیدییەكان لەم پرۆسەیەدا ئومێدیان بە سەرۆك بارزانی بوو؟
- ئەوەی من سەرنجم دابێت، هەستمكردووە 95%ی ئێزیدییەكان ئەو ئومێدەیان بە سەرۆك بارزانی هەبوو، كە تەنیا لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دەتوانرێت شنگال ئازاد بكرێت، لەمەش زیاتر هەموو ئێزیدییەك دەزانێت ئەگەر شەخسی سەرۆك بارزانی و پارتی نەبووایە، ئەو ئێزیدییانەشی چووبوونە چیای شنگال، ئەوانیش هەموو دەكەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش و هەموویان كۆمەڵكوژ، یان یەخسیر دەكران. لەسەر پرسی شنگال گەلێك حزب هەن كە من نامەوێت ناویان بهێنم بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان باس لە شنگال دەكەن، بەڵام ئێزیدییەكان دەزانن ئەو حزبانە ناتوانن بەرگری لە ئێزیدی و شنگال بكەن، بۆیە ئێمە دوای خوا، سوپاسگوزاریی سەرۆك بارزانی دەكەین كە هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئێزیدی بپارێزێت و بەڵێنی دا شنگال ئازاد بكرێت و بەڵێنەكەی خۆیشی جێبەجێ كرد.
* لە دوای ئازادكردنی شنگال، هەندێك قسەو قسەلۆك هاتە پێش بەوەی كوردانی ئێزیدی وەك تۆڵەسەندنەوە چوونەتە سەرماڵان و هەروەها چوونەتە سەر مزگەوتەكان و تەقاندوویانەتەوە، ئایا تاچەند ئەو دەنگۆیانە راستییان تێدایە؟
- ئەوەی گرنگە پێش هەموو شت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە ئێمەی ئێزیدی نە ئەخلاقی نەتەوەییمان نە ئەخلاقی ئایینیمان و نە پەروەردەی حزبایەتیشمان كە پەروەردەی رێبازی بارزانی نەمرین، رێگەمان پێ نادا، سووكایەتی بە نەتەوەیەكی دیكە، یان ئایینێكی دیكە بكەین، ئێوە خۆتان ئێستا لە شنگالن و دەبینین مەسەلەی تەقاندنەوەی مزگەوتەكان راست نین و خۆتان دەتوانن وێنەی مزگەوتەكان بگرن، سەبارەت بە رێزگرتنی قورئانیش، ئێمەی ئێزیدی رێزی قورئان دەگرین لەبەر ئەوەی ناوی خودای تێدایە و ئایینی ئێمە كە كۆنترین ئایینە لە جیهاندا پێش هەر نەتەوەیەكی دیكە ئێمە خواناسیمان كردووە، بۆیە ئێمە هەم رێزی ئایینی ئیسلام دەگرین و هەم رێزی قورئانیش دەگرین كەلای موسڵمانان پیرۆزە. بۆیە لەم روانگەیەوە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، كۆمەڵێك هۆكار هەن كە رێگە نادەن ئێزیدی بێڕێزی بە كەس بكات، سەبارەت، بە چوونە سەر ماڵانیش، ئەمەشیان بڕوا بكەن راست نییە، لەبەر ئەوەی راستە هەندێك لە ئێزیدییەكان ماڵی خۆیان داگیركراوە و چوونەوە سەیری ماڵەكانی خۆیانیان كردووە، یان ماڵەكانیان تاڵانكراوە و كەلوپەلی خۆیان لە ماڵەكانی دیكە دۆزیوەتەوە، ئەمەش هەندێك ئێزیدی لەو ئاڵۆزیە تووڕە كرد، بەڵام كۆنتڕۆڵمان كردوون، تەنانەت رێگەمان نەداوە لەسەر ماڵی خۆیانیش تۆڵە بكەنەوە، لایەنێكی دیكە ئەوە بوو تیرۆریستانی داعش بە مەبەستی درووستكردنی فیتنە هاتبوون لە چەند گوندێك، قورئانی نێو مزگەوتەكانیان فڕێ دابووە دەرەوە، بۆ ئەوەی دوای خۆیان بڵێن ئەمە ئێزیدییەكان كردوویانە، بەڵام نەمانهێشت ئەمەشیان تا سەر بچێ، پێشمەرگەكان هەموو قورئانەكانیان بە رێزەوە كۆكردۆتەوە و پاراستوویانە و دەیبەنەوە ناو مزگەوتەكان و بە رێزەوە لە شوێنی خۆی دایدەنێنەوە. ئێمە بانگهێشتی هەموو لایەك دەكەین و دەتوانن بێن و بە چاوی خۆیان ببینن، كە یەك ئێزیدی نە دەستدرێژی كردۆتە سەر یەك مزگەوت و نە سووكایەتی بە قورئان كردووە، دیسان دووپاتی دەكەمەوە، ئێمە گەلێكین پێش هەموو گەلانی ئەم زەمینە خواپەرستیمان كردووە و خوامان ناسیوە، بۆیە هەموو ئایینەكان بە چاوی رێزەوە سەیر دەكەین و شوێنكەوتووانی هەموو ئایینەكانیش بە برای خۆمان دەزانین.
* ئەگەر باس لە ئایندەی شنگال بكەین، لەبەر ئەوەی وەك دەزانن، شنگال یەكێكە لە ناوچەكانی ماددەی 140، راشكاوانەتر تائێستا شنگال قەزایەكە سەر بە پارێزگای نەینەوا-یە، ئایا ئایندەی شنگال و گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت؟
- پێش هەموو شت دوای رووخانی رێژمی سەدام حوسێن و نووسینەوەی دەستووری عێراق، ماددەی 140ی دەستووری عێراق دیاریكرا بۆ ئەوەی كێشەی شنگال و ناوچەكانی دیكە هەتا ساڵی 2007 چارەسەر بكات و بە رێگەی راپرسی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، دیارە ئەم ماددەیە لەكاتی خۆی جێبەجێ نەكرا، لە دوای داگیركردنی شنگالیش حكومەتی ناوەندیی عێراق بە هیچ جۆرێك شنگالی وەك بەشێك لە عێراق سەیر نەكردووە، ئەو كارەساتە گەورەیە بە سەر شنگال هات، نەك هەر یارمەتیدەر نەبووە بۆ ئازادكردنەوەی شنگال، بەڵكو تەنیا یەك دیناریش هاوكاری نەكردووە، بۆیە شەرمەزارییە بۆ حكومەتی ناوەندی عێراق دوای ئازادكردنەوەی شنگال، باس لەوە بكات شنگال قەزایەكە سەر بەنەینەوا، یان سەر بە حكومەتی ناوەندی، ئەوەی بە تەنگ شنگال هاتوو لەو كارەساتە فریای كەوت و پاشان شنگالی ئازاد كرد، هیمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە، ئەمەش مانای ئەوەیە شنگال بەشێكە لە كوردستان و لێی جیانابێتەوە و هیچ هێزێكیش ناتوانێت جارێكی دیكە شنگال لە كوردستان داببڕێت. بۆیە پرسی ئایندەی شنگال وەك بەشێك لە كوردستان ئەم پرسە كۆتایی هاتووە، ئێستا خەڵكی شنگال داواكاری هەیە و داواكاریی خۆشی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەیەوێت شنگال ببێتە پارێزگایەك لەناو هەرێمی كوردستاندا.
* بەڵام پێشتر هەندێك لایەنی سیاسی بە ناوی دیكە دەیانویست شنگال لە كوردستان داببڕن و ئەوانیش باسی كانتۆن-یان دەكرد، ئایا سەبارەت بە قسەو باسی بە كانتۆنكردنی شنگال چی دەڵێن؟
- ئەوەی باسی دروستكردنی كانتۆن دەكات، با بگەڕێتەوە و بچێت ئەو بەشەی كوردستان ئازاد بكات و لەوێ كانتۆن دروست بكات، پاشان ئێمە هەموومان دەزانین باسكردنی مەسەلەی كانتۆنی شنگال پیلانی دەوڵەتانی داگیركەرانی كوردستانە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تێكبدەن، بۆیە لێرە دووبارەی دەكەمەوە، شنگالییەكان خۆیان بڕیار لە سەر چارەنووسی شنگال دەدەن و كەس بۆی نییە ئیرادەی خۆی بە سەر ئیرادەی شنگالییەكاندا فەرز بكات. ئێمەی ئێزیدی هەتا ئێستا 74 جار هەڵیانكوتاوەتە سەرمان بۆ ئەوەی داگیركەران ئیرادەی خۆیان لەسەر میللەتی ئێزیدی فەرز بكەن، ئەو 74 جارە قبووڵمان نەكردووە، بۆیە ئەگەر لایەنێك بیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر ئێمەدا فەرز بكات، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ 75 هەمین جار دژی ئەو خۆسەپاندن و خۆ فەزركردنە رابوەستینەوە.
* ئەگەر باس لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال بكەین، دیارە وەك دەبینین شنگال كاول بووە، ئایا چۆن ئەم شارە ئاوەدان دەكرێتەوە و تاچەند بەرنامەتان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە هەیە؟
- ئێمە بۆ ئازادكرنەوەی شنگال، دوای خوا پشتمان بە سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەستبوو، دیارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگالیش دیسان دوای خوا، سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشت و پەنا دەزانین، هەروەها هەر لە رێگەی ئەوانیشەوە داوا لە هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە خێرخوازەكانی جیهان دەكەین هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن شنگال جوانتر ئاوەدان بكرێتەوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەم، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەر لە ئازادكرنی چیای شنگالەوە ئاوەدانكردنەوەی شنگالی بە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان زانیوە، دوای ئازادكردنی شنگالیش هەمان شتی دووبارە كردەوە، بۆیە دڵنیاین ئەو ئیمكانیاتەی لە بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال دریغی ناكەن.
* لە ئێستادا كە وەرزی زستان دەست پێدەكات، خەڵكێكی زۆری شنگالی ئاوارەن و لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، دیارە لە كەمپەكانیشدا باردۆخیان زۆر باش نییە، ئایا بیرتان لەوە كردۆتەوە ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
- لێرەوە من هەموو خەڵكی شنگال و بەتایبەتی ئەوانەی لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن، دڵنیا دەكەمەوە شنگال ئازادكراوە و بەهیچ جۆرێك مەترسیی تیرۆریستانی داعشی لەسەر نەماوە و داعش زۆر لە شنگال دوور خراوەتەوە، بۆیە من داوایان لێ دەكەم كە دوای ئەوەی سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەین كە لە ماوەی 15 مانگی رابردوو ئەو خەڵكە زۆر جوامێرانە بە فریای كوردانی ئێزیدی كەوتن، ئێستا كاتی ئەوەیە بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ماڵ و حاڵی خۆیان هەر چۆنێك بێت لە ژیانی ژیر چادر باشترە، ئێستا لە شنگال خەریكە كێشەی ئاو و كارەبا چارەسەر دەكرێت، بۆیە گرنگە هەموو ئەو خەڵكە بگەڕێنەوە و پێكەوە شارەكەمان ئاوەدان بكەینەوە، پێكەوە بەرگری لێبكەین و بیپارێزین.
* وەك فەرماندەی فەرماندەیی شنگال لە كۆتایی ئەم دیمانەیەدا چ پەیامكتان هەیە؟
- دواقسە و پەیڤی من ئەوەیە، ئێمە هەموو كوردانی ئێزیدی سوپاسگوزاری سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستانین، دڵنیاین جەنابی سەرۆك چۆن خەمی سەرەكیی ئەوە بوو شنگال ئازاد بكرێتەوە، لە ئەمڕۆ بەدواوە هەمان خەمی دەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال، ئێمە هەرگیز ئەم رۆڵەی سەرۆك بارزانی لەبیر ناكەین و هەموومان سەرباز و پێشمەرگەی سەرۆك بارزانی دەبین. هەروەها من سوپاستان دەكەم كە وەك گۆڤاری گوڵان لە هەولێرەوە هاتوون بۆ شنگال هەتا رووماڵی راستییەكان بكەن.