پڕۆفیسۆر رەشات كەسابە:دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی توركیا و كوردی وڵاتەكە گرنگییەكی تایبەتی هەیە
November 26, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر رەشات كەسابە، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری كۆمەڵناسیدا لە زانكۆی نیویۆرك، بەڕێوەبەری قوتابخانەی جاكسۆن-ـە بۆ دیراساتی نێودەوڵەتی. وانەبێژی تیۆریی هاوچەرخی كۆمەڵناسی و گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتییەكانی جیهانی سێ، دەوڵەت و سەرمایەداری، بنچینەكانی سیستمی جیهانی هاوچەرخ و سیاسەتی ئەمەریكایە لە عێراق. هەروەها چەند نووسین و وتارێكی لەبارەی توركیاشەوە هەیە، لە وانە «مێژووی توركیا: توركیا لە جیهانی هاوچەرخدا»، و «توركیا لە بەردەم دووڕیاندایە». گوڵان چەند پرسیارێك ئاڕاستەكرد لەبارەی هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم دواییە و ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەو سەركەوتنە لەسەر پرسە ناوخۆییەكان و كێشەی كوردی وڵاتەكە و سیاسەتی دەرەوەی توركیا. ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* هەڵسەنگاندنتان بۆ دوایین هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا چییە و چۆن لە گۆڕانی هەڵوێستی دەنگدەران دەڕوانیت و پارتی داد و گەشەپێدان چی كرد بۆ ئەوەی ئەو سەركەوتنە یەكلاكەرەوەیە بە دەست بێنێت؟
- لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا ئەكەپە سەركەوتوو بوو لە بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامەی كە بە بێ حكومەتێكی تاكلایەنەی جێگیر، توركیا لاواز دەبێت لە ئاست پەلامارەكانی دەرەوە. هەروەها ئەكەپە كارتی نەتەوەیی بەكارهێنا و ئۆباڵەكەی خستە ئەستۆی پەكەكە و بە ناڕاستەوخۆش بەرپرسیارێتییەكەی خستەسەر شانی هەدەپە بۆ ئەو ناكۆكییانەی لە رۆژهەڵاتی وڵات روویان دا و ئەو پەلامارانەی هێزەكانی ئاسایش و لە ئەنجامدا ئەكەپە سەركەوتنی بەدەستهێنا لە راكێشانی دەنگدەرە نەتەوەپەرستەكان و زۆرینەی بەدەستهێنایەوە.
* ئێستا كە پارتی داد و گەشەپێدان زۆرینەی بەدەست هێنا، دەبێت كار بۆ چارەسەركردنی چ گرفتێك بكات و هەنگاو بۆ یەكلاكردنەوەی چ كێشەیەك هەڵبگرێت؟
- دەستپێكردنەوەی گفتۆگۆكان لەگەڵ گرووپە كوردییەكان لە توركیا و مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە ئەمنییە دەرەكی و ناوخۆییەكان و چارەسەری ئاماژەكانی سستبوون كە لەسەر شانۆی ئابووری كۆبۆتەوە و لە سەرەكیترین كێشەكانن. مەترسییەكی راستەقینە هەیە كە بەردەوام خراپبونی بارودۆخی سووریا كاریگەری زۆری هەبێت و هەڕەشە لە ئاشتی بكات، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان.
* ئایا بە پێویستی نازانن پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵەكانی بخاتەوەگەڕ بۆ ئەوە خاوكردنەوەی ئەو گرژییەی لە وڵاتەكەدا دروست بووە و بۆ رەواندنەوەی ئەو جەمسەربەندییەی هاتبۆوە ئاراوە؟
- ئەمە كارێكی قورس دەبێت. بۆ ئەكەپە و گرنگە كە هەوڵی راستەقینە بدات بۆ ئەوەی ئەوانەش لەخۆ بگرێت كە دەنگیان پێ نەداوە كە لەسەدا پەنجای دەنگدەرانن. دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ كوردی توركیا گرنگیەكی تایبەتی هەیە. بەڵام ئاماژە سەرەتاییەكان پێمان دەڵێن كە ئەكەپە سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی لاپەسەندە و ئازادییە تاكی و مەدەنییەكان كەم دەكاتەوە. ئەمەش باش نابێت.
* ئایا لەوە باوەڕەدا نین كە پێویستە لە بری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و شەڕ و پێكدادان دووبارە پرۆسەی ئاشتی لەم وڵاتەدا بخرێتەوەگەڕ؟ ئایا نابێت ئەمە لە ئەولەوییەتی كارەكانی هەموو لایەكدا بێت، چونكە لە شەڕەدا هەموو لایەك زەرەرمەندن و ئاشتیش خزمەت بە هەمووان دەكات؟
- بەڵێ، زۆر گرنگە پرۆسەی ئاشتی دەست پێبكاتەوە لەگەڵ سەركردە ناسراوەكانی كۆمەڵگەی كوردی.
* پێشتر توركیا هەوڵی دەدا كێشەی لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكانیدا نەمێنێت، بەڵام ئێستا كاتێك لە بارودۆخەكە دەڕوانین، دەبینین كێشەی لەگەڵ زۆربەی دراوسێكاندا هەیە، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم پرسە چییە؟
- پێموایە سیاسەتی دەرەوەی توركیا پێویستی بە چاكسازی تەواو هەیە. لە رابردوودا سەركەوتنی توركیا پشتی بە توانایی ئەو وڵاتە بەستبوو بۆ قسەكردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان و ناوەندێك بوو كە هەموو متمانەیان پێبوو. گرنگە كە سەركردەكانی تورك بگەڕێنەوە بۆ ئەو پێگەیەی كە لایەندار نەبن لەو ناكۆكییە گەورانەی لە ناوچەكەدا هەیە.
* ئێستا پێوەندی و پشت بەیەك بەستنێكی ئابووری بەهێز لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە لە رابردوودا هەردوولا لە ناكۆكی تونددا بوون لەگەڵ یەكتر و پێوەندیەكانیان پڕ لە گرژی بوو، ئایا پێشینی درێژەكێشانی ئەو پێوەندییانە دەكەن لە ئایندەدا و بەگشتی رەنگدانەوەكانی چۆن دەبینن؟
- پێشبینی دەكەم پێوەندییە ئابوورییەكان بەردەوام بن. ئەم پێوەندییانە كاریگەری باشیان دەبێت لەسەر پێوەندییە فراوانەكانی تری توركیا لەگەڵ گرووپە كوردییەكانی تر و دەوڵەتانی دیكەش.
* ئایا پێتانوا نییە ئەگەری ئەوە لە ئارادا بێت كە پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان تەنیا لە سنووری پرسە ئابوورییەكاندا نەمێنێتەوە. لەم رووەوە هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی ئەم هەرێمە بە سەرۆكایەتی بارزانی رۆڵ ببینن لە چارەسەركردنی كێشەی كوردی توركیادا؟
- لەوانەیە فاكتەر هەبن كە رێگری دەكات لەوەی پەكەكە و گرووپە كوردییەكانی تر بە نزیكی كار لەگەڵ بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەن. ئەگەر بەسەر ئەمەدا زاڵ بن و رادەیەك لە متمانە لە نێوانیاندا دروست بێت، ئەوا پێوەندییە باشەكەی توركیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری باشی دەبێت بۆ ئەوەی لە رێی گفتوگۆوە بگەنە چارەسەرێك -بۆ كێشەی كورد-لە توركیادا.