سەركردایەتی بارزانی رۆڵێكی بنیادنەرانەی گێڕاوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا

سەركردایەتی بارزانی رۆڵێكی بنیادنەرانەی گێڕاوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا
سینان ئۆلگان توێژەرە لە ئامۆژگای كارنیجی ئەوروپی لە برۆكسل. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە ئاكامەكانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا لە سەر ئەوروپا و ئەمەریكا و سیاسەتی ناوكی و لایەنە ئەمنی و ئابووریەكانی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو بەرەی ئەتڵەسی دەدات. پێشتر لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا كاری كردووە. سەرەڕای رۆژنامە رۆژانەییەكانی توركیا، بۆچونەكانی لە رۆژنامەكانی وەك (ئێنتەرناشناڵ هێراڵد تریبیۆن، فاینانشاڵ تایمز وۆڵ ستریت جۆرناڵ)دا بڵاو دەبێتەوە. لە دیدارێكدا دەربارەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا و سەركەوتنەكانی پارتی داد و گەشەپێدان و ئایندەی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
سینان ئۆلگان پسپۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بۆ گوڵان:سەركردایەتی بارزانی رۆڵێكی بنیادنەرانەی گێڕاوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا




* لە هەڵبژاردنەكانی مانگی شەشدا دەنگدەران گوزارشتیان لە ناڕازیبوونیان بە ئەدای ئەكەپە دەربڕی و ویلایەتێكی تریان نەدایەوە پێی، نەك تەنیا بۆ ئەوەی دەستوورێكی نوێ دابنێت، بەڵكو بۆ ئەوەی بشتوانێت حكومەتێكی تاكلایەنە درووست بكات، بەڵام لەم هەڵبژاردنانەدا ئەكەپە توانی زۆرینە بەدەست بێنێتەوە، ئایا دەتوانین ئەم گۆڕانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە چ فاكتەرێكەوە ببەستینەوە؟ چی روویدا بەسەر دەنگدەراندا تا ئەكەپە خەڵات بكەن و دەنگی زۆرینەی پێبدەنەوە؟
- گوتاری «سەقامگیر» كە لە لایەن سەركرادیەتی ئەكەپە و سەرۆك ئەردۆگانەوە رابەرایەتی دەكرا، بووە پاڵنەری دەنگدەرانی توركیا. دەستپێكردنی توندوتیژی پەكەكە لەگەڵ پەلامارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی قەناعەتی بە دەنگدەران كرد بۆ هێنانەئارای حكومەتێكی تاكلایەنە بۆ دابینكردنی ئاشتی و سەقامگیری پەسەند بكەن. هۆكاری دووەم داڕووخانی پارتی نەتەوەپەرستی ئۆپۆزیسیۆن –مەهەپە- بوو كە سزادرا لە سەر ئەوەی رەدیكردەوە بەشدار بێت لە حكومەتێكی ئیئتلافی پاش هەڵبژاردنەكانی مانگی شەش.
* قورسترین گرفت و بەرەنگارییەكان چین لە بەردەم ئەكەپەدا پاش بەدەستهێنانی كورسی تەواو بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە؟
- توركیا ژمارەیەك گرفتی سەرەكی هەیە كە حكومەتی نوێی ئەكەپە پێویستە چارەسەریان بكات. ئەولەوییەتی یەكەم پێویستە نەرمكردنەوەی ئاستی خراپی جەمسەربەندییەكان بێت. هەروەها گەڕانەوە بۆ گفتوگۆكانی ئاشتی بە بەشداری نوێنەرانی بزووتنەوە سیاسییە كوردییەكان ئەولەویەتی بەرزی هەیە. ئەجێندای ئابووریش پێویستە ببووژێندرێتەوە و بە بەرنامەیەكی بەربڵاوی ریفۆرمی و بونیادی كە یارمەتی توركیا بدات رێژەیەكی بەرز لە گەشەكردن بەدەست بێنێت.
* ئەكەپە توانی ئەو بنبەستە تێپەڕێنێت كە لەپاش ئەنجامە ناگشتگیرەكانی هەڵبژاردنەكانی مانگی شەش روویدا، ئەمەش بووە هۆی خراپبوونی باری ئاسایش و جەمسەربەندیی سیاسی، پێتوایە ئەكەپە دەتوانێت و دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و هێوركردنەوەی گرژییەكان لەناو وڵاتدا پاش هەڵبژاردنەكان؟
- لە راستیدا هیوایەك هەیە كە سەركەوتنە گەورەكەی پارتی ئەكەپە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی یانزەدا، سەركردایەتییەكەیان هێور بكاتەوە و بتوانێت شێوازیان بگۆڕن بۆ جەمسەربەندیی كەمتر و زیاتر شێوازێكی سەركردایەتی پیادە بكەن كە لەسەر بنەمای تەوافوقی هەمووان بنیاد نرابێت. لێدوانە سەرەتاییەكانی سەرۆك وەزیران داود ئۆغلۆ ئاماژە دەدا بە ویستی ئەوان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی ئێستا، بەڵام قسە دەبێت كرداری بەدوادا بێت.
* سەبارەت بە مەسەلەی كورد لە توركیادا، ململانێ و خەباتەكانی رابردوو ئەوە نیشان دەدات كە چارەسەری سەربازی ئەنجامی باشی بەدەست نەهێناوە، نەك هەر ئەوەش، بەڵكو كێشەكانی زیاتر كردووە و ئەنجامی دژواری هەبووە، هەروەها لەم مانگانەی دواییدا، داڕووخانی پرۆسەی ئاشتیمان بینی، پێتوایە توركیا پێویستە دەست بكاتەوە بە دەستپێشخەرییە ئاشتییانەكەی لە جیاتی هێرشە ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی؟
- بەڵێ بە تەواوی وایە. حكومەتی توركیا ئەگەری دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی وەلا نەخستووە، بەڵام پێش دەستپێكردنەوەی ئەم پرۆسەیە، ئارەزوویەك هەیە بۆ لاوازكردنی پەكەكە كە سوودی وەرگرتووە لە ماوەی ئاگربەست بۆ دروستكردنی ریشە سەربازییەكانی لەناو وڵاتدا.
* سەبارەت بە ئەو سیاسەتە دەرەكییەی كە ئەكەپە پەیڕەوی دەكات، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، هەندێك لە رەخنەگران دەڵێن ئەكەپە لە «نەبوونی كێشەوە لەگەڵ دراوسێكانی» چووە بۆ «نەبوونی دراوسێی بەبێ كێشە»، پێشبینی دەكەیت كە ئەكەپە سیاسەتی دەرەوەی پاش ئەم هەڵبژاردنە هەڵسەنگێنێتەوە؟
- پێش هەڵبژاردنەكان دەست كرا بەو پێداچوونەوەیەی كە پێویست بوو. گوتارە رەخنەئامێزەكان بەرانبەر حكومەتی میسر بە شێوەیەكی بەرچاو كەمكرایەوە و پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی كەنداودا بەروە پێشەوە چوون و داینامیكیەتی یەكێتی ئەوروپا بەهێزكرا و پێوەندییە ئەمنییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا بەهێز كرا، بەوەی توركیا زیاتر لە رووی شەڕ لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی كاری گرتە ئەستۆ و خواستی كەمتر بووە بۆ تێوەگلانی توركیا لە ناكۆكییەكانی ناوچەكە. پێشبینیش دەكەم ئەم هەوڵانە بەردەوام بن.
* سەرەڕای ئەوەی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رابردوودا باش نەبوون، بەڵام گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە، ئێستا بەوە دەناسرێتەوە كە لە رووی ئابوورییەوە پشت بەیەك دەبەستن، كەواتە چۆن ئاسۆی پێوەندییە هاوبەشەكانی نێوان ئەم دوو لایەنە لە رووی ئابورییەوە دەبینی؟
- پێموایە ئەو داینامیكە باشەی لە ٢٠٠٨ ـەوە دامەزراوە دەچەسپێت و بەردەوام دەبێت. خراپبوونی باری ئەمنی لە ناوچەكەدا و دەستپێكی ئاستێكی بەرز لە ناسەقامگیری تەنانەت وای لەم هاوبەشایەتییە كردووە زیاتر ببووژێتەوە.
* پێشبینی دەكەیت پێوەندیە نزیكەكانی نێوان توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ئابووری بڕوات و مەسەلەكانی تریش بگرێتەوە، بەتایبەتی ئایا هیچ ئەگەرێكی هاوكاری سیاسی نزیك لە نێوان ئەم دوولایەنەدا لە ژێر سەركردایەتی بارزانی بۆ دەستپێكی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گفتوگۆكراو بۆ مەسەلەی كورد لە توركیا دەبینی؟
- سەركردایەتی بارزانی رۆڵێكی بنیادنەرانەی گێڕاوە لە رابردوودا بە پشتگیریكردنی گفتوگۆكانی ئاشتی. پاش كۆتایی هاتن بە توندوتیژییەكان ئێستا پێویستە هەوڵەكان بخرێنەوەگەڕ بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی و لێرەشدا پاڵپشتی سەركردایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر سەرەكی و گرنگ دەبێت.
Top