دانیاڵ سەروەر تایبەتمەند لەسەر ناكۆكیی مەزهەبی لە عێراق بۆ گوڵان:لە ناو دیموكراسیدا ئەو گرووپانە جێگەیان نابێتەوە كە بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسییەكانیان توندوتیژی پیادە دەكەن
November 19, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر دانیاڵ سەروەر، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری مێژوو لە زانكۆی پرینستۆن. لە ساڵانی 1994 بۆ 1996 راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە. لە عێراقدا كاری لەسەر رێگریكردن لە ناكۆكیی تایفەگەری و ئیتنی كردووە، هەروەها كارئاسانی كردووە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لە نێوان سرب و ئەلبانەكانی بەلقاندا. تایبەتمەندە لە كاروباری ئەوروپا و باكووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو بوارانەش كە تایبەتمەندە تێیاندا بریتین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، وزە، ئیدارەدانی ناكۆكی، بنیادنانەوەی دوای شەڕ، ناكۆكیی ناتوندوتیژ و بڵاوبوونەوەی مووشەك و چەكی ناووكی. لە دیدارێكدا گوڵان چەند پرسیارێكی لەبارەی ئەگەرەكانی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دەوڵەتە لاواز و شكستخواردووەكان و پرسی تایەفەگەری و ململانێ ناوچەییەكاندا ئاڕاستە كرد و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* راستیەك هەیە سەبارەت بە داعش، ئەویش ئەوەیە كە ئەوان بەهێز نین، بەڵكو مەسەلەكە بریتییە لە لاوازیی وڵاتانی ناوچەكە هەر لە پاكستانەوە تا نایجیریا كە ناتوانن تیرۆریزم تێكبشكێنن لە سەر زەمین. ئەگەر ستراتیژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێكشكان و لەناوبردنی تیرۆر بێت، چۆن مەسەلەی دەوڵەتانی شكستخواردووی لاواز دەتوانرێت چارەسەر بكرێت؟
- ئەمە پرسیارێكی سەرەكی و بنەڕەتییە، بەڵام لەم ساتەوەختەدا هیچ پلانێك نابینم بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی مەسەلەی دەوڵەتانی لاواز و شكستخواردوو. مەترسیی راستەقینە لەوەدایە كە سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا بە دوای خۆیدا پانتایی حوكمڕانی نەكراوی وا بەجێ بێڵێت كە ببێتە پەناگە بۆ توندڕەوان، جا چ داعش، یان ئەوانی دیكە.
* شارەزایان بەم شێوەیە باس لە بارودۆخی هەرێمایەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن: «نەبوونی نیزام و دۆزینەوە و چارەسەری كێشەكانی لە چوارچێوەی سایكس پیكۆدا». ئەگەر جیهان دەیەوێت نیزام بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە، تا چ رادەیەك دەبێت سیستەمی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابڕێژرێتەوە؟
- بەهیچ شێوەیەك هیوا بۆ ئەمە ناخوازم. چونكە دەوڵەتی ئیسلامی نزیك بووەتەوە لە گەڕاندنەوەی سنوورەكانی سایكس پیكۆ، نەك تێكشكاندنیان، ئەویش بەوەی كە موسڵ لە ژێر ئینتیدابی فەرەنسادا بووە نەك بەریتانیا. ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی تێكبشكێندرێت، وێنای ئەوە دەكەم كە سنوورەكان بگەڕێندرێنەوە جێی خۆیان، لەبەر ئەوەی هەر شتێك بەدەر لەمە روو بدات، ئەوا دەبێتە هۆی شەڕێكی بەردەوام. بە بۆچوونی من، بارودۆخی ئێستا —نزمبوونەوەی نرخی نەوت و هەڕەشەی داعش و ململانێ ناوخۆییەكانی كوردستان— بە واتای دواخستنی هەر هیوایەكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە بۆ ماوەیەكی دیكەش پارچە پارچە بوونی سووریا (دابەشبوونی رەسمی نا) بەردەوام بێت. هەمان شتیش لەبارەی لیبیا و یەمەنەوە دەڵێم، هەرچەندە لەم دوو وڵاتەدا مەترسییەكانی دابەشبوونی رەسمی زیاترن.
* لە رووی سەربازییەوە و لە سەر ئاستی هەرێمایەتی، سعودیە سەركردایەتی هەڵمەتی دژەداعش دەكات، بەڵام لێدوانەكانی داعش لە قوتابخانە و مزگەوتەكانی سعودیەشدا هەیە، بۆیە ناتوانێت بڕیاڕی پاڵپشتی جەماوەری بۆ شەڕی داعش دروست بكات، ئایا تا چ رادەیەك وڵاتە عەرەبییە سوننەكان بۆ بڕیاردان لە شەڕكردن لەگەڵ داعش رووبەڕووی بەرگریی ناوخۆیی دەبنەوە؟
- نەمبیستووە بەرهەڵستییەكی ناوخۆیی گەورە لە وڵاتانی كەندا و شوێنانی دیكە روویدا بێت، پێموایە هەمووان هاوڕان كە داعش مەترسیی جددییە و دەبێت لەناو ببرێت. بە دڵنیاییەوە سعودیە مەسەلەی یەكێتی ناوخۆیی هەیە، بەڵام تا ئێستا نیگەرانی دروست نەكردووە بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش. دڵنیا نیم كە هەمان شت بە تەواوی لەبارەی توركیاوە بڵێم، كە پێدەچێت ئەردۆگان چاوی داخستبێت لە ئاست هەندێك لە گرووپە توندڕەوەكان.
* لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا، سەرهەڵدانی داعشی جیهادی سەلەفی بۆتە هۆی دروستبوونی خەڵكانێك كە یاساكان و سیستەمی دیموكراسی بەكار دێنن بۆ پاراستنی ئایدیۆلۆژیا تیرۆریستییەكانیان، لە ئەنجامیشدا وڵاتە دیموكراسییەكان خۆیان دەبنە پاسەوان و پارێزەری تیرۆریستان. ئایا تا چەند سیستەمی دیموكراسی پێویستی بە پێناسەكردنەوەیە بۆ ئەوەی وا لە تیرۆریستان بكات نەتوانن ئەم ژینگەیە بۆ ویستەكانیان بەكار بێنن؟
- وڵاتانی دیموكراسی پێویستیان بە حوكمی یاسا هەیە. لە دیموكراسیدا ئەو گرووپانە جێیان نابێتەوە كە شێوازی توندوتیژی دەگرنەبەر بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسییەكانیان. لە وڵاتانی دیموكراسیدا مەسەلەی جیهادییە توندوتیژەكان، بەگشتی مەسەلەی جێبەجێكردنی یاسایە، نەك كێشەی سەربازی.
* سەرتاپای ناوچەكە دابەش بووە بەپێی دابەشبوونی تائیفی سوننە و شیعە، بەم دواییانە ئێران هەموو دەسەڵاتی دەوڵەتی خۆی بەكارهێنا بۆ گواستنەوەی شۆڕشی شیعەكان و پاراستنی سیستەمی دەوڵەتی شیعە لە ناوچەكەدا، وەك عێراق و سووریا و باشووری لوبنان و یەمەن، هەروەها دەستێوەردانی لە بەحرەین كرد، ئەم دابەشبوونە بنەمای هەموو ناكۆكییەكانە لە ناوچەكەدا. تا چ رادەیەك گرنگە ئێران بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەكە هاوكار بێت؟
- پێموایە هیچ چارەسەرێك بە بێ ئێران نابێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا رەنگە تەنانەت گەر ئێرانیش لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت، ئەوا هەر هیچ چارەسەرێك نەیەتە ئاراوە. پێویستە ئێران لەوە تێبگات كە پاڵپشتیكردنی حزبوڵڵا و بەشار ئەسەد و میلیشیا شیعەكان لە عێراق دەبێتە هۆی درووستكردنی جەمسەربەندیی تائیفی و هەلومەرجێك دێنێتەئاراوە كە داعش تیایدا گەشە بكات. لە ئێستادا رەفتارەكانی ئێران بەشێكە لە كێشەكە، نەك بەشێك لە چارەسەر. بەڵام هێشتا هیچ نیشانەیەك نییە كە تاران دركی بەمە كردبێت.
* لە بەر زۆربوونی ناكۆكییەكان لە نێوان دەوڵەتانی وەك سعودیە و ئیمارات و میسر و ئێران و هەروەها بایەخی ئیسرائیل بە بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران، دەبینین وڵاتانی عەرەبی سوننی و ئیسرائیل دوژمنێكی هاوبەشیان هەیە كە ئێرانە، تا چ رادەیەك پێشبینی دەكەیت وڵاتانی سوننی و ئیسرائیل لە یەك بەرەدا لە دژی داعش ببینی، لە كاتێكدا كێشەی فەلەستین هێشتا چارەسەر نەكراوە؟
- عەرەبە سوننەكان و ئیسرائیل بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا. كێشەی فەلەستین چووەتە ریزبەندی خوارەوەی ئەولەوییاتەكان، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی شكستی هێناوە لە دۆزینەوەی چارەسەرێك- بۆ ئەم ناكۆكییە-. بەڵام پێشبینی ناكەم عەرەبەكان بە تەواوەتی و بۆ هەتا هەتایە فەلەستین فەرامۆش بكەن، لەبەر هیچ نا، بەڵكو لەبەر ئەوەی «شەقام» ئەمەیان لێ قبووڵ ناكات. پێویستە ئیسرائیل رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ قەناعەتپێكردنی عەرەبەكانی ناو فەلەستین و ئیسرائیل لە غەزە و كەناری رۆژئاوا بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بكات.