رووسیا لە ئەوروپا هاوكاریی پارتە پۆپۆلیستەكان دەكات بۆ ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا لەبەریەك هەڵوەشێنێت
November 12, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر دانیال شایرۆت ئوستادی دیراساتی رووسیا و ئۆراسیا-یە لە زانكۆی واشنتۆن لە ئەمریكا و تایبەتمەندە لە كاریگەریی سیاسەتی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا. دیارە رووسیا كە ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی تێكەڵی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، كاریگەری تەواویشی لەسەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەتایبەتی كە ئێستا بەشی زۆری پسپۆڕان پێیانوایە رووسیا بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد دەستێوەردانی كردووە، نەك لێدانی تیرۆریستانی داعش. بۆ قسەكردن لەسەر لایەنە جیاوازەكانی ئەو پرسە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر دانیال شایرۆت ئەنجام دا و ئەمەش دەقەكەیەتی.دانیاڵ شایرۆت ئوستادی دیراساتی رووسیا و ئۆراسیا بۆ گوڵان:رووسیا لە ئەوروپا هاوكاریی پارتە پۆپۆلیستەكان دەكات بۆ ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا لەبەریەك هەڵوەشێنێت
* هەموو جیهان چاوەڕێی ئەوە بوون ئەمریكا بتوانێت سنوورێك بۆ رووسیا لە ئۆكڕانیا دابنێت و نەبێتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئەوروپا، بەڵام بەم دواییە رووسیا هاتە ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە بیانووی لێدانی داعش، ئێستا كار بۆ مانەوەی رژێمەكەی ئەسەد دەكات. ئایا چۆن سەیری ئەم دەستێوەردانەی رووسیا دەكەن؟
- ئەمریكا و ناتۆش هەردووكیان بەگشتی ئاگاداری ئەو راستییەن كە جارێكی دیكە رووسیا هەڕەشەیە، بەڵام زیاتر لە بەشەكانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەتایبەتی وڵاتانی بالتیك، هەروەها لەبەر ئەوەی هەوڵدەدات یارمەتی دارایی بدات بە پارتە چەپ و راستە پۆپۆلیستەكان لە یەكێتیی ئەوروپادا بۆ ئەوەی لەبەریەكی هەڵوەشێنێت. تێوەگلانی رووسیا لە شەڕی سووریادا بەشێكە لە هەوڵەكانی بۆ گەڕانەوەی بۆ پێگەكەی وەك زلهێزێك. بەداخەوە ئەمریكا ئەمە وەك مەترسییەك راڤەدەكات، بەڵام وا نییە. رووسیا هێزێكە گلۆر دەبێتەوە و ئابوورییەكی لاوازی هەیە و دانیشتووانی كەم دەبێتەوە و سوپایەكی گەورەی هەیە كە تێچوونی زۆرە. با وازی لێ بێنین خەڵكان و پارەی زیاتری لە شەڕێكی تری بێ هیوادا تیابچێت كە دووبارە دەسكەوتی درێژخایەنی تێدا دەست ناكەوێت.
* بەڵام ئەم دەستێوەردانەی رووسیا خەریكە جۆرێك لە پۆڵینكردن و جەمسەربەندیی مەزهەبی دروست دەكاتەوە. ئایا ئەمەش نابیتە هۆكارێك بۆ لاوازبوونی پێگەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- وادەردەكەوێت رووسیا لایەنگیری دەكات لە شەڕە تائیفییەكەی نێوان سوننە و شیعەكان. ئەمەش زۆر زیرەكانە نییە، لەبەر ئەوەی زۆربەی دانیشتووانی موسڵمانی رووسیا سوننەن كە لەجیهانی ئیسلامیشدا زۆرترینن. ئەوەی پێوەندی بە ئەمریكاوە بێت، رووسیا دوژمنێتی، جا چ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەبگلێت، یان نا. لەمەش زیاتر كێشەكە ئەوەیە ئەمریكا دژی كۆمەڵێك لایەنی زۆرە، وەك جیهادییە سوننەكان و ئیخوان موسلمین و ئێرانی شیعە و سووریای عەلەوی، هەروەها حوسییەكان. هاوپەیمانە سوننەكانیشی لە ناویاندا سعودیە و توركیا و میسر و زۆر لە دانیشتووانەكانیان چارەی ئەمریكایان ناوێت و تەنیا بۆ بەرژەوەندی قبووڵیانە، ئەمەش هیچ پێوەندی بە رووسیاوە نییە. جا چ رووسیا لە دەرەوە، یان لە ناوەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، هەرچییەكی پێبكرێت دەیكات بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەمریكا ببێتەوە و هەوڵدەدات ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا لاواز بكات.
* دیسان ئەگەر لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بكەین، ئاشكرایە رووسیا هەمیشە وەك بڕبڕەی پشتی ئێڕان لە ناوچەكەدا دەبیندرێت، بۆیە دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا دەبێتە زیان بۆ بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل. ئایا كاردانەوەی ئیسڕائیل چۆن دەبێت لەو هاوكێشە نوێیەدا كە رووسیا و ئێران رۆڵی سەرەكی تیادا دەگێڕن؟
- ئیسڕائیل هەر حكومەتێك لە سووریادا دەسەڵات بگرێتە دەست، یان هەر لایەنێك بەشێك لە سووریا بگرێت، وەك دوژمن دەیبینێت. حزبوڵڵا هاوپەیمانی ئێرانە و دوژمنە. بەرهەڵستكارە سوننەكان لە سووریا دژی ئێران و حزبوڵڵان، بەڵام لە هەمانكاتدا دوژمنی ئیسڕائیلن. بۆیە گرنگ نییە رووسیا چی دەكات، بەتایبەتی لە بەر ئەوەی رووسیا بەرژەوەندییەكی روونی نییە لە زیانگەیاندن بە ئیسڕائیل كە لە راستیدا پێوەدنییەكی باشیان هەیە. راستیەكە ئەوەیە ئێران زۆر بێمەترسیترە لەوەی كە حكومەتی ئیسڕائیلی بەشێوەیەكی هیستریی بانگەشەی دەكات.
* تا چەند كورد لە هاوكێشەی نوێی گۆڕانكارییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەبارەت بە بانگەشەی سەربەخۆیی پێگەیەكی بەهێزیان دەبێت؟
- بەداخەوە، تا ئێستا بێجگە لە ئیسڕائیل هیچ لایەنیك بە شێوەیەكی فەرمی بانگەشەی بۆ ئەوە نەكردووە كە پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات، لە ئێستادا ئەمریكا بە ئاشكرا پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ناكات، بۆیە دەبێت دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە لە بەرژەوەندی ئەمریكادا بێت، ئەوەی بۆ ئێستای كورد گرنگە ئەوەیە دەبێت كورد بە یەكگرتوویی بمێننەوە و هەوڵبدەن ئیستیفزازی توركیا نەكەن و لەگەڵ ئەمری واقیعدا رازی بن، نەك سەربەخۆییەكی یاسایی. لەم باردۆخەدا دەبێت كورد ئاگاداری ئەو راستییە بێێت، كە دەوڵەتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش مامەڵە دەكەن، نەك دۆستایەتی، لە ئێستادا ئەم ئەمری واقیعەی كوردستان ئەمریكا وەك حاڵەتێكی گونجاو سەیری دەكات، وەك دەوڵەتی نیمچە سەربەخۆی كوردستانی عێراق و ئەوەی لە سووریادا خەریكە سەرهەڵدەدات، بۆ ئەمەش دەبێت زۆر هەوڵبدەن كە بە رای گشتی ئەمریكی و ئەوروپی بگەن و بە شێوەیەكی راستەقینە دیموكرات بن بۆ ئەوەی هاوسۆزی زیاتر بەدەست بێنن لە نێو رۆژئاواییەكاندا. ئەمەش ئاسان نییە، بەڵام دەتوانێت هەندێك دەستەبەری پاراستن بكات لە دژی مەترسی جێهێشتن لەلایەن ئەمریكاوە.
* شارەزایان و توێژەران گفتوگۆ لەسەر ئەگەرە حەتمییەكانی گۆڕان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكەن. تا چ رادەیەك دەرفەت هەیە كە سنوورەكان بگۆڕێن و نەخشەیەكی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكێشرێت؟
- بێگومان سنوورە كۆنەكانی سووریا و عێراق بە كەڵك نایەن. بە بۆچوونی من شتێكی مەعقوولە لەگەڵ ئەو راستییە بگونجێین كە هیچ یەكێك لەو دەوڵەتانە چیتر ناتوانن كارەكانیان بكەن. بەڵام گەر سەیری بارودۆخەكانی تری جیهان بكەین، وەك لە سۆماڵ كە بۆماوەی زیاتر لە بیست ساڵە دەوڵەت نییە و ئەم واقیعەش قبووڵیی نێودەوڵەتی نییە، یان سودان كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا كاتێك قبووڵی بەشبوونەكەی كرد كە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ شەڕی كوشندە رووی دا و ملێۆنان كوژران، یان كۆنگۆ كە هەرگیز نەبووتە دەوڵەتێكی رێكوپێك و باش، ئەوا دەتوانین پێشبینی بكەین كە ئیعترافكردن بە بێسوودی گەڕانەوەی سووریا و عێراق بە یەكەوە دووبارە رای زلهێزەكان ناگۆڕێت بۆ ماوەیەكی دوور و درێژتر لە وانەی باسمان كردن. ئەمریكا، رووسیا، چین و زۆر لە هێزەكانی ئەوروپاش مەسەلەی كێشانەوەی سنوورەكانیان لاپەسەند نییە، هەروەها توركیاش، بۆیە ئەگەری روودانی ناكرێت بەم زووانە، تەنانەت هەرچەندە لەسەر ئەرزی واقیع هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق خاپوور بوون.