كیمبرلی مارتین لە ئامۆژگای هاریمان بۆ گوڵان:رەنگە ئێستا گونجاوترین ساتەوەخت بێت بۆ گۆڕینی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
November 12, 2015
دیمانەی تایبەت
كیمبرلی مارتێن، پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكانە لە كۆلێژی بێرنارد لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، بەڕێوەبەری پرۆگرامی پێوەندییەكانی رووسیا و ئەمەریكایە لە ئامۆژگای هاریمان بۆ دیراساتی رووسی، ئیرۆئاسیا و ئەوروپای رۆژهەڵات، هەروەها ئەندامی ئامۆژگای سۆڵتزمانە بۆ دیراساتی جەنگ و ئاشتی. پتر بایەخ بە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی بەراوردكاری و سیاسەتی رووسیا دەدات لە كارەكانیدا. لە دیدارێكدا بیروبۆچوونەكانی سەبارەت بە ئامانج و ئاكامەكانی دەستێوەردانی رووسیا لە شەڕی ناوخۆیی سووریا و ئەو هاوكێشە و ریزبەندییە نوێیانەی لە ناوچەكەدا هاتوونەتەئاراوە، بەمجۆرە بۆ گوڵان خستەڕوو.* دوای چەند ساڵێك لە ئاڵۆزییەكانی سووریا، رووسیا بە بیانووی لێدانی داعشەوە هاتە ناو كێشەكە. ئایا ئەم دەستێوەردانەی رووسیا بۆ لێدانی داعشە، یان بۆ رزگاركردنی بەشار ئەسەدـە لە رووخاندن و تا چەند رووسیا ئەم هاوكێشەی ئاڵۆز كردووە؟
- بە دڵنیاییەوە دەستێوەردانی رووسیا بە راددەیەكی گەورە بارودۆخەكەی ئاڵۆز كردووە، وەك دەزانین رووسیا بەڕاستی لەم دەستتێوەردانەیدا زۆرجار دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریست ناكاتە ئامانجی هێرشەكانی، لە جیاتی ئەوە گورز لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكە دەدات كە هەوڵدەدەن رژێمی ئەسەد بڕووخێنن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بارودۆخەكە دەڕوانێت، ئەوا وەك هاوكارێكی هاوبەش رووسیا نابینێت، بۆیە رووسیا رەوشەكەی ئاڵۆز كردووە، بەڵام ناتوانم بڵێم كە بارودۆخەكە بە ئاڕاستەیەكدا گۆڕاوە كە دەرفەتی باشتر بۆ چارەسەری نێودەوڵەتی بڕەخسێنێت.
* پێتوایە دەستێوەردانی رووسیا خەتای ویلایەتە كگرتووەكان و رۆژئاوایە لەبەر ئەوەی بە شێوەیەكی پێویست بۆ چارەسەری بارودۆخی نالەباری سووریا كاریان نەكردووە، كە بووە هۆی ئەوەی داعش سەرهەڵبدات و ملیۆنەها پەنابەر روو بكەنە ئەوروپا و ناسەقامگیری بێتەئاراوە؟
- پێموا نییە كەس بیتوانیایە شتێك بكات بۆ ئەوەی ئەوانە روو نەدەن، باوەڕم وایە هەڵەیە وا بیربكەینەوە كە كاری سەربازی دەتوانێت ئەو كێشانە چارەسەربكات.
* تا چ رادەیەك ئەم دەستێوەردانە جەمسەربەندی لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و رووسیا لە ناوچەكەدا دروست دەكات؟
- پێموانییە لە ئێستادا ئێران دوژمنی ویلایەتە كگرتووەكان بێت، لەبەرئەوەی هەر لەم دواییانەدا رێككەوتنی ئەتۆمی كراوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرەكیترین لایەن بووە تیایدا و هاوكاری زۆری لەگەڵ ئێراندا كردووە، لەبەر ئەوە باوەڕم وانیە بكرێت شتەكان بەسەر رەش و سپیدا دابەش بكرێن، كەواتە بارودۆخەكە بەو شێوەیە نییە لایەنەكان بەسەر دۆست و دوژمندا دابەش بكەین، بەڵكو بارودۆخەكە ئاڵۆزە و دەوڵەتانێكی زۆر تێوەگلاون كە هەر یەكەیان بەرژەوەندی جیاواز و ئاڵۆزیان هەیە. هیوادارم رووسیا لەو راستیە تێبگات كە تەنیا رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئیسلامییە توندڕەوەكان و بەرهەڵستكارانی لە باكووری قەوقاس ئەوەیە كار لەگەڵ ئەو وڵاتانە بكات كە حكومەتەكانیان سوننەن، لەبەر ئەوەی بەرهەڵستكارە ئیسلامییەكانی رووسیا سوننەن و شیعە نین، ئەمەش واتە بۆ ئەوەی زانیاری بەدەست بێنێت كە پێویستێتی بۆ ئەوەی بتوانێت كاریگەرانە كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەر بكات. رووسیا بە هەڵەدا دەچێت ئەگەر لەپاڵ جیهانی شیعە بەرانبەر جیهانی سوننە بوەستێتەوە، بەڕاستی پێویستی بەوەیە كە لەگەڵ دەوڵەتانی سوننەشدا هاوكاری بكات، لەوانەش سعودیە و توركیا و ئەردەن و ئەو لایەنانەی كە بەرژەوەندیی بەهێزیان لە ناوچەكەدا هەیە و زانیارییان هەیە كە دەكرێت بەسوود بن بۆ رووسیا.
* ئیسڕائیل لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا ژمارەیەكی قورسە. ئایا دوای هاتنەناوەوەی رووسیا، كاردانەوەی ئیسڕائیل چۆن دەبێت؟
- وا دەردەكەوێت كە هەردوو سەرۆك پۆتین و ناتانیاهۆ زۆر بە باشی پێكەوە هەڵبكەن و ئەمەشمان لەو رووداوانەی ئەم دواییەدا بەدی كرد كە لە سووریا روویان دا. بۆ نموونە كاتێك ئیسڕائیل لە ٢٠١٣دا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و سیستەمی هاوردەی چەكی رووسی لە سووریا تێكشكاند، كە پێدەچوو بەرەو سنوور بەڕێ دەكران بۆ ئەوەی بگات بە حزبوڵڵا، هەروەها بەم دواییانەش بینیمان كە رووسیا و ئیسڕائیل تا راددەیەك بە ئاسانی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەربازی بۆ ئەوەی دڵنیا بن ناچنە سەر رێی یەكتر لە سەر ئاسمانی سووریا، بۆیە پێموانییە لە بارودۆخێكدا بین كە رووسیا و ئیسڕائیل ببنە دوژمنی یەك بەم زووانە.
* وەك دەبینی وڵاتانی سعودیە و توركیا و قەتەر و پاكستان هاوكاری سوننەكان دەكەن و ئێران و عێراق و حزبوڵڵا و حوسییەكانی یەمەن یارمەتی شیعەكان دەدەن لە ناوچەكەدا. تاچەند رووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان لەم دابەشبوونە دەردەچن، یان پێتوایە دەبنە بەشێك لەم ناكۆكییە؟
- هیوادارم ویلایەتە یەكگرتووەكان راستەوخۆ لە ناكۆكییەكانەوە نەگلێت، لەبەر ئەوەی پێموایە لە دەرەوەی توانایدایە كە كاریگەری زیاتر بێت. نموونەی ئەوەمان بینیوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە شەڕێكی درێژ تێوەگلاوە، بێئەوەی بتوانێت ئامانجەكانی بەدی بێنێت.
* هەندێ لە شارەزایان پێیانوایە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراقدا دەستێوەردانی سەربازی كرد و لە لیبیا تەنیا بە هێرشی ئاسمانی و لە سووریادا هیچیان نەكرد، ئەمەش دەرئەنجام ئەوەی لێكەوتەوە كە بارودۆخی هەر سێ وڵاتەكە وەك یەكن. پرسیارەكە ئەوەیە تا چ رادەیەك دەرفەت هەیە سنوورەكان بگۆڕدرێن و سنووری نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنرێت؟
- ئەمە پرسیارێكی جوانە. بەڵام نازانم چ دەرفەتێك هەیە، خەڵك تێدەگات كە سنوورەكان دەستكردن و لەئەنجامی ناكۆكیی نێوان هێزە كۆلۆنیاڵەكان سەدەیەك لەمەو پێش كێشراون و هیچ پێوەندی بەوەوە نییە چۆن خەڵكی ناوچەكە داهاتووی سیاسیی خۆیان دەبینی لە ئەمڕۆدا، بۆیە پێموایە ئەگەر كاتێك هەبێت بۆ ئەوەی بیر لە گۆڕینی سنوورەكان بكەینەوە، ئەوا رەنگە ئێستا ئەو كاتە گونجاوە بێت.