جاكۆب شاپیرۆئوستادی پەرەپێدانی سیاسەت لە زۆنی تەنگژەكان بۆ گوڵان:كورد لە هاوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی بەهێزە، بەڵام دەبێت واقیعییانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكات

جاكۆب شاپیرۆئوستادی پەرەپێدانی سیاسەت لە زۆنی تەنگژەكان بۆ گوڵان:كورد لە هاوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی بەهێزە، بەڵام دەبێت واقیعییانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكات
پڕۆفیسۆر جاكۆب شاپیرۆ ئوستادی سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی پریستۆن و بەڕێوەبەری دیراساتی ئەزموونكاریی پرۆژەكانی تەنگژەیە و تایبەتمەندە لە پەرەپێدانی سیاسی و ئابووری لەو ناوچانەی تەنگژەی تێدایە. بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو كێشانەی رووبەڕووی وڵاتانی ناوچەكە دەبنەوە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* بە رای ئێوە دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا چ مانایەك دەگەیەنێت؟ ئایا ئەمە بۆ هاوكاریی هاوپەیمانانە دژی داعش، یان مەبەستێكی دیكەی لە پشتەوەیە؟
- دەستێوەردانی رووسیا لە كێشەی سووریا دەستێوەردانێكی دوژمنكارانەیە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هەر گۆڕانكارییەكی رژێمەكەی ئەسەد دەبێت بە ناوبژیوانیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ناتۆ لەلایەك و رووسیا لەلایەكی ترەوە بێت، ئەمەش واتە دوورخستنەوەی رووخانی دەوڵەتی سووریا لە سەر مێزی دانیشتنەكان لە ئێستادا.
* ئایا ئەمە بەمانای ئەوە دێت، لەبەر ئەوەی ئەمریكا بە شێوەی ئەمری واقیع هاوپەیمانی سوننەیە، رووسیا دەبێتە هاوپەیمانی شیعەكان؟
- گومانم هەیە ئەوە ڕاست بێت. وەك ئەوە وایە كە چەند دوژمنێكی هاوبەش هەبێت، بەڵام دڵنیا نیم كە كێ پۆلێن كراوەتەوە. هەر بۆیە پێشبینی ناكەم ئاوای لێ بێت. ئەو هاوپەیمانییانەی هەیە لە دەوری هێڵە تائیفییەكان دروست نەكراون، بەڵام بەو شێوەیە كەوتۆتەوە. پێموایە شوێنی زیاتر بۆ هاوبەشایەتی هەیە، نەك ناكۆكی.
* وەك دەزانن، هەر گۆڕانكارییەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتەئاراوە، ئیسڕائیل رۆڵێكی تێدا دەبێت، ئێستا كە رووسیا هاتۆتە ناو كێشەكە و بە كردەیی پشتگیری ئەو لایەنانە دەكات كە ئیسڕائیل وەك مەترسی سەیریان دەكات، ئایا لەم حاڵەتەدا چۆن سەیری كاردانەوەی ئیسڕائیل دەكەیت؟
- بیرۆكەیەكی باشم بۆ ئەمە نییە. وا دەردەكەوێت بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل بۆ ماوەیەكی درێژ بە باشترین شێوە بە پاراستنی ناوچە سنووریەكانی باكووریەوە بەسترابێتەوە، دڵنیا نیم چۆن دەستێوەردانی رووسیا كاریگەری دەكاتە سەر ئاسۆكانی ئاسایش لەو ناوچەیەدا.
* كاراكتەری تازەی نێو هاوكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كوردە، ئایا لەم هاوكێشە تازەیەدا چۆن لە پێگەی كورد دەڕوانیت؟
- وای دەبینم كورد و لایەنە كوردییەكان پێگەیان لە هاوكێشەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێز بێت، بەڵام كاتێك ئەگەری زیاتر بۆ رۆڵی كورد دەبێت، كە كورد لە چوارچێوەی مەرجە واقیعییەكاندا رۆڵی خۆی راڤە بكات، هەروەك ئەو واقیعەی ئێستا لە هەرێمی كوردستانی عێراق بوونی هەیە، واتە كورد بەپێی هەلومەرجی واقیعەكە خۆی بخوێنێتەوە و هەنگاوی بۆ هەڵبگرێت. من پێموایە بەرژەوەندییە درێژخایەنەكانی گەلی كورد بە باشترین شێوە بەستراوەتەوە بە دروستكردنی هەرێمی سەركەوتوو لە ناو سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق و سووریادا، جا هەر رژێمێك دواجار لە سووریادا سەرهەڵبدات.
* ئەوەی ئێستا بۆتە جێگەی مەترسی ئەو دابەشبوونە مەزهەبییەیە كە لە ناوچەكە روودەدات، بەڵام هەتا ئێستا كورد نەبۆتە بەشێك لەو دابەشبوونە مەزهەبیە، ئایا ئەمە زیاتر پێگەی كورد پتەوتر ناكات؟
- پێموایە هاوپەیمانییەكە بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە، بەڵام ئەمە نابێت ئەگەر پێشبینی وا بكرێت ئەمریكا و رۆژئاوا دەبنەچەتری رەفتارەی كورد بۆ ئەوەی بە شێوەیەك هەنگاو هەڵبگرن لەگەڵ بەرژوەندییەكانی ئەمریكا یەك نەگرێتەوە، پێموایە بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد بە باشترین شێوە بەستراوەتەوە بە كاركردن لەناو ئەو بونیادە نێودەوڵەتییانەی كە هەن، نەك بە هەوڵدان بۆ گۆڕینیان. ئەم پرۆسەیەش دەتواندرێت لە داهاتویەكی دووردا چارەسەر بكرێت كاتێك مەسەلەی چۆنیەتی دانانی سنوورەكان هێور دەبێتەوە.
* ئەی سەبارەت بە گۆڕانكارییەكان كە پێشبینی دەكرێت لە جوگرافیای سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە ئاراوە، راتان چییە؟
- پێموایە ئاسۆكان لەوێن، بەڵام پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، هەر وەك چۆن نموونەكەی كوردستانی عێراق پیشانی دەدات، ئەوەی گرنگە بۆ بووژاندنەوە و گەشەی ئابووری، بەڕێوەبردنە لە ناو سنوورە ناوچەییەكان، نەك ئەو شوێنەی كە هەمووان بڕیاردەدەین سنوورە نێودەوڵەتییەكان پێوێستە چۆن بن.
Top