تا ئێستاش دەوڵەت كاراكتەری سەرەكی سیستمە جیهانییەكەیە

تا ئێستاش دەوڵەت كاراكتەری سەرەكی سیستمە جیهانییەكەیە
هانا ئۆیانێن، پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی تامپیری و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستە سیاسییەكان. پێشتر توێژەر بووە لە پەیمانگای فینلەندی بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان و پرۆفیسۆر بووە لە زانكۆی هێلسنكی، هەروەها سەرۆكی بەشی توێژینەوە بووە لە پەیمانگای سویدی بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان. گوڵان چەند پرسیارێكی لەبارەی دەوڵەتی نەتەوەیی و پرسی سەروەری و توانای دەوڵەتان بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان ئاڕاستە كرد. ئەویش پێی باش بوو بە وتارێك وەڵام بداتەوە.
هانا ئۆیانێن بۆ گوڵان:تا ئێستاش دەوڵەت كاراكتەری سەرەكی سیستمە جیهانییەكەیە


لە راستیدا لە سیستەمێكی سیاسی جیهانیدا دەژین كە هێشتا لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە دەوڵەت تێیدا ئەكتەری سەرەكییە. لەم سیستمەدا نۆرمە نێودەوڵەتییەكان سەروەری و یەكپارچەیی دەوڵەتەكان دەپارێزن، هەروەها دەوڵەتەكانن كە ئەندامن لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بەشێكیشن لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، بە هەمان شێوە ئەوە دەوڵەتە كە زۆربەی سەرچاوەكان و پێوەندییەكان و بازرگانییەكان بەڕێوەدەبات و بانگەشەی ئەوە دەكات كە دڵسۆزی و وەلائی خەڵك و هاونیشتمانییان بۆ ئەوە. بەڵام ئەمانە هەموویان دەوڵەتانی نەتەوەیی نین و چەمكی «نەتەوە» نەك هەر ئاڵۆزە، بەڵكو داتاشراوە و سرووشتی نییە. بە دڵنیاییەوە لە ناو ئەم سیستەمەدا چەندین ئەكتەری تریش جگە لە دەوڵەتان هەن و زۆریشیان لە راستیدا بەهێزترن لە زۆرێك لە دەوڵەتان. بەڵام ئەگەر سەیری پێگەی دەوڵەت بكەین لە ئەمڕۆدا، دەبینین كە هێشتا هەوڵی بەدیهێنانی دەدرێت و رێز لە سەروەرییە یەكسانەكەی دەگیرێت، هەروەك لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەوڵەتانی بچووك و گەورە وەكو یەكن و یەك دەنگیان هەیە. بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان جیاوازە كە ئەندامە هەمیشەییەكان مافی زیاتریان لەوانی تر هەیە، هەروەها مشتومڕە بەردەوامەكان لەسەر ئەم نۆڕمە و لە سەر پێكهاتەی ئەم ئەنجومەنە، نیشانەی گرنگیی بەردەوامی ئەو دامەزراوە و نۆڕمانەیە كە دەوڵەتانی پێكەوە بەستووەتەوە و دواجاریش یارمەتیدەرە بۆ رێگركردن لە روودانی جەنگەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان.
هەروەها دەوڵەتان گرنگن بۆ تاكەكان، ئەمەش لە حاڵەتی خەڵكانی بێدەوڵەتدا دەبیندرێت كە لە راستیدا رووبەڕووی كێشەگەلێكی زۆر دەبنەوە. بە شێوەیەكی گشتی دەوڵەتداری تەنیا ماف نییە، بەڵكو ئەركیشە. ئەوەی گرنگە ئەمڕۆ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا ئەوەیە كە ئەوانەی پێیان دەوترێت دەوڵەتانی «لاواز» یان «شكستخواردوو» چەند بەگرفتن. كاتێك دەوڵەت ناتوانێت چاودێری و بایەخ بدات بەوەی وەك ئەركە سەرەكییەكانی دەوڵەت دادەنرێت، وەك دابینكردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاونیشتمانییانی، ئەوا دەبێتە هەڕەشە بۆ دەوڵەتانی دیكە، هەروەها بۆ سیستەمی نێودەوڵەتیش. هەرلەبەر ئەمەشە نۆڕمی «بەرپرسیارێتی بۆ پاراستن» پەرەی پێدراوە و ماف دەدات بە دەوڵەتانی دیكە دەستێوەردان بكەن، ئەگەر دەوڵەتێك لە پاراستنی هاونیشتمانییانی لەسەر قەڵەمڕەوی خۆی شكست بهێنێت. هەروەها یەكێتی ئەوروپا چەمكی سەروەری تا رادەیەكی زۆر گۆڕیوە. دەوڵەتانی ئەندامی یەكێتییەكە سەروەر نین بە هەمان شێوەی دەوڵەتانی دیكە، چونكە سەروەرییان لە هەندێك ناوچە كێشاوەتەوە و وازیان لە مافە تایبەتییەكانی بڕیاڕدان هێناوە لە پێناو سیاسەتی هاوبەش و بڕیارەكانی زۆرینەی دەنگدان و رۆڵی زیاتری ئەو دامەزراوانەی لەسەرووی نەتەوەوەن. هەروەها مانای «هاونیشتمانیبوون» لە ئەوروپادا سەرهەڵدەدات لەبەر ئەوەی یەكێتی ئەوروپا هاونیشتمانی خۆی هەیە كە راستەوخۆ لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئەوروپادا دەنگ دەدەن. هاونیشتمانییان دەتوانن دەستپێشخەری بكەن بۆ یاسای نوێی یەكێتیەكە، هەروەها یەكێتیەكەش بەردەوام هاوبەشانە دەیانپارێزێت لە دەرەوەی ئەوروپادا (لەڕێی خزمەتگوزارییەكانی كونسوڵەكانەوە) هەرچەندە یەكێتی ئەوروپا دەوڵەتیش نییە. كەواتە ئەی سەبارەت بە دیموكراسی چی بڵێین؟ ئەمە تەنیا بە دەوڵەتەوە نەبەستراوەتەوە، لەبەر ئەوەی دیموكراسی دەتوانێت هەبێت لە زۆر شوێن و كاتدا و لە هەر ئاستێكی سیاسی و چالاكی مرۆیی. دیموكراسی سیستەمی یەكێتی ئەوروپا یەكێكە لەو حاڵەتانە كە زۆر مشتومڕ و گفتوگۆی لەسەر كراوە و گرنگتریش ئەوەیە وەك هەموومان دەزانین كە هەموو دەوڵەتان دیموكراسی نین. گەر سەیری ئەوروپا بكەین، زۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپا بەشێوەی جیاواز ماوەی دیكتاتۆرییان بینیوە. یەكێك لە سەرەكیترین پێویستییەكانی چوونە ناو یەكێتی ئەوروپا دیموكراسی و حوكمی یاسایە. بەڵام هێشتا لەناو یەكێتی ئەوروپادا تەنانەت ئەمڕۆش پێویستە بەردەوام هۆشیار بین لە مەترسییەكانی سەر دیموكراسی و زۆربوونی سیماكانی دەسەڵاتخوازی و سنوورداركردنی ئازادی و مافەكان لە هەندێك دەوڵەتدا. دیموكراسی پێویستی بەوەیە چاودێری بكرێت و شتێك نییە هەر كە بەدەست هێنرا، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بمێنێتەوە. ئەمەش ئەو شوێنەیە كە سیستەمی نێودەوڵەتی دووبارە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بەوەی كە چارە بدۆزێتەوە بۆ پاراستنی خەڵك لە رژێمە زۆردارەكان كە لەوانەیە بەهۆی چەمكی سەروەرییەوە دووبارە ببووژێنەوە.
Top