دەوڵەت پێناسەی نەتەوە تەواو دەكات و چوارچێوەیەكە بۆ دیاریكردنی ئازادیی تاك
November 5, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر مایكڵ مۆسیر، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی ویسكۆنسین. حاڵی حازر وانەبێژە لە بواری پێوەندیە نێودەوڵەتییەكان و دیراساتی جیهانی لە سەنتەری دیراساتی ئەوروپی لە زانكۆی تەكساس. پشتریش لەم بوارانەدا لە چەند زانكۆیەكی دیكە وانەبێژ بووە. هەروەها راوێژكاری سەنتەری دیراساتی ستراتیژی و نێودەوڵەتی بووە. گوڵان گفتوگۆیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا بۆ زانینی شیكردنەوە و لێكدانەوەكانی دەربارەی گرنگی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ رزگاربوونی هاووڵاتیان لە ملكەچبوون بۆ هێزە دەرەكییەكان و چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆزەكانی ناوچەیەكی پڕ لە ئاژاوە و نائارامی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.پڕۆفیسۆر مایكڵ مۆسیر تایبەتمەند لە زانستی سیاسی بۆ گوڵان:دەوڵەت پێناسەی نەتەوە تەواو دەكات و چوارچێوەیەكە بۆ دیاریكردنی ئازادیی تاك
* لە مێژووی ئەوروپادا دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بە وەرچەرخانێكی گرنگ لە مێژووی سیاسی ئەوروپا دادەنرێت، ئایا چۆن سەیری ئەو وەرچەرخانە دەكەیت كە دەوڵەتی نەتەوەیی هێنایەئاراوە؟
- لە پێوەندی بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین كە شەڕی پاشایەتی بۆ قەڵەمڕەوی و سەرچاوەكانی دیكە لە ئەوروپا لە داوی كۆتایی هاتنی جەنگی ئایینی، شەڕی سی ساڵە و شەڕی سەد ساڵە لە ئەوروپا، سەرهەڵدانی دوڵەتی هاوچەرخمان بینی. بە دڵنیاییەوە ئەمە یەكێكە لە نێو زۆرێك لە بژاردەكان و رێكخستنی سیاسیدا، بەڵام رەنگە –دەوڵەتی نەتەوەیی- باوترین شێوەی رێكخستنی سیاسی بێت. هەروەها مۆدێلی دیكەش هەن وەك دەوڵەتەشار، یان ئیمپراتۆر، یان شێوە رێكخستنی نەژادی، یان خێڵەكی، كە دەوڵەتی هاوچەرخ لە ئەوروپاوە سەریهەڵدا و لە جیهاندا بڵاوبووەوە و زیاتر بە هۆی بەرفراوانبوونی ئەورووپییەوە بووە لە ماوەی سەدەكانی پاش ١٦٤٨ـەوە.
* تا چەند سەرهەڵدانی نەتەوەیی كۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی هێنا و سەقامگیری گێڕایەوە؟
- بەڵێ، بەدڵنیاییەوە ئەمە پێشبینی كراوە، كۆمەڵناس چارلس پیلی ئاماژە بە هەمان گریمانە دەدات كە باست كرد بەوەی كە دەوڵەتی نەتەوە بۆ هاونیشتمانییانی ئامادە دەكات وەك رێگەیەك بۆ رێگرتن لە جەنگی زیاتر.
* ئایا تا چەند دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ پیشاندانی ئازادیی تاك و ئیرادەی تاك لە كۆمەڵگەدا؟
- بەڵێ، بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی نەتەوە دەرفەتێك بۆ تاكەكانی دابین دەكات لەناو ئەو دەوڵەتەدا و لەبەرانبەریشدا تاكەكان دەبێت خزمەتی ئەو دەوڵەتە بكەن، بەڵام ئایا تا چەند ئازادی بۆ تاكەكان دابین دەكات لە چوارچێوەی دەوڵەتدا؟ هەندێك پێیانوایە كە دەبێت لانیكەمی ئازادی دەستەبەر بكات بۆ تاكەكەسەكان و تەنیا لە رووی جەستەییەوە پارێزگارییان لێبكات و زیاتر نا، بەڵام هەندێك پێیانوایە دەوڵەت پێویستە زۆرترین ئاست و ئەندازەی ئازادی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەستەبەر بكات، ئەم بۆچوونانەش كە دەربڕاون، تەنیا فەلەسەفی نین، بەڵكو پراكتیكیشن سەبارەت بە دەوڵەتی نەتەوەی هاوچەرخ لە سەرتاسەری جیهاندا.
* بۆچی نەتەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیدا نەبێت، هەست بە ئازادی ناكات؟
- لەو پرسیارە تێدەگەم و ئەوە پێوەندی بەو دابەشبوونەوە هەیە كە لە نێوان نەتەوە و دەوڵەتدا هەیە، نەتەوە- بەتایبەتی- لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەمكێكە پێویستی بە دانپێدانانە لەلایەن ئەوانی دیكەوە، جۆرێك لە دیدی سەروەری ناوخۆیی و دەرەكیمان هەیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا كە پێكەوەن، بەڵام ئەگەر بە تەواوی ئەو بانگەشەیە بكەیت، ئەوا نەتەوە بەبێ دەوڵەت كیانێكی راستەقینە نییە، بە دڵنیایەوە سەرۆكی ئەمەریكا وێڵسن پێیوابوو كە هەر نەتەوەیەك دەبێت دەوڵەتی خۆی هەبێت، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا وا نییە، لەم جیهانەی تیایدا دەژین هێشتا هێڵیكی باریك كێشراوە لە نێوان دەوڵەت و نەتەوەدا، ئەمەش دەمانگەیەنێت بە رەتكردنەوە، یان هەبوونی ناوچەیەك كە پێوەی ببەسترێتەوە و بیدرێتێ.
*سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ دەركەوت و بۆچی لەو ژینگەیەدا سەركەوتنی بەدەست هێنا؟
- لە زۆر رووەوە لیبڕاڵ دیموكراسی باشترین بژاردەیە بۆ رێكخراوبوونی سیاسی، بەڵام لیبڕاڵ دیموكراسیش بێ كەموكوڕی و بێ خەوش نییە. ئایا وڵاتانی لیبڕاڵ دیموكرات لەگەڵ یەك بەشەڕ دێن؟ هێشتا ئەمە رووی نەداوە، ئەمە مانای ئەوە نییە كە شەڕ لە ئارادا نامێنێت لە نێو لیبراڵ دیموكراسییەكاندا. بەڵام ئاشتی دیموكراسی تیۆرییەكی زۆر بەهێزە كە ئەمە دەڵێت لە رووی فەلسەفییەوە لەبەر ئەوەی دژی شەڕن، یان بەرژەوەندییان لەوەدایە لە بازرگانیدا بن لەگەڵ یەكدا، نەك لە شەڕ. كەواتە ئەمە تیۆرێكی بەهێزە بۆ روونكردنەوەی روونەدانی شەڕ لە نێو لیبڕاڵ دیموكراسییەكاندا.
* ئەگەر لە ئێستادا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیەوێت كێشەی نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بكات، چۆن پێناسەی سەروەریی دەوڵەت و سنوورە دەستكردەكان دەكاتەوە؟
- ئەمە پرسیاری ساتەوەختە، خۆزگە بمتوانیبایە پێتان بڵێم چۆن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەری كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات. پێوایە ئەمە پێوەندی بە بەرژەوەندییەوە هەیە. نەك هەر هێزە ئیمپراتۆریەكانی پێشوو كە بەرژەوەندییان هەیە لە ناوچەكەدا، بەڵكو ئەكتەری نوێش وەك دەوڵەتی ئیسلامی و كاراكتەری غەیرەدەوڵەت وەك بەرەی نوسرە و قاعیدە و ئەوانی دیكە وەك حەماس و حزبوڵڵا هەن، هەموو ئەمانە لە ناوچەكەدا چالاكن و بەرژەوەندییان هەیە لە داهاتووی ناوچەكەدا. ئایا رێككەوتنی -سایكس پیكۆ- رێككەوتنێكی شەرعی بوو؟ ئایا بەرهەمی هەل و مەرجی رۆژگاری خۆی بوو؟ هەموو ئەمانە پرسیارن، بەڵام ئایا لە ئێستادا دووبارە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێتەوە؟، ئەوا لە سەر ئەرزی واقیع ئەمە روودەدات، نەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان، یان لە بەغدا، یاخود لە تاران، یان لە هەر پایتەختێكی دیكەدا. پێموایە ئەوەی ئێستا روودەدات ناكۆكییە لەسەر ئەوەی رێكخستنی سیاسی داهاتوو چۆن بێت، ئایا دەبێت دەوڵەت بێت، یان شتێك كە پێش مۆدێرن، یان پاش مۆدێرن بێت؟
* زۆر لە بیرمەندان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە كێشەی نەتەوە بێدەوڵەتەكان لە ناوچە نادیموكراتەكاندا، بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی چارەسەر ناكرێت. هەر بۆ نموونە كێشەی فەلەستین و كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا كە ئەمە چارەسەركردنی ریشەیی ئەو دوو كێشە گرنگە بێت، بۆچی جیهان خۆی لەم چارەسەرە دەدزێتەوە؟
- ژمارەیەك لە دەوڵەتە نەتەوەكان هەن كە بەرژەوەندییان هەیە لە هێشتنەوەی ئەم بارە باوە، ئایا ئەمە چ ئاكامێكی لێدەكەوێتەوە لەسەر ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ وەڵامەكە ئەوەیە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین. هەموو ئەوەی كە دەتوانین گەرەنتی بدەینێ ئەوەیە كە گۆڕانكاری بە شێوەیەك لە شێوەكان روودەدات، بەڵام وەڵامی پرسیارەكە كە چۆن دەبێت، نازانین.