ئەگەر پێشمەرگە بەشداری نەكات گرتنەوەی موسڵ كارێكی مەحاڵ دەبێت

ئەگەر پێشمەرگە بەشداری نەكات گرتنەوەی موسڵ كارێكی مەحاڵ دەبێت
ماوەی نزیكەی دوومانگە باس لە ئازادكردنەوەی رومادی دەكرێت، بەڵام هەتا ئێستا نەتوانراوە ئەو شارە كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە، لە هەمانكاتدا ماوەیەكیشە باس لە ئازادكردنەوەی موسڵ دەكرێت، بەڵام هێشتا نازانرێت، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كەی دەست پێدەكات. زۆربەی شارەزایانی سەربازی پێیانوایە مەسەلەی ئازادكردنی موسڵ گرێ دراوەتەوە بە ئاستی هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، بەوجۆرە باس لە ئازادكردنی موسڵ دەكرێت، ئەگەر پێشمەرگە بەشداری تەواو نەكات، ئەوا ئازادكردنەوەی موسڵیش هەروەك ئازادكردنەوەی رومادی دەبێت و كارێكی ئاسان نابێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم لایەنە سەربازییە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەفسەری خانەنشین د.تۆفیق یاسری كرد و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.
تۆفیق یاسری شارەزای سەربازی و ستراتیژی بۆ گوڵان:ئەگەر پێشمەرگە بەشداری نەكات گرتنەوەی موسڵ كارێكی مەحاڵ دەبێت


* وەك شارەزایەكی سەربازی و ستراتیژیی ئاستی شەڕ دژی داعش لە بەرەكاندا چۆن دەبینی؟
- لە راستیدا ئەمە شەڕێكی سیستماتیك و رێكخراو نییە، ئەوەی هەیە پارتیزانییە بە شێوەیەكی پێشكەوتووتر، چونكە داعش بەو چەك و پێداویستییە سەربازییەی هەیەتی، هەروەها پشتیوانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی توانیویەتی تا رادەیەك بەرگری بكات، لەهەمان كاتدا ئەو بیروباوەڕەی لای چەكدارانی داعش هەیە لەگەڵ ئەوەی ئێمە جیاوازە كە باكیان بە هیچ نییە و دەتوانن لە شوێنێك شكان لە شوێنێكی دیكە بەرگری بكەنەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك ئەو شەڕە پارتیزانییە و سیستماتیك نییە، لەلایەكی دیكەوە دەبینین داعش كاتێ دەزانێ لە شوێنێك، یان بەرەیەك تێكدەشكێ یەكسەر دەكشێتەوە بۆ بەرەیەكی دیكە كە پێشتر خۆیان بۆ ئامادە كردووە، بۆ نموونە كاتێ لە بێجی تێكشكان و زیانێكی زۆریان پێگەیشت، بە كتوپڕی و بەپێی پلانێكی دیكە روویان لە شوێنێكی دیكە كرد، ئەویش دەستگرتن بوو بەسەر رێگای سەرەكی بێجی- سامەرا و توانییان ئەو رێگایە كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش كە ئەو شوێنەیان كۆنتڕۆڵ كردووە، ئەوان حیسابی هەندێ شتی دیكەشیان كردووە، ئەویش ئەوەیە كە رەنگە ئێستا كەش و هەوا بۆ ئەوان لەبار بێت كە فڕۆكەكانی عێراق نەتوانن گورزیان لێ بوەشێنن، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی دەتوانن ئەو رێگەیان پێ چۆڵ بكەن.
* لە ئێستادا زۆر باسی رزگاركردنی موسڵ دەكرێت، ئایا پێتوایە ئەم پڕۆسەیە سەركەوتن بەدەست دێنێت و ئەو تەگەرە و ئاستەنگانە چین لە بەردەم رزگاركردنی ئەم شارەدان؟
- من لەو باوەڕەدا نیم رزگاركردنی ئەو شارە بەو ئاسانییە بێت، ئەوە بۆ دوو مانگ دەچێت باس لە رزگاركردنی رومادی دەكرێت و هەموو رۆژێك لێدوانمان گوێ لێ دەبێت لە شارەزایان و فەرماندە سەربازییەكان و بەرپرسان كە رزگار دەكرێت و دڵی خەڵكەكە خۆش دەكەن، بەڵام وا دەبینن تا ئێستا تەنیا هەندێ تۆپباران دەستی پێكردووە، كە ئەمەش لە رووی سەربازییەوە بە هێرش دانانرێت، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە هەر یەكێك هەڵدەستێ لێدوان دەدات، فڵانە رۆژ دەست دەكرێ بەو ئۆپەراسیۆنە، یان ئەو هێرشە، لە هیچ شەڕێكی پارتیزانی، یان سیستماتیكی دەوڵەتان ئەم شتە نییە، ئاخر بە دەستی خۆمان بە دوژمن دەڵێین، ئاگات لێ بێت بەم زوانە دێینە سەرت و هێرش دەست پێدەكەین. چۆن دەبێت پلانی سەربازی ئاشكرا بكرێت، ئەدی دوژمن كاردانەوەی چی دەبێت؟ بێگومان ئامادەسازیی خۆی دەكات. بۆیە رزگاركردنی موسڵ زۆر سەخت و زەحمەتە و پێویستی بە توانای زۆری سەربازیی هەیە، لە چەك و ئامێر و تەقەمەنی، هاوكات هێزی ئاسمانی و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هێزی زەمینی و ئاسمانی، لەگەڵ توانای ناوخۆی شارەكە و هاوكاریی دانیشتووان، بۆیە كات و رێوشوێنی زۆر گرنگ و هەستیاری دەوێت، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت كە ئەم كارە پێویستی بە بەردەوامبوون هەیە، واتا قۆناغی یەكەم كە تەواودەبێت، نابێ راوەستن، بەڵكو قۆناغی دووەم و پشتیوانیی زەمینی و ئاسمانی بە بەردەوامی هەبێت، لە هەمووی گرنگتر ورەی چەكداران و ئەو هێزانەی بەشداری تێدا دەكەن.
* دەگوترێ بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوكاری تەواو لە نێوان هێزەكانی عێراقی و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێ، لەم بارەیەوە راتان چییە؟
- ئەگەر پشتیوانیی تەواوی پێشمەرگە نەبێت، رزگاركردنی موسڵ ئاسان نابێت، چونكە هەموو لایەك دەزانێت كە پێشمەرگە توانایی و ورەیەكی بەرزی شەڕكردنیان هەیە و زیاتر خۆڕاگرن، پاشان ئەوانن لە رووی جوگرافیشەوە شارەزاییان هەیە لە زەمین و رێگەوبان و شوێنەكان بە گشتی بە بەراورد لەگەڵ هێزەكانی عێراقی كە خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، جگە لەمەش پێشمەرگە توانای بەرگرییان هەیە و ئەزموونێكی دیار و بەرچاویان هەیە، لە هەموو شەڕەكاندا سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و چەك و تەقەمەنی پێشكەوتوویان هەیە، نزیكترین نموونەش بەشداریكردنیان بوو لە ئۆپەراسیۆنی (حەویجە) لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان كە بۆ هەموو خەڵكیان سەلماند كە توانای شەڕ و بەرگری و خۆڕاگرییان هەیە.
* سەبارەت بەو هەزاران كەسەی دانیشتووانی موسڵ، چارەنووسیان چۆن دەبێت؟ ئایا زیانیان پێدەگات بەتایبەتیش لەبەر بۆردومانی فڕۆكە؟
- من پێموایە شەڕەكە زیاتر لە ئاقار و دەروبەری موسڵ دەبێت، واتا زیاتر لەو شوێنانە چڕدەكرێتەوە، لەبەر ئەوەی داعش كە زانی ئەو هەموو هێزەی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرش دێنن، ناچار دەبێ هێزێكی زۆری بكێشێتەوە لە موسڵ و بەرەو (رەقە)یان بەرێت، بەڵام چاكتروایە سەرەتا شنگال و تەلەعفەر ئەو شوێنانە ئازادبكرێن تاكو رێگە لە هەڵاتن و كشانەوەی داعش لە موسڵ بگیرێت، بۆیە شەڕی ناو شار سنووردار دەبێت و ئەوەندە ناخایەنێت و یەكلایی دەبێتەوە.
* بەڵام بەپێی راپۆرت و زانیارییەكان ئەوەیە كە هەنگاوی یەكەم لە دابڕانی پێوەندیی نێوان موسڵ و سووریا لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەست پێ دەكات، ئەمە تا چەند راستە؟
- زۆر چیرۆك و قسە لەسەر ئەمە هەیە، هەندێك دەڵێن هاوپەیمانان بە بۆردوومانی بەردەوام ئەم پڕۆسەیە سەردەخەن، یان بە پشتیوانیكردنی هێزی زەمینی، بەڵام من پێموایە ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەیكات لە رووی هێرشە ئاسمانییەكان زۆر كەمە و كەمومورتیی تێدایە و بە پچڕپچڕ پلانەكانی جێبەجێ دەكات، لە ئێستادا رووسیاش هاتە سەرخەت و لە سووریا پڕۆسەی سەربازی ئەنجام دەدات، بەمەش هاوسەنگیی هێزی گۆڕیوە، كە تا رادەیەك بەشداری دەكات و زۆر ئامانجی پێكاوە، بۆیە پێویستە عێراق سوودێكی زۆر لەو هاوكارییەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەربگرێت، چ لە ئەمریكا یان لە هاوپەیمانییە چوارقۆڵییە، بۆ ئەوەی بتوانێت تا رادەیەك لە رووی سەربازییەوە هەندێ سەركەوتن بەدەست بێنێت.
* دوا پرسیار ئەوەیە ئایا داعش لە رووی ئاست و ورەی شەڕكردنی سەربازییەوە دابەزیوە و توانای بەرگریكردنی وەك جاران نەماوە؟
- لە راستیدا ئەم زانیارییە سەربازییانە زۆر روون و ئاشكران، لە ئێستادا داعش لەبەر گورزی ئاسمانیی رووسیا لە رەققە زیانی زۆریان پێگەیشتووە، بۆیە دەبینین هێزو چەكەكانیان لەوێدا دەكێشنەوە و بۆ عێراقی دەگوازنەوە، لەبەر ئەوە پێویستە عێراق وریا بێت و بزانێت كە رەنگە شەڕی داهاتوو چارەنووسساز بێت و بێ گومان زیانی زۆریشی لێدەكەوێتەوە، بۆیە پێویستە لەم رووەوە ئامادەباشیی تەواو بكرێت تاكو بتوانن بەرەو رووی ئەو هێزەی داعش ببنەوە.
Top