پێش ئەوەی موسڵ ئازاد بكرێت دەبێت بەرنامەی ئەوە دابنرێت دوای داعش چۆن ئەو شارە بەڕێوەدەبرێت
October 29, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر دەیڤید پۆلۆك توێژەری باڵایە لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك و تایبەتمەندە لە بزاڤە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشتریش راوێژكاری باڵا بووە لە پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پڕۆفیسۆر پۆلۆك سەردانی هەرێمی كوردستان و عێراق و چەندین دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و كوردستان، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.دەیڤید پۆلۆك تایبەتمەند دەربارەی كوردستان و عێراق بۆ گوڵان:پێش ئەوەی موسڵ ئازاد بكرێت دەبێت بەرنامەی ئەوە دابنرێت دوای داعش چۆن ئەو شارە بەڕێوەدەبرێت
* لە چەند رۆژی رابردوودا فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد، چی لەم سەردانە دەخوێنێتەوە؟
- ئەوەی تێیگەیشتووم ئەوەیە كە فەرماندەی سەربازی ئەمریكی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دڵنیاكراوتەوە كە داوای هێرشی ئاسمانی رووسی ناكەن لە عێراقدا. پێموایە ئەگەر ئەمە راست بێت، ئەوا هاوپەیمانیی نێوان ئەمریكا و عێراق بەهێزترە لەهەر هەوڵێك بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ رووسیادا.
* ئێستا هاوكارییەكی هاوبەش هەیە لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و هەرێمی كوردستان بۆ رزگاركردنی موسڵ لە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش و وادەردەكەوێت لە رزگاركردنی شنگالەوە دەستپێبكات، تا چ رادەیەك گرنگە موسڵ بەبێ هێزەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن سوننەكان و ئەمریكاوە رزگار بكرێت؟
- پێموایە هەر شەڕیك بۆ رزگاركردنی موسڵ بەبێ هێزەكانی حەشدی شەعبی باشترە. بەڵام دەمەوێت چەند شتێك بڵێم. پێموایە ئۆپەراسیۆنی موسڵ زۆر قورس دەبێت لەبەر ئەوەی موسڵ شارێكی گەورەیە و داعش چواردەوری كردووە بە لوغم و تەقەمەنی شاراوە. دووەم، كێشەی ئەگەری قوربانی مەدەنی هەیە لە موسڵ لەبەر ئەوەی شارێكی گەورەیە و خەڵكێكی زۆری تێدا دەژی، بۆیە ئەمە وادەكات زۆر ئاڵۆزبێت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان..
* ئەی سەبارەت بە پێویستی هێزی پێشمەرگە لەم ئۆپەراسێونەدا مەبەستم ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنی شاری موسڵە؟
- پێموایە ئەگەر ئەمریكا بەشێك بێت لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری موسڵ، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەیەوێت هاوبەشەكانیشی زۆر وریابن لە كەمكردنەوەی قوربانیانی مەدەنی و ئەمەش ئاسان نییە و ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمە پێشتر پێویستی بە جووڵانی زیرەكانە هەیە، بۆ ئەوەی ئەو زیان و قوربانییانە كەمترین بن. پێموایە شتێكی تری گرنگ هەیە سەبارەت بە موسڵ، چونكە مەسەلەی سەرەكی دەڕپەڕاندنی داعش نییە لە موسڵ، بەڵكو ئەوەیە چی بكرێت لە خەڵكی شارەكە پاش رزگاركردنی، كێ شارەكە بەڕێوەدەبات و لە دواییدا و چۆن رێگری لە شەڕی نوێ بكرێت لە نێوان عەرەب و كورد و سوننە و شیعە، یان خێڵە جیاواز و پارتە سیاسییە جیاوازەكان، بۆیە دەبێت پلانێك هەبێت بۆ رۆژەكانی دواتر و پێشموایە ئەمە نەبێت و رێككەوتنی لەسەر نەكرابێت، دەبێت ئێستا باس لەوە بكرێت پێش ئەوەی دەست بە رزگاركردنی موسڵ بكرێت.
* لە ماوەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆ سەر داعش، ئەمریكا بۆی دەركەوت كە ناتوانێت پشت بە توركیا ببەستێت، بۆیە ئەم گۆڕانكارییانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەلماندی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پاش ئیسرائیل هیچ هاوڕێیەكی تریان جگە لە كورد نییە. بۆیە تاچەند گرنگە بۆ هاوپەیمانە نوێیەكەی ئەمریكا لەناوچەكەدا دەوڵەتی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئەمریكا بدات كاتێك نەخشەی ناوچەكە دیاری دەكاتەوە؟
- راستە زۆركات ئیسڕائیل و كورد دوو هاوپەیمانی گرنگ و پشتپێبەستراون بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام توركیاش هەر وایە. وەك ئەوەی ئێمە لە واشنتۆن دەیبینین هێشتنەوەی توركیا لەلای خۆمان و لای ئێوەش، واتە لەلایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتنەوەی ئەو هاوڕێیەتی و هاوبەشییە بەڕاستی زۆر گرنگە. پێموانییە ئەگەر ئێمە هاوڕێ بین لەگەڵ توركیا—كە وایە—ئەوا دەتوانین هاوڕێی كوردستان و ئیسڕائیلیش بین لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی زۆری هاوبەشمان هەیە بەیەكەوە و بەدڵنیایەوە توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هاوڕێ ماونەتەوە سەرەڕای كێشەی گەورە لە ئێستادا لەناو توركیادا و ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرژەوەندیەكی زۆر هەیە لە هێشتنەوەی ئەم هاوبەشییە لە نێوان توركیا و ئەمریكا و كوردستان. دووەم ئەوەی من تێی گەیشتووم حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو حكومەتەیە كە دەبێت بڕیار لەبارەی سەربەخۆییەوە بدات و بڕیارەكەیان هەتا ئێستا و لە داهاتوویەكی دیار پێموایە زۆر مەترسیدارە و بۆ كورد ئۆتۆنۆمییەكی زۆر بەهێز و سەركەوتوو بەسە تا داهاتوویەكی دیار، چونكە راگەیاندنی سەربەخۆیی كێشەی گەورە دروستدەكات بە زۆری لەگەڵ توركیا و ئێران، نەك ئەمریكا، بۆیە ئەنقەرە و تاران زۆر تووڕە دەبن و ئەمەش قورس دەبێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە بەڕاستی ئەمە بڕیاری ئەمریكا نییە و یەكەمجار بڕیاری خۆتانە و پاشان دراوسێ نزیكەكانتان، بۆیە لەم قۆناغەدا سەربەخۆیی باش نییە و پێویستە جەختبكەنەوە لەسەر باشتركردنی ئەوەی كەهەتانە چەند دەتوانن بیپارێزن.
* بەهەموو پێوانەكان كوردستان دەوڵەتێكی دیفاكتۆیە و وەك دەشزانی سەرۆك بارزانی چاوەڕێی چاكبوونی بارودۆخەكە دەكات بۆ ئەوەی ریفراندۆم رابگەیەنێت، بۆیە تا چ رادەیەك ریفراندۆم پێویستی بە چاودێری و پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە تا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بێت و بەغداد قبووڵی بكات؟
- پێموا نییە بەم زووانە ئەمە روو بدات، بۆیە لەم كاتەدا زۆر دوورە و دڵنیا نین كە باس لە وردەكارییەكانی بكەین، ئەوەی تێی گەیشتووم ئەگەر ریفراندۆمێك هەبێت لە داهاتوودا بكرێت، یەكەم جار لەسەر سەربەخۆیی نەبێت، بەڵكو لەسەر ناوچە ناكۆكەكان بێت، وەك كەركووك كە بچێتە سەر كوردستان یان نا، كە لە دەستووری عێراقدا هاتووە، پێموایە ئەمە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت و ئەگەر ریفراندۆمێك بكرێت، سەرەتا دەبێت لەسەر ناوچە ناكۆكەكان بێت، نەك سەربەخۆیی.
* وەك دەزانی لەسەدا نەوەدی خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆییدان، بۆیە ئەگەر ریفراندۆمێك بكرێت، ئایا دەتوانن وەك دۆكیومێنتێكی یاسایی بەكاری بێنن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سەربەخۆیی رابگەیەنن و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بێنن؟
- دەبێت بڵێم ئەوەندی من بزانم ئەگەر ریفراندۆمێك بكرێت و لەسەدا نەوەدی خەڵكی كوردستان دەنگ بدەن بە سەربەخۆیی، ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی ئیعترافی نێودەوڵەتی بەدەستبێنن، پێموایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەناویشیدا ویلایەتە یەكگرتووەكان پشتگیری ناكات، لەبەر ئەوەی كوردستان پیویستی بە هاوكاری ئەمنی و ئابووری هەیە لەگەڵ دراوسێكانی، ئەگەر بكرێت لەگەڵ عێراق و ئێران، بۆیە بەداخەوە شتێك نییە یەكسەر بكرێت.
* چەند پێشبینییەك هەیە بۆ ئەوەی كوردستانی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) ببێتە بەشێك لە دەوڵەتی كوردستان، تا چ رادەیەك ئەم دووبەشەی كوردستان پێكەوە دەبێتە فاكتەرێك بۆ راستكردنەوەی نەخشەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- پرسیارێكی جوانە. بۆچوونی من ئەوەیە كوردی سووریا و عێراق یەكناگرن و پێموا نییە ئامادە بن بۆ ئەوە. لەبەر ئەوەی مونافەسەیەكی زۆر هەیە لە نێوان پارتە سیاسییە سەرەكییەكاندا وەك پارتی و یەپەگە. دووبارە گەر بیر لە كاردانەوەی نێودەوڵەتی و پێویستی هاوكاریی ئەمنی و ئابووری بكەینەوە، ئەوا پێموایە هەردوولا دەبێت هیواكانیان سنوورداركەن لە ئۆتۆنۆمی، نەك وڵاتێكی نوێ و سەربەخۆ. پێموایە لە چەند ساڵی داهاتوودا، لەوانەیە نەوەكانی داهاتوو، یان دەیەی داهاتوو بتوانن بیكەن، بەڵام تەنانەت ئەوكاتەش پێموایە باشترە ناوچەی ئۆتۆنۆمی كوردی و جیاواز بێت لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی كوردی عێراق لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدەن نەخشەكە راست بكەنەوە.
* لە كۆتاییدا بۆ خوێنەرانمان چ پەیامێكت هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی؟
- لەلایەن هاوڕی كوردەكانمەوە پێم وتراوە كە مەسەلە گەورەكە تەنیا سەرۆكایەتی نییە، بەڵكو چۆن رێككەوتنێكی دەسەڵات بەشكردن بدۆزنەوە لەگەڵ پارتە جیاوازەكاندا لە پەرلەمان و حكومەت و حكومەتە خۆجێیەكان لە ناویاندا گۆڕان و ئیسلامییەكان، بەدڵنیایشەوە پارتی و یەكێتی، بۆیە سەرۆكایەتی مەسەلە گرنگەكە نییە. بۆیە دووبارە دەڵێم ئەوەی جێی بایەخی گەورەی ئێمەیە وەك حكومەتی ئەمریكا، بۆ هەموو خەڵكی كوردستان هێشتنەوەی هاوپەیمانییە بەهێزە ئەمنییەكەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەدژی داعش.