پێویستە كورد پەند لە مێژوو وەربگرێت و پێش هەموو شت دەبێت یەكگرتوویی خۆیان بپارێزن
October 29, 2015
دیمانەی تایبەت
جوشوا لاندیز پڕۆفیسۆری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی ئۆكلاهۆما، بڕوانامەی دكتۆرای لە بەشی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی نزیك، لە زانكۆی پرینستۆن بەدەست هێناوە و لە ساڵی 2006ـەوە بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەردەوام لە لایەن ئەنستیتوتی برۆكینز و چەتەم هاووس و ئەنستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند سەنتەرێكی دیكەی توێژینەوە بانگهێشت دەكرێت بۆ قسەكردن لەبارەی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونەكانی ئەم ناوچەیە. گوڵانیش ویستی ڕاوبۆچوونی بزانێت لەبارەی دوایین ڕووداوەكانی ئەم ناوچەیە و ئەو هاوكێشە و جەمسەربەندییە نوێیانەی هاتوونەتە ئاراوە و ئەگەری بەردەم كورد لەم ناوچەیەدا، ئەوەش لە شێوەی دیدارێكدا بەم شێوەیە خوارەوە ئەنجام درا.جۆشوا لاندیز تایبەتمەند لە پرسی كورد و سووریا بۆ گوڵان:پێویستە كورد پەند لە مێژوو وەربگرێت و پێش هەموو شت دەبێت یەكگرتوویی خۆیان بپارێزن
* چۆن گۆڕانكارییە نوێیەكانی سووریا هەڵدەسەنگێنیت؟
- ئاشكرایە رووسیا هاتووە تا لایەنی ئەسەد بگرێت و پێیوایە ئەسەد تەنیا دەسەڵاتی شەرعییە لە سووریادا و ئەوانی دیكە هەموو تیرۆریستن. ئێستاش ویلایەتە یەكگرتووەكان لەڕێی جۆن كێری -یەوە دەڵێت ئەمە جێگەی قبووڵ نییە و رووسیا دەبێت جیاوازی بكات لە نێوان تیرۆریستان و سوپای سووریای ئازاد. بۆیە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەوەیە كە دەیەوێت لەگەڵ رووسیادا كار بكات، بەڵام دەبێت هاوڕا بن لەسەر ئەوەی كێ دۆستە و كێ دوژمنە.
* وەك دەبینی توركیاش دەستێوەردانی لە سووریادا هەیە لە دژی كوردەكان؟
- بەڵی ئەمەش كێشەیەكی ترە. ئاشكرایە توركەكان و سعودییەكان و ئێرانییەكان پێویستە هەموویان ڕێبكەون، لەبەر ئەوەی كارئەكتەری سەربازییان هەیە لە سووریادا، هەروەها بەدڵنیایەوە حیزبوڵڵاش دەبێت لەگەڵیاندا ڕێكبكەوێت لەبەر ئەوەی هەموویان كاریگەری گەورەیان هەیە لە مەیدانەكەدا. بۆیە پێموایە رووسیا داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات كە كێ بە تیرۆریست دادەنێت و كێ بە تیرۆریست دانانێت.
* تا چ ڕادەیەك ئەم دەستێوەردانە ی رووسیا بارودۆخی ئاڵۆزی سووریا ئاڵۆزتر دەكات؟
- بێگومان ئاڵۆزتری دەكات لەبەر ئەوەی ئەسەد بەئاسانی تێك ناشكێندرێت. پێش دەستێوەردانەكەی رووسیا، زۆربەی ڕكابەرەكانی ئەسەد پێیانوابوو دەتواندرێت دواجار سوپای ئەسەد و رژێمەكەی تێكبشكێندرێت گەر بەردەوام شەڕی لەگەڵدا بكەن، بۆیە گفتوگۆیان لەگەڵ نەدەكرد و ئەسەد لاواز و لاوازتر دەبوو، بەڵام ئەمڕۆ وێنەكە گۆڕاوە و نازانین بە یارمەتی رووسیا ئەسەد چەند بەهێز دەبێت و ئەمەش گرفتەكەیە. ئەسەد پێیوایە دەتوانێت حەلەب بگرێتەوە، ئەمەش تا ئێستا لە هەفتەی یەكەمی شەڕدا ڕوون نییە كە ئایا دەسەڵاتی سەربازی ئەسەد ئەوەندەیە كە بتوانێت هەموو ئەو شارانە بگرێتەوە كە لە دەستی دابوون، تەنانەت بە هێزی ئاسمانیی رووسیاشەوە. ئەگەر توانییان ئەمە بكەن، ئەوا شۆڕشگێڕان دەبێت چاو بە هەڵوێستیاندا بخشێننەوە بەوەی كە گفتوگۆ ناكەن، بەڵام ئەگەر نەیانتوانی، ئەوا بارودۆخەكە وەك پێشتر بەردەوام دەبێت.
* تا چ ڕادەیەك ئەم دەستێوەردانەی رووسیا جەمسەربەندی و هاوكێشەی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت، چونكە وەك دەزانیت رووسیا قاعیدەی سەربازی لە لازقیە لەسەر دەریای ناوەڕاست هەیە؟
- وەك ئەوەی سەرۆك ئۆباما بەم دوواییانە وتی، ئەمە لە ڕاستیدا رووسیا لاوازتر دەكات بەوەی كە پارەیەكی زۆر دەبێت لە سەربازەكانیدا خەرج بكات و وڵات هیلاك دەكات و سەربازەكانی دەخاتە شەڕێكەوە كە نایبەنەوە.
* وەك دەزانی توركیا ڕێی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگرت كە یارمەتی كوردەكانی ڕۆژئاوا بدات لە سووریا، بەڵام بە ئامادەبونی سەرۆك بارزانی بڕیاریدا كە چەك بدات بە كوردەكان و توركیاش ڕەخنەی لەم بڕیارە گرت. تا چ ڕادەیەك توركیا بووەتە لەمپەر لەبەردەم لاوازكردن و تێكشكانی داعشدا؟
- پێموایە توركیا ڕێگرە و ئەمریكا خەریكە لەمە زیاتر تێدەگات كە توركیا ڕێگرە و هاوبەش نییە. ئەو بۆمبە تیرۆریستییەی كە سەدەها كورد و توركی كوشت، بەڵام هەڵوێستەكانی سەرۆك وەزیرانی توركیا ساویلكانە بوو، تەنانەت لەسەر پرسی تیرۆریستی بێخەم بوون. بەڵام لەوەش زیاتر پێموایە ئاشكرایە كە توركیا دەیوت دەچم شەڕ لەگەڵ داعش دەكەم و ڕێگە بە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەدەم قاعیدەكانی بەكاربێنێت، هەر لەوكاتەدا دەستی كرد بە بۆمبارانكردنی كوردەكان، ئەمەش وانەیەكە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان كە توركەكان نایانەوێت شەڕی داعش بكەن، بەڵكو دەیانەوێت وا لە ئەمریكا بكەن یارمەتی كوردەكان نەدات، بەڵام ئێستا ئەمریكا لەوە تێگەیشتووە و بەردەوام دەبێت لە یارمەتی كوردەكان بۆ تێكشكانی داعش، ئەمەش ئیهانەیەك و پەیامێكی ڕوونە بۆ حكومەتی توركیا كە ویلایەتە یەكگرتووەكان نابێتە هاوبەشی ئەنقەرە بۆ تێكشكانی یەپەگە و ویلایەتە یەكگرتووەكان بەڕوونی جیاوازی دەكات لەنێوان پەكەكە و یەپەگە، تەنانەت ئەگەر توركیاش ئەم جیاوازییە نەكات. ئەمە كاتێكی زۆر گرنگە بۆ كوردەكان و ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی كوردستان بە دوو فاكتەر پاڵپشتی دەكرێت: یەكەم بە لاوازی و ئەو ئاژاوەیەی كە لە نەتەوەكانی دەوروبەریان هەیە، بەتایبەتی عەرەبەكان كە شەڕ لەگەڵ یەكتر دەكەن؛ دووەمیشیان بە بوونی پێوەندیی باشیان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەبەر ئەوەی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی تا ئێستا دابین كردووە و هەروەها پاڵپشتی دیپلۆماسی و سەربازیشی دابین كردووە. بەڵام ئەگەر كوردەكان هێشتیان وڵاتەكەیان كێشەی تێبكەوێت و لە ڕێكارە پەرلەمانی و دەستوورییەكان دوور بكەونەوە، ئەوا زۆر قورس دەبێت بۆ ئەمریكا كە پاڵپشتی كوردەكان لە قەیراندا بكات. بەهەمان شێوە ئەگەر یەپەگە تاوان دژی عەرەبەكان بكات، ئەوا بۆچوونەكان لە ئەمریكا دەگۆڕێن. ئەمڕۆ ڕای سیاسی و گشتی لە ئەمریكا زۆر لە قازانجی گەلی كوردە و ئەمریكییەكان كورد وەك میللەتێك دەبینن كە مێشك كراوەن لە بەرانبەر كەمینەكان و ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگرن. لەوانەیە دەسەڵاتدارانی كورد نەزانن ئەو پاڵپشتییە چەند بە بەهایە. تا ئێستا ئەمریكییەكان سەرسامن بەوەی كە لە دیكتاتۆرییەوە بەرەو پەرلەمانی دیموكراسی چوون، بەرەو هەڵبژاردن و بەهێزیی چینی ناوەند چوون و بازرگانان و قۆنتەراتچیانیان هەیە و لەڕووی كەلتوورییەوە مۆسیقای باشیان هەیە. كوردەكان بوونەتە مۆدێلێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. تا كورد بەردەوام بێت لە ڕێزگرتنی مرۆڤ و كارە باشەكانی بە كرانەوە هەم لەڕووی سیاسی و كەلتووریەوە، ئەوا پاڵپشتی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت، بەڵام ئەگەر بەرەو دیكتاتۆری بڕوات، ئەوا مایەی نائومێدی دەبێت و زیاتریش لەهەر كەسێك كوردەكان بێهیوا دەكات. تا ئێستا یەكێتی كوردەكان شتێكی زۆر باش بووە كە دەرگاكانی لێكردوونەتەوە و ئەم یەكێتیەش بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە و لەماوەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا یەكگرتوو بوون، ئەمەش زۆر بەهێزی كردوون. بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرن كە لە مێژوودا كاتێك كوردەكان لەناو خۆیاندا دابەشبوون، بووەتە هۆی لاوازبوونیان.