هەموو هەوڵی ئێران بۆ ئەوەیە سووریا و عێراق بە یەكگرتوویی بهێڵێتەوە

هەموو هەوڵی ئێران بۆ ئەوەیە سووریا و عێراق بە یەكگرتوویی بهێڵێتەوە
عەلی رەزا نوریزادە نووسەر و ئەكادیمی و رۆژنامەنووسێكی ناسراوی ئێرانییە و شارەزاییەكی تەواوی لە مێژووی هاوچەرخی ئێران هەیە. لە ئێستادا سەرۆكی مەڵبەندی توێژینەوەی عەرەبی و ئێرانییە لە لەندەن، سەبارەت بە رەوشی ئێستای ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی بارودۆخەكە بە هۆی دەستێوەردانی رووسیا لە كێشەی سووریا، سەرنج و تێبینی خۆی لە میانی وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دەخاتەڕوو.
عەلی رەزا نوریزادە
نووسەر و رۆژنامەنووسی ئێرانی بۆ گوڵان:

* بەم دواییە ڕووسیا دەستێوەردانی لە بارودۆخی ناوچەكەدا كرد، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕ و تێبینی لە لایەن سەرجەم نەیار و هاوپەیمانەكانەوە، چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟
- من پێموایە ئەو دەستێوەردانەی رووسیا شتێكی پێویست بوو بۆ بەهێزكردنی ستراتیژیەتی رووسیا، چونكە مۆسكۆ نیگەرانە لە ئاست پەرەسەندنی بارودۆخی ناوچەكە، هەروەها بەهۆی بڵاوبوونەوەی شیشانی و قەفقازییەكان، ئەوانەی چوونەتە ریزی تیرۆریستانی داعش و رێكخراوە توندڕەوە ئیسلامییەكانەوە، بۆ چەند ساڵێكیشە رووسیا خەریكی بەرهەڵستیكردنی ئەو رێكخراوە ئیسلامییانەیە، تاوەكو بەر بە ڕووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بگرێت، كە تاكە هاوپەیمانی رووسیایە لە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، ڕووسیاش بنكەی سەربازیی خۆی هەیە لە تەڕتوس و لازقیە، پێموا نییە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپاش ئەم دەستێوەردانەی رووسیایان پێ ناخۆش بێت، ئەگەر بۆ لێدانی داعش و بەرەی نوسرە و توندڕۆكان بێت، بەڵام رووسیا بە تێڕوانینێكی دیكە لەم شتە دەڕوانێ، كە لە كۆتاییدا دژی هەموو ئەو هێز و رێكخراوانە بێت كە دەیانەوێت رژێمی ئەسەد بڕووخێنن. بۆیە هەر رووسیا لە كۆتایی گەمەكە دەستێوەردان دەكات و داوا لە هێزە نەیارەكان دەكات، یارمەتی رژێمی ئەسەد بدەن تاكو حكومەتێكی ئیئتلافی پێكبهێنن، بەڵام ئەمریكا بە پێویستی دەزانێت كە داعش و بەرەی نوسرە و رژێمی ئەسەد لەناو بچن، بۆیە پێویستە كۆتایی پێهینان و لەناوبردنی رژێمی ئەسەد لە ئەولەوییەتی قۆناغی ئێستا و داهاتوو دابنرێت.
* لە ئێستادا دوو بەرە هەن، یەكێكیان لە بەریتانیا و توركیا و هەندێ دەوڵەتی دیكە پێكهاتووە كە دژی دەستێوەردانی رووسیان و بەرەی دووەمیش پشتیوانی لێ دەكات، پێتانوا نییە ئەمە لە كۆتاییدا قەیران و تێكچڕژانێكی دیكە لە ناوچەكە دێنێتە ئاراوە؟
- من پێموایە توركیا لە بەرهەڵستیكردنی ئەم رۆڵە جیاوازە لە نەیارەكانی دیكەی وەك ئەمریكا و ئەوروپا، توركیا پشتگیری لە بەرەی نوسرە دەكات و رێكخستنی ئیسلامیی توندڕۆی هەیە لە ناو سووریا. هەروەها مەترسی ئەوە لە ئارادایە كە بە هۆی دەستتێوەردانی رووسیا داعش زیاتر دەسەڵاتی فراوان بكات، هەروەها رەنگە خەڵكێكی زیاتر بێنە ریزی ئۆپۆزسیۆنەوە بە هۆی هەستكردن بەوەی كە وڵاتێكی ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتێكی كافرەوە داگیردەكرێت، بۆیە ئەمە جیاوازیی نێوان رووسیا و ئەمریكا و ئەوروپایە، بەڵام لە كۆتاییدا پێموایە هەردوولا (رووسیاو ئەمریكا) هەماهەنگی بكەن، چونكە هەردووكیان لە داعش و رێكخراوە تیرۆریستەكان دەدەن، بەڵام ئەگەر هەردوولا لەیەكیان دا ئەوا مەترسی دروست دەبێت بۆ سەر ئاشتیی جیهانی، هەر چەندە ئێستا هاوكاریی هەیە لە نێوان هەواڵگری و لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و مۆسكۆ و واشنتۆن و هەندێ دەوڵەتی ئەوروپاش بۆ رێكخستنی هەڵوێست و ستراتیژیەتی كاركردن.
* لە ئێستادا پرسێك لە ئارادایە كە بە هۆی ئەو شەڕوشۆڕانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆچوونی وا هەیە كە رەنگە ناوچەكە دووبارە دابەش بكرێتەوە و هەر هێزێك بەشێك بۆ خۆی ببات، لەم بارەوە چی دەڵێن؟
- نەخێر، پێموا نییە ئەمە روو بدات، چونكە بارودۆخی جیهانی رێگە بەم دابەشكردنە نادات كە هەر هێزێك بێت و پارچەیەك لە كێكەكە ببات. راستە پێشتر یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی دیكە باسیان لەوە كردبوو كە عێراق بكرێ بە سێ دەوڵەتی بچووك، یان سووریا دابەش بكرێت، بەڵام دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین كە وڵاتانی ناوچەكە و ئیقلیمی وەك ئێران رێگە بەوە نادەن، عێراق، یان سووریا دابەش بكرێت، چونكە چەندین نەتەوە و ئایین لەم ناوچانەدا هەن كە دەرفەت بەم دابەشكردنە نادەن كە بێتەدی.
* ئایا پێتانوایە رێككەوتن لە نێوان ئەمریكا و ئێران بێتە ئاراوە زیاتر لەوەی لەنێوان ئەمریكا و رووسیا، ئایا ئەمە روودەدات؟
- هەرگیز ئەمە نابینم كە هاوپەیمانییەك لە نێوان ئەمریكا و ئێران بێتەدی، مادام خامنەیی لە دەسەڵاتدا بێت، خامنەیی هەڵوێست و مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئەمریكا هەیە و زیاتر لە رووسیا نزیكە، هەر لەو كاتەی كە سەرۆك كۆمار بوو و لە حزبی شیوعی رووسی نزیك بوو، هاوكات رێگە نادات كەس لە بەرپرسانی وڵاتەكەی تەنانەت تەوقەش لەگەڵ ئۆباما و بەرپرسانی ئەمریكا بكات، بەڵام رەنگە هەندێ وتووێژی تایبەتی بە رێككەوتننامەی ئەتۆمی هەبێت لە نێوان هەردوو لادا.
* باشە ئیسڕائیل لە كوێی ئەم گەمەدایە؟
- ئیسڕائیل هەست بە ئاسوودەیی دەكات بە هۆی ئەو رەوشەی ناوچەكە، لای ئەو كێشەی فەڵەستین بووە بە كێشەی دووەم، هاوكات ئیسڕائیل پێوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ رووسیا، هەروەك چۆن پێوەندیی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە.
* ئایا مێژوو ئەم سەرۆكەی سووریا لەبیر دەكات؟ كەواتە ئایندەی ئەو وڵاتە چۆن دەبینن؟
- من پێموانییە ئەو ستەم و چەوسانەوە كوشتن و بڕینەی بەشار ئەسەد هەرگیز لەبیر بكرێت، ئەسەد زیاتر لە 200هەزار هاووڵاتی لە وڵاتەكەی خۆیدا قەتڵوعام كردووە و 80%ی سووریاشی كاول كردووە، كەواتە ناكرێ ئەمە لەبیر بكرێت، بەڵام بەهەر حاڵ ئایندەی سووریا دیار نییە و نازانرێت كە ئایا بەكوێ دەگات.
Top