سیاسەتی بارزانی وای كرد كوردستان ببێتە نەوایەكی ئارام و خاكێك بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی

سیاسەتی بارزانی وای كرد كوردستان  ببێتە نەوایەكی ئارام و خاكێك بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی
كریستیانەكان بە هاوشێوەی هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە داهاتووی كوردستان و ئەو هەڕەشە و دەستێوەردانەی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دەبێتەوە. هەر بۆیە پاڵپشتی لە مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەوان پێیانوایە هەمووان پێویستە بە تەنگ بارودۆخەكەوە بێن بۆ دەربازبوون لەم دۆخە هەستیار و قەیراناوییە، تاوەكو لەوە زیاتر باری سەرشانی هاووڵاتیان قورس نەبێت، هاوكات بەتوندی لە دژی ئەو لایەنە سیاسییانە رادەوەستن كە دەیانەوێت رۆڵی كریستیانەكان لە خاكی باب و پاپیرانیان كەم بكەنەوە. لەكاتێكدا رۆڵ و پێگەی كریستیانەكان لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان دیار و لەبەرچاوە و بەهیچ شێوەیەك لە مەسەلە كوردستانییەكان لایان نەداوە و بەردەوام كوردستان بە خاكی لێبووردەیی و پێكەوەژیانیان ناسیوە و لە زمان و كەلتوور و مێژوو هاوبەشی برا كوردەكانیانن. هەر سەبارەت بەو پرسانە لەم دیمانەیەدا ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما سەرۆكی دێری حەزرەتی مەریەم و رەبان هورمز لە ئەلقوش وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان دەداتەوە.
ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما سەرۆكی دێری سەیدە و رەبان هورمز:
* كوردستان بە درێژایی مێژوو خاكی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بووە، لە پاراستنی ئەم كەلتوورەشدا كریستیانەكان وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكیی كوردستانییان رۆڵ و پێگەی خۆیان هەبووە. چۆن دەڕوانیتە ئەو هەڵوێستە مرۆییەی پێكەوە خەڵك و سەركردایەتی سیاسی كوردستان نیشانیان دا بەرامبەر پێشوازیكردن و پاراستنی ئەو كریستیانانەی لە ناوچەكانی عێراقەوە هەڵهاتن و روویان لە كوردستان كرد؟
- لەم دواییەدا تەواوی كریستیانەكانی عێراق لە خواروو، یان ناوەڕاستی عێراق بەتایبەتی لە بەسراو بەغدا و موسڵ و دەشتی نەینەوا رووبەڕووی رق و كینەی توندڕەویی بوونەوە و پیاوانی ئایینییان كوژرا و كەنیسەكانیان تێكدرا، ئەمەش بووە هۆی كەوتنەوەی گەورەترین چەوسانەوە و تەرحیل و دەركردن و كوشتن، بەمەش مێژوو فراوانترین و مەترسیدارترین پاكتاوكردنی ئایینی لە عێراق تۆمار كرد كە تەنیا لە مێژووی مەغۆل و عوسمانییەكاندا بەرامبەر كریستیانەكان ئەنجام دراوە. لەكاتێكدا كریستیانەكان كە دانیشتووانی رەسەنی عێراقن بەشێكی گرنگی بونیادنانی وڵاتەكەیان لەئەستۆ بووە و رۆڵێكی زۆر باشیان گیڕاوە كە مێژوو شاهیدی ئەم راستییەیە. ئەمڕۆ لە عێراق و تا رادەیەك كوردستانیش ئەجیندای دەرەكیی سیاسی و مەزهەبی هەیە كە بووەتە هۆی چاندنی رق و دووبەرەكی لە نێوان ئایین و ئایینزا و نەتەوە و بگرە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانیشدا كە وای كردووە بارودۆخەكە بە تەواوەتی تێكبچێت. كریستیانەكان و پیاوانی ئایینی باجێكی گەورەیان دا هەر لە ناوبردنی كەنیسەكان و كوشتن و رفاندنی پیاوانی ئایینیمان تاوەكو دەركردن و داگیركردنی ماڵ و دوكانی كریستیانەكان، جێگەی داخیشە دەستی دەرەكی و فیكری توندڕەویی دەیەوێت هەمان ئەجیندا لە كوشتن و دەركردنی كریستیانەكان لەسەر خاك و نیشتمانی خۆیان كە هەرێمی كوردستانە دووبارە بكاتەوە. لە كاتێكدا كوردستان بە خاكی لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا دادەنرێت، هەر ئەمەش بوو وایكرد مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بۆ پاڵپشتی كریستیانەكان، هەموو دەروازەكان لە بەردەم ئاوارەكانی كریستیانەكان بكاتەوە كە لە دەست جینۆساید بەرەو پەناگەیەكی ئارام هەڵهاتن كە كوردستان بوو. سیاسەتی بارزانی بوو وای كرد كوردستان لە بەرچاوی هەموو جیهانی پێشكەوتوو ببێتە نەوایەكی ئارام و خاكێك بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی تا وای لێهات بەهێزی ئاسمانی یارمەتی پێشمەرگە بدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی تیرۆرست و رێگەگرتن لە دەستتێوەردانی دەرەكی. چونكە بە چاوی خۆیان بینییان كە چۆن ئاوارە و پەناهەندەكان هەر لە كریستیانەكان و ئایین و ئایینزاكانەوە تاوەكو نەتەوەكانی تر بە بێ جیاوازی پێشوازییان لێكرا و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین كرا و رێزیان لێگیرا و بە هیچ شێوەیەك كریستیانەكان ناتوانن نكۆڵی لەو واقیعە بكەن. كە مەسیحی و ئێزیدی و موسڵمان لەم خاكەدا بە رێز و خۆشەویستی پێكەوە دەژین و هەست بەهیچ جیاوازییەك ناكەن.
* وەكو ئاماژەت پێكرد، ئەجیندای دەرەكی هەیە بۆ چاندنی فیكری توندڕەوی و فیتنە، ئایا چۆن بتوانین ئەو كەلتوورە جوانەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بپارێزین كە خەڵكی كوردستان و هەرێمەكە ناوبانگی پێ دەركردووە؟
- بەڕاستی كوردستان نموونەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە كریستیان لە كوردستان شانبەشانی برا كوردەكانی شەڕی لە دژی داگیركارەكان كردووە، بەتایبەتی لە شۆڕشی ئەیلوول كە مستەفا بارزانیی نەمر سەركردایەتی دەكرد. ئەو كات خوێنی مەسیحی لەگەڵ خوێنی كوردە موسڵمانەكان رژا، ئەوان لە بەرەكانی شەڕ و لە خەباتدا لە ناو ریزەكانی پێشمەرگە یەك ئامانجیان هەبوو، ئەویش بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ كوردستان بوو، بۆ خاكی باب و باپیرانمان و گەیشتن بە مافی ئۆتۆنۆمی و بەڕێوەبردنی سەربەخۆیی هەرێمەكە لە ناوچەكەدا بوو. سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ تا رادەیەكی باش سەقامگیری و ئارامی لە كوردستاندا هەیە، ئەم ئارامی و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا هەیە ئینشائەڵڵا پشت بەخوا و بە پاڵپشتی خەڵكی كوردستان و حزبە دڵسۆزەكان و فەخامەتی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەپارێزرێت. ئەو سەرۆكەی كە پێشڕەو بووە لە پاراستنی سەقامگیری و ئارامی لە كوردستاندا، كوردستانیش هەر بە هەرێمی قبووڵكردنی یەكتر و رێزگرتن لە مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەو پیلان و دوژمنكارییانەی دەرهەق بە گەلەكەی و داهاتووی دەكرێت. ئێمە وەكو كریستیانەكان كە رێزمان لێدەگیرێت و لێرە ئازار نادرێین و پێشمەرگە كە مەسیحییەكانیش لەناویاندان، بەرگری لە هەموو پێكهاتە كوردستانییەكان دەكەن، بە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە. هەربۆیە سوپاسی خواوەند دەكەم كە پشت و پەنای خەڵكی كوردستان و سەركردایەتییەكەیەتی بۆ پارێزگاری لە كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی. پێموایە كوردستان رەمز و نموونەیەكی گەورە و جوانە بۆ ئەو پێكەوەژیان و لێبووردەییە لەسەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .
* لەم دواییەدا جگە لە هاتنی نوێنەری پاپای فاتیكان و كەسایەتی ئایینی كریستیانی دیكە، چەندین بۆنەی كریستیانی گرنگ لە كوردستان روویاندا كە دواهەمینیان گەڕانەوەی پۆستی كورسی پاتریاكی كەنیسەی رۆژهەڵات بوو بۆ هەولێر. تا چ رادەیەك ئەم رووداو و بۆنە ئایینییانە لە پاراستنی ئەو كەلتوورەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە گرنگی هەیە؟
- لە دوای هێرشی تیرۆریستی داعش بۆ سەر خەڵكی كوردستان ئاراستەی كار و چالاكییەكانی بەڕێز مسعود بارزانی وەكو كەسێكی سیاسی و شارەزا و بەئەزموون تەنیا لە بەرەكانی شەڕ و ناوخۆی كوردستان نەبووە، بەڵكو سوودی لەو پێوەندییە فراوانە نێودەوڵەتیی خۆی وەرگرت و جموجوڵێكی سەركەوتووی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی دەستپێكردووە كە پاڵپشتی بابای فاتیكان و گەلانی جیهانی بەدەستهێناوە و كاردانەوەی باشی بۆ خەڵكی كوردستان هەبووە. یارمەتییەكانی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی مەسیحی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەش بەرهەمی ئەو هەنگاوە سەركەوتووانەی سەرۆكی كوردستانە كە بۆ هەموو موسڵمان و كریستیان و ئایینزا و نەتەوەكانی ناو هەرێمی كوردستان بە كورد و توركمان و عەرەبیشەوە سوودمەند بوون. ئێمە وەكو كریستیانەكانی كوردستان شانازی بەو دڵسۆزی و بەهاناهاتنەی وڵاتانی ئەوروپای مەسیحی دەكەین كە مێژوو تۆماری دەكات لە كاتێكدا وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی ئاوڕیان لەو مەینەتی و ئازارانەی كورد نەدایەوە كە لەم دۆخەدا دووچاری بوون، بگرە وڵاتێكی وەكو عێراق گەمارۆی ئابووریشی لەسەر خەڵكی سەپاند و وڵاتانی دراوسێشمان كە دۆستمان نین لە دەستێوەردان و نانەوەی دووبەرەكی زیاتر هیچیان پێشكەش نەكردووین، هەروەكو چۆن لە مێژوودا لەسەر دەستی ئەوان میللەتی كورد دوچاری زیان و ماڵوێرانیەكی زۆر بووەوە.
* ئەمڕۆ لە كاتێكدا رووبەڕووی فیكری توندڕەوی و تیرۆریستانی نێودەوڵەتی بووینەتەوە، هاوكات فیتنەیەكی ناوخۆییش بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەجیندای دەرەكی سەری هەڵداوەتەوە. بۆ نموونە لە مەسەلەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و كەمكردنەوەی كورسیی كۆتاكان بۆ مەسیحی و توركمان، ئایا ئێوە وەكو پیاوانی ئایینی كریستیانی چۆن بە هاوشێوەی مامۆستا و زانایانی ئایینی ئیسلام رووبەڕووی ئەو فیتنەیە دەبنەوە؟.
- ئینشائەڵڵا پشت بە خواوەند و بە ماندووبوونی سەركردایەتی سیاسی لە كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دڵسۆزانی گەلەكەمان كوردستان دەتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت، پاراستنی كەلتووری پێكەوەژیان و یەكگرتنی موسڵمان و كریستیان و ئێزیدی و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەكەینە ئامانجە گەورەكەمان كە سەربەخۆیی و دروستكردنی نەوایەكی ئارامە بۆ هەمووان. بە پێچەوانەوە هەر بە پەراوێزخستنێكی كریستیانەكان یا هەر پێكهاتە و ئایینێكی دی لە كوردستان لە سیاسەتی دەوڵەت و پەرلەمان و حكومەت دەبێتە پاشەكشە لە ستراتیژییەت و ئامانجە گەورەكەمان و بە سلبیش بەسەر كوردستان و ناوچەكەدا دەشكێتەوە و خەلەلێكی گەورەی لێدەكەوێتەوە. چونكە جگە لەوەی كوردستان بە پێكهاتە جیاوازەكانیەوە جوانە، مەسیحیەكانیش رۆڵی گەورەیان لە بونیادنانی هەرێمەكە هەیە، جیهانی پێشكەوتووش بەو چاوەوە دەڕواننە كوردستان و حكومەتەكانیان پاڵپشتی جەماوەرییان هەیە بۆ هاوكاریكردن و پاراستنی ئەم نەوا ئارامە و چارەنووسی داهاتووی هەرێمەكە، مێژووش شاهیدی ئەو بەشداریكردنەی شۆڕش و خەباتی مەسیحییەكانە كە دەست لەناو دەستی كوردە موسڵمانەكان بە درێژایی مێژوو بەتایبەتی لە سەردەمی بەڕێز مستەفا بارزانی لەناو جەرگەی چیا بەرزەكانی كوردستان ئەنجاممان داوە، لەم پێناوەشدا بە هاوشێوەی كورد قوربانی و شەهیدمان داوە.
Top