وەكیلەكانی بەغدا و تاران و دیمەشق و حزبوڵا یاری بە نەهەماتییەكانی خەڵك دەكەن بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دروست نەبێت

وەكیلەكانی بەغدا و تاران و دیمەشق و حزبوڵا یاری بە نەهەماتییەكانی  خەڵك دەكەن بۆ ئەوەی  دەوڵەتی كوردستان دروست نەبێت
كاتێك باس لە مەترسیی ئەو حیلفە دەكرێت كە ئێران لە بابولمەندەب-ـەوە بۆ كەنداوی عەقەبە بەڕێوەی دەبات، ئاماژە بەو لێدوانەی بینامین نەتانیاهۆ دەكرێت كە رۆژێك پێش هاوپەیمانیی حەزم بە سەرۆكایەتی عەرەبستانی سعوودی بۆ لیدانی حوسییەكانی یەمەن دەستی پێكرد، نەتانیاهۆ تەنیا رۆژێك پێش راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانییە بە ئاشكرا رایگەیاند: «بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین دەوڵەتی فەلەستینی دابمەزرێت، یان لانیكەم هەتا خۆم لە ژیاندا مابم.»
زۆر لە چاودێران و توێژەران پێیانوابوو، دوای ئەم قسەیەی نەتانیاهۆ ئەگەر عەرەب بیەوێت شەڕ بكات، دەبوو هاوپەیمانی دژی ئیسڕائیل رابگەیەنێت، نەك ئەو هێزە حوسییەی ئێران لە یەمەن پشتگیری لێ دەكات، بەڵام مەترسیی ئەم هاوپەیمانییەی ئێران سەرپەرشتی دەكات، وایكردووە دەوڵەتە عەرەبییەكان بەتایبەتیش سعوودیە مەسەلەی فەلەستینیان بیر بچێتەوە. لەمەش زیاتر ئێران كێشەی فەلەستینیشی بە رێگەی وەكیلەكانی وەك حزبوڵا و حەماس گەیاندۆتە ئاستێك كە ئێستا جیهان بە چاوێكی زۆر ناشیرین سەیری كێشەی رەوای فەلەستین بكات، وەك ئێستا لە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بە ئاشكرا گوێمان لێدەبێت، جیهان وەك قوربانی سەیری ئیسڕائیل دەكات، لە بەرامبەردا حەماس و حزبوڵا وەك دوو ریكخراوی تیرۆریستی دەبینرێن.
بەداخەوە پێشتریش پەكەكە كەوتە داوی ئەم حیلفەی ئێرانەوە، لەبەر ئەوەی ماوەی نزیكەی 8 ساڵ بوو سەرۆك مسعود بارزانی هەوڵیدەدا، كە توركیا و پەكەكە بگەیەنێتە قەناعەت بۆ ئەوەی بە رێگەچارەی ئاشتییانە كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت، ئاكامی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی گەیشتە ئەوەی لە ناو شارەوانی دیاربەكر بە ئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لە سەرۆك بارزانی بكرێت. هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بوون نەخشەی رێگە بۆ كردنەوەی ئیمڕاڵی بە رووی ئۆجەلان-دا بێتەدی، هەوڵەكان بوونە هۆكاری ئەوەی كوردی باكوور چیدیكە دەنگ بە حزبی غەیرەكوردی نەدەدەن و پشتگیری حزبێكی كوردی بكەن، هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی رابردوو دەریانخست، كورد بۆ یەكەمجار لە مێژووی توركیای نوێدا توانی بەربەستی 10% ببڕێت و ببێتە خاوەنی 80 كورسیی پەرلەمانی بە ناوی فراكسیۆنی كورد لەناو پەرلەمانی توركیادا، لەمەش زیاتر ئەم هەوڵانە بوونە هۆكاری ئەوەی جیهان تێڕوانینی بەرامبەر بە پەكەكە بگۆڕێت و هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بوون كە پەكەكە لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان بێتە دەرێ، بەڵام بە هاندانی ئێران و بۆ مەرامی تایبەتی ئێران، پەكەكە شەڕی لەگەڵ توركیا دەستپێكردەوە و ئەو هەلەی لەدەست كورد دا كە پەكەكە لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان بێتە دەرەوە.
لەوانەیە كە ئێستا بەمجۆرە پێگەی ئێران لەناو هاوكێشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس دەكەین، هەندێك لەوانەی لایەنگیری وەكیلەكانی (بەغدا و تاران و دیمەشق و حزبوڵا)دەكەن، پێمان بڵێن: ئایا قەت پارتی دیموكراتی كوردستان پێوەندی لەگەڵ ئێران نەبووە؟ لە وەڵامی هەوادارنی ئەو حیلفە دەڵێین: ئێستاش نەك تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ ئێران وەك دەوڵەتێكی دراوسێی گرنگ هەیە، ئەم پێوەندییەش وەك مارتن ئەندیك باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە ئیسڕائیل و خاوەنی سیاسەتی (ئیحتیوای دوولایەنەی عێراق و ئێران لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو) ناوی لێناوە، پێی دەڵێت: (پێوەندییەكی گرنگ و سەیر)! ئەندیك لە كۆڕێكی ئامۆژگای بەناوبانگی برۆكینگز سەبارەت بەم پێوەندییە گرنگ و سەیرەی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان لە سەرۆك مسعود بارزانی پرسی: جەنابی سەرۆك چۆن توانیوتانە هاوسەنگی ئەم پێوەندییەی خۆتان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران رابگرن و لە هەمانكاتیشدا هاوپەیمانی ئەمریكان، تكایە بۆمان باس بكە، بۆ ئەوەی ئێمەش سوودی لێوەربگرین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر زاری سەرۆك بارزانی بە زمانی كوردی لە وێبسایتی برۆكینگز هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم پرسیارەی مارتن ئەندیك ئەوەیە كە پێوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێوەندی پاشكۆیەتی، یان شەڕی وەكالەت كردن نییە بۆ بەرژەوەندی لایەك دژی لایەكی دیكە، بەڵكو پێوەندییەكی هاوسەنگە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و رێزی هاوبەشە. ئەو دەوڵەتە مافی خۆیەتی بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی خۆی بكات، لە بەرامبەریشدا هەرێمی كوردستانیش ئێستا دەوڵەتی ئەمری واقیعە و دەبێت بزانێت چۆن بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات، بەڵام كاتێك حزبە سیاسییەكانی وەك گۆران و یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی دەبنە داشی دامە بە دەستی ئێرانەوە و یاری بە چارەنووسی دەوڵەتی ئەمری واقیعی كوردستان دەكەن، ئەوا ئاژاوە و پاشاگەردانی لە كوردستاندا دروست دەبێت.
گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی
خاڵی هاوبەشیان لەم فیتنە و ئاژاوەیە چییە؟
ساڵی 1994 لەو كاتەی یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی لەشەڕدا بوون، رۆژنامەنووسی خوالێخۆشبوو محەمەدی مەلا ئەسعەد دیمانەیەكی تەلەفزیۆنی لەگەڵ عەلی باپیر كە ئەو كات بەشێك بوو لە بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدابوو، لەو دیمانەیەدا كە دێتە سەر باسی دیموكراتی و ژیانی پەرلەمانی، عەلی باپیر راشكاوانە باس لەوە دەكات كە ئەو نە بڕوای بە دیموكراتی هەیە، نە بڕواشی بە پەرلەمان هەیە، رۆژنامەنووسەكە ئەم راشكاوییەی لا سەیر دەبێت، بۆیە ئەمجارە عەلی باپیر خۆی پرسیار لە رۆژنامەنووسەكە دەكات و پێی دەڵێت: خۆ تۆ بڕوات بە دیموكراتی هەیە، مادام بڕوات بە دیموكراتی هەیە، واتە بڕوات بە ئازادی رادەربڕین هەیە، دەبێت رازی بیت كە من بڕوام بە دیموكراتی نییە.
لە ساڵی 2005 یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی ئۆرگانە حزبییەكانی هەڵبژاردنی حزبی ئەنجامدا، لەم هەڵبژاردنەدا، نەوشیروان و گرووپەكەی تەنیا هەڵبژاردنی حزبیان دۆڕاند، سەیر بكەن ئەمەیان لەوەی عەلی باپیر سەیرترە، نەوشیروان مستەفا تەنانەت سەركەوتنی كادیرانی حزبەكەی خۆیشی پێ قبووڵ نەكرا، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو كادیرانەی یەكێتی راستەوخۆ پاشكۆ و گرێدراوی ئەو نەبوون، بۆیە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند و بەوجۆرە لەگەڵ مام جەلال باسی كردبوو كە ئەو بەنیازە سەنتەرێكی توێژینەوەی ستراتیژی بۆ دیراسات بكاتەوە و لە سیاسەت دووربكەوێتەوە، مام جەلال بۆ ئەم پرۆژەیە 10 ملیۆن دۆلاری پێدا بۆ ئەوەی پرۆژەكەی سەركەوتوو بێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەم 10 ملیۆن دۆلارەی چۆن بەكارهێنا؟ ئایا كردی بە سەنتەری توێژینەوە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان؟ یان كردی بە كۆمپانیایەك بۆ لەبەریەك هەڵوەشانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟ سەرنج بدەن نەوشیروان مستەفا خۆی یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی بە شێوەیەكی دیموكراتی لەناو یەكێتی نەیتوانی خۆی فەرز بكات، بەرنامەی بۆ لەبەریەك هەڵوەشانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داڕشت.
لە هەڵبژاردنەكانی 21ی ئەیلوولی 2013، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێشتر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بە یەك لیست پێكەوە دەچوونە هەڵبژاردن، لەم هەڵبژاردنە بڕیاریان دا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری بكەن، لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی قەوارەی راستەقینەی خۆی دەركەوت و تەنیا 18 كورسی هێنا، بزووتنەوەی گۆڕان بووە حزبی دووەم، لە بەرامبەر ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئاشكرا رایگەیاند، نابێت بە ئیستیحقاقی سندوقی دەنگدان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی ستراتیژی هەیە، دەبێت بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، واتە دەبێت لەگەڵ پارتی یەكسان بێت، لە كاتیكدا پارتی 20 كورسی لە پێش یەكێتییەوە بوو، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمەشی قبووڵ كرد.
ئەم سێ نموونەیە لە یەك خاڵدا هەرسێ لایەنی (یەكێتی و گۆڕان وكۆمەڵی ئیسلامی) پێكەوە كۆدەكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم سێ لایەنە تەنیا ئەوەندە لەگەڵ پرەنسیپەكانی گەمەی دیموكراتین كە گەمەكە بۆ بەرژەوەندی حزبی و كەسی خۆیان بشكێتەوە، ئەگەر ئەم گەمەیە ئەمەی بەدەست نەهێنا، ئەوا نەك هەر گەمەكە تێكدەدەن، بەڵكو ئەگەر پێویستی بە هەڵوەشانەوەی حزبەكانی خۆشیان هەبێت، بێ دوودڵی ئەنجامی دەدەن.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەم سێ لایەنە كە هاتوونەتە ناو گەمە دیموكراتییەكە بۆچی هەرسێ لایەنەكە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم فیتنە و ئاژاوەیە دەگێڕن؟ بۆچی لە دژی پارتی هەموویان چوونە بەرەیەكی دژ بە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش؟ لەبەر ئەوەی دیارە لەگەڵ ئەوەی ئێران یەكێكە لەو دەوڵەتانەی لە بەرەیەكی فراواندا و لەچەند وڵاتێك شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەكات، بەڵام ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش نییە. دژایەتیكردنی داعش لە لایەن ئێرانەوە لە سەر بنەمای پاراستنی نفووز و مەدی شیعەیە، نەك دژایەتی تیرۆر وەك پەتایەكی ترسناكی دژی مرۆڤایەتی. لەم هاوكێشە تازەیەشدا لەگەڵ ئەوەی ئێران بە ئاشكرا رایگەیاندووە دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، هاوكات سەرۆك مسعود بارزانی بە كردەیی خەریكی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتەیە، سەركەوتنیشی لەم پرۆسەی دامەزراندن و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە، مسعود بارزانی دەكاتە بسماركی كوردستان و دەبێتە هێما بۆ یەكڕیزیی نیوماڵی كوردستان، چیدیكە ئەم سەركردە لۆكاڵانە لە پرۆسە دیموكراتییەكە قەوارەیان بچووك دەبێتەوە و پێگەی ئێستایان نامێنێت، ئەوا چۆن نەوشیروان مستەفا هەوڵیدا یەكێتی لەبەر یەك هەڵبوەشێنێت، تەنیا لەبەر ئەوەی خۆی و گرووپەكەی پەراوێز خران، بە هەمان شێوە بەشێك لە سەركردەكانی ئێستای یەكێتی لە غیابی مام جەلال و هەروەها عەلی باپیریش بە هاوشێوەی نەوشیروان مستەفا ئەو كوردستانە كاول دەكەن، ئەگەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان ئەوان بچووك بكاتەوە.
شاردنەوەی دژایەتیكردنی دەوڵەتی كوردستان
بەیاریكردن بە نەهامەتییەكانی خەڵك
یەكەم كاری كۆمپانیای وشەكەی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2008 ئەوە بوو داگیركەرانی كوردستان و نۆكەرانی داگیركەرانی كوردستان فێربكات چۆن شەڕی شەخسی مسعود بارزانی بكەن، لەوانەیە ئەم داهێنانە ناشیرینەی نەوشیروان مستەفا، هاوتای مایكل رۆبن-ی بەكرێگیراوی ژەنڕاڵ یەشار بیوكانێتی توركیا بێت، لەبەر ئەوەی ئەم ژەنڕاڵەی توركیا كە سەرۆكی ستافی ئەركانی سوپای توركیا بوو، لە دوای ساڵی 2003ـەوە هەموو هەوڵی ئەوە بوو راوێژكارەكانی پێنتاگۆن هان بدات بۆ ئەوەی پێیان بڵێت: «مسعود بارزانی سەرۆكێكی ترسناكە، لەبەر ئەوەی دەیەوێت دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێنێت، ئەمەش نەك هەر دەوڵەتێك لە كوردستانی عێراق بەڵكو ئەو ئامانجی هەموو كوردستانە». بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەركەش مایكل رۆبنی راسپاردبوو. مایكل رۆبن جگە لەوەی یەكێكە لە توێژەرەكانی ئامۆژگای ئەمریكان ئەنتەر پرایس، لە هەمانكاتدا یەكێك بووە لە راوێژكارە نزیكەكانی یاريدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا، پێشتریش مایكل رۆبن چەند ساڵێك هەر بۆ ئەو مەبەستە لە رێگەی توركیاوە هاتبووە كوردستان و زانیاری تەواوی كۆكردبووەوە، هەر بۆیە لە سەر پرسی عێراق، زۆر جاران لیژنەی بەرگری كۆنگرێس و ستافی پێنتاگۆن دانیشتنی گوێگرتنیان بۆ گرێدەدا.
لە سەرەتادا و لە سەر راسپاردەی ستافی ژەنڕاڵەكانی توركیا، مایكل رۆبن بۆ ئەوە راسپێردرابوو، كە پشتگیری ئەمریكا بۆ مسعود بارزانی نەهێڵێت، ئەو كات سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، بریتی بوو لە عێراقێكی یەكپارچە و دڵنیایی بۆ توركیا، بۆیە میتی توركی بەو جۆرە زانیاری بۆ مایكل رۆبن كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی هەوڵەكانی بارزانی نەك هەر بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لە عێراقدا، بەڵكو ئەو مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە لەسەر هەر چوار پارچە، بە دەق ئەمەی نووسیوە: «تەلەفزیۆن و رۆژنامەكانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی ئەو شتانە بڵاو دەكەنەوە كە دەبنە سەرچاوەی ناسەقامگیری، زۆر جار بە باشووری كوردستان ئاماژە بۆ كوردستانی عێراق دەكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە كە بەشێكی گەورەی توركیا باكووری كوردستانە، بەهەمان شێوە رۆژهەڵاتی سووریاش و شاری قامیشلی دەبێتە رۆژئاوای كوردستان، ئەو ئاڵایەی بارزانی بڕیاری لەسەر داوە هەڵبكرێ، ئاڵای كۆماری مەهابادە كە بە پشتگیری سۆڤیەت لە ساڵی 1946 سەربەخۆیی خۆی لە ئێران راگەیاند، بەڵام تەمەنی كۆمارەكە درێژ نەبوو، ئەو نەخشانەی لە چاپخانەكانی كوردستان چاپ دەكرێن و لە بازاڕەكانی هەولێر و سلێمانی دەفرۆشرێن، نەخشەی كوردستانی گەورەیە و سنوورەكەی لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بۆ كەنداوی فارسییە.» ئەمەش دەقە ئینگلیزییەكەیەتی:
(Kurdish television and newspapers are rife with incitements to unrest، often referring to Iraqi Kurdistan as «South Kurdistan،» thereby implying that large chunks of Turkey must be «North Kurdistan.» Likewise، they place the eastern Syrian city of Qamishli in «West Kurdistan.» The Kurdish flag adopted by Barzani is that of the short-lived، separatist Mahabad Republic، which، with Soviet backing، declared its independence from Iran in 1946. Maps printed on Iraqi Kurdish presses and sold in the Erbil and Sulaymaniyah markets show a Greater Kurdistan stretching from the Mediterranean to the Persian Gulf.
ئەمە قسەی مایكل رۆبنی بەكرێگیراوی توركیا بووە لە سەر مسعود بارزانی لە ساڵی 2007 لە وتارێكدا بە ناونیشانی: (بەدیهاتنی خەونەكانی كورد- Enabling Kurdish Illusions)، بەڵام كۆمپانیای وشەكەی نەوشیروان مستەفا ئەمەی بۆ مایكل رۆبن راستكردەوە و پێی راگەیاند ئەوەی تۆ دەیكەیت، شكۆی مسعود بارزانی لەناوخۆ زیاتر دەكات، پێویستە مسعود بارزانی بە گەندەڵی تۆمەتبار بكرێت، بۆ ئەمەش فێری كرد باسی خەونەكانی كورد نەكات، بەڵكو باسی ئەوە بكە ئەو كوردستانەی جورج بوش بەنیاز بوو بیكاتە منارەی دیموكراتی، ئێستا لە سایەی مسعود بارزانی بۆتە دیكتاتۆریەت و گەندەڵخانە، مسعود بارزانی 2.4 ملیار دۆلاری كۆكردۆتەوە و مۆدێلی یاسر عەرەفاتێكی دیكە دووبارە دەكاتەوە، ئەم وتارەی لە كانوونی دووەمی 2008 لە ویكلی ستاندەر بە ناونیشانی (ئایا كوردەكانی عێراق هاوپەیمانێكی باشن - Is Iraqi Kurdistan a Good Ally) بڵاوكردەوە. خوێنەرانی ئەم دیڕانە ئەگەر ویستیان ئەم وتارە بخوێننەوە، لە وێبسایتی ئەمریكان ئەنتەر پرایس بە كوردی بوونی هەیە و شایەنی باسە ئەمە تەنیا وتاری مایكل رۆبنـە لەیەك كاتدا بە كوردی و بە ئینگلیزی بڵاو كراوەتەوە، دوای بڵاوبوونەوەشی هەر لە ساڵی 2008 لە رۆژنامەی كۆمپانیای وشە و رۆژنامەی توركمان ئیلی بڵاوكراوەتەوە. ئەوەی ئەم وتارەی مایكل رۆبن بە كوردی بخوێنێتەوە، دەگاتە یەك ئەنجام، ئەویش یان ئەوەیە بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان مایكل رۆبن دایناوە و نەشیروان مستەفا جێبەجێی دەكات، یان ئەوەتا مایكل رۆبن پێشتر ئەم زانیارییە چەوتانەی نەبووە و نەوشیروان مستەفا بۆی ناردووە، هەر ئەویش پێشنیاری كردووە كە وتارەكە لە یەك رۆژدا بە كوردیش بڵاو بكاتەوە، بۆ ئەوەی بۆ ناوەوەی هەرێمی كوردستان كاریگەری هەبێت!.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا كەسێك خۆی بە سیاسەتمەدار بزانێت و لەبەر چاوی جەماوەر بەو جۆرە خۆی وێنا بكات كە ئامانجی سەربەخۆیی و مافەكانی گەلی كوردستانە، خۆی هێندە بچووك دەكاتەوە عەمیلی بۆ عەمیلێكی ژەنڕاڵ یەشار بیوكانیت بكات؟! ئایا كەسێك شۆڕشگێڕ بێت، هێندە خۆی بچووك دەكاتەوە، دەنگی خۆی بخاتە پاڵ دەنگی داگیركارانی كوردستان و رێگە نیشاندەریان بێت بۆ ئەوەی ئامانجەكانیان سەركەوتوو بێت؟ ئەم قسانەی دەیكەین درۆ و بوختان و جنێوەكانی كۆمپانیای وشە و بزووتنەوەی گۆڕان نین، ئەمانە راستین و بێجگە لەوەی بەشێكمان لێكردووە بە كوردی، خوێنەر دەتوانێت هەر ئێستا بچێتە سەر گوگڵ و دەقی وتارەكان دەربهێنێت و بیخوێنێتەوە، ئەوجا دەزانێت كە رق و كینەی نەوشیروان مستەفا بەرامبەر مسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان چەندە و لە پێناوی چییە؟ ئەو كات دەزانن رق و كینەی ئەم پیاوە چەند ترسناكە و چۆن 3-4 ساڵ لەمەوپێش هەموو ئامانجی ئەوە بوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەر یەك هەڵوەشێنێتەوە، ئێستاش هەموو ئامانجی بۆتە ئەوەی دەوڵەتی كوردستان لەبەر یەك هەڵوەشێنێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەم دەوڵەتە لەسەر دەستی مسعود بارزانی دادەمەزرێت.
حیلفەكەی بەغدا و تاران و دیمەشق و حزبوڵا
دژی دەوڵەتی كوردستانە
ئەم حیلفە -چوار قۆڵی-یە كە عادل مورادی سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوا دەكات كورد پشتگیری بكات، هەموو ئامانجی رێگرتنە لە دەوڵەتی كوردستان. ئەو دەوڵەتەی كە مسعود بارزانی سەرۆكەكەی دەبێت و هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە پێویستی دەزانن، سەبارەت بەم داواكارییە، ساڵح قەلاب لە وتارێكی لە رۆژنامەی (الرأي)ی ئوردنی بە ناونیشانی (شەرمەزارییە بۆت ئەی عادل موراد -عیب علیك یا عادل مراد!) بڵاوكردۆتەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە: بۆچی نووسەرێكی ناسراوی عەرەب بە سیاسەتمەدارێكی كورد دەڵێت: (كاتێك تۆ داوا دەكەیت كورد بچێتە ناو ئەو حیلفە چوار قۆڵییە، ئەوا شەرمەزارییە بۆ تۆ، لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەو حیلفە ئامانجێك نییە نەتەوەكەت لێی سوودمەند بێت.)؟ ئەو پرسیارەش دروست دەبێت كە: یەكێتی نیشتمانی كوردستان چۆن لە عادل مورادی قبووڵ دەكات بەوجۆرە بە بێ شەرمی و بە ئاشكرا دژایەتی دەوڵەتی كوردستان بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەیە: ئێستا لە ناو سەكردایەتی یەكێتی پاشاگەردانییە و زۆربەیان بوونەتە پاشكۆی نەوشیروان مستەفا!
جارێكی دی ئەو پرسیارە زەق دەبێتەوە كە بۆچی نەوشیروان مستەفا دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەیە: لەبەر ئەوەی ئەم دەوڵەتە لەسەر دەستی مسعود بارزانی دادەمەزرێت، ئەویش وەك سەركردەیەكی لۆكاڵ هەتا تاسلوجەی سلێمانی خەڵك دەیناسێت و بەدامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش لە كوردستان جێگەی نابێتەوە و هەموو پیلانەكانی ئاشكرا دەبێت و گەلی كوردستان شاربەدەری دەكات. كەواتە باشترین رێگە بۆ نەوشیروان مستەفا ئەوەیە، هاوپەیمانی لەگەڵ شەیتان بكات بۆ ئەوەی دژایەتی مسعود بارزانی و دەوڵەتی كوردستان بكات، هەروەك چۆن كە لە یەكێتی جیابووەوە، یەكێتی وەك حزبی بەعس وێنا كرد بۆ ئەوەی لەبەریەك هەڵیوەشێنێتەوە و ئامادەبوو لەگەڵ شەیتان هاوپەیمانی بكات بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی لە مام جەلال و یەكێتی بكاتەوە.
بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەمجارەیان نەوشیروان ئەم خەونەی بۆ دێتەدی و وەك ئەوەی خۆی لەگەڵ یەكێتی تاقی كردەوە، دەتوانێت خۆی لەگەڵ شكۆی مسعود بارزانی تاقی بكاتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك كۆماری توركیا دەیداتەوە، وەڵامەكەش ئەوەیە: رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك كۆماری توركیا كە ئێستا خۆی بە سوڵتانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەزانێت و وڵاتەكەی زیاتر لە 50 ساڵە ئەندامی ناتۆیە، داوا دەكات ئەمریكا، پەیەدە و شەڕڤانان وەك تیرۆریست سەیر بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی لەو هاوكێشەیە ئامادەیە، ئەمریكا بە فەرمی رایگەیاند ئەوان دژی تیرۆریستن و وەك تیرۆریست سەیر ناكرێن. لەمەش زیاتر هەقە نەوشیروان مستەفا و هەوادارەكانیشی بۆ وەڵامی ئەم خەونە حوشترییە، بچن سەردانی وێبسایتی ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا بكەن و لەوێ كۆڕەكەی (محەمەد جواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران) دانراوە، كاتێك لێی دەپرسن: ئایا ئێوە لەم شەڕەی داعشدا هاوكاری كوردستانتان كردووە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: بچن لە مسعود بارزانی بپرسن بزانن هاوكاریمان كردووە، یان نە.
ئاماژەكردن بۆ ئەم دوو نموونەیە بۆ ئەوە نییە كە بڵێین نەوشیروان مستەفا پێی دەكرێت، یان نە، بەڵكو بۆ ئەوەیە بڵێین، ئەگەر ئێران خۆی بیتوانیایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكات، ئەوا بۆ خۆی دەیكرد، داوای لە نەوشیروان مستەفا و چەند سەركردەیەكی یەكێتی و عەلی باپیر نەدەكرد، لەو بوارەدا هاوكاری بن! ئێران دەزانێت، دژایەتیكردنی ئێستای مسعود بارزانی واتە دژایەتیكردنی دەوڵەتی كوردستان، دژایەتیكردنی دەوڵەتی كوردستانیش واتە شەڕكردن لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و لەگەڵیشیاندا ئیسڕائیل، بۆیە وەك دوایین كارت پەنای بردووە بۆ دەستێوەردان و بەكارهێنانی ئەو چەند سەركردە لۆكاڵە بۆ ئەوەی بارودۆخی كوردستان بشێوێنن!! دوایین پرسیاریش ئەوەیە: ئایا ئەمەیان پیدەكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش تۆماس فریدمان دەیداتەوە كە خۆی لە سەرۆك ئۆبامای پرسی: بۆچی لەسەر هەرێمی كوردستان وا زوو هاتنەدەست؟ لە وەڵامدا ئۆباما زۆر راشكاوانە بەمجۆرە وەڵامی فریدمانی دایەوە: هەولێر خەتی سوورە.







مایكل ئێپڵ:
دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لێكەوتەی ئەرێنی لێدەكەوێتەوە

پێدەچێت بارودۆخی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە دەرفەتێكیان ڕەخساندبێت بۆ ڕوودانی گۆڕانكارییەكی مێژوویی لە هەلومەرجی سیاسی و دیپلۆماسیی كورددا. گرنگیی كورد وەك هێزێكی سیاسی و سەربازی پتر سەنگ و قورسایی بەدەست هێنا، بە هۆی وەستانەوەیان لە دژی هێرش و پەلامارەكانی هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014. حاڵی حازر، كوردی عێراق ئەم دەرفەتە بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان لە چوارچێوەی وڵاتەكەدا بەكار دەهێنن، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانێكی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر بۆ ئەو پێگەیەی هەیانە كە خەریكە بڵێین بارێكی سەربەخۆییە، ئەمە لە كاتێكدا پارێزگارییان لە بژاردەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تەواو كردووە، ئەگەر هەل و مەرجی لەبار لە بواری نێودەوڵەتی هاتەئاراوە.
ئەگەرچی پەرەسەندنەكانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی كوردی لە رۆژگاری هاوچەرخدا سست و درەنگوەخت كەوت، بەڵام ناسنامەی جیاوازی كورد زۆر زووتر دەركەوت لە ناسنامەی ئەو نەتەوانەی دەوڵەتی سەربەخۆییان بەدەست هێنا لە سەدەی بیستدا. هەروەها ئەگەرچی كورد بەدەست دابەشبوون و جیاوازی ناوخۆییەوە دەناڵێنن و سەرقاڵی پرۆسەیەكی ئاڵۆزی بنیادنانی نەتەوەن، بەڵام هۆشیاری نەتەوەی كورد زۆر پێشكەوتووترە لە هۆشیاری نەتەوەیی زۆرێك لەو گرووپە نەتەوەییانەی كە دەوڵەتی سەربەخۆییان بەدەست هێناوە. كورد هێندەی ئەو گرووپە نەتەوەییانەی دیكە مافی دەوڵەتی سەربەخۆیی هەیە كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهان و بەتایبەتی لە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە دەوڵەتیان دامەزراند.
دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ئاكام و لێكەوتەی ئیجابی لێدەكەوێتەوە لەسەر بارودۆخی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها كاریگەری دەبێت لە سەر خەسڵەتە سیاسییەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە. لەبەریەك هەڵوەشانەوەی سووریا و عێراق هەلومەرجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كورد دەخوڵقێنێت. چارەسەرێكی سیاسی بۆ خەونە نەتەوەییەكانی كورد-دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ، یاخود هەرێمگەلێكی كوردی كە خاوەنی خۆبەڕێوەبەرییەكی بەرفراوان بن لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی لە ئارادان- كارێكی پێویستە بۆ سەقامگیركردن و پەرەسەندنێكی ئاشتییانە و سەركەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرچاوە: مافی كورد بۆ خۆحوكمڕانی
نووسینی: مایكڵ ئێپڵ










ویلیز كرومهۆڵز:
تاكە هیوایەك بۆ دیموكراتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە

سیناتۆر ڕاند پاوڵ ڕاستی پێكا، كاتێك داوای دامەزراندنی كوردستانی سەربەخۆ و چەكداركردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد. واتە بەم كارەی هاوسەنگییەكی دروست كرد كە بەڕاستی پێویست بوو لە سیاسەتی دەرەكیی پارتی كۆمارییەكاندا بهێنریتەدی، ئەویش دوای ساڵانێك لە گرتنەبەری سیاسەتێكی ناهاوسەنگ.
پاساوی ناڕاستەوخۆی ئیدارەی بوش بۆ شەڕی عێراق بریتی بوو لە دامەزراندنی عێراقێكی دیموكراسی لە سەر شێوازی ڕۆژئاوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام دەركەوت دامەزراندنی دیموكراسی لە عێراقدا كارێكی سەخت و دژوارە. دابەشبوونی تایفەگەری لە عێراقدا بەرمیلە بارووتێك بوو لە چاوەڕوانی تەقینەوەدا، ئێرانیش دەستڕۆیشتووییەكی زۆری هەیە بە سەر زۆرینەی شیعەدا، كە باڵادەستە بە سەر ڕۆژهەڵاتی عێراقدا. ئەگەر ئومێدێكیش هەبووبێت بەوەی عێراق نەكەوێتە داوی دەستڕۆیشتوویی ئێرانەوە، ئەوا ئێستا ئەو ئومێدەش نەماوە. كەواتە ئەگەر هێشتا هیوایەك مابێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دیموكراسیەتێكی ئیسلامی، ئەوا ئەو هیوایە كوردە.
لەبەر ئەوە كاتی ئەوە هاتووە هاوكاری سەربازی زیاتر بە كوردەكانی باكووری عێراق بدرێت و دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت، ئەمە ئەو دیموكراسییە موسڵمانەیە كە ئێمە ئاواتی بۆ دەخوازین. هەروەها پێویستیش ناكات ئەمریكا دەست بداتە پرۆژەی بنیادنانی نەتەوە – لە هەرێمی كوردستاندا- بۆ ئەوەی زامنی سەركەوتنی دیموكراسی بكات، لەبەر ئەوەی دەرفەتەكانی سەركەوتنی دیموكراسی لەم هەرێمەدا زۆر باشن. واتە كارێكی لەم چەشنە ناچێتە خانەی بنیادنانی نەتەوەوە. چونكە حاڵی حازر كوردی باكووری عێراق خاوەنی دەوڵەتێكن كە قابیلی بەردەوام بوونە. ئەوان خاوەنی داهاتی نەوت و دامەزراوەی هەڵسوڕاو و سوپایەكی باشی مەشقپێكراون.
هێزە كوردییەكانیش لە باكووری عێراق، مەبەستم پێشمەرگەیە، ئەدایەكی سەرسوڕهێنەریان هەبووە لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامیدا. بۆیە پێویستە چەك و هاوكاری زیاتریان پێ بدرێت بۆ شەڕكردن لە دژێ جیهادییەكان. بە هەمان شێوە یارمەتی ئەمریكا پێویستە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێكی هەمیشەیی و درێژخایەن لە بارەی پرسەكانی هەناردەكردنی نەوت و دابەشبوونی خاك لە نێوان كورد و عەرەبەكانی عێراقدا، كە سنوورێكی داخراویان هەیە.
ئەگەر ئیدارەی بوش هەڵەیەكی كردبێت، بەوەی هەوڵیدا مەشخەڵی دیموكراسی لە سەرتاسەری عێراقدا هەڵبگیرسێنیت، ئەوا ئیدارەی ئۆباما هەڵەیەكی دیكە دەكات كاتێك هاوكاری ڕاستەوخۆی كورد ناكات لە پێناو هێوركردنەوەی ئێراندا.
كەواتە پاوڵ ڕاستی پێكاوە كاتێك داوای سەربەخۆبوونی كورد و پێدانی چەك بە پێشمەرگە دەكات. هەنگاوێكی لەم چەشنە ئاكامی گەورەی لێدەكەوێتەوە لە سەر شەڕی درێژخایەنی دژ بە ئیسلامی ڕادیكاڵی.
دەكرێت پارتی كۆمارییەكان وەك پارتێكی بەرگریكار لە هەبوونی بەرگرییەكی نەتەوەیی بەهێز بمێنێتەوە لە ساڵی 2016دا، هەروەها وەك پارتێكی داكۆكیكار لە دیموكراسییەكان، بێ ئەوەی ببێتە پارتی بنیادنانی نەتەوە و دەستێوەردانی كوێرانە. كەواتە ڕاند پاوڵ ئەو هاوسەنگییە دەهێنێتەئاراوە، داواكردنی سەربەخۆبوونی كوردیش دەستپێكێكی باشە.
سەرچاوە ڕاند پاوڵ ڕاستی پێكا- دەوڵەتێك بە كورد ڕەوا ببینن
نووسینی: ویلیز كرومهۆڵز
Top