دەوڵەتی كوردستان بۆتە خواستی هاوپەیمانان و هیچ هێزێك ناتوانێت بەربەست بۆ ئەم دەوڵەتە دروست بكات

دەوڵەتی كوردستان بۆتە خواستی هاوپەیمانان و هیچ هێزێك ناتوانێت بەربەست بۆ ئەم دەوڵەتە دروست بكات
دەوڵەتی كوردستان بۆتە خواستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆریستانی داعش. ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ستراتیژیەتی بێ ئومێدكردن و لە ریشە هەڵكێشانی تیرۆریستانی داعش، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەست پێدەكات، ئەم پرۆسە دەست پێكردووەش رۆژ لە دوای رۆژ باشتر سیماكانی بەرجەستە دەبن. لە ئێستادا و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناوچەكە بیروبۆچوونی جیاواز سەبارەت بەم دەوڵەتە تازە هەیە. هەندێك لە دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق، راگەیاندنی ئەم دەوڵەتەیان پێ خۆش نییە، بەڵام خۆیان لەبەر یەك هەڵوەشاون و توانایان نییە دژایەتی بكەن. توركیا كە زیاتر لە 60 ساڵە ئەندامی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسییە و تێدەگات ئەم دەوڵەتە هەر دروست دەبێت، بۆیە تا بۆی بكرێت بە شێوەیەكی ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ دەكات. راستە توركیا پێی خۆش نییە و نایەوێت دەوڵەتێك بە ناوی كوردستان دروست بێت، بەڵام لە بەر ئەوەی هاوكێشەكان زیرەكانەتر دەخوێنێتەوە، دەڵێت ئێمە رێگری لێ ناكەین، تەنها دەوڵەتێك كە بە ئاشكرا و بێ شاردنەوە دژایەتی ئەم دەوڵەتە بكات، ئێرانە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە نابێت سووریا و عێراق دابەش بكرێن، بۆ ئەمەش پەنای بۆ هەموو رێگەیەك بردووە، تەنانەت دەستێوەردانی سیاسیش بۆ پەرتكردنی هێزە سیاسییەكانی كوردستان. بۆ قسەكردن لەسەر تەواوی ئەو كێشانە و حەتمییەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ئەم دیالۆگە كراوەیەمان لەگەڵ د.محەمەد ساڵح جومعە راوێژكاری سیاسیی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی هەمان پارت ئەنجامداو بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.
د. محەمەد ساڵح جومعە لە دیمانەیەكی گوڵاندا:



دەوڵەتی كوردستان بۆتە خواستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆریستانی داعش. ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ستراتیژیەتی بێ ئومێدكردن و لە ریشە هەڵكێشانی تیرۆریستانی داعش، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەست پێدەكات، ئەم پرۆسە دەست پێكردووەش رۆژ لە دوای رۆژ باشتر سیماكانی بەرجەستە دەبن. لە ئێستادا و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناوچەكە بیروبۆچوونی جیاواز سەبارەت بەم دەوڵەتە تازە هەیە. هەندێك لە دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق، راگەیاندنی ئەم دەوڵەتەیان پێ خۆش نییە، بەڵام خۆیان لەبەر یەك هەڵوەشاون و توانایان نییە دژایەتی بكەن. توركیا كە زیاتر لە 60 ساڵە ئەندامی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسییە و تێدەگات ئەم دەوڵەتە هەر دروست دەبێت، بۆیە تا بۆی بكرێت بە شێوەیەكی ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ دەكات. راستە توركیا پێی خۆش نییە و نایەوێت دەوڵەتێك بە ناوی كوردستان دروست بێت، بەڵام لە بەر ئەوەی هاوكێشەكان زیرەكانەتر دەخوێنێتەوە، دەڵێت ئێمە رێگری لێ ناكەین، تەنها دەوڵەتێك كە بە ئاشكرا و بێ شاردنەوە دژایەتی ئەم دەوڵەتە بكات، ئێرانە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە نابێت سووریا و عێراق دابەش بكرێن، بۆ ئەمەش پەنای بۆ هەموو رێگەیەك بردووە، تەنانەت دەستێوەردانی سیاسیش بۆ پەرتكردنی هێزە سیاسییەكانی كوردستان. بۆ قسەكردن لەسەر تەواوی ئەو كێشانە و حەتمییەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ئەم دیالۆگە كراوەیەمان لەگەڵ د.محەمەد ساڵح جومعە راوێژكاری سیاسیی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی هەمان پارت ئەنجامداو بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.

* بارودۆخی ئێستای ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بارودۆخێكی شڵەژاو و هەستیار و پڕ لە گۆڕانكارییە، لە ناو ئەم گێژاوەدا كێشەی كورد بۆتە پرسێكی گرنگ، ئایا لەناو ئەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی ناوچەكەدا چۆن سەیری واقیعی سیاسیی كێشەی كورد دەكەیت؟
- چەند بڵێیت و چۆن سەیری بكەی، بارودۆخی ناوچەكە خراپە و بە گرنگترین و هەستیارترین قۆناخدا تێدەپەڕێت، لەبەر ئەوەی لە دوای رێككەوتنی سایكس پیكۆ و جەنگی یەكەمی جیهانییەوە، تا دەگاتە ئەوەی پێیان دەگوت بەهاری عەرەبی كە من بە زستانی عەرەبی ناوزەدی دەكەم، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز بەو جۆرە نەبووە، لە ماوەی نزیكەی سەد ساڵی رابردوودا، كێشەكانی ئەم ناوچەیە هەموویان خەفەكرابوون و چارەسەر نەكرابوون، بۆیە كە لە ساڵی 2011 تەقییەوە، ئەوجا هەموو ئەو كێشە و هاودژییانەی لەو ناوچەیە هەبوون، دەركەوتنەوە و بوونە ئاژاوە و ناسەقامگیرییەكی گەورە. هەر بۆ نموونە كێشەی نێوان شیعە و سوننە، كێشەی 1400 ساڵ پێش ئێستا بوو، ئەمجارەیان توندتر و خوێناویتر دەركەوتەوە. هەروەها ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئێران دەیەوێت هەژموون و باڵادەستیی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فەرز بكات، ئێران لە ئیمپراتۆریەتی كۆرش-ـەوە لە 2500 ساڵ پێش ئێستا هەژموونی بەسەر ناوچەكە هەبووە و ئێستاش دەیەوێت هەمان هەژموون دووبارە بگێڕێتەوە، توركیا خۆی بە میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەزانێت، دەیەوێت جارێكی دیكە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بكاتەوە، سوننە بەگشتی و عەرەبی سوننە بەتایبەتی دەیانەوێت خەلافەتی ئیسلامی زیندوو بكەنەوە، بۆ ئەمەش پشتگیری داعش كراوە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكەوە، بە راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیش لە عێراق و سووریا، نەخشەی سایكس پیكۆ كۆتایی هات، ئەوە راستە لەگەڵ دەركەوتنی داعش و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی و هێرشكردنی ئەو تیرۆریستانە بۆ سەر كوردستان، ئێمە زیانیكی زۆرمان لێكەوت و قوربانییەكی زۆر گەورەمان دا، بەڵام بە دیوێكی دیكەشدا، لەبەر ئەوەی نەخشەی سایكس پیكۆ كۆتایی هات، ئەمەش بەقازانجی ئێمە وەك كورد شكایەوە، لەم روانگەیەوە هەر دەوڵەتێكی ئیقلیمی و كەنداو پشتگیری داعشی كردبێت، لەبەر ئەوەی بووە هۆی نەمانی سایكس پیكۆ، ئەوا ئەم ئاراستەیە بۆ بەرژەوەندی كورد شكاوەتەوە و بۆتە هۆكاری ئەوەی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان خێراتر بكات، بووە هۆكاری ئەوەی زەمینەی داڕشتنەوەی نەخشەیەكی نوێ بۆ ناوچەكە بێتە ئاراوە و ئێستا ئەو نەخشەیە لە داڕشتندایە، لەنێو داڕشتنەوەی ئەم نەخشە تازەیەشدا شەڕێكی قورس لە نێوان ئێران و سعودیە، هەروەها ئێران و توركیا دروست دەبێت.
* ئەوەی جێگەی سەرنجە لە خوێندنەوەت بۆ بارودۆخەكە و هێزە كاریگەرەكانی ناوچەكە، ئاماژەت بە رۆڵی دەوڵەتێكی بەهێزی وەك ئیسڕائیل نەكرد، ئایا چۆن سەیری رۆڵی ئیسڕائیل لەم هاوكێشەیەدا دەكەیت؟
- پێش ئەوەی بێمە سەر رۆڵی ئیسڕائیل، من دەڵێم پێویست نەبوو دوای راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی 1948، عەرەب و جوولەكە شەڕ بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە بە دانوستاندن و رێككەوتن دوو دەوڵەت (فەلەستین و ئیسڕائیل) دروست دەبوو، ئەمەش لە قازانجی عەرەبدا دەبوو، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا هیچ دەوڵەتێكی عەرەبی نەیتوانیوە هێزێك دروست بكات هاوتای ئیسڕائیل بێت، لە ئێستاشدا ئیسڕائیل هێزێكی هێجگار گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دیدی ئێرانەوە هیچ هێزێك نیە رووبەڕووی ئێران ببێتەوە بێجگە لە ئیسڕائیل، هەر بۆیە ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا لەسەر ژمارەیەك پرسی گرنگ بوونی هەیە، ئێران زۆر لێی دەترسێت، ئەمەش وایكردووە بەرپرسانی ئێرانی ئاماژە بەوە دەكەن، دەیانەوێت ئیسڕائیل لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان نەهێڵن. هەروەها پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسڕائیلیش باش نییە، بەڵام ئەمەیان لەبەر ئەوەیە ئیسڕائیل پشتی كورد دەگرێت، بەرامبەر ئەمە توركیا بە ئیسڕائیل دەڵێت ئەگەر ئێوە پشتی كورد بگرن، ئێمەش پشتی فەلەستین دەگرین دژی ئیسڕائیل، كەواتە ئێستا ئیسڕائیل لە سێ بەرەدا شەڕ دەكات، لەوانە: (شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئێران، ئیسڕائیل و عەرەب، ئیسڕائیل و توركیا)، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی عەرەبی ترسیان لە نفووزی ئێران هەیە، ئەوا مەترسیی شەڕی عەرەب و ئیسڕائیل كەمترە. هەروەها لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی شەڕی مەزهەبی شیعە و سوننەشدا، توركیا دەبێتە بەرەیەك لە وڵاتانی عەرەبی دژی ئێران، ئەوا مەترسی شەڕی نێوان توركیا و ئیسرائیل كەمترە، بۆیە زیاتر شەڕەكە لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل چڕبۆتەوە و ئێران بەهەموو شێوەیەك شەڕی ئیسڕائیل و ئەمریكا و رۆژئاوا دەكات، لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل دەیەوێت بە هەموو شێوەیەك ئێران لغاوگیر (ئیحتیوا) بكات.
* بەڵام كاتێك بە وردی سەیری هاوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، بە ئاشكرا هەست بە فراوانبوونی مەدی شیعی دەكەین. هەر بۆ نموونە ئەگەر پێشتر عەرەبستانی سعودیە لە هیلالی شیعی ترسی هەبووێت، ئێستا ئەم هیلالە فراوان بووە و بۆتە بازنەی شیعی، واتە ئێران بە تەواوەتی چواردەوری سعودیەی داوە.، ئایا تاچەند فراوانبوونی مەدی شیعی گۆڕانكاری بەسەر هاوكێشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوە؟
- فراوانبوونی مەدی شیعی نیشانەی بەهێزیی ئێران و لاوازبوونی وڵاتانی عەرەبی بوو، هیچ شوێنێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، ئێران دەستێوەردانی تێدا نەكردبێت، ئێستا ئێران نەك هەر لەسەر ئاستی سەربازی، بەڵكو لەسەر ئاستی تەكنەلۆژی و هونەری و مرۆییش دەوڵەتێكە لە هەموو دەوڵەتانی عەرەب و توركیاش بەهێزترە، بەڵام لەلایەكی دیكەش كێشەی ئێران ئەوەیە، هەر لە ئیمپراتۆریەتی كۆرش- ـەوە تا ئێستا، هەرگیز نەبووە دەوڵەت لە خزمەتی ئاییندا بێت، بەڵكو بەردەوام ئایین لە خزمەتی دەوڵەتدا بووە، كەچی لە ئێستادا دەوڵەت لە خزمەتی ئاییندایە، ئەمەش نەك تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا، بەڵكو پەلی هاویشتووە بۆ دەرەوەی ئێرانیش هەر لە عێراق و سووریا و لوبنان و بەحرێن تا دەگاتە یەمەن، بۆیە ئەو مەدی شیعەیەش بەرەنجامی ئەو سیاسەتەیە كە دەوڵەت ئامرازێكە بۆ خزمەتی ئایین، لە بەرامبەردا توركیاش بەهەمان شێوە دەوڵەتی خستۆتە خزمەتی ئایینەوە، ئەمەش پێمان دەڵێت بە درێژایی مێژوو هەر لایەك هەوڵی دابێت بەوجۆرە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنێت، ئەوا سەرەنجام دەكەوێت، هەروەك چۆن محەمەد عەلی پاشا و سەدام حوسێن كەوتن، لە ئایندەشدا توركیا و ئێرانیش دەكەون.
* لە خوێندنەوەی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە، كە وەك قازانج بۆ پرسی كورد و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ئاماژەت پێكرد، لەناو هێزە ئیقلیمیەكاندا، هەتا ئێستا كورد دەوڵەتی نییە، لە چەكی تەقلیدی هاوسەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوچەكە نییە، ئایا ئەم گەشبینییەتان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- ئەگەر سەیری مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بكەین، دەبینین بە درێژایی ئەو مێژووە هەتا سەرهەڵدانی 1991، ئێمە هەڤاڵی دوژمنی خۆمان و دوژمنی دۆستی خۆمان بووین، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی 1991 و كۆڕەوەكە و دامەزراندنی نەوای ئارام لە كوردستانی باشوور، ئیدی كورد لەوە دەرچوو موحتاجی داگیركارانی كوردستان بێت، بۆیە بە قەناعەتی من لە دوای ساڵی 1991 پرسی كورد لە دەستی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان هاتەدەرەوە، لە دوای دەركەوتنی داعش و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامیش لە حوزەیرانی 2014، هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەنیا هێز بووە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە توانیویەتی هێرشی تیرۆریستانی داعش رابگرێت، لەمەش زیاتر پاشەكشەیان پێبكات و تێكیان بشكێنێت، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی كە لە 63 دەوڵەت پێكهاتووە دژی تیرۆریستانی داعش بێتەئاراوە و ئێستا ئەم 63 دەوڵەتە هەموویان پشتگیری كوردستان دەكەن. ئەمەش یەكەمجارە لە مێژوودا فرسەتێكی ئاوا گەورە بۆ كورد دروست ببێت، یەكەمجارە دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان نەتوانن دەستی خۆیان بۆ ئێمە درێژ بكەن، ئەو چەكەی ئەمڕۆ هاوپەیمانان دەیدەنە پێشمەرگە، بە درێژایی مێژوو هیچ وڵاتێك بە كوردستانی نەداوە، لەمەش زیاتر ئێستا هاوپەیمانانی دژی داعش دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بە پێویست دەزانن و داوا دەكەن دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت، بۆیە زۆر راستە ئەگەر بە شێوەیەكی رووكەش سەیری هاوكێشەكە بكەین، ئێمە ناتوانین بە چەكی تەقلیدی لەگەڵ ئێران و توركیا و عێراق و سووریا شەڕ بكەین، بەڵام بارودۆخی ئەمڕۆ گۆڕاوە كوردستان 63 دەوڵەت پشتگیری لێدەكات، هەر ئەوانیش دەخوازن دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت، هەر بۆ نموونە لەسەر ئاستی دەوڵەتانی گەورەی جیهان ئەمریكا و بەریتانیا و كەنەدا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا هەموویان ئامادەن راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دانپێدابنێن، لەسەر ئاستی ناوچەكە توركیا راشكاوانە گوتوویەتی ئێمە دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نین، ئیسڕائیل كە گەورەترین هێزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزیكی كاریگەریشە لە جیهاندا، رایگەیاندووە ئەوان یەكەم دەوڵەت دەبن ئیعتراف بە دەوڵەتی كوردستان دەكەن، لەم هاوكێشەیەدا تەنیا ئێرانە راشكاوانە رایگەیاندووە ئەوان دژی دابەشكردنی سووریا و عێراقن، ئەمەش واتە دژی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانن، ئەم دژایەتییەی ئێران بۆ دەوڵەتی كوردستان، ئێرانی خستۆتە بەرەی دژایەتیكردنی ئەمریكا و رۆژئاوا و ئیسڕائیلەوە، هەر ئەمەش وایكردووە ئێران لە دوای شەڕی یەكەمی جیهانییەوە هیچ كاتێك نەكەوتۆتە بەرەیەكەوە كە بە تەنیا دوژمنی هەموو دەوڵەتانی رۆژئاوا بێت، بەڵام وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئێستا نە ئێران و نە توركیا و نە عێراق و نە سووریاش، ناتوانن بە رێگەی هێز، یان كۆبوونەوەی هاوبەش دژایەتی دەوڵەتی كوردستان بكەن. بۆیە وەك دەبینین لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی پشتگیری تەواوی جیهانی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان مسۆگەر كردووە، ئێران پەنای بۆ دەستێوەردانی ناوخۆ و هاندانی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بردووە بۆ ئەوەی بەكاریان بهێنێت و دژی مسعود بارزانی رابوەستن. لە ئێستادا جیهانی ئازاد ئەگەر بیەوێت پشتگیری هەر كەس و لایەنێك بكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا پێش هەر كەسێك پشتگیریی مسعود بارزانی دەكات، پێشتر كە ناوی مستەفا بارزانی دەهێندرا، واتە ناوی كورد دەهێندرا، ئێستا كە ناوی مسعود بارزانی دەهێندرێت واتا دەوڵەتی كوردستان، بۆیە گرنگە میللەتی خۆمان ئەم راستییە بزانن، كاتێك حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە هاندانی ئێران دژایەتی مسعود بارزانی دەكەن، ئێمە تێدەگەین مەسەلەكە شەخسی مسعود بارزانی نییە، بەڵكو مەسەلەكە دژایەتیكردنی ئامانجی مسعود بارزانی یە و ئەو ئامانجەش راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە، هەروەها دەبێت راشكاوانە بە دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان بڵێین: بەڕێزان ئێمە كوردی پێش ساڵی 1991 نین، ئێمە كوردی دوای ساڵی 2015ین كە هەموو جیهانی ئازاد پشتگیریمان دەكات و دەوڵەتی كوردستانیش تەنها خواستی كوردان نییە، بەڵكو بۆتە پێداویستییەك بۆ ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا.
* بەڵام ئێستا بەرەی شەڕەكە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئێران زۆر فراوان بووە، هەروەها رووسیا وەك دەبینین هاتۆتە ناو پرسی سووریاوە، ئایا تاچەند ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی ئێران دەشكێتەوە؟
- ئێران لەیەك كاتدا لە كۆمەڵێك بەرە شەڕ دەكات و كۆمەڵێك سیاسەت پێكەوە بەڕێوەدەبات، بەڵام وەك سەیر دەكەین ئێران لەناو ئەم هاوكێشەیە لە پاشەكشەدایە. هەر بۆ نموونە ئێران دەستی لە یەمەن وەردا، ئایا سەركەوتوو بوو؟ بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودیە دروست بوو. پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەمریكا و ناتۆ پشتگیری سعودیەیان نەكردایە، سعودیە لە یەمەن شەڕی ئێرانی دەكرد؟ بێگومان نەخێر، دەستێوەردانی گەورەی ئێران لە سووریا بووە هۆی هاتنی رووسیا، ئەمەش هەوڵێكە بۆ ئەوەی سووریاش لە دەستی ئێران دەربهێنن، لە عێراقیش دوای لابردنی مالیكی و هێنانی عەبادی، هەموو هەوڵی ئەمریكا بۆ ئەوەیە عێراقیش لە دەستی ئێران دەربهێنێت، ئێران خۆیشی هەست بەم راستییانە دەكات، بۆیە ئێستا بەرامبەر ئێمە كەوتۆتە دەستێوەردان لە رێگەی چەند حزبێكەوە و هانیان دەدا دژایەتی مسعود بارزانی بكەن، وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، مەبەستێتی ئامانجی مسعود بارزانی كە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە رابگرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئەم دژایەتییە دەبێتە هۆكاری ئەوەی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان خێراتر بێت، چونكە ئەم دژایەتیكردنە، شەڕكردنە لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی .
* ئەم وەرچەرخانە گەورەیەی ئەمڕۆ سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەیبینین، لەو بڕیارەوە سەرچاوە دەگرێت كە رۆژی 3ی ئابی 2014 سەرۆك بارزانی بۆ شەڕی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش رایگەیاند، ئایا تاچەند ئەو بڕیارەی سەرۆك بارزانی، وێنەی كوردستانی لەبەر چاوی جیهان گۆڕی؟
- ئەم بڕیارەی سەرۆك مسعود بارزانی گۆڕانكاریەكی زۆر گەورەی دروست كرد، راستە پێش ئەم رووداوەش ئێمە مافی خۆمان بوو، دەوڵەتمان هەبێت، بەڵام دەركەوتنی داعش و هێرشكردنیان بۆ سەر كوردستان و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی، بووە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە مسعود بارزانی ئاواتی میللەتەكەی پیشانی جیهان بداتەوە، سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بە سەرۆكایەتی بارزانی، وایكرد مسعود بارزانی ببێتە یەكەمین كەسایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هاوشانی سەلاحەدینی ئەیووبی جیهان سەیری بكات و رێزی لێبگرن. كاتێك مسعود بارزانی چووە فاتیكان و سەردانی پاپای كرد، بە درێژایی مێژووی ئایینی كاسۆلیكی، هیچ كاتێك پاپای فاتیكان بەو ئاستە بەرزە پێشوازی لە هیچ سەركردەیەكی موسڵمان نەكردووە، وەك ئەو پێشوازییەی لە مسعود بارزانی كرد، ئەمەش لەبەر ئەوەیە فاتیكان و تەواوی دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا بەچاوی سەلاحەدینی ئەیووبی سەیری مسعود بارزانی دەكەن، ئەوەشی كە ئێستا بۆ كورد و كوردستان باسی لێوە دەكرێت، هەمووی لە سایەی لۆژیك و سەركردایەتی مسعود بارزانی-یە، لێرەوە گرنگە راشكاوانە بە عەرەب و تورك و فارس بڵێین: ئێوە خۆشەویست و برای ئێمەن، بەڵام ئێمە كۆیلە و بەندەی ئێوە نین، ئێوە دەتانەوێت كورد خزمەتكاری ئێوە بێت، بەڵام ئەو سەردەمە بەسەرچوو، ئێستا ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ دەوڵەتی كوردستان هاوسێیەكی باش بن.
* ئەوەی زیاتر هەڵوەستەت لەسەر كرد خوێندنەوەی هاوكێشەكە بوو لە سەر ئاستی ئیقلیمی و جیهان، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش، گێچەڵێكی گەورە بە سەرۆك بارزانی دەگێڕن و هەموو كێشەكانی كوردستان كراوە بە دژایەتی سەرۆك بارزانی، ئایا ئەم شاڵاوە گەورەیەی ئەو سێ حزبە بۆ سەر بارزانی چۆن دەخوێننەوە؟
- بە بڕوای من ئەمە هەمان سیناریۆی ساڵی 1964ـە كە دژی مستەفا بارزانی پیادە كرا، لە ساڵی 1964 مستەفا بارزانی لە سەر داوای یەكێتیی سۆڤیەت شەڕی لە دژی حكومەتەكەی عەبدولسەلام عارف راگرت، بۆ ئەوەی بە پشتگیری سۆڤیەت باس لە چارەسەركردنی كێشەی كورد بكرێت، بەڵام ئەو كاتیش ئێران رازی نەبوو، بۆیە كەوتە دەستێوەردان بۆ ئەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دژی بارزانی رابوەستن و بڵێن بارزانی كوردستانی بە سێو و پڕتەقاڵ فرۆشتووە، بۆیە ئێران هانی باڵی مەكتەبی سیاسی دا لە ماوەت كۆنگرە بكەن و لە كۆنگرەكە بەیانێك دەربكەن كە مستەفا بارزانی سەرۆك نییە. بە هەرحاڵ مستەفا بارزانی بەسەر ئەو پیلانە سەركەوت و پاشانیش دەركەوت كێ كوردستانی بە سێو و پڕتەقاڵ فرۆشتووە. بێگومان ئەمە پیشەی هەموو دەوڵەتانی داگیركاری كوردستانە، سووریاش پشتی پەكەكەی گرتووە و هێنایە سەرمان و شەڕی پێ فرۆشتین، ئەمە سیاسەتی داگیركارانی كوردستانە و كۆتایی پێ نایەت. لە ئێستاشدا ئێران بە هەمان شێوە پشتی جوامێرەكانی ئەو حزبانەی گرتووە بۆ ئەوەی دژی مسعود بارزانی رابوەستن، هەر بۆ نموونە پەكەكە دەیگوت من سنووری هەر چوار پارچەی كوردستان هەڵدەگرم و باوەرم پێی نییە، كەچی ئێستا دەڵێت من دەوڵەتی كوردستانم ناوێت، بەشێك لە لایەنەكانی باشووری كوردستانیش بە ئاشكرا دەڵێن مانەوەمان لەگەڵ عێراق پێ باشترە، وەك لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان! پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەمە قسەی ئەو حزبانەیە، قسەی هەوادار و لایەنگیرەكانیانە؟ بێگومان نەخێر، ئەمە ئێران پێیان دەڵێت وابڵێن. بۆیە دەبێت لە هەست و نەستی میللەتی خۆمان تێبگەین، هەر لە ساڵی 1880ـەوە خواستی دەوڵەتی كوردستان ئاواتی هەر رۆڵەیەكی ئێمەیە، تاكەكانی كوردستان دەوڵەتی كوردستان بە مافی خۆیان دەزانن، بۆیە ئەوەی كە دەڵێت دەوڵەتی كوردستانمان ناوێت، ئەوە قسەی دەوڵەتێكی دیكەیە و ئەوان بە وەكالەت دەیڵێنەوە. با زۆر وردتر لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بكەین، بۆچی هەتا پرۆسەی دەوڵەتی كوردستان نەگەیشتە ئەوەی كاری عەمەلی بۆ بكرێت، هیچ كام لەو حزبانە دژی مسعود بارزانی نەبوون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاشكرایە و هەموو كەس دەزانێت هیچ كام لە جوامێرانی سەركردەی ئەو حزبانە دژی شەخسی مسعود بارزانی نین، ئەوان قەت دژی مسعود بارزانی نەبوون، بەڵكو ئەوان دژی خواست و ئامانجی مسعود بارزانین كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، هەر بۆ مێژوو، ئێران پێشنیاری كرد، فەرموون دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنن بە رۆژئاواشەوە، بەڵام بەمەرجی دەست لە ئەمریكا و هاوپەیمانان بەربدەن، بەڵام ئایا دەكرێت دەست لە ئەمریكا و هاوپەیمانان بەربدەین و تەنیا پشت بە ئێران ببەستین؟ بێگومان ناكرێت، بۆیە دەبێت ئەم راستییانە بە میللەتی خۆمان بڵێین.
* زۆر لەسەر ئەوە هەڵوەستت كرد لە ئێستادا مسعود بارزانی واتە دەوڵەتی كوردستان، لەبەرامبەردا هەموو هەوڵی ئێرانیش بۆ رێگرتنە لەو دەوڵەتە، ئایا چۆن ئیدارەی ئەم تەنگژە دروستكراوە دەكرێت؟
- هەوڵەكان ئاشكران، هەر بۆ نموونە لە 23ی حوزەیران سەرۆكی پەرلەمان هەوڵیدا كودەتایەك بكات و بینیشمان كێ لەناو هۆڵی پەرلەمان دانیشتبوو، بەڵام ئەوە بوو لە 19ی ئاب شكستیان هێنا، پەكەكە هەوڵیدا كانتۆنی شەنگال رابگەیەنێت، بەڵام بەم راگەیاندنە گەورەترین خزمەتی بە ئامانجی دەوڵەتی كوردستان كرد، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا دروستكرا، بۆیە ئەگەر بیانەوێت كانتۆنی سلێمانیش رابگەیەنین، ئەوا گومانی تیدا نییە كورد كۆماری كوردستان لە مهابادیش رادەگەیەنن، هەر بۆیە ئەم هاوكێشەیە پەل و پۆی زۆرە. ئێستا 63 دەوڵەت پشتگیری كوردستان و مسعود بارزانی دەكەن، ئێران ناتوانێت بەهێزی سەربازی رووبەڕووی ئەم پرسە بێتەوە، لە بەرامبەریشدا مسعود بارزانی نایەوێت ئەم پرسە بە شەڕ یەكلایی بكاتەوە، ئەو دەیەوێت لە چوارچێوەی دیموكراتی ئیدارەی ئەم تەنگژەیە بكرێت و گەلی كوردستان ئەم پرسە یەكلایی بكەنەوە. هەر ئەم رێگەیەش سەردەكەوێت و لە هەموو وڵاتانی دیموكراتیش گەل سەرچاوەی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانە.
* بەڵام لە بەرامبەر ئەمە سێ لایەنی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی، سوورن لە سەر ئەوەی سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و تەنیا سەرۆكیكی رەمزی و تەشریفاتی بێت و هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت، ئایا ئەمە چۆن دەگاتە چارەسەر؟
- ئەم داوایە داوای ئەو سێ حزبە جوامێرە نییە، ئەوە داوای ئێرانە، كە دەڵێن دەوڵەتمان ناوێت، ئەوەش قسەی ئەوان نییە، قسەی ئێرانە، ئەم قسەیە هەمان قسەی ئێران نییە كە دەڵێت: ئێمە بە هەر شێوە و رێگەیەك بێت نایەڵین سووریا و عێراق پارچە پارچە بێت. باشە با لە خۆمان بپرسین چ شتێك سووریا و عێراق پارچە پارچە دەكات؟ بێگومان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، دیارە دەوڵەتی كوردستانیش واتە مسعود بارزانی، بۆیە هەموو شەڕەكە هاتۆتە سەر ناوی مسعود بارزانی. ئەوجا كاتێك دەڵێن با سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەمەش خواستی ئەو حزبە جوامێرانە نییە، بەڵكو ئەوەش خواستی ئێرانە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئێران دەوڵەتە و ئیمكانییەتی هەیە و دەتوانێت چەند ئەندام پەرلەمانێك، یان فراكسێۆنی حزبێك و دووان بكڕێت، بەڵام ناتوانیت هەموو گەلی كوردستان بكڕێت، بۆیە لەم ئاستەدا راگەیاندنی ئێمە لە ئاستی پێویست نەبووە، دەبێت لە ئەمڕۆوە راستییەكان بە گەلی خۆمان بڵێین. پێویستە پرسیار لە میللەت بكەین و گەل چی بڕیار بدات، ئێمە پێی رازی بین و بە ئێرانیش بڵێین ئێوەش بە بڕیاری گەلەكەمان رازی بن. چۆن دەكرێت چارەنووسی خۆمان تەسلیمی دەوڵەتێك بكەین كە بە ئاشكرا دەڵێت من دژی دەوڵەتی كوردستانم؟ ئایا دەكرێت چارەنووسی خۆمان تەسلیمی ئەو حزبانە بكەین كە بەهاندانی ئەو دەوڵەتە دژی دەوڵەتی كوردستان رابوەستن؟ بێگومان ئەمە هەڵەیەكی زۆر زۆر گەورەیە. لەناو ئەو حزبانە جوامێری وا هەیە چووە داوای لە نوری مالیكی كردووە مووچەی فەرمانبەران و خەڵكی هەژاری كوردستان ببڕن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دروست بێت، ئایا دەكرێت چارەنووسی خۆمان بدەینە دەست ئەو جوامێرانە؟ بە داخەوە ئەم گێچەڵە بە مسعود بارزانی دەگێڕن، بەڵام هەموو ئەم گێچەڵانە نیشانەی سەركەوتنی بارزانی-ن لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا.
* ئەگەر هەندێك هەڵوەستە لە سەر رۆژئاوا بكەین، ئەوە هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا دروست بووە و بەنیازن بگەڕێنەوە، بە ئامادەبوونی مسعود بارزانی ئەمریكا ئامادەیە هاوكاریی رۆژئاوا بكات. پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێت لە پرسی رۆژئاواشدا مسعود بارزانی ئامادەبوونی هەبێت؟
- پێشتر ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو ستوونی هەبوو كە بریتی بوون لە ئیسڕائیل و توركیا، بەڵام ئێستا ئەو دوو ستوونە بوونەتە ئیسڕائیل و مسعود بارزانی، لە داهاتووشدا ئەم دوو ستوونە دەبنە ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆسێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەسلیمی ئەم دوو ستوونە دەكرێن، لەئێستاشدا دۆسێی باشوور و رۆژئاوای كوردستان تەسلیمی مسعود بارزانی كراوە، ئەمەش سیاسەتی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆشە، بۆیە ئەوان یارمەتی هەر لایەك بدەن، دەبێت لە ژێر سێبەری مسعود بارزانی دا بێت، ئەمە لەلایەن ئەمریكاوە بە رۆژئاواش گوتراوە، هەرچیتان دەوێت ئێمە ئامادەین هاوكاریتان بكەین بە مەرجێ بە رێگەی مسعود بارزانی بێت. ئاواتی ئێمە ئەوەیە چیتر پەیەدە و پەكەكە پشت بە دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان نەبەستن، لەبەر ئەوەی ئەو زەمانە بەسەر چوو پێویستمان بەو دەوڵەتانە بێت. ئەمریكا خۆی دەڵێت چی داوادەكەن بە سەر چاو، بە مەرجێك لە رێگەی مسعود بارزانی-ـەوە بێت، پرۆژەیەكی ئەمریكی بۆ رۆژئاوا هەیە، دەیەوێت كوردستان بگاتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی چیتر ئەمریكا و ئیسڕائیل متمانەی جارانیان بە توركیا نەماوە، بۆیە ئەگەر پەكەكە و پەیەدە رازی بن برا و عەزیزی ئێمەن، لەبەر ئەوەی ئەمریكا لە هەوڵی ئەوەدایە پەیەدە و پەكەكە واز لە سووریا و ئێران بهێنن، بەڵام لە ئێستا تەڵەیەك بۆ پەكەكە نراوەتەوە، پەكەكە خۆی تووشی شەڕێك كردووە كە پێویستی پێی نەبوو. ئەو 80 پەرلەمانتارەی لەناو پەرلەمانی توركیا هەبوون، ئەمریكا و ئەوروپا و كوردیش پشتیوانی ئەوان بوون، بەڵام ئێران نەیویست كورد لە توركیا سەربكەوێت و هەوڵیدا جارێكی دیكە بكەوێتەوە بەردەستی توركیا. دوای ئەم شەڕە ئەردۆگان دەڵێت: پەكەكە حزبێكی تیرۆریستە، لە كاتیكدا ئەگەر پەكەكە ئەم شەڕەی نەكردایە، ئەوا زۆر نزیك بوو لە سەر هەڵوێستی ساڵی 2014ی توركیا بەرامبەر داعش، دەوڵەتانی ناتۆ چاو بخشێننەوە بە ئەندامیەتی توركیا لە ناتۆدا.
* لەلایەكی دیكەوە توركیا نیگەرانە لەوەی كە ئەمریكا پەیەدە بە تیرۆریست نازانێت و بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، ساڵح موسلیم دەبینێت. ئایا كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەمریكا كوردی لە توركیا لا گرنگتر بێت؟
- من پێشتر ئاماژەم بەوە كرد، ئێستا دوو ستوونەكەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسڕائیل و كوردە، پێشتر ئیسڕائیل و توركیا بوو. توركیا دەوڵەتێكی گەورەیە و لەمە تێدەگات و ئەوەش دەزانێت، بەڵام ئاقڵانە رەفتار دەكات. هەر بۆ نموونە لە 2003 رایگەیاند، ئەمریكا بێتە ناو عێراقەوە دەوڵەتی كوردستان دروست دەبێت، بۆیە زیانی 30 ملیار دۆلار و هاوپەیمانی 53 ساڵی كرد بە قوربانی بۆ ئەوەی ئەمریكا لە توركیاوە نەیەتە ناو عێراقەوە. هەروەها دۆستایەتی و هاوپەیمانیی توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1834، ئەمڕۆ بۆ سیاسەتی ئەڵمانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كورد جێگەی ئەو هاوپەیمانییەی بۆ ئەڵمانیا گرتۆتەوە. ئەمریكا هەر لەو روانگەیەوە پرۆژەی ئەوەی هەیە كە دەوڵەتی كوردستان دەبێت بگاتە دەریای سپی ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی توركیا لەوانەیە رۆژێك رێگە نەدات نەوتی كوردستان بە رێگەی توركیا هەناردە بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بۆچوونی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان بەرامبەر كورد ناگۆڕێت. وەزیری دادی توركیا لە ساڵی 1934 گوتوویەتی: كورد تەنها یەك مافی لە توركیا هەیە، ئەو مافەش ئەوەیە كۆیلە بێت، ئەمڕۆش هەر بە هەمان چاو سەیری كورد دەكەن، بەڵام بەم سیاسەتەیان خزمەتی ئێمە دەكەن، ئەگەر پەكەكە هەندێك ئاقڵانە بیری بكردایەتەوە ئێستا شوێنی توركیا لە ناتۆ لەق بووبوو، ئێرانیش ئەم راستییە دەزانێت، دەزانن چارەنووسی ئەم ناوچەیە دەكەوێتە دەستی كورد. بەری چەند رۆژێك ئێران نوێنەری خۆی رەوانەی توركیا كردبوو و پێی راگەیاندبوون، ئەگەر ئێمە دژی دەوڵەتی كوردستان رانەوەستین، ئێران و توركیاش پارچەپارچە دەبن، لەم پرسەدا توركیا زیرەكە دەزانێت ناتوانێت بەرامبەری رابوەستێت، بەڵام ئێران پەكەكە بەكاردەهێنێت، خەڵك دەبێت لەم واقیعە تازەیە تێبگات، ئەڵمانیا كە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە گەمارۆی ئەوەی لەسەر بووە نابێت چەك بنێرێتە دەرەوە، بۆ یارمەتی هێزی پێشمەرگە، دەستووری خۆیان هەموار كرد، تەنیا بۆ ئەوەی چەك بنێرن بۆ پێشمەرگە، لەسەر ئەم پرسە توركیا داوای لە ئەڵمانیا كرد چەك نەدەنە پێشمەرگە لەبەر ئەوەی دەكەوێتە دەستی پەكەكە، سەیر بكەن، پەكەكەش بە هاندانی ئێران لە رێگەی چەند ئەندام پەرلەمانێكی كوردەوە دوای كرد چەك بە پێشمەرگە نەدرێ، لەبەر ئەوەی دەكەوێتە دەستی داعش، بەڵام ئەڵمانیا هەر چەكی نارد، لە ئێستاشدا كە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دەستی پێكردووە، پاڵێوراوی كۆمارییەكان دەڵێت، من نەك هەر دەخوازم دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت، بەڵكو دەخوازم دەوڵەتی كوردستان لە توركیاش دابمەزرێت.
* ئەوەی ئێستا جیهان بەسەرسوڕمانەوە سەیری دەكات، ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگەیە كە بە سەركردایەتی سەرۆك بارزانی بەدەست هاتوون، ئایا بۆچی تەنیا پێشمەرگە توانی ئەو سەركەوتنە مەزنانە تۆمار بكات؟
- هیچ سەربازێك لە ناو سوپای وڵاتانی عەرەب نییە بتوانێت قارەمانانە شەڕ بكات، لەبەر ئەوەی سەربازەكان ئازاد نین، بەڵام پێشمەرگە لەو رۆژەوەی دروست بووە، ئازاد بووە، بۆیە هیچ كاتێك سوپایەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست نابێت هاوتای پێشمەرگە بێت، ئەمە وایكردووە پێشمەرگە خاوەنی كەسایەتیی تایبەتی خۆی بێت و لە پێناوی ئەو كەسایەتییەی خۆی بەوجۆرە شەڕ دەكات. هێزی مرۆڤ لە ئازادیدا دەردەكەوێت، بەڵام لە بەر ئەوەی هیچ مرۆڤێك لە رۆژهەڵات ئازاد نییە، ئەوا ئازایەتییەكەشیان دەرناكەوێت. قەت بیستووتانە پێشمەرگە دەستدرێژی بكاتە سەر خەڵكی سڤیل و بێتاوان؟ مستەفا بارزانی هەموو كات دەیگوت: من خزمەتكاری میللەتی خۆمم، بە پێشمەرگەی دەگوت: ئێوە خزمەتكاری كوردن. لێرە بەسەرهاتێك دەگێڕمەوە: لە ساڵی 1967 هاتنە لای بارزانی و پێیان گوت: حەزدەكەین هێزێكی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی ئیدریس بارزانی بنێریت بۆ شەڕی عەرەب – ئیسڕائیل، جەنابی بارزانی پێی گوتن: ئەوانەی لەو سەنگەرەن، كورد دەبینین و باوەڕیان بە مافی كورد هەیە. بۆیە من پێشمەرگە نانێرم، بەڵام شەڕ رادەگرم بۆ ئەوەی نەڵێن مەلا مستەفا شەڕی رانەگرت. ئەمەی بە عێراق وت. پاشان سەبارەت بە شەڕەكە وتیان ئێمە ئەو چەكەمان نییە كە ئیسڕائیل هەیەتی. لەوەڵامدا بارزانی پێی گوتن: گرنگ ئەو چەكی نییە بە دەستەوەیە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كێ لە پشت ئەو چەكەوەیە. هەروەها پێی گوتن: ئێستا ئێمە بچین بەو چەكەی لە بەر دەستمانە بە تەلگراف سەركەوتنەكانی خۆمانتان پێ رادەگەیەنین.
ئەوەی جەنابی بارزانیی نەمر گوتوویەتی ئەو پەڕی راستییە، لەبەر ئەوەی ئازایەتی پێشمەرگە نیشانەی ئازادبوون و ئازادییە، بەڵام لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادی و مافی مرۆڤ بوونی نییە، بۆیە لە شەڕەكانیشدا لەبەر داعش خۆیان ناگرن.
* ئەگەر لە روانگەیەكی دیكەوە سەیری سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بكەین، دەبینین ئەم سەركەوتنانە هاوسەنگی گێڕایەوە بۆ نێو هاوپەیمانی دژەتیرۆر، ئەوەی توانی ئەم هاوسەنگییە بگێڕێتەوە و ئەفسانەی داعش بەتاڵ بكاتەوە، هێزی پێشمەرگە بوو بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی، ئایا راستكردنەوە، یان گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بەرەی دژەتیرۆر شایەنی ئەوە نییە رۆژێك لە رۆژان خەڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی بە مسعود بارزانی بدریت؟
- نەك رۆژێك لە رۆژان، بەڵكو ئەم پرسە لە بەرنامەی ئەواندایە، من دڵنیام و تەواویش قەناعەتم بەم بۆچوونەی خۆم هەیە كە لەسەداسەد یەكەمین كەس كە لە دوای سادات و بیگن خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی پێدەدرێت، مسعود بارزانی-یە، مسعود بارزانی یەكێكە لە پاڵێوراوانی خەڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی، بڕوا بكەن چۆن دەوڵەتی كوردستان لە دروشمەوە بووە راستی، ئەمەش دەبێتە راستی و ئێستا مسعود بارزانی یەكەمین و گەورەترین پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی. ئەمەش نەك مسعود بارزانی وەك سیمبول و رەمزی كورد، بەڵكو مسعود بارزانی وەك سیمبولی ئاشتی و پێكەوە ژیان و لێبووردەیی و چارەسەری پرسی نەتەوەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر وەك چۆن پێشمەرگە لە چاوی جیهاندا تەنیا بۆ كورد شەڕ ناكەن، بەڵكو شەڕ بۆ كەرامەت و سەربەرزیی مرۆڤایەتی دەكەن.
* ئەگەر دوایین پرسیارمان پرسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خەڵك و حزبەكانی كوردستان بێت، ئێوە دەزانن، هەموو خەمی مستەفا بارزانی ئەوە بوو كورد یەكڕیز بێت، لە ئێستاشدا مسعود بارزانی هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە، بەڵام واقیعەكە شتێكی دیكە دەڵێت، ئێوە لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- راستییەكی مێژوویی بۆ هەموو نەتەوەكانی جیهان هەیە، ئەویش ئەوەیە هەتا نەتەوە دەوڵەتی نەبێت، یەكگرتوو نابێت، لەناو دەوڵەتدا یەكگرتوویی نەتەوە بەرجەستە دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەتا نەبینە دەوڵەت، ئەوا دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان دەستێوەردان دەكەن و نەتەوەكەمان پارچەپارچە دەكەن، ئەمە بەس بۆ كورد وا نییە، بەڵكو بۆ نەتەوەكانی دیكەش هەر وابووە، ئینگلیز 400 ساڵ لە بندەستی رۆما بووە، ئەڵمانیا هەتا ساڵی 1771 و هەتا راگەیاندنی یەكێتیی ئەڵمانیا 360 میرنشین بووە، بۆیە ئێمەش كە پارچە پارچەین، نابێت گازندەی ئەوە بكەین كە دەوڵەتانی دەوروبەرمان دەستێوەردان دەكەن، توركیا و ئێران لە دوای شەڕی چاڵدیرانەوە لە ساڵی 1514 دەستێوەردانیان كردووە. بۆیە من ناهەقی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان ناگرم كە دەستێوەردان دەكەن و دەیانەوێت كورد یەكگرتوو نەبێت، بەڵام دڵم بۆ ئەو حزبانە دەسووتێت كە شەڕی بە وەكالەت بۆ دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان دەكەن، لە ئێستاشدا ئاراستەی واقیعەكە دەركەوتووە و روون و ئاشكرایە دەبێت كاتێك سەیری ئەم واقیعە دەكەین لەوە تێبگەین بەرەو كام ئاراستە دەچین و ئەوەشی دژی ئەم ئاراستەیە رابوەستێت، دەبێت بزانێت ئاكامی بە كوێ دەگات.
Top