شاڵاوی پەنابەران بۆ ئەوروپا كارەساتێكی گەورەیە و دەبێت بەووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت

شاڵاوی پەنابەران بۆ ئەوروپا كارەساتێكی گەورەیە و دەبێت بەووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت
پیتەر كراوس، پرۆفیسۆری زانستی سیاسییە (سیاسەتی بەراوردكاری) و بەڕێوبەری سەنتەری توێژینەوەی كەنەدییە، وانەبێژە لە بەشی فەلسەفە و زانستە كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی ئۆگسبێرگ. خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە و تێزی دكتۆراكەش لەبارەی كۆمەڵگە فرە نەتەوەكان، دەوڵەت و دیموكراسی و مۆدێلی پێكهاتە خۆبەڕێوەبەرەكانی ئیسپانییەوەیە. توێژەری بوارەكانی دیموكراسییە مۆدێرنەكان و تیوری دیموكراسی، ناسیۆنالیزم و هاووڵاتیبون و كۆچ و پێوەندییە ئیتنیەكان و زمان و ناسنامەیە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداوە بۆ زانینی تێڕوانینەكانی لەبارەی ڕەوشی ئالۆز و پڕ لە تەنگژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەمساردی هێزە گەورەكان و دەرئەنجامی ئەو شەڕ و ئاژاوەیە لەم ناوچەیەدا بەرپا بووە لەسەر جیهان و وڵاتانی ئەوروپا، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
پرۆفیسۆر پیتەر كراوس له زانكۆی ئۆگسبێرگ بۆ گوڵان:شاڵاوی پەنابەران بۆ ئەوروپا كارەساتێكی گەورەیە و دەبێت بەووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت



* ئاشتی و ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانرێت لە ئاشتی و ئارامی نێودەوڵەتی داببڕێت لەبەرئەوەی ئەوانیش بەشێکن لە جیهان، بەڵام بۆچی ئەمە لە لایەن زلهێزەکانەوە لەبەرچاو نەگیراوە و بەرپرسیاریەتی ئەمەیان نەگرتووەتە ئەستۆ، پێت وانییە کە دەبێت پابەندی ئیلتیزامەکانیان بن و بگەن بە چارەسەرێکی هاوبەش؟
- بەلای منەوە ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە كە هەریەکێک وەڵامێکی باشی هەیە –بۆ ئەم پرسیارە-، بەڵام دەبێت بزانین کە بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز بووە، بە مانایەک ئەوەی روودەدات لە ناوچەکەدا کاردانەوەی تەنها ستراتیژێک نییە و شکستی بەرپرسیاریەتییە و دەرئەنجامی دەستێوەردانی نێودەوڵەتییە لە ئەفغانستان و عێراق و کاردانەوەی ستراتیژی روسیایە لەڕێی ئەسەدەوە لە سوریا. بەبێ ئەو دەستێوەردانانە دۆزینەوەی چارەسەرێک زۆر ئاسانترە. بۆیە ئەوەی پێویستە جۆرێك لە ماستەرپلانە کە هەرکەسێک تیایدا هەستبکات بەرپرسیارە، دەتوانم ئەوە ببینم کە لە داهاتودا ڕودەدات.
* کاتێک بارودۆخەکە خراپتر دەبیت و زلهێزەکان دەستێوەردان ناکەن، ئەوا کێشەی زیاتریان بۆ دروستدەبێت، بۆیە بەهۆی بێ تواناییان لە چارەسەری کێشەکان، زلهێزەکان دەبێت لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەو کێشانەدا مامەڵە بکەن، بۆ نموونە لە ئێستادا چوونی پەنابەرێکی زۆر بۆ ئەوروپا بەڕاستی بووەتە کێشە. پێت وانییە کە دەبێت دان بەوەدا بنێین ئەمە دەرئەنجامی بێهێزییانە؟
- پێم وایە ئەمە نموونەیەکی جیاوازە، لەبەرئەوەی یەکێتی ئەوروپا هێزێکی ئابووری زەبەلاحە. ئەگەر لەهەمان کاتدا نەیتوانیوە پەرە بە سیاسەتێکی دەرەکی یەکگرتووی خۆی بدات، لەبەرئەوەیە زۆر بەرژەوەندی جیاواز لەناو ئەوروپادا هەیە و بە دڵنیاییەوە مایەی گاڵتەجاڕیە بۆ ئەوروپا کە فەرامۆشی دەرئەنجامەکانی سیاسەتی خۆی کردووە لە ناوچەیەکدا کە زۆر نزیکە لێیەوە لەڕووی جوگرافییەوە، بۆیە کێشەی پەنابەران، لەزۆر ڕووەوە، کاریگەری شکستی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپایە لەناوچەکەی خۆیدا، بۆیە پێم وایە یەکێتی ئەوروپا پێویستە زۆر جددی بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەدا، بەڵام وەک دەبینی بەرژەوە ندی جیاواز لەناو یەکێتی ئەوروپادا هەیە و دابڕانێک لەنێوان باکور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواد هەیە و ئەڵمانیا ئەوەندە بەهێز نییە کە خۆی ئازاد بکا و دووبارە ئەمە شکستە و دەرئەنجامی نەبوونی هەڵوێستی کرداریە و خراپتریش دەبێت گەر هەڵوێست نەنوێنن.
* چوونی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک بەیەکەوە بۆ ئەوروپا ئەو پەیامە دەگەیەنێت بە رۆژئاوا کە ئەو خەڵکە ئامادەن بمرن بەڵام ژیان لەژێر دەستی تیرۆریستان و دیکتاتۆرەکاندا بەسەرنابەن، لەلایەکی ترەوە ئەمە دەرئەنجامی سیاسەتی زلهێزەکانە کە ناوچەیەکی ئارامیان بۆ تیرۆریستان و دیکتاتۆران درووستکردووە و ناتوانن دەستێوەردان بکەن و کێشەکە چارەسەر بکەن، ڕای ئێوە لەسەر ئەمە چییە؟
- پێویستە زۆر وریا بین لەبەرئەوەی ناتوانم بڵێم من شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستم. بۆیە پێم وایە هەر وڵاتێک بەتەنها وەک سوریا، تورکیا، ئێران، عێڕاق، یەمەن، سعودیە شایەنی شیکاری خۆیەتی، بەڵام ئەوەی تەواو روونە ئەوەیە—پێم وایە شیکاریەکەت تەواو ڕاستە—کە شێوازی هەلپەرستانەی زلهێزەکان وەک ئەمریکا و روسیا و یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و تاد، بووەتە هۆی خوڵقانی بارودۆخێک کە زۆرقورسە بگەن بە هەر جۆرێک لە ڕێکەوتن و پلانێکی دەسپێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بوارەکانی مەسەلەکەدا. لەلایەکەوە ڕۆژئاوا لەگەڵ قاعیدە شەڕدەکات و لەلایەکی تریشەوە پاڵپشتی سعودیە دەکات، ئەمە سیاسەتێکی هاوئاهەنگ نییە و کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات، بۆیە پێم وایە باسکردنی ئەم مەسەلە گەورانە بێسوودە، لەبەرئەوەی بەچەند هەفتەیەک چارەسەر ناکرێت و باس لە مەسەلە بەرجەستەکانی قەیرانی پەنابەران و شکستی یەکێتی ئەوروپا لەمامەڵە کردن لەگەڵیدا بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە بکەین کەبەبەراورد گرفتێکی لاوەکییە، ئەوەی ئێستا لەئەوروپادا روودەدات بەپێی هەموو بۆچوونەکان تراژیدیایەکە و لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا زیانی خراپی لێکەوتووەتەوە، بۆیە پێویستە بەوریایەوە لەگەڵ ئەمەدا مامەڵەبکرێت.
* لە ناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکات و توانیویەتی شکستیان پێبێنێت، دەبینین کە زلهێزەکان زیاتر بایەخ بە هێشتنەوەی سەروەری دەوڵەتە شکستخواردووەکان دەدەن لەسەر حیسابی ئەم ناوچە سەقامگیرە. بەڕای تۆ کامیان گرنگترن تێکشکانی تیرۆریستان یان پاراستنی سەروەریی دەوڵەتە شکستخواردووەکان لە ناوچەکەدا؟
- بەدڵنیاییەوە کورد دەرکەوتووترین نمونەی هێزی ڕۆژئاوان لەناوچەکەدا. گەر باس لەهەرێمی کوردستان بکەین، ئەوا پێم وایە باس لە ڕاستییەک دەکەین لەو بەشەی عێڕاقدا کە هێزە کوردییەکان کۆنتڕۆڵیان کردووە، سەقامگیری دەبینین و ئەو شێوازەی کە یارمەتی پێشمەرگەی پێدەدرێت لەلایەن رۆژئاواوە شتێکی نوێیە و لەهەمانکاتدا مەسەلەی کوردستان کە تەنها لەعێڕاقدا نییە و درێژبووەتەوە بۆ تورکیا و ئێران و سوریا زۆر پرسیاری دروست كردووە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژئاوا و مەسەلەیەکی گەورەیە بەنسبەت وڵاتە یەکگرتووەکان و ناتۆوە، بۆیە پێم وایە تەنها ڕێگەیەکی ڕەش و سپی نییەو پێویستە بیر لەوە بکرێتەو چی ڕوودەدات و ئێستا تورکیا ئەوە دەکات کەدەیەوێت لە کوردستانی تورکیادا، بۆیە وڵاتە یەکگرتووەکان دووبارە دەبێت بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە بایەخ بەوەش بدات.
* لەڕوی بڕیاردانەوە، دەبینین قەیرانی سەرکردایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە و ئەم قەیرانەش ڕەنگە فاکتەرێکی بەشدار بێت لە بەردەوامبوونی نەهامەتیەکان لە جیهاندا بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی. چی بکرێت بۆ ئەوەی کێشەکان بۆ وڵاتانی تر نەگوازرێنەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێن؟
- دوبارە بارودۆخەکە هەر ئاڵۆز نییە و لەهەمانکاتدا دژواریش بووە، تەنها قەیرانی سەرکردایەتی نییە لە یەکێتی ئەوروپادا کە ئێستا بەهۆی قەیرانی پەنابەرانەوە زیاتر بووە، بەڵکو ناکۆکیەکی بەرچاو هەیە لەسەر ئەوەی مەسەلە چۆن بێت و دووبارە کێشەکان هەر لەسەر مەسەلەی پەنابەران نییە و بەڵکو کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاش هەیە و لەڕاستیدا ئەوەی ڕودەدات کێبەڕكێیە لەسەر ئاستی جیاواز. هەزاران خەڵک ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بگەنە شوێنێکی ئارام و زۆریان دەمرن. ئەوروپا دەبێت بتوانێت بەشێوەیەکی باش مامەڵەی لەگەڵدا بکات، پێم وایە لەم ڕووەوە ئەڵمانیا رۆڵێکی باشی گێڕاوە. ئەمە بەردەوام کێشەیەکی گەورەیە و ئەوروپا تا ئێستا نەیتوانیوە پەرە بە سیاسەتێکی باش بدات بۆخۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەدا.
* وەک دەزانی کوردستان ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەرو ئاوارەی ناوخۆیی لەخۆگرتووە لەعێراقدا کە لەناویاندا ٣٠٠ هەزار مەسیحی تێدایە، بۆیە ئەگەر رۆژئاوا یارمەتی زیاتریان بدات، ڕەنگە بیر لە بەجێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەنەوە. لەلایەکی تر هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنها پەنابەری مەسیحی وەردەگرن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ناکۆکییەکی تر لەرووی پێکدادانی شارستانییەکانەوە، چۆن ئەم هاوکێشەیە ڕاڤە دەکەیت؟
- پێم وایە ئەم هاوکێشەیە سادەیە، هاوبەشم لەگەڵ بۆچوونی زۆر کەس لەئەوروپا، بەدڵنیاییەوە ئەوروپا بەتەنها مەسیحی تێدا نییە، ڕەنگە کیشوەرێکی مەسیحی بێت، بەڵام چەندین ئاینی تریشی تێدایەو پێم وایە بێگومان ئێستا ئیسلام ئاینێکی ئەوروپیشە، بۆیە ئەم بۆچوونە لەلایەن حکومەتە ئەوروپیەکانەوە هاوبەشی ناکرێت و بۆنموونە ڕەنگە وترابێت کەتەنها مەسیحی وەردەگرین لەشوێنێک، بەڵام ئەمە ڕێگەیەکی هەڵەیە و پێم وایە ئەگەر پەنابەر بیت، ئەوە مەسەلەیەکی لاوەکیە کە مەسیحی، ئیسلام، سێکیولار یان هەرشتێکی تر بیت لەبەرئەوەی کێشەیەک هەیەو دەبێت بەپێی پێوەرە ئەوروپیەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بەبێ حیسابکردن بۆ ئایین. پێم وانییە ئێستا مەسەلەی مەسیحی و ئیسلام مەسەلەیەکی گەورە بێت لە ناکۆکیەکاندا لە ناوچەکەدا، لەوانەیە لەلایەن هەندێک هێزەوە بەمەبەستی پروپاگەندە بەکاربێت، بەڵام من ئەمە لە لوبنان و تورکیاو سوریا و عێڕاقدا نابینم.
* دوا وتەت چیە؟
زۆربەی خەڵک لە ڕۆژئاوا حەز دەکەن کوردەکان لەعێراقدا بتوانن ئەم ئاشتی و سەقامگیریە بپارێزن و هیوادارم ئەمە بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە و بتوانن هەرێمێکی باش و هاوپەیمانی باش بنیات بنێن و پێم وایە شایەنی ئەوەن، شایەنی ئاشتییەکی درێژخایەن و بەردەوامن و هیوادارم ئەمە بۆ کوردەکانی سوریاش بێتەئاراوە.
Top