كاتێك حزبی سیاسی لە نوێنەرایەتیكردنی خەڵك شكست دەهێنێت زەمینە بۆ ناسەقامگیری سیاسی و گەندەڵی خۆش دەكات

كاتێك حزبی سیاسی لە نوێنەرایەتیكردنی خەڵك شكست دەهێنێت زەمینە بۆ ناسەقامگیری سیاسی و گەندەڵی خۆش دەكات
پرۆفیسۆر ڤێنیتا یاداڤ ئوستادی زانستی سیاسییە لە زانكۆی پێنستەیت و تایبەتمەند لە سیاسەتی بەراوردكاری و ئابوری سیاسیەت و پەرەپێدانی ئابوری و دیزانی دامەزراوەكان، بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵی پارتە سیاسیەكان لە بونیادی دیموكراستی و گرفتی پارتە سیاسیەكان لە پاراستنی دیموكراتی چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی پرۆفیسۆر یاداڤ كرد كە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
پرۆفیسۆر ڤێنیتا یاداڤ پسپۆر لە دیزاینی دامەزراوەكاندا بۆ گوڵان:كاتێك حزبی سیاسی لە نوێنەرایەتیكردنی خەڵك شكست دەهێنێت زەمینە بۆ ناسەقامگیری سیاسی و گەندەڵی خۆش دەكات




* قسەیەكی تەقلیدی هەیە كە دەڵێت دیموكراسی بەبێ حزبی سیاسی بونیاد نانرێت، بەڵام بۆچوونە هاوچەرخەكان ئاماژە بەوە دەكەن دیموكراتی بە حزبە سیاسیەكان ناپارێزرێت، ئایا لەنێوان ئەم دوو بۆچوونە تۆ چۆن سەیری رۆڵی پارتە سیاسیەكان دەكەیت؟
- پارتەكان ڕۆڵێكی گرنگ دەبینین لە دەستەبەركردنی نوێنەرایەتی و بەرپرسیارێتیدا. خۆ ئەگەر هاتوو شكستیان هێنا لە دەستەبەركردنی هەر یەكێك لەو دوو خزمەتگوزارییە بۆ دەنگدەران و لایەنگرەكانیان، ئەوا دیموكراسی دووچاری زیان دەبێتەوە. كاتێك پارتەكان شكست دەهێنن لە نوێنەرایەتیكردنی لایەنگرانیان- ئەمە هەم دەنگدەران و گرووپانەش لە خۆدەگرێت كە گرووپی بەرژەوەندی و تایبەت و ڕێكخراون، وەك كۆمەڵە پیشەسازییەكان، یەكێتییەكانی كار، ڕێكخراوە ناحكومییەكان، و هتد، ئەوا ڕەنگە ئەمە سەربكێشێت بۆ دوورەپەرێزبوونی خەڵك لە پرۆسە سیاسیەكە و چیتر وەك دەنگدەر و وەك سەركردەی ئایندە بەشداری لەو پرۆسەیەدا نەكەن، ئەمەش ئاستی سەركردایەتی سیاسی دادەبەزێنێت، ژینگەیەك دەخوڵقێنێت كە حكومەت و سیاسەتی حكومەت بكەوێتە ژێر دەستی خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتیەكان و هانی گەندەڵیش دەدات. بە دڵنیاییەوە هەموو ئەمانە سەردەكێشن بۆ ئەوەی خەڵكی كەمتر پشتیوانی لە دیموكراسی بكەن.
* ئەمەی تۆ ئاماژەت پێكرد بۆ دیموكراتیە پێگەیشتووەكان، بەڵام ئەگەر سەیری دیموكراتیە تازەكان بكەین، هەست دەكەین بوونی حزبی دیموكراتی خۆی تەنگژەیە و حزبەكان پێویستیان بە وەرچەرخانە، ئایا تاچەند وەرچەرخانی حزب لە نادیموكراتیەوە بۆ دیموكراتی گرنگە؟
- ئەم ئاڵوگۆڕە زۆر گرنگە. رۆڵی پارتەكان لە سیستمێكی دیموكراسی جێگیر و كارامەییەی پێویست بۆ ئەوەی ئەم رۆڵە بە شێوەیەكی كارا بگێڕێت، رۆڵی پارتەكانی موعاڕەزەش لە خۆدەگرێت، هەروەها توانای ئەنجامدانی گفتوگۆ و ڕێككەوتنیش لە خۆدەگرێت لەگەڵ پارتەكانی موعاڕەزەدا بەتایبەتی ئەو ڕێككەوتنانەی ئاوی ڕووی پارتەكانی موعاڕەزە دەپارێزن، هەروەها بە هەندێ دەستكەوتەوە گفتوگۆكان جێدەهێڵن، كەواتە ئەو بڕیارانە بدەن كە باجی كورت مەودا و دەستكەوتی درێژخایەنی لێدەكەوێتەوە، دەستكەوتەكان هەنگاو بە هەنگاو بەدەست بێنن، دان بنێن بە شەرعیەتی گرووپەكانی موعاڕەزە و داخوازییەكانیاندا و... تاد. ئەم بەهرانە كاریگەری بنەڕەتیان هەیە بۆ ئەوەی پارتەكان بتوان بە شێوەیەكی كارا لە چوارچێوەی دیموكراسیەكاندا كار بكەن، بەڵام پارتە شۆرشگێڕییەكان ئەو ئایدۆلۆژیا و ویست و ئەزموونی تاكتیكیان نییە بۆ ئەوەی پەرە بەو خەسڵەتانە بدەن. كەواتە وەرچەرخان لە پارتی شۆرشگێڕییەوە بۆ پارتی دیموكراتی زەڕوڕەتێكە بۆ بەڕێوەچوونی دیموكراسی.
* كاتێك حزبە سیاسیەكان لە ئاست چاوەڕوانیدا نابن و هاووڵاتیان دووچاری بێ متمانەیی دەبن لە ئاست حزبەكاندا، ئایا ئاكامی ئەو بێ متمانەییە چی دەبێت لەسەر پرۆسەی دیموكراتی و پرۆسەی نوێنەرایەتیكردن؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، ئەمە بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ دوورەپەرێزبوونی هاووڵاتیان لە سیاسەت، لەگەڵ ناسەقامگیریەكی سیاسی زیاتر و گەندەڵی زیاتر و پشتیوانیەكی كەمتر بۆ دیموكراسی (وەك فۆرمێكی حكومەت).
* جیا لەمە ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بوونی پارتی ئاینیش كێشەیەكی دیكەیە، ئایا دەكرێت بڵێن پارتی ئایینی ناتوانێت دیموكراتی بونیاد بنێت؟
- هەموو پارتە ئاینیەكان چونیەك نین. هەندێ لە پارتەكان پتر هاوشێوەی پارتە نائاینیەكانن لە ڕووی مومارەسەری ڕێكخراوەیی و تاكتیكە سیاسیەكانیانەوە، هەندێكیان زۆر جیاوازن. ئەمەش گرنگی خۆی هەیە لەبەر ئەوەی كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی چۆن پارتە ئاینیەكان هەڵسوكەوت دەكەن لەگەڵ پارتە نائاینیەكاندا، هەروەها كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی تا چ ڕاددەیەك ئامادەن كاریان لەگەڵدا بكەن و كار لە چوارچێوەی ڕێساكانی سیستمەكەدا بكەن. بۆ نمونە، زۆربەی پارتە ئیسلامیەكان بەڵێنی جێبەجێكردنی شەریعەت دەدەن ئەگەر هاتوو جڵەوی دەسەڵاتیان گرتەدەست. بەڵام كاتێك دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست ئەوا لەسەر ئاستی زۆر جیاواز دەستیان كردوە بە جێبەجێكردنی شەریعەت، ئەویش لە ڕێی گەمەكردن بە وردەكاریەكانی جێبەجێكردنییەوە. بۆ نموونە، هەندێ لە حكومەتە ئیسلامیەكان شەریعەتیان تەبەنی كردووە، بەڵام دەسەڵاتی ڕاڤەكردنیان داوە بە كەسانی تەكنۆكرات نەك زانا ئاینیە موحافیزكارەكان بۆ ئەوەی ئەوە یەكلا بكەنەوە ئایا یاسایەك تەبا و كۆكە لەگەڵ شەریعەتدا یان نا. لێرەدا وا دەردەكەوێت كە پارتە ئاینیەكان، ئیدی ئیسلامی بن، یان هیندوسی یاخود مەسیحی بن، ئەو كاتە ئامادەن بە گرتنەبەری ڕێ و شوێنە دیموكراسیەكان، دیموكراسی لاواز بكەن، كە هەست بكەن پاڵپشتییەكی جەماوەری گەورەیان لێدەكرێت. ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا دەركەوت خاوەنی ئەو پشتیوانییە گەورەیە نین، ئەوا مەیلی گرتنەبەری ڕێوشوێنی نادیموكراتی ناكەن. هەروەها ئەوەی شایستەی سەرنجلێدانە ئەوەیە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی تێیاندا دیموكراسی لە داكشان بێت یان هەرەسهێناندا بووە- بە لای كەمەوە لە دوو دەیەی ڕابردودا- تەنانەت كاتێك پارتە دیكتاتۆرەكانیش بەرپرسیار بوونە، ئەوا خەریكە بڵێین هەرگیز پارتێكی ئاینی نەبوونە (بۆ نموونە لە تایلەند و ئیكوادۆر).
* ئەگەر حزبی دیموكراسی بەهێز بوونی نەبوو، تا چەند زەمینە دروست دەبێت بۆ سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم و نەمانی سەروەری یاسا لە كۆمەڵگەدا؟
- دەبێت زۆر وریا بین و بزانین مەبەستمان چییە كاتێك دەڵێین پارتی «بەهێز». زاناكانی زانستی سیاسەت جیاوازی دەكەن لە نێوان دیسپلینی حزبی و بە بە دامەرزاوەییكردنی حزب. دیسپلینی حزب پەیوەستە بە مەیلی ئەندامانی پارتەكەوە بۆ شوێنكەوتنی فەرمانەكانی سەركردەكانی پارتەكە لە سەروەختی هەڵبژاردن و لە پەرلەماندا، تەنانەت ئەگەر فەرمانەكانی پارتەكە دژی بەرژەوەندیەكانی دەنگدەرەكانیشان بوو. بە دامەزراوەیی كردنی حزب پەیوەستە بەوەی ئایا تا چەند پارتەكە لە ناوخۆدا دیموكراسیە، تا چەند بە ڕایەڵی بەهێز گرێدراوە لەگەڵ ئەو جەماوەری پشتیوانی دەكەن، ئەویش لە رێی ڕێكخراوی جەماوەریی بەهێزەوە، تا چەند پەیوەندی سەقامگیر و بەردەوامی هەیە لەگەڵ دەنگدەرانیش و تا چەند پرۆگرامێك ئایدۆلۆژی ڕوونی هەیە. ئەگەر پارتەكان بە ئاستێكی باڵا بە دامەزراوەیی بكرێن ئەوا ئەمە بەهێزبوونی دیموكراسی لێدەكەوێتەوە، بەڵام ئاستێكی باڵای حزبی دیسپلینكراو لە غیابی حزبی بە دامەزراوەییكراودا بۆی هەیە دیموكراسی لە ناو ببات، لەبەر ئەوەی تۆڕێك لەو خەڵكانە دروست دەكات كە دڵسۆزن بۆ پارتەكانیان بەڵام نەك بە شێوەیەكی شەفاف و بەرپرسانە، یاخود ڕەنگە بە دەم داخوازیەكانی دەنگدەرانەوە نەچێت و لە ئاستیان بەرپرسیار نەبێت. لەم حاڵەتەدا پارتی بەهێز ئاستی نوێنەرایەتی و بەرپرسیارێتی كەم دەكاتەوە و ئاستی گەندەڵی بەرەوژوور دەبات. كەواتە بوونی پارتی سیاسیی بەهێز و بە دامەزراویی كراو شتێكی خوازراوە. بەڵام هێشتا ئێمە توێژینەوە لەسەر ئەوە دەكەین ئایا ئاستێكی باڵای دیسپلین لە نێو پارتەكاندا هەمیشە سەردەكێشێت بۆ نوێنەرایەتی و بەرپرسیارێتی باشتر و بۆ دیموكراسیەتێكی باشتر.
* ئاشكرایە لە سەردەمی شۆڕشی تەكنەلۆجیادا تێكدانی سەقامگیری كۆمەڵگە ئاسانە، بەڵام گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ كۆمەڵگە ئاسان نییە، حزبە سیاسیەكان ئامرازێكی باشن بۆ ناسەقامگیری ئایا چۆن دەتوانرێت حزبەكان بكرێنە ئامرازێك بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ كۆمەڵگە؟
-وەرچەرخان لە پارتی شۆرشێگێڕیەوە بۆ پارتی دیموكراتی سەرەتا و دەستپێكێكی گرنگە. بەڵام پارتەكانیش هەمیشە پێویستیان بە تێڕوانینێكی دوورمەودا دەبێت بۆ سیاسەت و دەبێت پشتیوانی ڕێساكانی گەمەكە بكەن. یەكێك لە ستراتیژیەتەكانی گۆڕینی پارتەكان بۆ ئامرازێك بۆ سەقامگیری بریتیە لەوەی بەرژەوەندیان هەبێت لە پاراستنی سەقامگیریدا، لەگەڵ پیادەكردنی شەفافیەت لە پرس و ڕاوێژكردن لە بارەی پرسەكانەوە لە نێو پارتە جیاوازەكاندا، هەروها لەبارەی ڕێساكان و لەبارەی ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی دامەزراوە سیاسیەكە دەبنەوە لە هەمان كاتدا.
* ئایا تا چەند رۆڵی سەركردە لە قۆناخی بونیادی نەتەوە و بونیادی دیموكراتی گرنگە؟
ئەو پێشینەیەی «سابقە» كە سەرۆكی وڵات لە ڕێی هەڵسوكەوتەكانیەوە دروستی دەكات گرنگیەكی زۆریان هەیە بۆ ئەندامانی خودی حزبەكەی و هەروەها بۆ گرووپەكانی موعاڕەزەش. ئامادەیی ئەو سەركردانە بۆ ئەوەی بە ڕێزەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ گرووپەكانی موعاڕەزە، هەروەها ئەندامانی پارتەكەی خۆشیدا بكات، لەگەڵ پابەندبوونی بە ڕێسا و رێ و شوێنەكانی دامەزراوەكان، بەتایبەتی كاردانەوەیان لە ئاست شكستە سیاسیەكاندا، هەموو ئەمانە بۆی هەیە دیموكراسی قووڵتر بكەنەوە یان لاوازی بكەن. تاوەكو تەمەنی دیموكراسیەتەكە كەمتر بێت، ئەوا ئەمانە كاریگەرییان زیاتر دەبێت، بەڵام بوونی سەركردەیەك كە بە ڕێزەوە هەڵسوكەوت نەكات بە شێوەیەكی مەترسیدار زیان بە دیموكراسی دەگەیەنێت، ئیدی ئەو دیموكراسیەتە لە هەر قۆناغێكدا بێت.
Top