پێشمەرگە بۆ سەربەخۆیی كوردستان شەڕ دەكەن بۆیە ئیرادەیان بەهێزە ئێستا كوردستان بە ئەمری واقیع سەربەخۆیە
September 17, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر جەمیس راسڵ ئوستادی وانەكانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی و تیرۆریزمە لە بەشی ئاسایشی نیشتمانی لە زانكۆی ناڤل پۆستگراجویەت و بۆ قسەكردن لەسەر سیستمی نیودەوڵەتی و لەبەریەك هەڵوەشانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكە و رۆڵی كورد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئایندەی كوردستان لە هاوكێشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر راسڵ ئەنجامدا و بەمجورە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.پڕۆفیسۆر جەمیس راسڵ پسپۆڕ لە ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:پێشمەرگە بۆ سەربەخۆیی كوردستان شەڕ دەكەن بۆیە ئیرادەیان بەهێزە ئێستا كوردستان بە ئەمری واقیع سەربەخۆیە
* باشترین وەسف بۆ جیهان لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانین بڵێین دیاردەی «هەڵوەشاندنەوەی سیستمی جیهانە»، لەبەر ئەوەی بەم دواییانە چەندین ئەكتەری نادەوڵەتی دەركەوتوون و ئاڕاستەی ڕووداوەكانیان گۆڕیوە، لەلایەكی تریشەوە سیستەمی جیهانی ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، بەتایبەتی تیرۆریستانی داعش كە بە شێوەیەكی بەرفراوان لە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە. ئایا دەتوانین بڵێین كە سیستەمی جیهانی كۆتایی هاتووە و سیستەمێكی نوێش كە بتوانێت لەگەڵ باری ئێستادا مامەڵە بكات، هێشتا لەدایك نەبووە؟ ئایا سیستەمی ئێستای جیهان دەتوانێت لەگەڵ ئەم واقیعەی ئێستادا مامەڵە بكات؟
- جیهان هەڵنەوەشاوە و سەرجەم جیهان بە شێوەیەكی ڕێژەیی بە سەقامگیریی ماوەتەوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەموو هۆكارەكان لە پاشاگەردانیدایە، ئەكتەرە نادەوڵەتییەكانیش دووبارە سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕێكناخەنەوە و نەبوونەتە هەڕەشەی ستراتیژی بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی. ئاڕاستەی ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان هێشتا هەر بە نزمی ماوەتەوە. وڵاتە گەشەكردووەكان هیچ نیشانەیەكی لەبەرچاوگرتنەوەی حیسابی بنەڕەتییان پیشان نەداوە كە بیركردنەوەی لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە داگیركردوون. چوون بەرەو جەنگ لەگەڵ یەكتر دادیان نادات. گوتنی ئەمە مانای ئەوە نییە كە سیستەمی نێودەوڵەتی بە باشی تەجهیز كراوە، یان تەنانەت دەتوانێت لەگەڵ توندوتیژی سیاسەتدا مامەڵە بكات لەو جۆرەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆكرانیا دەیبینین. نەتەوە یەكگرتووەكان هەرگیز وەك هێزی پۆلیسی نێودەوڵەتی دانەنراوە، دەتوانێت یارمەتیدەری ئاشتی بێت لە ژینگە ئاسانەكاندا، لە ڕاستیدا ناتوانێت پۆلیس بۆ ئەو دەوڵەتانە دانێت كە لەگەڵ میساقی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ناڕۆن، كاتێك یەكێك لەو دەوڵەتانە، بۆ نموونە رووسیا—كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە- بڕیاری دا یاساكان پێشێل بكات، هێچ شتێك نییە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەم بارەیەوە بیكات.
* لەسەرهەڵدانی سیستەمی نێودەوڵەتی، یان پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە كە بۆ ڕێككەوتنامەی وێستڤیلیا دەگەڕێتەوە، دیاردەی جەنگ وەك جەنگی نێوان وڵاتان و هێشتنەوەی هاوسەنگی لە نێوانیاندا پێناسە كراوە، بەڵام ئێستا بەداخەوە دیاردەی جەنگ گۆڕاوە بۆ جەنگی نێوان جیهانی ئازاد و تیرۆریستان و ڕۆژ دوای ڕۆژ دەستبەسەر ناوچەی تردا دەگرن، ئەمەش واتە سوپا كلاسیكییەكان ناتوانن بیانبەزێنن. پێتانوایە چۆن دەكرێت بونیادێكی نوێی سوپا دابنرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستان ببەزێنێت؟
- جەنگ دیاردەیەكی نوێ نییە و تایبەتمەندییەكی هەمیشەیی سیستەمی نێودەوڵەتییە. من ڕازی نیم بەو بیرۆكەیەی كە دەڵێت سیستەمی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی ڕیشەیی گۆڕاوە كە دەوڵەتان تیایدا دەیانەوێت زۆرترین دەسەڵات و نفوز بەسەر یەكدا بسەپێنن. جەنگی سووریا نموونەیەكی باشی جەنگێكی بەوەكالەتە بۆ دەسەڵاتی ناوچەیی كە عەرەبستانی سعودی و دەوڵەتانی كەنداو و ئێران ناكۆكییەكانیان بەكاردێنن بۆ ئامانجی بەرتەسكی خۆیان. هەموو جەنگەكان لەهەر فۆڕمێكدا بن، بە سادەیی توندوتیژیی سیاسییە لەلایەن ئەو ئەكتەرانەی كە ناتوانن ئامانجەكانیان بە ئاشتییانە بەدیبهێنن. داعش دەیەوێت ببێت بە دەوڵەت و ناوچە داگیر بكات، ئامانجگەلێك بە درێژایی تۆماری مێژوویی هەروا بووە. بەڵام داهاتووی سیستەمی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە دەوڵەتە گەشەكردووەكان بە زۆری واز لە بیرۆكەی جەنگی سەرتاسەری بهێنن، -وەك جەنگی جیهانی دووەم-. لەجیاتی ئەوە، باوەشیان بە جەنگی سنوورداردا كردووە بۆ ئامانجی سنووردار. بۆیە موغالەتە و ناچۆنیەكییەك لە سەر ئەم بیرۆكەیە بنیادنراوە. هەر لەبەر ئەوەی وڵاتێكی وەك وڵاتە یەكگرتووەكان باوەڕی بە جەنگی سنووردار هەیە، ئەوە ناگەیەنێت كە شەڕانگێزی لەهەمان چوارچێوەدا دانراوە. بۆیە بۆ ڤێتنامییەكانی باكوور و بۆ داعش—شەڕ بۆ سەربەخۆیی—ئامادەكراون و لەوانەشە ئامادە بن كە هەر نرخێك بدەن بۆ زەمانەتكردنی سەركەوتن.
* لە شەڕی تیرۆریستان كە سنوورەكەی لە پاكستانەوە بۆ نایجریا- یە، بێجگە لە هێزەكانی پێشمەرگە كە سوپای هەرێمی كوردستانن، هیچ هێزێكی دی لەسەر زەمین نەیتوانیوە داعش تێكبشكێنێت، ئەمەش واتە پێشمەرگە بووەتە مۆدێلێكی سوپا بۆ تێكشكانی تیرۆریستان. تا چ ڕادەیەك گرنگە بۆ جیهان كە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە وەك سەركەوتنی جیهانی ئازاد لە دژی تیرۆریزم بناسن و ئەو سوپایە بكەنە بنەمایەك بۆ تێكشكانی تیرۆریستان؟
- سەركەوتنی هەر هێزێكی ڕێكخراوی سەربازی بە زۆری پشت دەبەستێت بەو پابەندی و ئامانجانەی كە هێزەكە بەكارهێنراوە بۆی. پێشمەرگەی كوردستان پێكەوە و بە یەك ئیرادە بۆ سەربەخۆییان شەڕ دەكەن، ئەمە وەك سوپای عێراق نیە كە دیدێكی سیاسی ڕاستەقینە نییە سوپاكە پێكەوە ببەستێتەوە.
* نەتەوەی كورد تەنها نەتەوەی موسڵمانە لە جیهاندا كە سەركەوتوو بووە لە پیشاندانی نموونەی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن لە سیستەمی دیموكراسیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەزموونی كورد كە سەلماندوویەتی جیاوازە لە كەلتوورەكانی ناوچەكە پێویستی بە پاراستنە. تا چ ڕادەیەك گرنگە كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دابمەزرێت بۆ ئەوەی ببێتە دابینكەری ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- كوردستان هەر بۆخۆی دەوڵەتێكی دیفاكتۆیە كە ناوچەیەكی زۆری لە باكووری عێراق لەژێر دەستدایە. سوپا و سیستەمی سیاسی خۆی هەیە و لەهەمووشی گرنگتر، خەڵكێك كە ئازادی خۆیان دەوێت و دەیانەوێت خێزانەكانیان بە ئاشتی و ئارامی گەورە بكەن.
* سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی توانی تیرۆریستان لە سەر زەمین بە یارمەتی لۆجیستی و پاڵپشتی هێزی ئاسمانی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێكشبكێنێ، ئەمەش واتە ئەزموونەكانی ئەم سەرۆكە و چەكەكانی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێكەوە دەتوانن كارلێكبكەن بۆ تێكشكانی تیرۆریستان، بۆیە لەم بارەیەوە دەمانەوێت بپرسین: تا چ ڕادەیەك وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت لە جەنگی دژی تیرۆریزمی داعش پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بن؟
- وڵاتە یەكگرتووەكان وەك هاوپەیمانێكی باش سەیری كورد دەكات. بەهای هاوبەشمان هەیە و هەردووكمان بەرژەوەندی بنەڕەتی هاوبەشمان لەوەدایە كە ناوچەكە بە ئارامی ببینین، كە خێزانەكان ئازاد بن لە گەورەكردنی منداڵەكانیان و شوێن گەشە و دەرفەت بە ئازادی بكەون. پێشبینی دەكەم كە كورد بەردەوام سەرنجی پاڵپشتی نێودەوڵەتی ڕاكێشن وەك سەنگەری ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی باوەشیان بە توندوتیژی و توندڕەوی نەكردووەتەوە.
* لەنێو وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەڵمانیا ڕایگەیاند كە ئامادەیە سەركردایەتی شەڕەكە بكات و مامەڵە لەگەڵ هەر دەرئەنجامێكی شەڕەكەدا بكات كە دەیبێت و ڕاستەوخۆ پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەكات، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو یەكێك بوو لە یەكەمین وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كە دەرگای كردەوە بە رووی كۆچبەراندا، پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ دەبێت بۆچی ئەڵمانیا ئەو ڕۆڵە گرنگە بگێڕێت؟
- ئەڵمانیا دەست دەكاتەوە بە دروستكردنەوەی پێگەی سەركردایەتی جیهان كە بەرهەمێكی سروشتی بەهێزی و پێگەیەتی لە ئەوروپادا. ئەمەش پەرەسەندنێكی پێشوازیكەرە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا و شتێكی باشە كە دیموكراسییەكی بەرپرسیار و پێگەیشتووی وەك ئەڵمانیا هەبێت بانگەشەی سەركردایەتی جیهان لەسەر چەندین مەسەلە بكات.