ئەلیخاندرۆ ڤێلاسكۆ تایبەتمەند لە شۆڕشەكانی ئەمریكای لاتین بۆ گوڵان:تایبەتمەندیی شۆڕش ئەو ئازادییەیە كە نەتوانراوە پێشتر بیری لێ بكرێتەوە و نوێگەرییە لە تێگەیشتن لەو ساتە جیاوازەی هاتۆتە ئاراو
September 10, 2015
دیمانەی تایبەت
ئەلیخاندرۆ ڤیلاسكۆ ئوستادی مێژووی هاوچەرخی وڵاتانی ئەمریكای لاتینە و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان و كەلتوور دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگە لە زانكۆی بۆستن. بۆ قسەكردن لە ساتەوەختی هەڵگیرسانی شۆڕش و ئەو ئاكامانەی شۆڕش لە بواری ئازادی و نوێگەرایی لە قۆناخی رزگاریی نیشتمانی بەدەستی دەهێنێت و نەتەوە دەباتە قۆناخێكی نوێی بیركردنەوە و ژیانێكی ئازاد، ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر ڤیلاسكۆ ئەنجام دا و بەمجۆرە راو سەرنجەكانی بۆ گوڵان دەربڕی.* لە مێژووی نەتەوەكاندا شۆڕش لە بارودۆخی تایبەتدا روودەدات، زۆرجار كاتێك كە لەلایەن خەڵكەوە بێئومێدی و ناڕەزاییەكی زۆر دەبێت و لە رووی رۆشنبیری و سۆزدارییەوە پڕ دەبن، چیتر ناتوانن لەگەڵ باری ئێستادا هەڵبكەن، كەواتە چ فەلسەفەیەك لەم حاڵەتە هەستیارەدا بەرهەم دێت؟
- هەرچەندە ئەوە ڕاستە كە چەند بارودۆخێكی دیاریكراو دەبنە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕش، بەڵام هەرگیز ناتواندرێت شۆڕشەكان پێشبینی بكرێن. هەر ئەوەش نا، بەڵكو سیاقە ناوخۆیی و نیشتمانی و جیۆپۆلیتكی و ئابووری و كەلتوورییەكان و.. تاد، نەك هەر كڵپەی شۆڕشەكە، بەڵكو پەرەسەندنی شۆڕشەكەش پێكدێنن، بە شێوەیەك تەنانەت ئەگەر ئەو هەلومەرجانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێك زۆر لەیەكیش بچن، بەڵام هەر ناتوانین بڵێین ڕێڕەوی ئەو شۆڕشە دەبێت بە چی و چ «فەلسەفەیەك» لێوەی سەرهەڵدەدات. هەروەك ئاماژەت پێداوە، كۆمەڵە بارودۆخێكە كە زۆر هەستیارە. هەروەها هەر ئەوە نییە كە ئەم چركەساتانە زۆر هەستیارن، بەڵكو زۆر دژبەیەكیشن و بەو لایەنە كێبڕكێكەرانەی كە لە چركەساتەكانی دابڕان و كرانەوەدا درەدەكەون و دواجار بە تەنیا تایبەتمەندی دیاریكراوی شۆڕشەكان دەناسرێنەوە. فەیلەسوفی ئەڵمانی هانا ئارێندت لە كتێبەكەیدا بە ناوی «لەبارەی شۆڕشەوە» جوانی بۆ چووە، كاتێك هۆشداری داوە كە پێویست نییە هەوڵبدەین پێناسەی شۆڕشەكان بە چەند ناوەڕۆكێكی دیاریكراو، یان ئایدیۆلۆژیا و دەرئەنجامێك بكەین، بەڵكو لە بری ئەوە پێویستە بەوە ڕازی بین تەنیا تایبەتمەندی كە رووداوە سیاسییەكانی وەك شۆڕشی پێدەناسرێتەوە «ئازادی» و «نوێگەری» یە، لێرەشدا ئازادی بەمانا یاعقوبی و شۆڕشگێڕییە فەڕەنسییەكەی نا، بەڵكو وەك توانایەك بۆ بیركردنەوە و وێناكردنی ئەو شتانەی كە پێشتر نەتوانراوە بیری لێبكرێتەوە و پاشان نوێگەری لە تێگەیشتن لەو چركەساتە كە بە تەواوی نوێ و جیاوازە لە هەر شتێك كە لە پێشتریدا هەبووە. بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە «ئازادی» وەك تایبەتمەندیی سەرەكیی شۆڕش قبووڵ كەین، ئەوا دەبێت ئەوەشمان قبووڵ بێت كە ئەو ئازادییە زۆر گوزارشت و بۆچوون لەخۆ دەگرێت لەبارەی ئەوەی چۆن كۆمەڵگە لەم چركەساتی تەواوكرانەوەی چەمكییەدا كە هەندێكیان دژ بەیەكن، پێویستە بكرێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە ناتوانین لە رووی دەرئەنجامەكانەوە لە سەر شۆڕشەكان بدوێین، بەڵكو دەبێت لە رووی كردارییەوە قسەی لەسەر بكەین.
* شۆڕشی فەڕەنسا كاریگەری گەورەی لەسەر جیهان هەبوو، ئاسەوارەكانیشی هەر بە نەتەوەی فەڕەنسییەوە نەوەستا، بەڵكو بووە شۆڕشی سەرجەم مرۆڤایەتی. بۆچی سەرتاپای جیهان پیشوازیان لێكرد و لەخۆیان گرت؟
- حاڵەتەكە وا نییە كە سەرجەم جیهان پێشوازی لێكردبێت. بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێین كە نوخبە سیاسی و ئەرستۆكراتەكانی بەریتانیا بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری ئەو هەستە دەرچووەیان لە فەڕەنسا دەكرد و هەوڵیان دەدا كە ڕێ لەو ڕووداوانە بگرن لە بەریتانیا روو بدەن. وتارە بەناوبانگەكەی ئیدمۆند بێرك لە بارەی مەترسییەكانی شۆڕشی فەڕەنسی بووە بەردی بناغەی پارێزگارە هاوچەرخەكان كە ئاماژە بەوە دەدات شۆڕش و كاردانەوەكانی پێوەندییەكی دیالێكتیكی هاوبەشیان هەیە. ئەمە لە ڕووی ناوخۆیشەوە راستە، واتە، هەستە شۆڕشگێڕییەكان دەبێتە هۆی دەركردنی هەستە دژەشۆڕشگێڕیەكانیش، هەروەك ئارنۆ مایەر لە بارەی تیرۆری فەڕەنسی و پاكتاوی سۆڤیەتییەوە نووسیویەتی كە ئەو شەپۆلە دژبەیەكانە بەرەو لەناوبردنی یەك دەجووڵێن لە هەوڵیاندا بۆ هەژموون و كۆنتڕۆڵی دوای شۆڕش، لێرەشەوە دەتوانن گوتاری دواییان لە بارەی ئەوەی چی بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕش یەكەمجار بسەپێنن. پاشان ڕێگەیەك هەیە كە شۆڕشی فەڕەنسی پێیدا ڕۆی بۆ دامركانەوەی تەنانەت گوزارشتە یاعقوبییەكانی ئیلهامی شۆڕشگێڕی لە شوێنانی دی لە جیهاندا، هەروەك لە هایتی-دا كە سی ئێل ئاڕ جەیمس زۆر بە جوانی لەبارەیەوە نووسیویەتی، كاتێك كۆیلەكان كە تاڕادەیەك بە بانگەشەكانی شۆڕشی فەڕەنسی كاریان تێكرابوو، ڕاپەڕین و پاش ئەوەی كە بەسەر خاوەنەكانی خۆیاندا سەركەوتن، تەنیا بۆ ئەوەی بەدەست هێزەكانی ناپلیۆنەوە ئازار بچێژن. بە دڵنیایەوە پاش چەندین سەدە دەڵێین شۆڕشی فەڕەنسی -ئازادی و یەكسانی و برایەتی- لە ڕاستیدا بە شێوەیەكی گشتی بووە هۆی «سەردەمی شۆڕش». بەپێی ئیریك هۆبسباوم، نەتەوەی تر ئیلهامیان لەو پرانسیپانە وەرگرتووە، هەرچەندە بەسەر شێوازی دژبەیەك و ناچوونیەكدا جێبەجێیان كردووە (لە وڵاتە یەكگرتووەكان بە پاراستنی كۆیلەداری و لە هەردوو ئەمریكاكەش پاش سەربەخۆیی لە ئیسپانیا بە پاراستنی حوكمی ئەرستۆكراسی و.. تاد). بەڵام بەهەرحاڵ لەڕاستیدا پرۆسەكە بەردەوام و گەردوونییە وەك ئەوەی بیری لێدەكەینەوە. تەنیا ئەگەر لە شۆڕشی فەڕەنسی وەك شۆڕشی ئایدیاكان تێبگەین و لە وەی لە رووی پراكتیكییەوە هێناویەتی بێنینە خوار، ئەوكاتە دەتوانین باسی كاریگەرییەكەی بە گەورەیی بكەین.
* ئەگەر سەیری شۆڕشی ئەمریكا بۆ سەربەخۆیی بكەین، دەبینین كە لەگەڵ رێنیسانس لە ئەوروپا دەستی پێكرد، ئەو شۆڕشە پێشبینی دەكرا كە زووتر لە ئەوروپا رووبدات، بەڵام جاڕدانی سەربەخۆیی كاردانەوەی رێنیسانسی ئەوروپی بوو، كەواتە بۆ شۆڕشی ئەمریكی پێشتر رووی دا؟
- بەشێكی ئەمە بەهۆی دوورییەوە بوو— یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە جاڕی سەربەخۆیی لە ژێر بنەما گەردوونی و روون و دژەپادشایی و دژە ئەرستۆكراتییەكانی یەكسانی بدەیت، كاتێك ئەوەی لە دژی رەخنە دەگریت، زەریایەك دوورە لێتەوە. یەكێكی تر ئەوەیە كە داوای كۆتایی هێنان بە پادشایی بكەیت، ڕێك لە بەردەم تەلاری پادشادا. هەروەها لەبەر ئەوەش بوو كە پاشای ئینگلیز جۆرج تەواو لووتبەرز و خاو دەركەوت لە بارەی ئەگەری ئەوەی كە كۆلۆنیالنشینە سپی پێستە ئەمریكییەكان سەركەوتنیان بەدەستهێنابێ، بە زۆریش لەبەر بەهێزیی سوپای زەمینی و ئاوی بەریتانیا لەو كاتەدا و پاشانیش بە دڵنیایەوە لەبەر ئەوەی پێشینەیان نەبوو، بۆیە بە ڕاستی نەیتوانی ئەگەرەكە بێنێتە بەرچاو. ئەمەش واتە لە راستیدا سەرەتا بە توندی و زۆردارانە وەڵامی داواكارییە كەمەكانی كۆلۆنیالنشینە سپی پێستەكان بۆ نوێنەرایەتی لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا دایەوە. كاتێك جۆرج سەلماندی كە نەك هەر تەنیا ئامادە نییە بۆ داواكارییەكانیان، بەڵكو بە توندترین شێوە وەڵامی دانەوە، بۆیە ئەمە وایكرد تەنانەت كۆلۆنیالنشینەكانی تریش كە جارێ خۆیان یەكلایی نەكردبووەوە، یەكبگرن لەپێناو داوای خۆبەڕێوەبردندا. شتێكی تر كە دەبێت باس بكرێت ئەوەیە، سەرەڕای بەڵگە و ئاماژەكان بەو ئازادی و یەكسانییەی كە لە كۆلۆنینشینەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لە رووی كردارییەوە ئەوەی دواجار بە دوایەوە بوون، گۆڕانی تەواو نەبوو لە كۆمەڵگەدا، بەڵكو تەنیا گۆڕان بوو لەوەی كێ حوكمی ئەو كۆمەڵگەیانە بكات كە دروستیان كردووە، كە ئەمەش لە جەوهەردا، كۆمەڵگەی كۆیلەیەتی بوو. هەروەها دەیانویست حوكم بكەن، نەك دوور لە پادشا. بۆیە ئەمە روویدا لە شۆڕشی فەڕەنسیدا، ئەوە گرنگە كە ئایدیا و كردارەكانی شۆڕشی ئەمریكی تێكەڵ نەكەین.
* پاش سەركەوتنی شۆڕشی پیشەسازی، بنەما و فەلسەفەی شۆڕش بە زۆری لكێنرا بە گەشەی سەرمایەدارییەوە، بەڵام شۆڕشەكە لە ڕۆژئاوا بەدینەهات و لە بری ئەوە لە جیهانی سێیەمدا روویدا، بۆچی شۆڕشی چینی كرێكار لە ئەوروپا و وڵاتە یەكگرتووەكاندا پاش شۆڕشی پیشەسازی ڕووی نەدا؟
- زۆر دڵنیا نیم لەو كاتەی باست كردووە. ئایا مەبەستت ئەوەیە كە شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا لە ئەوروپا نەبووە هۆی شۆڕشی كرێكاری (سۆشیالیستی)، بەڵام شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی بیستەم لە ئەمریكای لاتین و ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بووە هۆی شۆڕشە كرێكارییەكان؟ ئەگەر وابێت، دڵنیا نیم ئەو زنجیرە هۆكارانە تەواو ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەوەی پرسیارەكە داوای دەكات. یان لەوانەیە شۆڕش و سەربەخۆیی و شۆڕشی سۆشیالیستیت تێكەڵ كردبێت. شۆڕشی كۆماریمان هەیە (وەك شۆڕشی فەڕەنسا)، یان شۆڕشی كۆماری و سەربەخۆیمان هەیە (وەك لە وڵاتە یەكگرتووەكان و هەردوو ئەمریكادا و پاشان لە سەدەی بیستەمدا لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا)، پاشان شۆڕشی سۆشیالیستیمان هەیە (وەك لە رووسیا و بەشەكانی تری باشووری جیهان). بەڵام ئەوە گرنگە كە بزانن ئاماژە بە كامیان دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا لە چەند حاڵەتێكی زۆر كەمدا شۆڕشی پیشەسازی بووەتە ئامرازی بزوێنەری شۆڕشی سۆشیالیستی. زۆر جار، شۆڕشی سۆشیالیستی پێش شۆڕشی پیشەسازی كەوتووە، واتە بووەتە بزوێنەری شۆڕشی پیشەسازی (بۆ نموونە وەك گواتیمالا، كوبا، هیندستان، زۆر لە دەوڵەتە عەرەبییەكان و ئەفریقای پاش ئیستیعمار). واتە لە هەندێك شوێندا (وەك بەڕازیل و ئەرجەنتین و چیلی لە ساڵانی سییەكان تا شەستەكان)، ئەوە ڕاستە كە شۆڕشی پیشەسازی هەلومەرجی شۆڕشی سۆشیالیستی دروست كردووە، بەڵام تۆمارەكان كورتن و قورسە كە گشتگیر بكرێت. ئەگەر پرسیارەكەت ئەوەیە بۆچی دەبینین زیاتر بزووتنەوەی جەماوەری دەچنە دەسەڵاتەوە لە باشووری جیهان، ئەوا پێموایە وەڵامەكە جیاوازە لە پرسیاری شۆڕشی پیشەسازی. ئەمە زیاتر پێوەندی بە سیستەمی كۆلۆنی و ئەو چەوساندنەوەیەوە هەیە كە پێویستە بۆ مانەوەی. بۆیە لێرەدا بە دڵنیایەوە كاریگەری بەربڵاوی گوتاری شۆڕشگێڕی سەردەمی ڕۆشنگەری بزوێنەرێكی بەهێزە، بەتایبەتی كە تۆڕەكانی پێوەندی بەرەپێش چووە، هەروەها ئاڵۆزتر بووە لە سەدەی بیستەمدا، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوە و دابەشكردنی خێراتری هەواڵ و زانیاری لە بارەی نەتەوەكان و بەشەكانی دیكە جیهان. بیرۆكەی حوكمی زاتی (كە نیشانەیەكی دیاری شۆڕشەكانی سەدەی هەژدەهەمە) بەستراوەتەوە بە بیرۆكەی حوكمی كرێكار (كە نیشانەیەكی دیاری شۆڕشە سۆشیالیستیەكانی سەدەی بیستەمە)، بەتایبەتی لە سیاقە كۆلۆنیالییەكاندا كە یەكەمیانی نكۆڵی كردووە و لەبەر لۆژیكی ئابووری كۆلۆنیالی كە پشت دەبەستێت بە نایەكسانی و جیاوازی زۆر. بەو ڕادەیەی كە ئەمە لە وڵاتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا ڕووی نەداوە، لەبەر ئەوەیە كە لەم دوو شوێنەدا بزووتنەوە جەماوەرییەكان مافی دەنگدان و نوێنەرایەتییان لە حوكمەتدا فراوان كردووە و پاڵیان بە نوخبە سیاسی و ئابوورییەكانەوە ناوە كە لەسەرخۆ بكرێنەوە و دەمەوانەی (valve) دەرچوونیان بۆ دروست كردوون. بۆ نموونە لە وڵاتە یەكگرتووەكاندا سەردەمی چاكسازییەكانی جاكسۆن لە ساڵانی ١٨٢٠ و ١٩٣٠ و پاشانیش جەنگی ناوخۆیی و دوایش چاكسازییەكانی سەردەمی پێشكەوتن لە سەرەتای ئەو سەدەیەدا و پاشان مامەڵە نوێیەكەی ١٩٣٠ یەكان ( the New Deal of the 1930s) و كۆمەڵگەی مەزنی ١٩٦٠ ـەكان (the Great Society of the 1960s). بەڵام لەو كاتەوە بزووتنەوەیەكمان نەدیوە بە ئاڕاستەی جەماوەردا بەهەمان ئەندازەی ئەوەكانی پێشووتر. لەوانەشە لەسەر لێواری دانەیەكدا بین. یان ئەگەر نوخبە سیاسی و ئابوورییەكان یاخی بن و پاشان دەمەوانە فشارییەكە داخەن، ئەوا تەقینەوە روو دەدات.
* هەندێك لە نەتەوەكان بە ڕزگاریی نیشتمانی بە شۆڕش گەیشتوون و هەروەها ریشەكێشكردنی ئیستعماریش بە شۆڕش هاتووەتە دی. ئەگەر گرووپێكی نەتەوەیی ئازادییان لێ زەوت بكرێت و بچەوسێندرێنەوە، تا چ ڕادەیەك خاكێكی بەپیت دەبێت بۆ شۆڕش؟
- ئەمە تاڕادەیەك لە وەڵامی پرسیاری یەكەم و دووەمدا نووسیومە. شۆڕش بۆ ئەوەی بەڕاستی شۆڕش بێت، دەبێت كراوە بێت بۆ زۆر بۆچوونی جیاواز و دژبەیەك لە پاش شۆڕش لە داهاتوودا. هەمیشە ئەو دژبەیەكانە دێتە پێشەوە بەتایبەتی ئەگەر بەسترابن بە كێبەركێ لە پێناو سەرچاوەكاندا. بۆیە بەلانی كەمەوە ئەگەر مێژوو وەك ڕێبەر سەیر كەین، ئەوە نییە «ئاخۆ» زەمینەیەكی نوێ هەیە بۆ شۆڕش، بەڵكو «كەی» ئەم زەمینەیە دەبێت، لەبەرئەوەی هەموو شۆڕشەكان واتە چەوساندنەوەی ئەوانەی كە یان لێدەدرێن بۆ ئەوەی ئیمتیازاتەكانیان لەدەست بچێت كە پێشتر بوویانە، یان ئەوانەی كە لەگەڵ بۆچوونی دەركەوتووی بەهەژموونی شۆڕشدا هاوڕا نین. لێرەشەوە پرسیارەكە بە شێوەیەك دەمانبات بۆ: گرووپێك ئازادی لێ زەوتكراوە و چەوسێندراوەتەوە، بەدڵنیایەوە، هەلومەرج ئامادە دەكات بۆ شۆڕش.
* هەستێك هەیە كە سیستەمی دەوڵەتیی جیهانی ڕۆژئاوا ناتوانێت پێویستییەكانی هاونیشتمانیان دابین بكات، پێتوا نییە كە بارودۆخی ئێستا پێویستی بە شۆڕشێكی نوێیە بۆ ئەوەی وا لە دەوڵەت بكات زیاتر وەڵامدەرەوەی پێویستییەكانی خەڵك بێت؟
- بەدڵنیایەوە درزی گەورە لە تەلاری سیستەمگەلی دەوڵەتیی ڕۆژئاوادا دەبینین كە ڕەگی داكوتاوە لە هەردوو كۆڵەكەی سەرمایەداری و لیبراڵ دیموكراسیدا. بە ڕادەیەك لیبڕاڵ دیموكراسی زیاتر و زیاتر وەك پاشكۆی سیاسی بەرژەوەندییە سەرمایەكانی كە زیاتر لە هەموو شتێك جەختی لێكراوەتەوە دەبینین، نەك وەك سیستەمی نوێنەرایەتی حكومەت كە تیایدا خەڵك بە یەكسانی ئامادەن و دەبیندرێن، بۆیە بەدڵنیایەوە پاشەكشەی زیاتر دەبینین بەنسبەت ئەوانەی كە بە شێوەیەكی دامەزراوەیی شوێنێكیان نییە گوزارشت لە سكاڵاكانیانی تێدا بكەن، واتە لە ڕێی كەناڵە دامەزراوەكانی لیبڕاڵ دیموكراسییەوە. توێژینەوەیەكی نوێ لە زانكۆی پرینستۆن دەریدەخات كە وڵاتە یەكگرتووەكان لە ئەمڕۆدا هەموو پێوانەكانی ئۆلیگارشی تێدایە و چیتر ناتوانرێت وەك دیموكراسی حیساب بكرێت، لەگەڵ بوونی ئاستێك لە نایەكسانی كە نزیك بووەتەوە لە وەی پێی دەوترێت جیهانی تازەپێگەیشتوو، هیچ نیشانەیەكی وەستانیش بەدیناكرێت. لەم كەشەدا بەدڵنیایەوە خەڵك پرسیاری ئەوە دەكات ئاخۆ ئەو دەوڵەتە دیموكراسییانەی لە سایەیدا دەژین هیچ شتێكی لەو جۆرەی هەیە، یان بە شێوەیەك گەندەڵ بوون، كە پێویست بە بناغەی تر دەكات، ئەم بناغە نوێیەش بەدڵنیایەوە ئەوەیە كە پێی دەڵێین: شۆڕش.