برایەن هەیس جێگری سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پێوەندییەكان لە گەڵ عێراق بۆ گوڵان: بەكردنەوەی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە كوردستانپێوەندییەكانی هەولێر و برۆكسل چووەتە ئاستێكی دیكەوە
September 10, 2015
دیمانەی تایبەت
برایەن هەیس یەكێكە لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی ئیرلەندا و لە ساڵی 2014 ـەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە و جێگری سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپایە بۆ پێوەندییەكان لەگەڵ عێراق، هەروەها پێشتر لە ساڵانی 2011-2014 وەزیری دەوڵەت بووە بۆ كاروباری دارایی لە حكومەتی ئیرلەندا، بۆ قسەكردن لەسەر كردنەوەی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و بایەخی كردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و برۆكسل، ئەم وتووێژە تایبەتەمان لەگەڵ ئەنجامدا و سەبارەت بەم رووداوە گرنگە بۆچوونەكانی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* لەم دواییانەدا یەكێتی ئەوروپا نووسینگەی پێوەندییەكانی لە شاری هەولێر كردەوە، چۆن پێوەندییەكانی نێوان یەكێتی ئەوروپا و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبینی لە كاتێكدا كە كوردستان شەڕی داعش دەكات و ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی عێراق و سووریای لەخۆگرتووە، ئەمەشی لەجیاتی سەرجەم جیهان كردووە، لەبەر ئەوەی ئەم شەڕە بە تەنیا شەڕی كورد نییە، بەڵكو شەڕی جیهانی ئازادە لەگەڵ تیرۆریستاندا؟
- سەرەتا پێشوازی لە كردنەوەی نووسینگەی پێوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر دەكەم. من جێگری سەرۆكی وەفدی یەكێتی ئەوروپام بۆ پێوەندییەكان لەگەڵ عێراق و پێموایە ئەمە نیشانەی گرنگیدانە بە كوردستان لە رووی ئەوەی كە لەگەڵ داعشدا لە جەنگدایەوە و بووەتە پەناگەیەك بۆ ئەوانەی بەگشتی لەعێراقدا ئاوارە بوون، بۆیە ئەمەش بۆ یەكێتی ئەوروپا گرنگە كە زیاتر بێتە ناوچەكەوە و بە هەر شێوەیەك بۆی بكرێت، یارمەتی كوردستان و ناوچەكە بدات. من زۆر لەگەڵ ئەوەدام كە ئەم نووسینگەیە لەگەڵ هەموو دامەزراوەكاندا كار بكات، لەبەر ئەوەی قەیرانێكی مرۆیی نائاسایی هەیە و داواكارییەكی بنەڕەتی هەیە لەلایەن هاووڵاتیانی یەكێتی ئەوروپاوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم قەیرانە، نەك هەر لەبەر قەیرانە مرۆییەكان، بەڵكو لەبەر كاریگەرییە مەترسیدارەكانی وەك ئەوەی لە دەریای ناوەڕاست و ناوچەكانی ترەوە خەڵك هەوڵ دەدەن بگەن بە ئەوروپا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی خەڵك هەوڵ دەدەن لەم ناوچەیە ڕابكەن؟ بۆیە من پێموایە ئەم مەسەلەیە پێوەندییەكی زۆری بەوەوە هەیە كە هەوڵ بدرێت ناوچەكە بخرێتەوە باری ئاسایی لەبەر ئەوەی بارودۆخێكی نالەبارە بۆ هەموو كەسێك.
* چۆن شاندەكەتان هەوڵ دەدات كە پێوەندیەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی –بەغدا- ئاسایی بكاتەوە، لەبەر ئەوەی چەندین كێشە هەن كە لە ماوەی حوكمی مالیكی و ئێستاش لە ماوەی حوكمی عەبادی هەر بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەو كێشە داراییانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پیایدا تێپەڕ دەبێت، لەبەر بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ئێوە چۆن پشتیوانی و یارمەتی چارەسەری ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانە دەدەن؟
- بەدڵنیاییەوە یەكێتی ئەوروپا یارمەتی هەموو ئەو باڵیۆزخانانە دەدات كە دەستێوەردان بكەن لە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەم دواییانەشدا لە پەرلەمانی ئەوروپا ئەو ڕاستیەم خستەڕوو كە حكومەتی ناوەندی عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێككەوتنێكیان ئیمزا كردووە. بەڵام جێبەجێ نەكراوە، سەرەڕای ئەو قەیرانەی كوردستان بە هۆی پەنابەرانەوە تووشی بووە. ئەم ئاسایی بوونەوەیە دەبێت ڕووبدات لەبەر ئەوەی ئەمە ڕێككەوتنە. ئێستا من داوا لە هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی دەكەم ئیلتیزام بكەن بەو ڕێككەوتنەی كە كراوە بۆ ئەوەی روون بێت كە ڕێككەوتنێك كراوە و ڕێز لەو ڕێككەوتنە بگیرێت كە سەبارەت بە خەرجییەكانە، هیوادارم ئەمە بە زووترین كات روو بدات. رۆڵی یەكێتی ئەوروپا ئەوەیە پشتیوانی هەوڵەكان لەسەر ئەرزی واقیع بكات لە رووی مرۆییەوە، هەروەها ببێتە دەنگێ بۆ پێشكەوتن لە ناوچەكەدا و جەخت بكاتەوە كە دەنگەكانمان پشتیوانی لەو خەڵكە ناوخۆییە دەكات كە دەیانەوێت، بە شێوەیەكی دۆستانە كێشە گشتییەكانی عێراق چارەسەر بكرێت لە رووی ئەو جیاوازییانەی لە نێوان سوننە و شیعەكان و كوردستاندا هەیە. لە رووی مێژووییەوە ئەوروپا لە چەندین خەڵكی جیاواز پێكهاتووە، هیوادارم ببێتە مۆدێلێك بۆ بە دامەزراوییكردن و مۆدێلێك لە نێوان كوردستان و عێراقدا، لەبەر ئەوەی پێویستمان بە پێوەندی باشە لە نێوان هەموو حكومەتە ناوچەییەكاندا، تا دڵنیا بین كە عێراق و كوردستان لە داهاتوودا ئەو ڕۆڵەی یەكێتی ئەوروپایان لەبەر چاوە كە شوێن ئەوە كەوتووە و مشتومڕی لە بارەوە كردووە و لەڕووی داراییەوە پشتگیری هەوڵە باشەكانی كردووە كە دراون لەسەر ئەرزی واقیع.
* بینیمان كە هێزەكان و سوپا و ئاسایشی عێراق لە بەردەم داعشدا توانەوە، بەتایبەتی لە دووەم شاری گەورەی عێراقدا لە موسڵ، پاشان دەركەوت كە گەڕانەوە بۆ باری ئەوسا مەحاڵە. كەواتە ئەگەر بمانەوێت ئارامیی وڵات بپارێزرێت، شوێن چ تەرتیبێكی دەستووری بكەوین، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی كە فیدڕاڵیزم هیچ یەكێك لەو ئامانجانەی بەدینەهێناوە؟
- پێموا نییە بۆ ئەوروپاییەكان باش بێت، كە بە خەڵكی ناوچەكە بڵێن چۆن كاروباری خۆیان ڕێكخەن. پێموایە عێراق زۆر بە دەست ئەوەوە ناڵاندوویەتی، دەبێت پشتگیری لەو ڕێككەوتنانە بكەین كە پێشتر كراون و وایان لێبكەین بۆ هەموو كێشەكان چارەسەر بن، ئەوە بەرپرسیاریەتی یەكێتی ئەوروپا نییە بۆ خەڵك دیاری بكات كە تەرتیبە دەستوورییەكانیان چین، پێویستە دڵنیا بین كە ڕێككەوتنەكان هەیە، هەروەها ئەوە مەرجانەی بەو ڕێككەوتنانەوە لكاون و فەرز كراوە و چاودێری نێودەوڵەتی هەیە لەسەریان. پێموا نییە كە ئەمە كاری من، یان یەكێتی ئەوروپا بێت كە دواجار بۆ دەوڵەتێكی دیاری بكات كە تەرتیباتە دەستوورییەكانی چی بن. هەموو دەزانین كە لە عێراقی مۆدێرندا پێكهاتەی زۆر جیاواز هەیە، هەموو ئەم بەشە جیاوازانە پێویستە ڕێزیان لێ بنرێت و دڵنیا بن كە هەموویان بە كۆكی و هاوئاهەنگی پێكەوە دەژین، پێموایە ئەمە دەستكەوتی یەكێتی ئەوروپایە و هیواداریشم ئەمانە ببنە دەستكەوتی عێراق و ئیمەش پشتگیرییان دەكەین.
* ڕای تۆ لەسەر مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان چییە، وەك دەزانی ئێستا بووەتە بابەتێكی گەرم لە ناوچەكەدا؟
- وەك دەزانی ئەمە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە لە كوردستان و ناوچەكەدا و خەڵك دەیەوێت كە ئەمە رووبدات. پێم وایە كورد رۆڵێكی زۆر گەورەیان گێڕاوە بۆ سەقامگیری ناوچەكە و ئازایەتیەكی گەورەیان لەشەڕ لەگەڵ داعش پیشانداوە، بەڵام دواجار ئەمە مەسەلەیەكە پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە كە بیانەوێت چی بكەن، بەڵام ئێستا چەندین قەیرانی تری بەپەلە هەیە وەك قەیرانی مرۆیی و پەنابەران و ئاوارەكان كە ناوچەكە رووبەڕووی بووەتەوە، بۆیە ئێستا بەرپرسیاریەتی سەرەكی كۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی ئەوەیە كە رووبەڕووی ئەو قەیرانانە بێتەوە.
* هەرچەندە لەساڵانی پێشوتردا گەلی كورد رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی جینۆساید و نەهامەتی بووەتەوە لەلایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە، بەڵام پاش كەوتنی موسڵ و هێرشی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان لە سنجار، ئەمە جارێكی تر دووبارە بووەوە، لەم بارەیەوە دەینس هێلی وەزیری بەرگری پێشووی بەریتانیا دەڵێت: «هەمیشە بەرپەرچدانەوەی دوژمن ئاسانترە لە دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمان.» بۆیە ئێمەش دەمانەوێت لەڕاستیدا لەلایەن هاوپەیمانەكانمانەوە دڵنیا بكرێینەوە، كەواتە چۆن خەڵكی كوردستان لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە دڵنیادەكرێتەوە كە یارمەتی تەواویان پێدەگات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان كە دوژمنی هەردوولان؟
- پێموایە یەكێتی ئەوروپا زۆر زیاتر دەكات بۆ ئازایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، پێموایە یەكێتی ئەوروپا دەبێت لە رووی داراییەوە پاڵپشتی بكات لە هەوڵەكان لەسەر زەمین كە لە یارمەتییە مرۆیەكاندا خۆی دەبینێتەوە بۆ دابینكردنی ماڵی نوێ بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە پەنابەر و ئاوارە كە ئەمەش دەتوانێت لە ڕێی نووسینگەی پێوەندییەكانەوە لە هەلێر بكات. سەبارەت بە بارودۆخی سەربازی و ئەوەی كە تۆ وتت لە دوای گۆڕانكارییەكانی موسڵ، پێموایە دەبێت پاڵپشتی ئەو هێزانە بكەین لە سەر زەمین بە باشترین شێوە بۆ ئەوەی وڵات بە یەكگرتوویی بهێڵنەوە و باشترین ئەنجام بەدەستبهێنن، پێشموایە پرسیاری زۆر هەیە لەو گرووپانەی لەناو سوپای عێراق و هێزەكانی ئاسایشدان لە رووی داواكردنی پاڵپشتی لە یەكێتی ئەوروپاوە.
* لەكۆتاییدا پەیامت بۆ خەڵكی كوردستان چییە ؟
- پەیامی هاوبەشی (solidarity) دەنێرم بۆ خەڵكی كوردستان بۆ ئەو ئازایەتییەی نیشانتان داوە لە بەرەنگاری داعشدا.