نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر نیشانەی بایەخی كوردستانە لە سیاسەتی یەكێتی ئەوروپادا
September 3, 2015
دیمانەی تایبەت
ستۆران ستیڤنسۆن كە ئێستا سەرۆكی رێكخراوی ئازادیی عێراقە، پێشتر هەتا ساڵی 2014 سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بووە بۆ پێوەندییەكان لەگەڵ عێراقدا، لەو ماوەیەشدا چەندین جار سەردانی كوردستان و عێراقی كردووە و یەكێك لەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی ئەوروپا بووە كە پێشنیاری كردووە نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر بكرێتەوە، هەروەها بە دەستپێشخەری ستۆران ستیڤنسۆن لە مارتی 2013 پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ماوەی سێ رۆژ پیشانگەیەكی بۆ قوربانییانی هەڵەبجە كردۆتەوە، ئەمەش وەك هەوڵێكی ئەو پەرلەمانتارە بۆ ناساندنی تاوانی كیمابارانكردنی هەڵەبجە بە ژینۆساید لەلایەن پەرلەمانی یەكتی ئەوروپاوە بووە. جێگەی خۆشحاڵی بوو كە رۆژی 23ی ئابی 2015 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر كرایەوە. سەبارەت بە بایەخی ئەم نووسینگەیە بۆ كوردستان و پێوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ ستۆران ستیڤنسۆن ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.ستۆران ستیڤنسۆنسەرۆكی پێشووی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق لە دیمانەیەكی گوڵاندا:نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر نیشانەی بایەخی كوردستانە لە سیاسەتی یەكێتی ئەوروپادا
* سەبارەت بە كردنەوەی نووسینگەی پێوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر، چۆن ئەم پێشكەوتنە دەبینی و ئەم هەنگاوە چۆن خزمەتی پێوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا دەكات؟
- هەمیشە وتوومە كە كردنەوەی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی هەولێر بووەتە جێگەی بایەخ لە شەڕی دژی داعش و هەروەها بووەتە جێگەی سەرنجی پێشكەوتن و دیموكراسی لە هەموو عێراقدا. ئێستاش بەغداد بووەتە پایتەختی دەوڵەتێكی شكستخواردوو، بەشێوەیەك خراپ بووە كە خەڵك پێیوایە عێراق دابەش دەبێت بۆ سێ هەرێمی جیا، كوردستانی سەربەخۆ، هەروەها داعش دەستیگرتووە بەسەر ناوچەیەكیدا و بەشە چەماوەكەی عێراقیش بە بەغدادەوە لە ژێر دەستی حكومەتی شیعەكان بە سەركردایەتی حەیدەر عەبادی ماوەتەوە. ئەگەر عەبادی خێرا چاكسازییەكانی جێبەجێ نەكات كە پێویستە هەڵوەشاندنەوەی ڕۆڵی جێگری سەرۆك كۆماری تێدا بێت. عەبادی دەبێت خێرا خۆی لە نوری مالیكی ڕزگار بكات و زیاتر لەوەش دەستگیری بكات و بە تۆمەتی گەندەڵی و تاوان دژی مرۆڤایەتی بیداتە دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای. ئەمانە و چاكسازییەكانی تر كە حەیدەر عەبادی پێشكەشی كردووە، دەبێت زوو جێبەجێ بكرێن، لێرەشەوە لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی هاوڕام كە پاڵپشتی لە چاكسازییەكانی عەبادی كردووە.
* بەڵام هێشتا عێراق وڵاتێكی زۆر جەمسەرگیرە، كەواتە چۆن نووسینگەی پێوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستكردنی كەشێك بۆ ئاشتیی بەردەوام و چارەسەری درێژخایەن بۆ جیاوازی و ناكۆكییە سەرەكی و زۆرەكان لە عێراق؟
- بە زۆری بایەخی یەكێتی ئەوروپا دەبێت بۆ هەولێر بێت لە كوردستان. ئێستا سەرۆك بارزانی لە ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش لە ئەوروپا، متمانەی زۆر زیاترە لە حەیدەر عەبادی، لەبەر ئەوەی زیانێكی زۆر بە متمانەی نێودەوڵەتی عێراق كەوتووە بە هۆی رەفتارەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە، بۆیە دەبێت بایەخی زۆری ئەمریكا و ڕۆژئاوا و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كوردستان و هەولێر بێت. ئێستا ئێمە تێگەیشتووین كە كوردستان و پێشمەرگە تەنها ئەگەری تێكشكانی داعشن لە ناوچەكەدا و دەبێت بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دەست بكرێت بەپێدانی چەكی مۆدێرن بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی سەركەوتنی گەورە لە دژی داعش بەدەست بێنن. سوپای عێراق لە توانایدا نییە ئەوە بكات و چەكدارانی شیعەش كە لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە سەركردایەتی دەكرێن، دانیشتووانی سوننە لە عێراق لەوان زیاتر دەترسن وەك لە داعش. بۆیە ئێستا كردنەوەی ئۆفیسی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ستافیان هەبێت و ڕاستەوخۆ پێوەندییان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا هەبێت، بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداربن و یارمەتی پێویست بگەیەنن، وەك دابینكردنی یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە و دابینكردنی خواردن و كەلوپەل بۆ ئەوەی یارمەتی كوردەكان بدات، چارەسەری قەیرانی ئاوارەكان بكەن، كە بەردەوام لە هەڵكشاندایە لەبەر كێشەكانی عێراق و دەوڵەتی دراوسێی سووریا.
* بینیمان كە هێزەكانی ئاسایش و سوپای عێراق لەبەردەم داعشدا توانەوە، بەتایبەتی لە موسڵ، پاشان دەركەوت كە گەڕانەوە بۆ باری ئەوسا مەحاڵە. كەواتە ئەگەر بمانەوێت ئارامی وڵات بپارێزرێت، شوێن چ تەرتیبێكی دەستووری بكەوین بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی كە فیدڕاڵیزم هیچ یەكێك لەو ئامانجانەی بەدینەهێناوە؟
- كەوتنی موسڵ مایەی شەرمەزاری بوو بۆ فەرماندەی هێزەكانی عێراق كە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەربازی عێراقی ڕایانكرد لە بەرانبەر هێرشی هێزێكی بچووكی وەك داعش. ئەو فەرماندەیە ڕاستەوخۆ لادرا و بە كەسێكی ترسنۆك وەسفكرا، كە هەمان ئەو فەرماندەیە بوو كە سەركردایەتی چەندین بەتالیۆن لە سوپای عێراقی كرد لە هێرش و كۆمەڵكوژی لە كامپی ئەشرەف چەند ساڵێك لەمەو پێش، واتە فەرماندەی هێزەكانی عێراق لە موسڵ كەسێكی زۆر ئازا بوو كە دەهاتە سەر كوشتنی ژن و منداڵ و ئەوانەی كە هیچیان پێ نییە بەرگری لەخۆیان بكەن، بەڵام كەسێكی تەواو ترسنۆك بوو كاتێك لەلایەن ژمارەیەكی كەم لە چەكدارانی داعشەوە هێرشی كرایە سەر. ئەوە مایەی شەرمەزاری تەواو بوو بۆ ژەنەڕالێكی عێراقی، چونكە موسڵی بەو شێوەیە خست- كە دواتر لابرا-. كێشەكە ئێستا ئەوەیە كە دوو ملیون خەڵك هەیە لە موسڵ دەژین و زۆربەیان سوننەن و لەوە دەترسن كە ڕۆژئاوا هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ یارمەتی چەكدارە شیعەكان بە سەركردایەتی قاسم سولەیمانی بۆ لێدانی زەبری گەورە لە بارەگاكانی داعش دەست پێبكات، ئەمەش دەبێتە مایەی كوشتن و برینداری زۆری دانیشتووانی مەدەنی لە موسڵ، چەكدارە شیعەكانیش بەهەمان شێوە لە داعش دەترسن. بارودۆخەكە بە شێوەیەك خراپ بووە كە زۆربەمان ئێستا لە ڕۆژئاوا لەوە دەترسین دابەشبوون لە عێراقدا رووبدات و وڵات دابەش بێت بۆ سێ دەوڵەتی جیا. من پێشتریش وتوومە پاڵپشتیی سەربەخۆیی كوردستان دەكەم و پێموایە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە كوردستان بانگەشەی سەربەخۆیی خۆی بكات.
* چۆن ئەم نووسینگەی پێوەندییانەی یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدات لە رووی یارمەتیی سەربازی بۆ پێشمەرگە، كە پێشمەرگە پێویستی بە چەكی پیشكەوتوو هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەروەها یارمەتیی مرۆیی بۆ ئەو ئاوارانەی لە كوردستاندان، بەتایبەتی كە بودجەی كوردستان لە لایەن مەركەزەوە ڕەوانە ناكریت؟
- ئەوە تەواو روونە كە لە ڕابردوودا، نوێنەرانی باڵای یەكێتی ئەوروپا و وەزیرانی دەرەوە تەنها یەك ئۆفیسیان لە بەغدا كردبووەوە، كە ئەویش بە كرێ لە سەفارەتی بەریتانیایان گرتبوو، زۆربەی ستافەكەیان لە پایتەختی ئوردن لە عەمان بوون نەك لە بەغدا، بۆیە ستافێكی بچووك و یەك باڵیۆزیان هەبوو كە بەرپرسیاریەتییەكی زۆریان لە ئەستۆ گرتبوو، ئەویش لە بەر مەسەلەی ئەمنی كە نەیاندەتوانی بە ئاسانی لە عێراقدا هاتووچۆ بكەن. بۆیە بوونی نووسینگەی پێوەندییەكان لە هەولێر ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو ستافە ئەوروپییەی لەوێن دەتوانن پێوەندی باشتریان هەبێت و وێنەیەكی روونتر دەبینن لەوەی كە ڕوودەدات لە شەڕ لەگەڵ داعشدا، دەشتوانن راستەوخۆ پێوەندی بكەن بە یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتە یەكگرتووەكانەوە و پێیان دەڵێن چی پێویستە بۆ یارمەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ دابینكردنی یارمەتیی بۆ ملیۆنان لە پەنابەران كە لەناو كوردستاندا كۆبوونەتەوە، هەروەها تا بە ڕۆژئاوا لە بارەی پێویستییەكانی پێشمەرگە لە چەكی قورس و كەلوپەلی سەربازی نوێ لە شەڕیاندا لە دژی داعش ڕاگەیەنن. بۆیە ئەمانە هەموو بایەخەكانی ئەم نووسینگەیەیە لە هەولێر و بووەتە بەشێكی سەرەكی و گرنگ لە تێكشكانی داعش كە كاردەكاتە سەر عێراق و ناوچەكە و جیهان.
* وەزیری پێشوی بەریتانیا دەنیس هەیلی دەڵێت: بەرپەرچدانەوەی دوژمن هەمیشە ئاسانتر بووە لە دڵنیاكردنەوەی دۆستەكانت. پرسیارەكە ئەوەیە چۆن دەتواندرێت كورد لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە دڵنیا بكرێتەوە كە بەردەوام دەبن لە پێدانی یارمەتی بۆ تێكشكانی تیرۆریستان كە دوژمنی هەردوو لان؟
- بۆ یەكێتی ئەوروپا گرنگە كە ئەو دڵنیاییە بداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تێدەگەن لە رۆڵی میحوەریی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان. ڕۆژئاوا پێویستە زۆر خێرا بگات بەو تێگەیشتنە و دەبێت خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەنەوە كە تێدەگەن لەو ڕۆڵە كاریگەر وگرنگەی كە خەڵكی كوردستان و حكومەتەكەیان و پێشمەرگە بوێرەكانیان دەیگێڕن لەم درامایەدا. لەبەر ئەوەی هەتا ئەم وێنەیەمان تەواو بە ڕوونی دەست نەكەوێت و یارمەتی پێویست دابینی نەكەین بۆ پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوا لەوانەیە بەكارەسات كۆتایی بێت و داعش زیاتر پێداكوتێ لە عێراق و هەڕەشە لە هەموو ناوچەكە بكات بە شەڕی توند و خوێناوی تیرۆریزم كە لە تیرۆریستانی داعش چاوەڕوان دەكرێت.
* سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ئەمنی و سەربازی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەست بارێكی ئابووری خراپیشەوە دەناڵێنێت بە هۆی ناكۆكییەكانی بودجە لەگەڵ بەغدا، لەلایەكی تریشەوە فشارێكی زۆری ئاوارەكانی لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم بەرانبەریان وەستاوەتەوە، ئایا پێتوانییە حكومەتی هەرێمی كوردستان شایەنی یارمەتیی زیاترە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەشێوەیەكی گشتی و یەكێتی ئەوروپا بە شێوەیەكی تایبەتی؟
- من خۆم لە هەولێر و كوردستان قەیرانی پەنابەرانم بینیوە كە لە ناو وڵاتدا ئاوارە بوون، یان لە سووریاوە هاتوونەتە كوردستان و دەشزانم چۆن هەمیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە باشی پێشوازی لەو پەنابەرانە كردووە، بەڵام ناتوانن بەردەوام بن بە بێ یارمەتی زیاتر لە ئەوروپاوە. ئەوكاتەی لە هەولێر بووم، لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتم كە ئەوە گرنگە ئەوروپا ڕاستەوخۆ لە ڕێی رێكخراوی ئۆكسفام و مانگی سوور و خاچی سوور و هەموو ئەو ڕێكخراوە ناحكوومییانەی یارمەتی ئاوارەكان دەدەن، ڕاستەوخۆ لەڕێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە یارمەتییەكان بە كامپەكانی ناو كوردستان بگەیەنن و نەیدەن بە حكومەتی بەغدا كە هەرگیز ناگات بە حكومەتی هەرێم. ئێستا لە هەمووی زیاتر گرنگتر ئەو قەیرانانەیە كە داعش هێناویەتی، بۆیە ئەوروپا پێویستی بە یارمەتیی دەستبەجێ هەیە بۆ سووككردنی ئەوەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێمە بە یارمەتیدانی ملیۆنان پەنابەر و هەروەها هێزی پێشمەرگە لە شەڕیاندا لە دژی داعش. بۆیە ئەمە مەترسیدار بووە و پێموایە سەرۆك بارزانی كارێكی باشی كردووە كە ڕۆژئاوای ئاگادار كردۆتەوە بۆ ئەم قەیرانە، بەڵام دەبێت بە ڕۆژئاوا بڵێت كە بەڕاستی زۆر گرنگە هەر ئێستا یارمەتیمان بدەنێ بۆ ئەوەی ئاگامان لەو پەنابەرانە بێت و بە باشی و كاریگەرانە لەگەڵ داعشدا بجەنگین.
* ئێستا پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدان بۆ گفتوگۆی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەك كەسێك كە ئاگاداری هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانیت، پێتوایە تا چەند پێویستە خەڵكی كوردستان پاڵپشتی لە مانەوەی بارزانی بكەن؟
- چەندین جار بە دیداری سەرۆك بارزانی گەیشتووم و سەرۆكێكی بەهێزە. كارێكی شێتانەیە سەركردەیەكی ئاوا بەهێز و كاریگەر و ئازا لەم كاتی قەیرانەدا لەدەست بدەن. زۆر گرنگە سەرۆك بارزانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، بەلانی كەمەوە تا ئەم قەیرانە چارەسەر دەبێت. ئومێدەكە ئەوەیە لە پێگەی خۆیدا بمێنێتەوە بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی كوردستان.
* پێتوایە یەكێتی ئەوروپا پاڵپشتی ئەم هەنگاوی سەربەخۆییە دەكات؟
- ئەوە زۆر گرنگە كە یەكێتی ئەوروپا نووسینگەی پێوەندییەكانی لە هەولێر هەبێت بۆ ئەوەی پاڵپشتیی تەواوی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێم و پێشمەرگە بكات، ئەمەش بە تەواوی گرنگە كردنەوەی نووسینگەی پێوەندیەكانی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر بێت.
* لە كۆتاییدا چ پەیامێكتان بۆ خەڵكی كوردستان هەیە؟
دوایین پەیامی من ئەوەیە ئێمە لە ڕۆژئاوا هەموو ڕۆژێك لە هەواڵەكاندا بە ترسەوە سەیری ئەو كارە دڕندانە دەكەین كە داعش ئەنجامی دەدات. سەیری ئازایەتیی پێشمەرگە دەكەین وەك تەنها هێزی باوەڕپێكراو لە شەڕ لەدژی داعش. ئێمە لە ڕۆژئاوا پەیامی پیرۆزبایی و ڕێز دەنێرین بۆ ئازایەتی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لەبەر ئەوەی بەبێ ئێوە داعش ئێستا هەموو عێراقی داگیر دەكرد، بۆیە سوپاس و ڕێزی بێپایان بۆتان دەنێرین و منیش بەش بەحاڵی خۆم گوزارشت لەوپەڕی خۆشەویستی خۆم دەكەم بۆ خەڵكی كوردستان.