سەرۆك بارزانی لە دەستووری عێراق و كوردستانیشدا داكۆكیكاری مافی توركمان بووە
September 3, 2015
دیمانەی تایبەت
لە ئێستادا كە پڕۆژەی نووسینەوەی دەستوور كاری تێدا دەكات، نوێنەری پێكهاتەكانی كوردستان و بەتایبەتی توركمان گلەییان لە رەفتاری ئەو لیژنەیە هەیە و وای دەبینین نایانەوێت مافەكانی پێكهاتەكان بە شایستەی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بچەسپێندرێت. هەروەها لەو بارودۆخە سیاسییەی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، نوێنەری پێكهاتەكانی كوردستان خاوەنی را و بۆچوونی خۆیانن و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە ئارامی و سەقامگیری كوردستان نەشێوێندرێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە و مافی پێكهاتەكان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ كەرخی نەجمەدین ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتیی توركمان سازكرد و بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتیی توركمان بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی لە دەستووری عێراق و كوردستانیشدا داكۆكیكاری مافی توركمان بووە
*خوێندنەوەتان بۆ بارودۆخی ئێستای كوردستان و مەترسییەكانی چین و هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی هەستیاری هەلومەرجەكە چییە؟
-بێگومان كوردستان بە قۆناغێكی هەستیارەدا تێدەپەڕێت، ئەوەی دەگوزەرێت پێی دەوترێت ئێش و ئازاری لەدایكبوون كە لە عەرەبیدا پێی دەوترێت «مخاض»، لە ئێستادا كوردستان سەردەم و رۆژگارێكی تازەی لە پێشە و بە تێڕوانینی ئێمە ئەمە لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردستانە. بەدڵنیاییەوە هەموو لە دایكبوونێكیش ئێش و ئازاری لەگەڵدایە. بەداخەوە لەم قۆناغە هەستیار و ناسكەشدا كوردستان دووچاری شەڕی نەگریس و چەپەڵی داعش بووە، كە ئامانج لێی رێگریكردنە لەو لەدایكبوونە و لەباربردنی هەنگاوەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، یان هەر هیچ نەبێت راگرتنێتی. ئەوەی مایەی نیگەرانی و ناڕەحەتیی ئێمەیە و بگرە ناشتوانین لێشی تێبگەین، ئەو ململانێ ناوخۆییە كە هێنراوەتەئاراوە، نەك هاتبێتەئاراوە، بەداخەوە دەیڵێم–كە هیوادارم بە هەڵەدا چووبم- پێدەچێت دەستێوەردانێكی دەرەكی لە پشت ئەو هەوڵەوە بێت بۆ پەكخستنی هەنگاوەكانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت و بەرگرتن بەو لەدایكبوونە. هەندێ كەس زوو لەم ڕاستییە تێدەگەن و دەكشێنەوە و دەست هەڵدەگرن و بەرەو سازان هەنگاو دەنێن و هەندێ كەسیش دركیان بە ڕاستی مەسەلەكە نەكردووە. ئەوەی مایەی دڵتەنگییە، ئەوەیە كەسانێك هەن تێگەیشتوون لەوەی چی دەگوزەرێت، بەڵام بە ئەنقەست دەیانەوێت ڕەوت و ڕەوڕەوەی ڕووداوەكان بە ئاقار و ئاڕاستەیەكی مەترسیداردا بەرن، بەڵام وا دیارە حیكمەت و هۆشیاری قووڵ و ئارامگرتنی گەورەی جەنابی سەرۆك بارزانی دۆخەكەی ڕاگرتبێت. سەرۆك بارزانی بانگهێشتی سەرجەم لایەن و پارتەكانی ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان و حكومەتی كردووە، لەم پێناوەشدا چەندین بەیاننامەی دەركردووە و داوای لێكردوون كۆببنەوە و ڕێككەون و بڕیار لە چارەنووسی ئەو میللەتە ستەمدیدەیە بدەن كە نوێنەرایەتیان دەكەن. شیكردنەوەی من بۆ قۆناغەكە ئەوەیە كە ئێمە قۆناغی باشمان بڕیوە و هەنگاوی گەورەمان هەڵگرتووە بەرەو پێكانی ئامانجەكانمان. ئەوەی مایەی پەژارەیە پەرلەمان كرایە ئامرازی جێبەجێنەكردنی ئەم ئامانجە گەورەیە، لە كاتێكدا چاوەڕوان دەكرا پەرلەمان بەرگریكار و داكۆكیكاری خەمی خەڵك بێت، چونكە پەرلەمان بە دەنگی خەڵك پێكهاتووە. ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی سەرۆكایەتیشەوە، ئەوا پێمانوایە سەرۆكی ئێستای كوردستان خاوەن كەسایەتییەكی كاریزمایە، خاوەن مێژوییەكی شكۆدارە و سەر بە بنەماڵەیەكی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕە، مێژووی شۆڕشگێڕی لەسەر دەستی ئەوان تۆمار كراوە لە كوردستاندا. كەواتە لەسەر دەستی پێشمەرگە و سەركردە و شۆرشگێڕێكی وەك سەرۆك بارزانی دەتوانین بەرەو كەناری ئارامی بپەڕینەوە. مەسەلەكە ئەوە نییە ئێمە بێین و بە شان و باڵیدا هەڵبڵێین، چونكە ئەمەریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هاتوونەتە سەرخەت و دەڵێن ئەم قۆناغە پێویستی بە جەنابی سەرۆك بارزانی هەیە.
* لە كوردستاندا باس لە پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەكرێت، كە توركمانیش پێكهاتەیەكی سەرەكییە، بەڵام دەبینین هەوڵێكی زۆر لە ئارادایە بۆ بەشداری پێنەكردن و پەراوێزخستنیان، تەنانەت باس لەوە دەكرێت لەو دەستوورەی ئێستاشدا كە دادەڕێژرێت مافێكی زۆریان پێنەدراوە، ئایا رۆڵی سەرۆكی هەرێم لە پاراستنی پێكهاتەكان چییە ؟
- من ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمان بووم و ئەندامی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بووم، دەتوانم ئەوە بڵێم جەنابی سەرۆك گەورەترین داكۆكیكار بووە لە مافی پێكهاتەكەی ئێمە كە توركمانە، هەم لە پڕۆژەی دەستووری كوردستان، هەروەها لە دەستووری هەمیشەیی عێراقیشدا، ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم و هەمو ئەمانە تۆمار كراون و بە بەڵگە پشتڕاست كراوەنەتەوە و سەلمێندراون. ئەو كاتەی لە بەغدا بووین، من ئەندامی شاندی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بووم، جەنابی سەرۆك بارزانی پێی ڕاگەیاندین كە هەرچیتان هەیە لە لائیحەیەكدا دایبڕێژن و بۆمی بهێنن. ئێمە ئەو لائیحەیەمان بە شێوەیەكی یاسایی داڕشت و پێشكەشی بەڕێزیمان كرد، ئەویش قەڵەمەكەی دەرهێنا و لەسەری نووسی بە هەمووی ڕازیم و لەسەر هیچی لاریم نییە، چونكە داواكاری خۆتانە. ئەو كاتە ئێمە وەك نەتەوەی توركمان هەرچیمان بە پێویست زانی نووسیمان- ئەگەر ئێستا بوایە شتی دیكەشمان دەنووسی، چونكە ژیان لە گۆڕان و بەرەوپێش چووندایە. بەهەر حاڵ چەندین جار داواكارییەكانی ئێمە لە لایەن چەندین پارتی كاریگەری عێراقییەوە ڕەتكرانەوە، بەڵام بەڕێزیان هەر دەیگەڕاندەوە و پێداگیری دەكرد لەسەر جێگیركردنیان تاوەكو لە كۆتاییدا لە دەستووری عێراقدا چەسپێندرا. لە ماوەی داڕشتنی دەستووری كوردستانیشدا چەندین جار ئێمە گفتوگۆی توند و بەهێزمان دەبوو لەسەر پرس و بابەتەكان و دانان و لابردنی وشەیەك، بەڵام كاتێك بۆ دوایین جار پڕۆژەدەستوورەكەمان برد بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی پێی ڕاگەیاندین بەلای ئەوەوە گەورەترین مەسەلە ئەوەیە كە بە باشترین شێوە مافی برا توركمان و كلدوئاشوورییەكان لە ناو دەستووردا جێگیر بكرێن و بچەسپێندرێن. ئەمە مێژووە و تۆماركراوە، بەڵام ئێستا لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ نووسینەوەی دەستوور و ئەو لیژنەیە ڕازی نین بە مافێك بۆ ئێمە كە خوا وەك نەتەوەیەك پێی ڕەوا بینیوین. ئێمە هەست دەكەین بە گیانی تۆڵەسەندنەوە هەڵسوكەوتمان لەگەڵدا دەكەن . لەبەر ئەوە ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان ڕامانگەیاند كە ئەگەر ئێوە ڕازی نابن بە مافەكانی ئێمە، ئەوا ئیتر مانەوەی ئێمە چ مانایەكی نییە، بۆیە بڕیاری كشانەوەمان دا.
* تێڕوانینی ئێوە لەبارەی ئەو داواكارییانەی دەكرێن بۆ كەمكردنەوەی كورسیی كۆتاكان چییە؟
- ئێمە شانازی بەوەوە دەكەین كە سەر بە نەتەوەی توركمانین، لە هەمان كاتدا ئێمە مێژوویەكی قووڵ و دوور و درێژمان هەیە لەم وڵاتەدا و لە هەموو ئێش و ئازار و نەهامەتی و خۆشی و ناخۆشییەكاندا بەشدار بووین، واتە لە هەموو شتێكدا هاوبەش بووین، ئێستاش لە ڕووی داب و نەریت و كار و كەسابەت و بگرە هاوسەرگیریشەوە تێكەڵ بووین لەگەڵ كوردەكاندا، هەروەها خاوەنی ئایین و ئایینزای هاوبەشین. كاتێك باس دێتەسەر باسی كورسی كۆتاكان ئەوا ئێمە وەك توركمان زۆر ڕازیش نین بەو كورسییانەی كە بۆ ئێمە تەرخان كراون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش كەسانێك هەن كە من پێیان دەڵێم فەریكە سیاسی، ئەم كەسانە بە مەزەندەی عەقڵی خۆیان پێیانوایە دەتوانن یاری بە چارەنووسی میللەتێكی شكۆداری وەك توركمان بكەن، بەڵام ئەمە مومكین نییە و ئەمە وەك پرس و بابەتەكانی دیكە بە زۆرینە و كەمینە یەكلا ناكرێتەوە. چونكە ناكرێت تەنها كورسییەكی زیاترت هەبێت و بڕیار لە چارەنووسی میللەتێك بدەیت. نەتەوەی توركمان نەتەوەیەكی زیندووە و كەسایەتی و كادیری بەتوانای هەیە و دەتوانێت خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لە كوێی ئەم جیهانەدا شتی وا ڕوویداوە با پێمان بڵێن. ئەگەر پێیانوایە ئەوان دەتوانن ئەوە یەكلابكەنەوە كە توركمان 5 كورسی یان 4 یان 3 كورسی هەبێت، ئەوا بە هەڵەداچوون.
* ڕاتان چییە لە بارەی بەشداری پێنەكردنی حزبەكانی دیكە لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكاندا، بە تایبەتی كە موعارەزەی پێشوو بانگەشەی ئەوەیان دەكرد دەبێت لە پرسە گرنگ و چارەنووسسازەكاندا هیچ لایەنێك پەراوێز نەخرێت؟
- بەداخەوە موعارەزەی پێشوو كە ئێستا لە دەسەڵاتدان و چەندین جومگەی گرنگی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، پێشتر لافی دیموكراسییان لێدەدا و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە مەبەستیانە پایەی دیموكراسی و فرەیی بچەسپێنن، بەڵام ئێستا پاشگەزبوونەتەوە لە قسەكانی خۆیان و ئەوەش كارێكی نەشیاوە و كاریگەری دەبێت لەسەر رەوتی خەباتكردنیان. ئەوان پێشتر شانۆ و مینبەریان دانابوو و قسەیان دەكرد و بەیاننامەیان بڵاو دەكردەوە، ئێستا كە شیرینی دەسەڵاتیان چەشتووە، بە پێچەوانەوەی قسەكانی خۆیانەوە ڕەفتار دەكەن و تەنانەت هیچ هەڵوێستێكی جیاوازیشیان پێ قبووڵ ناكرێ، هەر لایەنێكیش هاوڕا نەبێت لەگەڵ ئەواندا ڕاستەوخۆ تۆمەتباری دەكەن بە پاشكۆیەتی و چەندین ناو و ناتۆرەی دیكەی لێی دەنێن، بەڵام ئەگەر باس لە پاشكۆیەتی بكرێت، ئەوا ئاشكرایە كێ سەرقافڵەی فەرهەنگی پاشكۆیەتییە. ئێمە وەك توركمان نە پاشكۆی كەس بووین و نە دەشبینە پاشكۆی كەس. ئێمە وەك نەتەوەیەكی ڕەسەنی ئەم كوردستانە پێمان گرنگە پێوەندی باشمان هەبێت لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەدا، بەڵام ئەو كەسانەی مافەكانمان پێ رەوا نابینن و بە تێڕوانینی خۆیان دەبێت ئێمە خاوەنی ئەو مافانە نەبین و دەبێت ئەوان وەك خەڵاتێك بە ئێمەی ببەخشن، ئەوا بە هەڵەدا چوون، چونكە ئەمە مومارەسەیەكی نادیموكراتییە.
* ئایا گلەییتان هەیە لەو پۆستە حكوومییانەدا كە تەرخانكراوە بۆ توركمانەكان و ئایا تا چەند پشكی توركمانەكان ڕەچاوكراوە لەو ڕووەوە؟
- توركمان شایستەی زیاترە لەو پۆستە حكوومییانەی لە ئێستادا پێی دراوە. حاڵی حازر تەنها وەزیرێكمان هەیە، ئەوەشمان پێ كەمە، ئێستا بارودۆخێكی ناهەموار لەئارادایە و ئێمەش ڕەچاوی هەل و مەرجەكە دەكەین، بەڵام ئەگەر دۆخەكە ئاسایی بێتەوە و پرۆسە دیموكراسییەكە بە رێكوپێكی بەڕێوەبچێت، ئەو كاتە بە شێوەیەكی یاسایی و بە رێكاری ئوسووڵی داوای پۆستی زیاتر دەكەین بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بكەن و بەشداری زیاتر بكەین، بۆ ئەوەی رۆحی برایەتی و هەماهەنگی قووڵتر بكەینەوە لە كوردستاندا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەك نەتەوەی توركمان لە پێناوی پۆستدا لە كوردستان ناژین، ئێمە پۆستیشمان نەبێت هەر لە كوردستاندا دەژین.
* ئەی لە حاڵەتی گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چ گۆڕانكارییەك بەسەر پێگەی توركماندا دێت؟
- ئەگەر لە ئایندەدا كەركووك و ناوچەكانی دیكە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان ئەوا توركمان دەبێتە نەتەوەی دووەم لە كوردستان و بە هێزی دووەم لە پەرلەماندا و ئەو كۆتاییەی ئێستا نامێنێت و ئێمە دەتوانین بە دەنگی خۆمان كورسی زیاتر بەدەست بهێنین. ئەو كۆتاییەی دانراوە ڕێوشوێنێكی كاتییە و ئەندام پەرلەمانەكانمان تەنیا نوێنەری توركمانەكانی هەولێر و كفری دەكەن. ئەگەر هاتوو هەموو ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر كوردستان- كە هەمیشە لێكدانەوەی سلبی بۆ ئەم قسەیەی من دەكرێت-، كە ئێمە داوامان كردووە بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی پێگەی ئێمە لە كوردستاندا، لە پەرلەمان و حكومەتدا باشتر بێت.
* كەواتە ئێوە لەگەڵ ئەوەدان كە كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە بگەڕێنەوە بۆ سەر كوردستان؟
- من لە كۆبونەوەیەكدا بەشدار بووم كە لە خزمەتی جەنابی سەرۆكدا بووین، باسی ئەوەم كرد ئەو لایەنەی ئامادە بێت مافەكانی ئێمە بسەلمێنێت و دانیان پێدا بنێت، ئەوا لەگەڵیداین، بەڵام ئەگەر نكۆڵی لە مافەكانمان بكات، ئەوا بێگومان لەگەڵیدا نابین. لە كەركووك جیاوازی هەبووە و وەك هەولێر نەبووە، ئێمە بە حوكمی خزمایەتی و هاتوچۆ و ڕێكخستنی حزبایەتی ئاگاداری بارودۆخەكەین. لەوێ گلەیی زۆرە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیدارەی كەركووك. ئەگەر بهاتایە وەك هەولێر مامەڵە بكرایە، ئەوا توركمانەكانی ئەوێش هەڵوێستێكی زۆر جیاوازتریان دەبوو. لەوێ توركمان یەكهەڵوێست نین، بەشێكیان پێیان باشترە بگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بەشێكیشیان لەگەڵ ئەوەدا نین كەركووك ببێتەوە بە بەشێك لە كوردستان. ئەوانیش بیروبۆچوونی خۆیان هەیە. ئیتر كەمتەرخەمییەكە لە هەردوولاوەیە. دەبێت لایەنە كوردستانییەكان میهرەبانتر ڕەفتار بكەن بۆ ئەوەی خەڵكەكە بەلای خۆیاندا ڕابكێشن و ترس و نیگەرانییەكان بڕەوێننەوە كە لە حاڵەتی گەڕانەوەی بۆ سەر كوردستان مافیان ناخورێت و ستەمیان لێناكرێت. ئەگەر ئەم متمانەیە لە نێو دڵی خەڵكەكەدا و لە نێو توركمانەكاندا دروست بكرێت، ئەوا بێگومان هەنگاوەكانی دیكە ئاسان دەبێت و دەتوانرێت هەنگاوی دیكەش هەڵبگیرێت.
* ئێستا مشتومڕێكی زۆر دەكرێت لە بارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكەوە. ئایا ئێوە لەگەڵ چ میكانیزمێكدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ئایا پێتان باشترە لەلایەن پەرلەمانەوە، یان خەڵكەوە هەڵبژێردرێت؟
- من وەڵامێكی سەرپێی و سۆزدارانەتان نادەمەوە، بۆچوونەكانم بە بەڵگە پشتڕاست دەكەمەوە، لەبارەی ئەوەی بۆچی پێویستە لە ناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت. یەكەمیان، راستە پەرلەمان بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردراوە، بەڵام تێكڕای خەڵك بەشدارییان لە دەنگداندا نەكردووە، بەڵكو نزیكەی لە سەدا 70ی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدار بوون. دووەم، ئەو پەرلەمانەی لە ئارادایە دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، واتە نەوەی دیكە گەورە بوون كە ئێستا مافی دەنگدانیان هەیە و بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەم پەرلەمانەدا نەكردووە، كەواتە ئایا چۆن دەنگی ئەو كەسانە وەردەگیرێت كە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكاندا نەكردووە و ئێستا 19 یان 20 ساڵن؟ سێیەم ئایا لە حاڵەتی هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەمانەوە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان بەشداری دەكەن، چونكە لەوانەیە نزیكەی لە سەدا 40 بۆ 50ی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بدەن. لەلایەكی دیكەوە كاری سەرەكی پەرلەمان لە دوو ئەركدا كورت دەبێتەوە، داڕشتن و دانانی یاسا و دڵنیابوون و چاودێریكردنی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەیە لەلایەن دامەزراوەكانی حكومەتەوە. دواتر ئێمە دەستوورمان نییە ئەم پرسە یەكلابكاتەوە، لایەنێك هەیە پێی باشترە سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و لایەنی دیكەش بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئەمەش شتێكی سروشتی و ئاساییە، بەڵام ئەگەر لایەنەكان نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتن ئەوا دەبێت ئەو پرسە بخرێتە دەنگدانەوە و ڕاپرسی لەسەر بكرێت و ڕای خەڵك وەربگیرێت و هەمووان ملكەچی ئیرادەی خەڵك و دەرئەنجامی ڕاپرسییەكە بن. بەڵام ئەگەر لایەنێك پێداگیری بكات لەسەر ئەوەی هەر دەبێت بۆچوونی ئەو زاڵ بێت، ئەوا ئەمە دوورە لە دیموكراسییەتەوە و ئەمە خۆسەپاندنە و خۆسەپاندنیش لە فەرهەنگی دیموكراسیدا جێی نابێتەوە.
* ئەی چۆن لەوە دەڕوانن كە سەرۆك كۆشكی سەرۆكایەتی جێدەهێڵێت و خۆی دەچێتە نێو پێشمەرگە و بەرەكانی شەڕ بەسەر دەكاتەوە؟
- لە ڕاستیدا هەر لەبەر ئەوەیە دەیانەوێت ئەو سەرۆكە لابەرن، جەنابی سەرۆك تێكۆشەرێكی ماندوونەناسە كە لە كاتی شەڕدا پێشمەرگەیە و لە كاتی ئاشتیدا وەك باوكێكی میهرەبان بە یەكسانی لە سەرجەم خەڵكی كوردستان دەڕوانێت و بە بێ جیاوازی داكۆكی لە مافەكانیان دەكات. ئێمە ئەوە بەرز دەنرخێنن و هەموو میللەتێك ئەوەندە خۆشبەخت نییە خوا سەرۆكێكی ئاوای پێببەخشێت. هەر لەبەر ئەوەشە كە ئێمە لەگەڵ سەرۆك و حزبەكەی جەنابی سەرۆكین. ئێمە دەبینین ئەو ڕابەڕایەتی ئەم شەڕە دەكات و لەو پێناوەشدا رۆژانە شەهید دەدەن و خۆێنی خۆیان دەبەخشن لە پێناوی بەرگریكردن لە شەرەف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان، كەواتە ناكرێت بەراوردی بكەین بە كەسانێك كە سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی ئێمە بكات.