پرۆفێسۆر دانیال دروکمان پسپۆر لە وەرچەرخانی تەنگژە بۆ گوڵان:پرۆسەی وەرچەرخانی تەنگژە کارلێکە لە نێوان دروستکردن و پاراستن و بنیاتنانی ئاشتی و جیاوازە لە ئیدارەدانی تەنگژە

پرۆفێسۆر دانیال دروکمان پسپۆر لە وەرچەرخانی تەنگژە بۆ گوڵان:پرۆسەی وەرچەرخانی تەنگژە کارلێکە لە نێوان دروستکردن و پاراستن و بنیاتنانی ئاشتی و جیاوازە لە ئیدارەدانی تەنگژە
دانیال دروکمان پرۆفیسۆری پێوەندییە نێودەوڵەتی و گشتییەکانە لە زانکۆی جۆرج ماسۆن بۆ سیاسەت و تایبەت بە کاروبارە نێودەوڵەتی و حکومیەکان، هەروەها توێژەرێکی ناسراوە لە زانکۆی ماکوایەر لە سیدنی و پرۆفیسۆری فەخریە لە زانکۆی کوینزلاند لە بریسباین. پرۆفیسۆر دۆركمان پسپۆرە لەسەر چۆنیەتی وەرچەرخانی تەنگژە لە تەنگژەیەكی دوورودرێژی خوێناوییە بۆ ئاشتییەكی بەردەوام، سەبارەت بە گرنگی ئەم بوارە و تازەیی توێژینەوەكان لەسەری ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* بە بۆچوونی ئێوە ستراتیژییەکانی ئیدارەی تەنگژە، ئاشتی بەردەوام دابین دەکات؟ چۆن دەتوانرێت تەنگژە بۆ ئاشتی تەواو بگۆڕدرێت؟
- ئەمە پرسیارێکی لەجێیە، لە سەنتەری توێژینەوەکەمان جیاوازی هەیە لەنێوان ئیدارەی تەنگژە و چارەسەری تەنگژە. کاتێک تەنگژە ئیدارەدەدرێت، واتە توندوتیژی دەوەستێت و کێشە گرنگەکانی کە بوونەتە هۆی ناکۆکیەکە دەمێنێتەوە. بۆیە پەیوەندی نییە لە نێوان هەوڵدان بۆ ئیدارە دانی تەنگژە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی بۆ ئەوەی بگەین بە ئاشتییەکی بەردەوام. نموونەی زۆر لە جیهاندا هەن لەسەر ئیدارەدانی ناکۆکی سەرکەوتوو کە چارەسەرنەکراون. یەکێک لەو نموونانە ناکۆکییەکانی سەر ناگۆرنۆ قەرەباخە لەنێوان ئەرمەنی و ئازەربایجانییەکان کە لەساڵی ١٩٩٤ دا گفتوگۆی ئاگربەستێکی سەرکەوتوو کرا، بەڵام هەردوو وڵات بە نەیاری یەک ماونەتەوە و نایانەوێت ئەو مەسەلانەی دابەشی کردوون گفتوگۆ بکەن. زۆر هەوڵ لەلایەن لایەنی سێیەمەوە دراوە بۆ ئەوەی هانیان بدات کە ئەنجامی زۆر کەمی هەبووە. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەم ناکۆکییە لە ئیدارەدانە کاریگەرەکەوە بۆ چارەسەر نەچووە. ئەم گۆڕانە گرفتی سەرەکییە و تایبەتمەندییەکی دیاریکراوی ناکۆکییە دژوارەکانە.
ڕێکەوتننامە ئاگربەستیەکان زۆرجار مەرجی بۆ ئاشتیپارێزەکان تێدایە، تۆمارەکانی کارایی ئاشتیپارێزی کاریگەرە، بەڵام ئەوەی بەباشی تێینەگەیشتوون کاریگەریە لابەلاکانی ئەو ئەرکانەیە کە لە پێویستی بۆ جیاکردنەوەی لایەنەکان لەیەکترەوە هەڵقووڵاوە. بەم شێوەیەش ئاشتیپارێزەکان ئەو دەرفەتانە کەم دەکەنەوە کە چالاکییەکانی چارەسەری ناکۆکییەکانی تیادا روودەدات. بەبێ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەردەوام لە نێوان بەشەڕهاتووەکاندا، بەرەوپێشچوونی لە چارەسەرەکاندا روونادات، بۆیە فرمانی سەرەکی ئەرکەکانی ئاشتیپارێزیی کە بریتییە لە بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی، وا دەکات کە دابڕان لەنێوان ئیدارەدان و چارەسەردا زیاد بکات.
هەروەها نموونەی وامان هەیە کە ڕێکەوتنەکان بەرەو چارەسەر چوون. توێژینەوە ئاماریەکانمان لەسەر کۆتایی هاتنی جەنگە ناوخۆیەکان پێوەندییەکی گرنگ پیشاندەدات لەنێوان ئاشتی بەردەوام و پابەندبوون بە مەرجەکانی ڕێکەوتننامەوە کە مەرجەکانی ئیدارەدانی تەنگژەشی تێدایە. دۆزینەوە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە گرنگی پرەنسیپەکانی یەکسانییە لە ڕێکەوتنەکەدا، هەروەها لە ماوەی قۆناغەکانی پاش ڕێکەوتنەکە، نموونەی ئەو حاڵەتانەی کە سەرکەوتوبوون لە گۆڕینی ئیدارەدان بۆ چارەسەری تەنگژە ئەمانەن: مۆزەمبیق (١٩٩٢)، نامیبیا (١٩٩٢)، گواتیمالا (١٩٩٦)،سلڤادۆر (١٩٩٢)، باشوری ئەفریقیا (١٩٩٣)،هەروەها زیمبابۆی (١٩٧٩). لەهەر یەکێک لەم حاڵەتانەدا، پرەنسیپی یەکسانی لەمەرجەکانی ڕێکەوتنەکەدا شتێکی سەرەکی بووە، بەڵام هەموو کێشەکان بەدەگمەن تەنانەت لە «باشترین» حاڵەتەکانیشدا چارەسەرکراون، ئەویش وەک دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرژی و شەڕەکان لە مۆزەمبیق. هەرچەندە یەکسانی دەورێکی گرنگ دەگێڕێت لە سەرهەڵدانی ئاشتیدا، بەڵام بێگومان فاکتەری تر هەن کە ڕێ لە بەرەوپێشچوون دەگرێت لە ئیدارەدانەوە بۆ چارەسەر وەک حاڵەتەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ (١٩٩٤)، سینیگال (٢٠٠٤)، هەروەها لیبیریا(١٩٩٥). ئەو وانانەی لەم حاڵەتانەوە فێردەبین پێویستە کاریگەری هەبێت بۆ ناکۆکییە دژوارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* شارەزایان پێیان وایە کە قۆناغی وەرچەرخانی تەنگژە جیاوازە لە ئیدارەی تەنگژە، هەروەک خۆت ئاماژەت پێدا، لەبەرئەوەی قۆناغی وەرچەرخانی تەنگژە زۆر بواری ناو کۆمەڵگە دەگرێتەوە، تاچ ڕادەیەک قۆناغی وەرچەرخانی تەنگژە کاریگەری لەسەر ئاستی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێت؟
- ئەمەش پرسیارێکی جوانە. وشەی «وەرچەرخانی تەنگژە- Conflict Transformation» بووەتە وشەیەکی بەربڵاو لە ئەدەب و ڕۆژنامە بەناوبەنگەکان و تێگەیشتنێکی زۆر روونمان لەسەر واتاکەی نییە. چالاکوانەكانی بنیاتنانی ئاشتی رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە پرۆسەی وەرچەرخانی تەنگژەدا، لە ڕاستیدا کارلێکە لە نێوان درووستکردنی ئاشتی و پاراستنی ئاشتی و بنیاتنانی ئاشتی، کە مەرجەکانی گۆڕینی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان درووستدەکات. هەندێک جار یەکەمین شت پێش هەرشتێکی تر ئەوەیە کە هاونیشتمانیان تێبگەن کە گۆڕانی دامەزراوەیی پرۆسەیەکی ماوە درێژە. پەرەدان بە ڕوانگەیەکی ماوەدرێژ لەسەر گۆڕانكاری و بیرکردنەوە بەشیوەیەکی ئاڵۆز لەبارەی ئەوەی چۆن روودەدەن بەسوودە. توێژینەوەیەکی بەرچاو لەسەر لایەنی سایکۆلۆژی-کۆمەڵایەتی دەریدەخات کە گۆڕین پاڵنەرە مەعریفیەکان کاتێک روودەدەن کەبەتایبەتی خولە ڕاهێنانیەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک دووبارە بکرێنەوە. هەروەها توێژینەوەکە ئەوەش پیشاندەدات کە گۆڕانی تاکەکانیش بەشێکی ترە لە گرفتی گواستنەوە، هەروەها پێویستیشە کە هۆشیاریی گشتی لەبارەی پێویستی بۆ گۆڕان و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکە بگۆڕدرێت. لەرووی تیۆریەوە، گرفتەکە دروستکردنی پردێکە لەنێوان پرۆسە ئاستەبەشیەکان (تاکەکان و گرووپە بچووکەکان) و ئاستە هەموویەکان(کۆمەڵگەیەکان)، کە ئەمەش مەسەلەیەکی سەرەکییە لە بواری سایکۆلۆژیای سیاسی. گۆڕینی ناکۆکی سەرکەوتوو پشت دەبەستێت بە بەستنەوەی گۆڕانی سایکۆلۆژی بە گۆرانی بونیادیەوە.
لەوانەیە گۆڕانی تاکەکان ئاسانترین بەشی گرفتی وەرچەرخانی تەنگژە بێت و گۆڕانی بونیادی دەمەزراوەکانیش گەورەترین گرفتە. هەڵمەتە پەروەردەیەکان لەگەڵ سازدانی وۆرکشۆپ لەناو گرووپە بچوکەکاندا بەسوودە. بەشێک لە هەڵمەتەک پێویستە تەرخان بکرێت بۆ قسەکردن لەسەر ستراتیژیەتی ریفۆرم کە لەحاڵەتی سەرهەڵدانی دیموکراسیدا لە ریفۆرمی هەڵبژاردن و ویستی لە کێبڕکێوە بۆ هاوکاریکردن چوون پێکدێت، هەروەها ئەوەی پێوەندی بە نوخبەکانی خاوەن بڕیارەوە هەیە، وەرچەرخانەكە پێکدێت لە ویست بۆ گۆڕینی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ کە دراوە بە سەرکردەکانی پێشوو بۆ دەسەڵاتێک کە بدرێت بە هاونیشتمانیان. ئەم ئاڵوگۆڕی فیکرەیە بەهۆی ڕێگە نوێیەکانی بیرکردنەوە بۆ خاوەنداری ئاسان دەکرێت وەک ئەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بچنە دەست هاونیشتمانیان نەک نوخبەکان. حاڵەتی مۆزەمبیق ئەو بەرەوپێشچوونانە رووندەکاتەوە کە دەبێت بنرێن کاتێک گروپێکی شۆڕشگێڕ بۆ پارتێکی سیاسی دەگۆڕدرێت کە مافی تەواوی بەشداری و هەلی پێبدرێت کە کارلەسیاسەتەکان بکات. بەشداریکردن لەسیاسەتەکانی کۆمەڵگە شەرعیەتی گروپەکە و تێگەیشتنی لە دادپەروەری زیاد دەکات و بەشداردەبێت لە ئاشتییەکی بەردەوامدا.
* ئایا لایەنی سێیەم رۆڵێکی بەسوود دەگێڕێت لە وەرچەرخانی دامەزراوەکان و دڵنیایی ئاشتیەکی بەردەوام؟
- تۆماری دەستێوەردانی لایەنی سێیەم لە تەنگژە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان زۆر کاریگەر نییە. توێژینەوە ئامارییەکان لەسەر ناوەندگیریی ئەوە پیشاندەدەن کە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر لە نیوەی حاڵەتەکان لەماوەی سەدەیەکدا کاریگەر بوون لە بەرهەمهێنانی ڕێکەوتننامەیەکی بەهێزدا. زۆر فاکتەر هەن کە بوونە هۆی ئەم دەرئەنجامانەمان دەستبکەوێت و بەدەگمەن توانستی ناوەندگیرەکەی تێدایە، بەڵکو کێشەکان لە فاکتەرە بونیادیەکانی وەک کشانەوەی سەروەرێتی یان بەشێوەیەکی گشتی لاوازی پاڵەپەستۆی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی چارەسەری ناکۆکی سەرچاوە دەگرێت. زۆر لەسەر کەموکوڕییە بیرۆکراتیەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەوروپی نووسراون. پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ یەکێتیی ئەوروپا لەم دواییانەدا بەسوودە. خەڵاتەک لەپای کارەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر چاندنی ناسنامەیەکی ئەوروپی گەورەتر لە ناو ئەو نەتەوانەی کە مێژوویەک لە پەرتبوونیان هەیە درا. بە درووستکردنی یەکێتییەکی ئابووری، یەکێتیی ئەوروپا هانی هەلومەرجەکانی بۆ ئاشتی لە نێو نەتەوە ئەندامەکانیدا دا. ئەمە نموونەیەکە لەوەی کە چۆن گۆڕانكاری لە ئابووری و بازرگانیدا دەرهاویشتەی زۆری لەسەر گۆڕانكاری سیاسی دەبێت کە بابەتێکی سەرەکییە لە بواری ئابووری سیاسی. ناوەندگیری هەلێکی باشتری سەرکەوتنی دەبێت کاتێک لایەنە ناکۆکەکان بەها یان ناسنامەی هاوبەشیان دەبێت. هەروەها ناوەندگیرەکان پاڵنەرێکی بەهێزتریان دەبێت بۆ دەستێوەردان کاتێک لایەنەکان قابیلی ئەگەری چارەسەر بن. ناوەندگیری سەرکەوتوو متمانە دەدات بە تواناکانی ناوەندگیر و ناوبانگی زیاددەکات.
* ئایا ئەو ڕۆڵەی لایەنی سێیەم دەیگێڕێت لە تەنگژە نەژادی و ئاینیەکاندا قورستر نییە؟
- لەگۆڤارەکەتاندا بەزمانی ئینگلیزی لە ئینتەرنێت چاوپێکەوتنێکی ئانا گەیفمانم خوێندەوە، لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا شتێکی زۆر جوانی وتووە دەڵێت: «هەموو ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکان لە وڵاتانی خۆیان و کەلتورە بیانیەکاندا لە سەرتاسەری جیهاندا زۆر سەرنج ڕاکێشن، بەڵام ئەمە تەنها تا ئەوکاتەی کە رژێمە تۆتالیتاریەکان بە بەهێزی دەمێننەوە». مەبەستەکەی ئەوەیە کە ناکۆکییە ئایدۆلۆژیەکان زیاتر لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەتە نەک تەنگژەی جیهانبینی. ئایدۆلۆژیا و باوەڕەکان وەک ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییەکان بەکاردێت بۆ بەرژەوەندی سەرکردەی بزووتنەوەکان. هەرچەندە توێژینەوەکان ئەوە پیشاندەدەن کە قورسترن گفتوگۆی ڕێکەوتنەکان بەدیبهێنرێت کاتێک ئایدۆلۆژیا ناکۆکەکان لەبەرچاون، بەڵام سەرچاوەی کێشەکە لە حەز بۆ دەسەڵاتەوە هەڵدەقوڵێت نەک خۆی لەخۆیدا لە باوەڕەکانەوە. ئەگەر وایە، کەواتە گفتوگۆکانی سەرەوەم تەواو پێوەندی بەباتەکەوە هەیە. گۆڕانكاری لە ڕوانگەی خاوەنداری لەلایەن ژمارەیەکی کەم لە خاوەن بڕیارەکان بۆ خاوەنداری لەلایەن ژمارەیەکی زۆر دەنگی هاونیشتمانیان پێویستە. کۆمەڵگەیەکی فرەیی کەتیایدا زۆر لەئایدۆلۆژیا نەژادی و ئاینییەکان گەشەدەکەن ئامانجی قۆناغی وەرچەرخانی تەنگژەكەیە. بابگەڕێمەوە بۆ پرسیارەکەت، لەڕاستیدا ئەو ناوەندگیرییەی کە جەخت لە کردار دەکاتەوە زۆر قورسە بۆ چارەسەری تەنگژەكان کە لەسەر بنەمای نەژادی و ئایینین. ناوەندگیری لەو جۆرە تەنگژانەدا سەرکەوتوودەبێت کە ئەگەر یارمەتی لایەنەکان بدات، ستراتیژیەکان بۆ گۆڕینی دامەزراوە گشتگیرەكان پەرەپێ بدەن.
* بۆچی هەندێک لەو تەنگژانەی کە ناوەندگیردەکرێن لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنی تری سێیەمەوە، دووبارە دەستپێدەکەنەوە و تەنانەت گرژتر دەبن کاتێک ناوەندگیرەکە دەڕوات؟
- ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە لایەنە ناکۆکەکان زۆر پشتدەبەستن بە ناوەندگییرەکە، زۆرجار بەرەوپێشچوون لەماوەی ناوەندگیریەکەدا نابێتە پێوانە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، بەڵکو بەرەوپێشچوونەکە دەرئەنجامی کارایی سێ لایەنەکەیە (لە ناکۆکی دوولایەنەدا). ئامادەکردنی لایەنەکان بۆ کاتی دوای ناوەندگیریی گرنگە بۆ هێشتنەوەی ئەو بەرەوپێشچوونەی دروستبووە. پێویستە ناوەندگیرەکان پەرە بە گیانی لێپرسراویەتی یان خاوەندارێتی لەلایەن لایەنە ناکۆکەکانەوە بدەن. لە کۆتاییدا، ناوەندگیرەکان تاقەتیان نامێنێت لە ناکۆکییەکە و ناوبانگی خۆیان لەداهاتوودا ناخەنە مەترسیەوە بەلانی کەمەوە تا ئەو کاتەی دووبارە پێویست دەبنەوە. پێشنیار ئەوەیە کە هاندان هەبێت بۆ ناوەندگیرەکان بۆ ئەوەی لە دەستێوەردانەکانیان پێشەنگانە نزیک بنەوە یان ڕوانگەی ماوەدرێژیان لەسەر ناکۆکیەکە هەبێت.
* بینیمان کە فەرەنسا و ئەڵمانیا توانیان بەسەر ڕێگریەکاندا زاڵبن و هاوکاری یەک بکەن پاش سەدەیەک لە ناکۆکی توند. چۆن ئەم نەتەوانە توانیان پێوەندیەکانیان بگۆڕن؟
- هاوڕام کە ئەمە گەشەکردنێکی سەرنجدارە لە پێوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا. قسەکانم لەسەرەوە لەبارەی رۆڵی یەکێتی ئەوروپا لە دروستکردنی پێوەندی ئاشتیانە لەنێو ئەندامەکانیدا پێوەندی بەمەوە هەیە. پەرەدان بە ناسنامەیەکی ئەوروپی گەورەتر بووە هۆی گۆڕینی پێوەندیە مێژووییەکان، بەڵام ئەوەش دەبێت بڵێین کە ئەڵمانیا بە دوو شەپۆلدا گۆڕا. یەکیان ماوەی دابەشكردنی دوای جەنگی دووەمی جیهان کە بەلانی کەمەوە بەشێکی ئەڵمانیا لە دیکتاتۆریەوە بۆ لەدایکبوونی دیموکراسی بەشداری هەنگاوی هەڵگرت، وەک نەتەوە ئەوروپیەکانی تر کە بووبوونە قوربانی داگیرکاریی ئەڵمانیا. ئەوی تریان دەرکەوتنەوەی ئەڵمانیایەکی یەکگرتووە پاش شەڕی سارد. ئەو وانانەی لەم ئەزموونانە فێربوون یارمەتیدەرێکی باشی ئەڵمانیەکان بوو و بوونە بەشێک لە جیهان و شکستیان بە میراتیەکانی داگیرکاری هێنا بۆ پاداشتەکانی هاوکاری نێودەوڵەتی.
* بۆ خەڵکی لەم بەشەی جیهاندا دوودڵن لە سازاندا؟
- هۆکار زۆرن بۆ بینینی دوورکەوتنەوە لە چارەسەری سازان. یەکێک لەوانە پێوەندی بە گەشەی کۆمەڵایەتی سیاسییەوە هەیە. مناڵان لەهەندێک لە كەلتورەکاندا فێردەبن کە ژیانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە کێبڕکێ. مانەوە بەندە بە بردنەوەی کێبەڕکێکان لە قوتابخانە، لە گۆڕەپانی یاری و لەژیانی پیشەیدا. ئەوی تریان پێوەندی هەیە بە توندی ناسنامە نەژادی و ئاینیەکانەوە. ژیانی کۆمەڵایەتی لە زۆربەی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو لەدەوری گرووپە وەک- خێڵەکییەکان رێکخراون. سزای ڕەفتارە گومڕاییەکان زۆر توندن. سێیەمیان پێوانەییە، بۆچوونە قبوڵکراوەکانی سازان یەکسانە بە فیکرەی لەدەستچوون نەک بەدەستهێنان. لەڕاستیدا سازان واتە لەدەستدان. بەڵام شتە سەرەکیەکە ئەوەیە کە هەموو یان هەردوولایەن بەیەکسانی شت لەدەست بدەن. زۆر فیکرەی سەرنجڕاکێش لەبارەی چارەسەرە هاوسەنگەکان و سازشی وەک یەک (ئاڵوگۆڕی پەسەندیە جیاوازەکان) و پاراستنی هاوڕێیەتی ماوەدرێژ لەسەر حسابی ڕێکەوتنە کورت ماوەکان پێویستن بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆ. ئەم سوودانەی سازان پارسەنگ دەدرێتەوە بە خەوشەکانی رێکەوتنە نانموونەیەکان (لەهەر گفتوگۆیەکدا شتێک لەدەست دەدەیت). چارەسەری سازان دادپەروەرانە دەبێت کە پێوەندییەکان بهێڵێتەوە. چارەسەر باشەکان کە پێی دەوترێت تەواوکاریی (هەموو لایەنەکان براوە دەبن) لەپێوەندی بە ئەنجامەکانی سازانەوە مانادارە. ئەو گرفتەی ئاماژەم پێدا پێشتر ئەوەیە کە پەرە بە نرخاندنی ئەو چارەسەرانە بدرێت. گرفتەکە لەو کۆمەڵگەیانەی کە پابەندن بە سیستەمە باوەڕییە شامیلەکانەوە گەورە دەکرێت.
* هەندێک لە دەرهاویشتەکانی شکستی ئیدارەی تەنگژە چین؟
- یەکێک لە دەرهاویشتەکان بەردەوامی (یان زیادبوونی) توندوتیژیە. یەکێکی تر هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتە. سێیەمیان ئەگەری بڵاوبوونەوەی توندوتیژیە لەودیو سنورەکان، چونکە لەهەردوولاوە یان لەهەموو لایەنەکانەوە پەل دەهاوێژن بۆ ئەوەی هاوپەیمان لەدەرەوە پەیدا بکەن. هەروەها چوارەمیان لەدەستدانی متمانەیە لەنێو لایەنە ناکۆکەکاندا لە پرۆسەی ئاشتیدا و هەروەها لەلایەن ناوەندگیرەکان یان پاریزەرانی ئاشتی کە بەدەست لەدەستدانی ناوبانگەوە دەناڵێنن. ئیدارەدانی ناکۆکی هەنگاوێکی گرنگە بەدرێژایی ماوەی تا دەگاتە ئاشتی بەردەوام. ئاشتی بەردەوام بەشێوەیەکی گرنگ بەشداردەبێت لە یەکسانی ژیاندا و گرنگ نییە بۆ مانەوە. ئیحتیواکردن و سووککردنی توندوتیژی کە لەگەڵ ناکۆکییەکاندایە گرنگە بۆ مانەوە و لێرەشەوە دەبێتە بنەڕەتترین ئامانج.
* هیچ شتێکت ماوە بیڵێیت؟
- سوپاست دەکەم کە بانگهێشتت کردم بۆئەوەی بۆچوونەکانم بگەیەنم بە خوێنەرانتان، هیوادارم زانیاری پشتبەستوو بە توێژینەوە بکرێتە ڕێبەری سیاسەت. سامانێکی زۆری مەعریفی زانستی کۆمەڵایەتی لەماوەی ئەم چەند دەیەیەی ڕابردوودا کەڵەکە بووە و بووەتە سەرچاوەی تێگەیشتنێکی بەبەها کە دەتوانێت بەشداربێت لە پێدانی زانیاری بە سیاسەت بۆ ئەوەی ڕێگری و ئیدارەدان و چارەسەری چەندین جۆر لە ناکۆکییەکان بکات.
Top