جەی مایكل گریگ پسپۆر لە تەنگژەی مەدەنی و نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:وەرچەخانی تەنگژە بۆ ئاشتییەكی بەردەوام كاتێك دروست دەبێت كە هۆكاری سەرەكی كێشەكە باس بكرێت و سەرلەنوێ بیربكرێتەوە
August 20, 2015
دیمانەی تایبەت
جەی مایكڵ گریگ پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەكانە و حاڵی حازر سەرۆكی بەشی زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی نۆرس تێكساس و پێشترین وەك پرۆفیسۆر لە هەمان ئەو بەشە وانەی وتۆتەوە. پرۆفیسۆر گریگ تایبەتمەندە لە بوارەكانی تەنگژەی نێودەوڵەتی، تەنگژەی مەدەنی و ئیدارەدانی تەنگژە و خاوەنی پەرتوكی «International Mediation»ە كە لە ساڵی 2012دا بڵاوی كردۆتەوە. گوڵان لەسەر پرسی وەرچەرخانی تەنگژە و چۆنیەتی هێنانەئارای ئاشتییەكی كۆمەڵایەتیی درێژخایەن گفتوگۆیەكی تایبەتی لەگەڵدا ئەنجامدا كە بەمجۆرە راو سەرنجی خۆی لەسەر ئەم پرسە خستە روو.* لە پرسی چارەسەركردنی تەنگژەدا، زۆرتر باس لە ئیدارەدانی تەنگژە دەكەن، نەك چارەسەركردنی تەنگژەكان، ئایا چۆن دەتوانرێت تەنگژە بگۆڕدرێت بۆ ئاشتی سەرتاسەری و چارەسەی کێشەکان؟
- پێموایە یەکەم هەنگاو لەرووی رۆڵی ئیدارەدانی تەنگژە بۆ ئەوەی بەرەو ئاشتی بچێت ئەوەیە کە ئیدارەدانی تەنگژە ئامرازەکانی سنووردارکردنی ئاستی ناکۆکی لەناو کۆمەڵگەدا دابین دەکات و تەنانەت شەڕ لەنێوان لایەنەکاندا دەوەستێنێت و پاشان فرسەت دەدات بە لایەنەکان کە جارێکی تر بیربکەنەوە لەو مەسەلانەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا. بۆیە تا زیاتر دوو لایەنەکە شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن و لە توندوتیژییەوە بگلێن، ئەوا زیاتر قورس دەبێت بۆیان کە جارێکی تر بیرلە مەسەلەکان بکەنەوە و لە بۆچوونی یەکتری تێبگەن و بگەنە ڕێگایەک کە گفتوگۆ بکەن و بگەن بەسازان لەبەرئەوەی توندوتیژی ڕادەوەستێت دوای گەیشتنی لایەنەكان بە سازان. بۆیە ئیدارەدانی تەنگژە دەرگای کرانەوی پێویست دابین دەکات و ڕێدەدات هەردوولا سازش بۆ یەکتر بکەن و دواجار رۆڵی کۆتایی هێنان بە هۆکارە ریشەییەکانی تەنگژە دەگێڕێ.
* پێت وانییە کە ئیدارەدانی تەنگژە ناتوانێت هۆكاری سەرەكیی تەنگژەكە وەك خۆی دەهێڵێتەوە و ئەمەش وا دەكات بەردەوام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تەنگژە لە ئارادا بێت، ئایا چۆن دەتوانین ئەم مەترسییە دووربخەینەوە؟
- پێم وایە ئەم جۆرە لە چارەسەر کە چارەسەرێکی درێژخایەنە بەگشتی پرۆگرامەکانی پەروەردە دەگرێتەوە وەک ئەوەی ئەندامانی کۆمەڵگە بەتایبەتی منداڵان چیتر ئەندامانی گرووپە نەژادییەکەی تر بەچاوی شەڕانگێز و دوژمن نەبینین، ئەمەش بە هەوڵی بنیاتنانی کۆمەڵگە دەدرێت لەنێوان تاکەکان لەسەرتاسەری کۆمەڵگەدا کە پێشتر لەناکۆکیدا بوون لەگەڵ یەکتر و تێبگەن لەیەکتر. ئەمانە هەمووی لەو جۆرە چالاکیانەن کە پێویستن بۆ وەرچەرخان کۆمەڵگە.بۆ نموونە ئەگەر سەیری هەندێک لەوهەوڵانە بکەین کە دراون لە باکووری ئیرلەندا، دەبینین خەڵکی سەرقاڵکراوە بە پرۆگرامە پەروەردەییەکان و پاڵەوانێتی باسکەوە، یان ئەگەر سەیری ئەو هەوڵانەی قوبرس بکەین کە خێزانەکانیان لەهەردوو لای تورک و یۆنانییەکان کە لە ناکۆکییەکاندا خۆشەویستانیان لەدەستداوە، هەردوولایان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە قسە بکەن. ئەمانە ئەو هەوڵانەن کە پێویستن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بگوێزرێتەوە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن و بەردەوام. ئیدارەدانی تەنگژە لەراستیدا هەوڵی سنووردار وماوەکورتە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ وەرچەرخانی تەنگژە.
* تا چ ڕادەیەک وەرچەرخانی تەنگژە کاریگەریی هەیە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆ ماوەیەکی درێژ؟
- ئەمە گرنگە بۆ ئاشتییەكی كۆمەڵایەتی درێژخایەن لەڕاستیدا وەرچەرخانی تەنگژە کاتێک روودەدات کە لایەنەکانی تێوەگلاو لە تەنگژە جارێکی تر بیربکەنەوە لە ناکۆکی و لەلایەن هەموو ئەوانەی لە ناکۆکییەکەوە گلاون قسەی لەسەر بکرێت بۆئەوەی ببێتە کێشەیەک کە قسەی لەسەربکرێت. بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە لەگەڵ تەنگژە مامەڵە بکرێت، ئەوا ڕێگە بە وەرچەرخانی کێشەکان دەدات چارەسەربکرێن لەلایەن هەموو ئەوخەڵکانەی کە لە تەنگژە و گلاون، ئەمەش دەبێتە دانانی بناغە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هێنانەدی ئاشتیەكی دریژخایەن لەنێوان هەردوولادا. هەتا ئەمە روونەدات، هیچ هەوڵێک ناتوانێت سنوورێک بۆ توندوتیژییەکان دابنێت، تا بەڕاستی قسە لەسەر هۆکارە ڕیشەییەکانی تەنگژەكە نەکرێتەوە.
* لە ئیدارەدانی تەنگژەكە، هەندێک جار دەبینین لایەنی سێیەم هەیەو کێشەکە بە ڕەچاوکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی چارەسەردەکات، بەڵام وەرچەرخانی تەنگژە پێویستی بە دامەزراندنی دەزگاکان هەیە و کاتی دەوێت کە کینە بۆ ئاشتی بگۆڕدرێت. بەبۆچوونی تۆ تا چ ڕادەیەک دامەزراندنی دەزگاکان پێویستن بۆ قۆناغی وەرچەرخانی تەنگژە و لایەنی سێیەم گرنگە بۆ ئیدارەدانی تەنگژە ؟
- پێم وایە دامەزراندنی ئەو جۆرە دامەزراوانە بوارێکی گرنگی وەرچەرخانی تەنگژەیە بەگشتی کاتێک ناکۆکی لەنێوان گرووپە نەژادیەکانی کۆمەڵگەدا روودەدات و ئەم گرووپانە لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکانن و توندوتیژی بەکاردێنن بۆ چارەسەری ئەو شتانەی لەسەری ناکۆکن، ئەوا درووستکردنی دامەزراوەی سیاسی متمانەپێکراو کە ئەندامانی ئەو گرووپانەی تێدابن کەباوەڕیان بە چارەسەری تەنگژەكان هەیە و لەلایەن ئەو پارتە سیاسیانەی كە لە تەنگژەکانەوە تێوەگلاون قبوڵ بکرێت زۆر باشە و دەبێتە میکانیزمێک بۆ چارەسەری ئەو تەنگژانەی لە نێوان گرووپە نەژادیەکاندا هەیە، جا هەر گرووپێک بێت کە وەرچەرخانی تەنگژەكانی تێوەگلابێت، نەک گەڕانەوە بۆ ناکۆکی و شەڕ بۆ چارەسەری کێشەکان. کەواتە بەڵێ ئەو دامەزراوانە یەکێکن لە گرنگترین هەوڵەکان بۆ وەرچەرخانی تەنگژە، هەروەها یەکێکن لە قورسترین شتەکانی کە دادەمەزرێنرێن، هەربۆیە لەماوەیەکی کورتدا هەتا ئەگەر نەشتوانێت کێشەو ناکۆکییەکان چارەسەر بکات لەنێوان لایەنەکاندا لەکۆمەڵگەدا، بەڵام هانیان دەدات کە لەگەڵ مەسەلەکاندا بەشێوەی ناتوندوتیژی بڕۆن. بۆیە ئیدارەدانی تەنگژە توندوتیژیەکان لەنێوان لایەنەکاندا دەوەستێنێت و پاشان بەڕۆشتنی کات لایەنەکان توندوتیژییەکانیان کەمتر دەکەنەوە و هەر لە یادگاریاندا كاڵ دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر چارەسەری کێشەکانیش نەکات، ئەوا وا دەکات کە کۆمەڵگەکان ووردە ووردە لەگەڵ توندوتیژیدا نەبن، لە زۆربەی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە کێشەیان هەبووە هەر بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە، بەڵام بەپێویست تەنگژەكانیان بۆ توندوتیژی نەگۆڕیوە، ئیتر مەسەلە رەگەزیەکانی وڵاتەیەکگرتووەکان بێت یان مەسەلە نەژادیەکانی دەرەوەی وڵات بێت هێشتا هەر مەسەلەن کە دەبێت کۆمەڵگە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و هێشتا بەیەکجاری چارەسەر نەکراون، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە پەنا بەرنەوە بەر ناكۆكی.
* زۆر جار کە خەڵکی لە تەنگژەدا دەبن و کارەساتیان بەسەردێت، چاوەڕێی هاریكاریی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نیودەوڵەتییەكانن بۆ ئەوەی ببنە میانگیر. هەر بۆ نموونە هەندێك جار پارێزەرانی ئاشتی دێنە ناوەوە وەک لە ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین یان ناکۆکی نێوان پاکستان و هیندستان لەسەر کشمیر، بەڵام هەر دوای ئەوە ناکۆکییەکان خوێناویتر لەجارانی پێشوو دەستپێدەکاتەوە. کەواتە هۆکارەکانی نەچەسپاندنی ئاشتی لەو ناکۆکییانەدا چین؟
- کاتێک نەتەوەیەکگرتووەکان هەنگاوی ناوەندگیری، ئیدارەدانی تەنگژە یان پارێزەری ئاشتی دەدات، هەندێک جارئیرادەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ قسەکانیدا یەکناگرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەمە ئیلتیزامێکی ماوە درێژە کە پشتگیری دەکرێت بۆ چارەسەری تەنگژەكان، بۆیە شتێکی قورس دەبێت کە بڕیاری یەکلایکەرەوەی لەبارەوە دەربچێت یان ئاشتی یەکلاکەرەوە بکرێت. لە هەمان کاتدا لە دەرەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی ماوە درێژ، پێویستی بە ویستی ئەو لایەنانە هەیە کە لە ناکۆکییەکە تێوەگلاون بۆ ئەوەی گۆڕانی سیاسی پێویست و سازشی پێویست بکات بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ئاشتییە ماوەدرێژە بەرهەم بێت. هەندێک جار ئەگەر ویست نەبێت لەنێوان هەندێک لە لایەنەکاندا، ئیتر بەهۆی سیاسییەوە یان ناکۆکییەکەوە، ئەوا زۆر قورستر دەبێت کە ئاشتییەکی ماوەدرێژی باش بدۆزنەوە، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان هەندێک جار سەرکەوتوو نابێت و هەندێک جاریش دەتوانێت ئاشتی بەدی بهێنێت.
* لە دوای شەری دووەمی جیهانیی بە تایبەتی لە ئەورپا بینیمان كە پرۆسەی وەرچەرخانی تەنگژە بۆ ئاشتی بەردەوام لەنێوان دەوڵەتانی ئەوروپا وەرچەرخانی گەورەی بە خۆیەوە بینی، هەر بۆ نموونە ئەڵمانیا له شەڕی دووەمی جیهانیدا فەرەنسای داگیركرد، بەڵام ئێستا دوو هاوپەیمانی گرنگن لەناو یەكێتیی ئەوروپادا، ئایا ئەم پرۆسەیە چۆن لە بەشەكانی دیكەی جیهان دووبارە دەكرێتەوە؟
- پێم وایە فەرەنسا و ئەڵمانیا نموونەیەکی باشن لەو وڵاتانەی کە مێژوویەکی دوورودرێژیان لە شەڕو ناکۆکی هەبووە، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات جارێکی تر بیریان لە پێوەندییەکانیان کردەوە پاش جەنگی دووەمی جیهانیی، بێگومان رژێمە دیموکراتییە نوێیەکە کە لە ئەڵمانیا جێیگرتەوە ووردە ووردە شتەکانی گۆڕی و ڕێگەی دا کە جارێکی تر بیر لە پێوەندی نێوان هەردوولا بکرێتەوە. ئەمەش واتە بەرژەوەندی هاوبەش بووە هۆی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا و وای لێکردن کە یەک ئامانجی هاوبەشیان هەبێت و ڕێگەی پێدان کە دان بە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی یەکتردا بنێن و ئەمەش وایکرد بە ڕۆیشتنی کات یادگاری تەنگژەکانیان بسڕێتەوە و دووبارە بیر لە پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا بكرێتەوە لە بری جەختكردنەوە لەسەر ناكۆكی درێژخایەنی نێوان هەردوولا، واتە لەجیاتی ئەوەی وەک جاران لە تەنگژەدا بن، جەخت لەسەرپەرەدان بە ناسنامەی ئەوروپی هاوبەش و یەکێتی ئەوروپا کرایەوە و پێشم وایە شەڕەنگێزییە هاوبەشەکەی سۆڤیەتی پێشوو لە سەردەمانی شەڕی سارددا ئەمەی باشتر کرد.
* ئەگەر ئیدارەدانی تەنگژە شکستی هێنا لە چارەسەری ناکۆکییەكاندا، مەترسییەکانی داڕمان لەنێو دەوڵەتاندا وەک ئەوەی لە یوگوسلاڤیای پێشوو روویدا چین؟
- پێم وایە تۆ باس لەکۆمەڵگایەک دەکەیت کە بەهۆی ئایین و نەژاد و شتی واوە دابەش بووە بەشێوەیەک هەوڵەکان بۆ پاڵپشتی کردنی ئاشتی بەردەوام لەنێو بەشەکانی کۆمەڵگەدا و پەرەپێدانی ئەو دامەزراوانەی پێویستن بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان دەکەن بە باشی کار ناکات و ئەمەش هانی خەڵکی دەدات کە لە دەرەوەی ئامڕازە سیاسییەکان بەشوێن چارەسەردا بگەڕێن و لە توندوتیژییەوە بگلێن. مەترسی ڕاستەقینە ئەوەیە کە زۆرجار سەرکردەی سیاسی هەن لەم بارودۆخە سوودوەردەگرن و دابەشبوونەکانی ناو خەڵک بەکاردەهێنن بۆ رێکخستنی خەڵک بۆئەوەی پشتگیریان لێبکەن و زۆرجاریش زمانێکی زۆر ناشرین و شەڕانی بەکاردەهێنن وەک ئامڕازێک بۆ رێکخستنی خەڵک و بەدەستهێنانی پشتگیریان، بۆ نموونە ئەمە لە یۆگوسلاڤیای پێشوو روویدا، بۆیە ئەمەش کەشێکی وا دروستدەکات کە کینە زۆر زۆر بەرز بێت و ناکۆکی دروست ببێت و زۆر مەترسیدار ببێت.