ئەگەر دەسەڵاتەكان هەموویان بدرێنە پەرلەمان پرۆسەی سیاسی رادەوەستێت و دەبێت ماندێلایەك راستی بكاتەوە

ئەگەر دەسەڵاتەكان هەموویان بدرێنە پەرلەمان پرۆسەی سیاسی رادەوەستێت و دەبێت ماندێلایەك راستی بكاتەوە
پڕۆفیسۆر جی بێنگهام پاوڵ ئوستادی سیاسەتی بەراوردكارییە لە زانكۆی ریچستەر و تایبەتمەندە لە سیستمی حوكمڕانی و دیموكراتییەتی هاوچەرخ و بەشداری سیاسی و سەقامگیری و توندوتیژی، بۆ قسەكردن لەسەر سیستمە جیاوازەكانی دیموكراتی و بەڕێوەبردنی وڵات لە ناو قەیرانی پەرلەمانیدا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر پاوەل ساز كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
پڕۆفیسۆر بینگهام پاوڵ سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكانی ئەمریكا بۆ گوڵان:ئەگەر دەسەڵاتەكان هەموویان بدرێنە پەرلەمان پرۆسەی سیاسی رادەوەستێت و دەبێت ماندێلایەك راستی بكاتەوە



* تا چ ڕادەیەك قەیرانی پەرلەمانی مەترسی دەخاتە سەر پرۆسەی گەشەی دیموكراتی؟
- ئەم مەسەلەیە پشت دەبەستێت بە تایبەتمەندییەكانی دیكەی سیاقە سیاسییەكە، بۆیە هەندێك وڵات كە خاوەنی سیستمی پەرلەمانتارین و كێشەیان هەیە لەوەدا كە حكومەتێكی زۆر كورتخایەنیان هەیە، بەڵام ئەمە هەڕەشە لە بوونی دیموكراسی ناكات. ئەو حكومەتانەی كە زۆر دەمێننەوە،وەك فینلاند و دانیمارك كە وڵاتانی ئارامی دیموكراتین، زیاتر پشت دەبەستن بە ئاستی گەشەی ئابووری و پاڵپشتی هاونیشتمانییان و ئەو تەحەددییە دیاریكراوانەی كە ئەو سیستەمە سیاسییانە رووبەڕووی دەبنەوە.
* لەو وڵاتانەی كە سیستەم پەرلەمانییە، دەبینین كە سەرۆك رەمزێكە، یان پاشایە لە وڵاتدا، هەندێك جار لەم بارودۆخەدا قەیرانی نائارامیی بەڕێوەبردن ڕوودەدات، بۆ نموونە: لە ئیتالیا لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو، ئایا نائارامیی بەڕێوەبردن كارناكاتە سەر تواناكانی بەڕێوەبردن و حكومەت؟
- نائارامیی حكوومی وادەكات بۆ پارتەكان قورس بێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبكەن كە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بە خەڵكانی خۆیان داوە. واتە ئەو پێوەندییە دەپچڕێنێت و هاونیشتمانییانیش ناڕەحەت دەبن بەو نائارامییە حوكمڕانییە. بۆیە دەبێت زۆر بەئاگا بین لەبەر ئەوەی نائارامیی حكوومی، بە مانای تەواو بە بنبەست گەیشتن دێت، یاخود تەنیا بە مانای سەرلەنوێ گۆڕینی هەمان ئەو تەرتیبەی پارتەكانە بە جیاوازییەكی كەمی ڕێكخستنەوە، كە زۆرجار لە ئیتاڵیا بینراوە. لە حاڵەتی دووەمدا، مەرج نییە مەسەلەكە پێوەندی هەبێت بە گۆڕانێكی سیاسی قورسەوە، هەرچەندە زۆرجار پێوەندی هەیە بە سیاسەت و دژوارییەكانی چارەسەری كێشەكان.
* هەندێكجار لە وڵاتدا تەنیا پارتێك ناتوانێت بۆ پێكهێنانی حكومەت زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە دەسەڵاتێكی تریش نییە لە وڵاتدا كە كێشەكان یەكلایی بكاتەوە، لەم بارەوە راتان چییە؟
- پێویستە زۆر بەئاگا بین لە قەیرانەكانی ناو سیستەمەكە و پێوەندی نێوان دژوارییەكانی پێكهێنانی حكومەت، جا چ حكومەتی تاك لایەنە، یان ئیئتلافی بێت، شتێك كە لە حاڵەتێكی لەو جۆرە ڕوودەدات، ئەوەیە كە هەندێك لە پارتەكان حكومەتێكی كەمینە پێكدەهێنن و دەگەڕێن بە شوێن هاوبەشێكی ئارامدا كە لە حكومەتدا نەبێت، بۆ ئەوەی لە دەرەوە پشتگیرییان بكات، ئەمەش بەگشتی لە سۆشیال دیموكراتەكانی سوید بینیومانە بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ كە پشتیوانی كۆمۆنیستەكانیان لە دەرەوەی حكومەت بەدەستهێناوە، حكومەتەكەش نائارام نەبووە، هەرچەندە كەمینەش دروستی كردووە. بۆیە دەبێت زۆر وریا بین و جیاوازی بكەین لە نێوان ئەم دوو شتەدا، هەروەها حاڵەتی تریش هەیە كە حكومەتی كەمینە پشتیوانی تاكەكەسان لە ناو پارتە جیاوازەكاندا بەدەست دەهێنێت لە بارەی چەندین مەسەلەی سیاسیی جیاواز، وەك ئەوەی لە دانیمارك دەیبینین. بۆیە نەبوونی حكومەتی زۆرینە بۆخۆی مانای ئەوە نییە كە قەیران دروست ببێت. بەڵام لەوەدا تەواو راستی كە لەوانەیە ببێتە هۆیەك بۆ دروستبوونی قەیران، ئەمەش كاتێك دەزگای یاسادانان بە تەواوی جەمسەربەند دەبێت و پارتەكان لە یەك دوور دەكەونەوە، زۆر قورس دەبێت كە حكومەتێكی ئارام دروست ببێت و چارەسەری هەر كێشەیەك بكات كە وڵات رووبەرووی دەبێتەوە.
* ئەگەر قەیرانی پەرلەمانی لە وڵاتە فرەنەتەوەكاندا وەك عێراق و لوبنان رووبدات كە پارتە سیاسییەكان نوێنەرانی كەمینە، یان نەتەوە و ئایینەكانن، تا چ ڕاددەیەك قەیران لە وڵاتانێكی ئاوادا مەترسی دەخاتە سەرتاپای سیستەمی دەوڵەت و بەرەو داڕمانی دەبات؟
- بە دڵنیاییەوە ئەوە جێگەی مشتومڕە كاتێك پارتەكان نوێنەرایەتی تەرتیبە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دەكەن، وەك گرووپە ئیتینی و ئایینیییەكان، ئەمەش دەكەوێتە سەر سەركردەی پارتەكان كە بتوانن ڕێگەی سازان بدۆزنەوە لە ناو پەرلەماندا. ئەمەش دوو بوار لە خۆ دەگرێت: یەكەم ئەگەر گرووپەكان لە هەردوولا زۆر لە یەكەوە دوور بن، یان زۆر دژی یەك بن و پەیڕەوی سیاسەتی زۆر جیاواز بكەن، ئەوا پەرلەمان ناتوانێت بەردەوام بێت، بەم شێوەیە دەكەوێتە سەر سەركردە سیاسییەكان كە ڕێگەچارە بدۆزنەوە بۆ ئەم حاڵەتە، بەڵام هەندێك جار جیاوازی و پەرتییەكان ناتواندرێت بە هەوڵی سەركردە سیاسییەكان تێبپەڕێندرێت، لەبەر ئەوەی سەركردەكان ناتوانن دەنگ و پشتیوانی تەواو لەناو گرووپەكانی خۆیان بەدەست بهێنن، ئەمەش پەلدەكێشێت بۆ چەندین ساڵ نائارامی و كێشە لەناو پارتە سیاسییەكان و وەستانی تەواوی پرۆسەی سیاسی و هەندێكجار شەڕی ناوخۆ
دەمەوێت شتێكی تر لەوبارەیە بڵێم، تەنگژەیەكی دژوار هەیە بە چاوپۆشین لە تەرتیباتی دەستووری، ئەگەر لە حاڵەتێكدا ئەو گرووپانەی كە زۆر دژی یەكن ڕێك نەكەون و سەركردەكان نەتوانن بگەن بە سازان، ئەوا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ چارەسەری دەستووری، بەڵام كێشەی ئەمەش لەوەدایە كە سازان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بە شێوەیەكی باش ناڕوات، بۆیە دروستكردنی فشار لە سەر پارتی زۆرینە و سەرۆك بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ سازان شتێكی باشە، لە بەرئەوەی پارتەكان ناتوانن دەنگدەرانیان ڕازی بكەن، بەو سازشەی كە دەیكەن، بۆیە پێویستی بە سەركردایەتی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان گرووپەكان، ئەگەر زۆرینە نەبوو لە پەرلەماندا، ئەو بارودۆخە چارەسەر بكات.
* لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا كە سیستەمی پارتایەتی بەرهەمی پرۆسەی دیموكراتی نییە، واتە پارتەكان خۆیان لەناو سیستەمی دیموكراتیدا لە دایك نەبوون، پارتی پۆستكۆلۆنیال، یان پۆست دیكتاتۆرین، لە سەرەتای دەستپێكی دیموكراتیدا، ئەم پارتانە دەیانەوێت دیموكراتی بن، لەكاتێكدا خۆیان بنەمای پارتەكانیان دیموكراتی نییە. بە بۆچوونی ئێوە لەم بارودۆخەدا چۆن دەبێت دەستپێكی پرۆسەی دیموكراتی بەم پارتانە بكرێت، یان بە سەر قەیرانی پەرلەمانیدا زاڵ بن؟
- بەدڵنیایەوە ئەمە پرسیارێكی جوانە. دروستكردنی سەركردایەتیەك كە ئەو قەیرانانە چارەسەر بكات و سازان بكات زۆر قورسە لەو بارودۆخەدا، لەبەر ئەوەی پارت و سەركردە جیاوازەكان لە بارودۆخێكی وەك ئەوەی باستكرد سەریان هەڵداوە و كە بە تەواوی بێ متمانەن لە ئاست یەكتریدا، ئەمەش حاڵەتێكە كە مایەی تێگەیشتنە و دروستكردنی توانایەك بۆ گفتوگۆكردن زۆر قورس دەبێت و پێویستی بە نیلسۆن ماندێلایەك دەبێت لەبەر ئەوەی توانایەكی بەرچاوی هەبێت بۆ ئەوەی بەسەر ئەمەدا زاڵ بێت.
* لەو وڵاتانەدا كە پەرلەمان و سەرۆكی هەڵبژێردراو هەن، تا چ ڕادەیەك سەرۆكی هەڵبژێردراو دەتوانێت كێشەكانی پەرلەمان چارەسەر بكات؟
- چاودێران و توێژەرانی زانستی زۆر ناهاوڕان لەسەر ئەم جۆرە پرسیارە، لە بەر ئەوەی پرسیارێكی زۆر قورسە، بەتایبەت كاتێك دەسەڵاتە جیاوازەكان هەمووی بدەی بە دەزگای یاسادانان، ئەوا بۆخۆی پەل دەكێشێت بۆ وەستانی پرۆسەی سیاسی، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەموو دەسەڵاتەكان بدەی بە یەكێك لە ئەكتەرەكان، ئەوا هەموو شتەكان بە ئارەزووی ئەوان دەڕوات و بەرەنگاری ئۆپۆزسیۆن دەبنەوە كە بیەوێت چارەسەری كێشەكان بكات و لە بەرژەوەندیی تەنیا خۆیان ئیش دەكەن، بۆیە پێویستمان بە زۆر لە نیلسۆن ماندێلاكان دەبێت.
* ئەگەر لەكاتی جەنگدا قەیرانی پەرلەمانی هەبێت، ئەمە تا چ ڕادەیەك دەبێتە هۆی ئەوەی كە وڵات بەرەو حوكمێكی سەربازی، یان دیكتاتۆری ببات؟
- بە دڵنیایەوە حاڵەتی لەم جۆرەمان هەیە، بۆ نموونە چیلی لە ١٩٧٣، هەروەها حاڵەتی ترمان هەیە كە سەرۆك خۆی باری نائارامی ڕاگەیاندووە و دیموكراسی هەڵوەشاندووەتەوە، زۆر لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان ئەمەیان ئاسان كردووە بۆ سەرۆك كە بیكات، ئەوەمان لە هیندستان لە ساڵی ١٩٧٤ بینی كە سەرۆك وەزیران خاتوو ئەندێرا غاندی باری نائاسایی راگەیاند و هەڵبژاردنەكانی هەڵوەشاندەوە و سەدان و هەزار كەسی سەر بە موعارەزەی گرت، ئەمەش لە سیستەمە پەرلەمانی و سەرۆكایەتییەكاندا روودەدات كە دەسەڵاتی سەربازی بیانووەیەك، یان هۆیەكی هەبێت بۆ ئەوەی دیكتاتۆری دابمەزرێنێت، واتە چەندین حاڵەتی لەوجۆرە لە مێژوودا هەبووە.
* پێتوایە تا چ رادەیەك وڵات پێویستی بە سەركردەیەكی نیشتمانی و كاریزما هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتێكدا كە تازە بەرەو سەربەخۆیی، یان قۆناغی بونیادنانی دیموكراسی دەڕوات؟
- ئەگەرئەو سەركردەیە بتوانێت دەربكەوێت و بتوانێت گەورەیی و دەسەڵات و باشییەكانی بگوازێتەوە بۆ ئەوانی تر، ئەوا شتێكی زۆر باشە. بەڵام بەداخەوە، هەندێكجار ئەو سەركردە كاریزمایە دەبێتە دیكتاتۆر، بەڵام حاڵەتیش هەیە كە سەركردە توانیویەتی وڵات یەكبخات و سەریان بخات بۆ قۆناغی داهاتوو، بەڕاستی من نازانم چ سەركردەیەك كامیان دەكات، بەڵام هەردوو حاڵەتەكە لەبەردەستدایە.
* لەكۆتایدا چی دەڵێیت بۆ ئەوانەی كە لە قۆناغی گەشەی دیموكراتیدان؟
- سیحرێك نییە تا ئەمە بكات، ئەوە نەبێت كە دەبێت بزانن ئەوان بە ڕێگەیەكی سەخت و دژواردا دەڕۆن و هاونیشتمانییان دەبێت بزانن چ جۆرە سەركردەیەكیان دەوێت و هەڵیدەبژێرن، كە زانا و تێگەیشتوو بێت و بتوانێت كارەكانی بە باشی بكات. لە كۆتاییدا دیموكراسی پشت بە هاونیشتمانییانی دەبەستێت، هەندێكجار هاونیشتمانییان راستن، هەندێجاریش وا نییە.
Top