كاك مسعود بارزانی كەسایەتیەكی مێژوویی و پێشمەرگەیەكی دێرینه

كاك مسعود بارزانی كەسایەتیەكی مێژوویی و پێشمەرگەیەكی دێرینه
لە ناو فرەبیروڕاو ڕوانینە هەمەچەشنەكاندا، هەمیشە بژاردەیەك دەبیندرێتەوە كە بێلایەنانە و زانستييانە باس لە ئاریشە و پرس و ڕووداوەكان دەكەن و بە شوێن چارەسەری گونجاودا دەگەڕێن كە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە كوردستاندا برەو پێبدات. بۆ نرخاندن و بەهەندوەرگرتنی بیروڕای زانایان و پیاوانی ئایینی ئیسلامی سەبارەت بە پرسە هەنوكەییەكانی كوردستان، ئەم دیمانه تایبەتەمان لەگەڵ د.سەباح بەرزنجی سەرۆكی سەنتەری زەهاوی ئەنجامدا و بەمجۆره رایەكانی خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
د.سەباح بەرزنجی سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری:كاك مسعود بارزانی كهسایهتیەكی مێژوویی و پێشمهرگهیهكی دێرینه



شهرهفێكی گهورهیه سهرۆكی وڵاتمان پێشمهرگه بێت



* له ئێستادا دووچاری گرفتێكی گەورەی شەڕی تیرۆریستانی داعش بووینەتەوه كه له ژێر پەردەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ئیهانەی كەرامەتی مرۆڤایەتی دەكرێت، گەلی كوردستانیش گەلێكی موسڵمانه، ئەمه بۆته هۆكاری ئەوەی كه پێویستە شەڕێكی فیكری دژی تیرۆریستانی داعش بكەین، بە چ شێوەیەك ئەم شەڕه ئەنجام بدەین؟
ـ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی چ بە ناوی ئایینەوە بێت یان بە ناوی ئایدیۆلۆژیایيەوە، پێویستی بە زەمینەیەكی فەرهەنگی و كەلتووری و زانستی هەیە، برەودان بە ناوەندە زانستیيەكان و بە لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستی و هاوكات گرنگیدان بە گوزەرانی خەڵك، پاشان گەڕانەوە بۆ مێژووی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان و هەڵدانەوەی لاپەڕە پرشنگدارەكانی لێبوردەیی ئایینی، زەمینەی لەبارو فاكتەری كاریگەرن بۆ ڕێگەگرتن و كەمكردنەوەی توندڕەوی، سەرەتا دەبێ بزانین توندڕەوێتی دیاردەیەكی جیهانییە، ئێستا یەخەی گەلی كوردستانیشی گرتووەتەوە، پێش ئەوەی لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەین، پێویستە لە ڕووی فكری و هۆشیاری و كەلتووریەوە ڕەگ و ڕیشەكانی بۆ خەڵكی ڕوونبكەینەوە، بیسەلمێنین كە ئەمە حاڵەتێكە نەخوازراوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێویستمان بە توانایەكی هەمەلایەنەیە لە ڕێی پێكەوە گرێدانی هەموو تواناو بەهرەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستانی.
* بەشێكی زۆر له زانایانی ئایینی ئیسلام لەسەر ئاستی جیهاندا ئاماژه بۆ ئەوه دەكەن ئەو توندڕەوییەی له جیهادی سەلەفی قیتالی دروست بووه، بەرهەمی ژینگەیەكی خۆماڵی وڵاتانی عەرەبیه، به دیوێكی دیكەدا هەن دەڵێن ئەم توندوتیژیه بەرهەمی مزگەوت و قوتابخانەكانی وڵاتانی عەرەبیه،بەشێك لەم كەلتوره دزەی كردۆته كوردستانیشەوە، چی بكەین بۆ ئەوەی كەلتورێكی هاوشێوە له كوردستانیشدا توندڕەوێتی بەرهەم بەێنێت؟
ـ من لەگەڵ ئەوەدا نیم بڵێین ئەمە بەرهەمی عەقڵی عەرەبیە، بەڵام دەكرێت بڵێین بەرهەمی عەقڵی بەداوەتی ئەعرابیە، بەرهەمی سادەییانە حاڵیبوونە لە ئایین، لە هەر شوێنێك كە مرۆڤ دۆگما بوو بێت، پیرۆزی دا بێت بە مەزهەبێك و فیكرێكی دیاریكراو، تۆلێرانس و زانستێكی لێبوردانەی وای پێ نەبێت، ڕەگ و ڕیشەی بیروبۆچوونەكانی توندڕەویی لا دروست دەبێ، چونكە لە ناخی هەموو مرۆڤێكدا وەك حەزرەتی یەعقوب دەفەرموێت(اخاف ان یأكله الذئب) وتی دەترسم گورگ یوسف بخوات، مەبەستی گورگە گیانلەبەرەكە نەبووە، بەڵكو مەبەستی لەوە بوو كە لە ناخی براكانیدا گورگێك هەبووە، ئەو گورگە پەلاماری یوسف بدات، لە ناخی هەر كەسێكدا ئەگەر ڕەوشت و ئایین و ئینسافی لەگەڵ نەبێت، گورگێك بوونی هەیە، گەر دەرفەتی بۆ دروست بێت پەلاماری هاوشێوەكانی خۆی دەدا، ئینجا ئەمە ڕەنگی داوەتەوە لە ناو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا لەم قۆناغەداو دەقە شەرعیەكانیشی لەسەر تەوزیف كراوە، بۆ گەیشتن بەو مەرامە سیاسیانەی كە هەیانە، یان بۆ كۆكردنەوەی دەسەڵات لە دنیادا، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەمە حاڵەتێكی تێپەڕەو حاڵەتی بنەڕەتی لە كۆمەڵگەی ئیسلامیداو لە ناو میللەتانی موسڵماندا بریتیە لە لێبوردەیی و ئاشتی و داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ.
* ساڵێك زیاتر بهسهر رهشهكوژی و جینۆسایدی داعش دژ به ئێزدییهكان تێدهپەڕێت، داعش به ههزاران كچ و ژنی ئێزیدییان فڕاندو كڕین و فرۆشتنیان پێكردن، وهك زانایهكی ئایینی چۆن ئهم رهفتارهی داعش شرۆڤه دهكهیت و ئهمه له كوێی ئایینی ئیسلامدا جێگهی دهبێتهوه؟
ــ ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت نەك تەنیا ئێزیدیەكان، بەڵكو ئەو موسڵمانانەشی كە وەك ئەوان بیرناكەنەوە هاوشێوە پاكتاویان دەكەن، كۆیلەو زەلیل و یەخسیریان دەكەن، ئەگەر بێینە سەر واقیع، كێ ئەو مافەی پێداون ببنە بكوژو ببڕ بەسەر خەڵكی ترەوە، ئایا موسڵمانان هەڵیانبژاردون؟ ئایا ئەهلی حەل و عهقد ئیسلامی لە زانایان و بیرمەندانی كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو نەتەوەكانی ئیسلام ئەوانەی هەڵبژاردووەو ئەو مافەیان پێ داون بچن بە ناوی خواو بە ناوی پێغەمبەری خواوە شارەكان داگیربكەن و قەتڵوعامی خەڵكی بكەن؟ خەڵكانی سەر بە ئایینە جیاوازەكانی تر بە دیل و بە كۆیلە بگرن؟ نەخێر، كەواتە ئەوان دەسەڵاتەكەیان شەرعی نییەو هەموو زانایانی موسڵمان لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا بە تایبەتی زانایانی ئەزهەرو عەرەبستانی سعودی و عیراق و شام و توركیاو پاكستان و مەغریب و باكووری ئەفەریقیا هەر هەموویان دژ بەو ڕەفتارانەن و پێیان وایە ئەو توندڕەوانە گرووپێكن، ملهوڕانە لەسەر بناغەی زۆردارێتی و خۆسەپاندن دەسەڵاتیان بە خۆیان داوە.
* لەماوەی ئەمساڵدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان به درێژای 1100 كیلۆمەتری بەرەی شەڕ بەرگرییان له كوردستان كردو لەم پێناوەشدا زیاتر له 8000 پێشمەرگه شەهید و بریندار بوون، ئایا تا چەند ئەم بەرگریی پێشمەرگه وەك جیهاد له پێناوی خوا سەیر دەكرێت؟ چونكه ئەگەر هێزی پێشمەرگه نەبوایه، جینۆسایدی ئەنفال به دەستی داعش دووباره دەبووەوه؟
- بە پێی شەریعەت و بە پێی هەموو ئایینە ئاسمانیەكان و شەریعەتە مرۆڤكردەكان، داكۆكیكردن لە ماڵ و خاك و نامووس و نیشتمان ئەركێكی شەرعیانەو نیشتمانیی پیرۆزە، ئەوەی كە پێشمەرگەكان پێی هەڵدەستن، لە ڕاستیدا ئەگەر سەحابەكانیش لە ژیاندا بوونایە وەك ئەوانیان دەكرد، بەرگرییان لە كەرامەت و حورمەتی گەلی كورد دەكرد، لەبەرئەوە پێویستە ئێمە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت بین بۆ ئەو برا پێشمەرگانەو دوعای سەلامەتییان بۆ بكەین و دوعای پلەی بەرز بۆ شەهیدان بكەین، خوای پەروەردگار بەرزترین پلەیان پێ ببەخشێت و سەبووری بە كەسوكاریان بدات، ئەوانیش بكاتە شەفاعەتكاری كەسوكاریان لەڕۆژی ئاخیرەتدا.
* سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەماوەی ئەمساڵدا خۆی راستەوخۆو هاوشانی پێشمەرگه لەبەرەكانی شەڕدا بووەو توانی یەكڕیزی پێشمەرگەو یەكڕیزی گەلی كوردستان بپارێزێت و لەشەڕەكەشدا سەركەوتوو بێت، ئایا تا چەند رۆڵی سەرۆكی وڵات له ساته چارەنووسسازەكاندا بۆ نەتەوه گرنگه؟
ــ بێگومان هەموو نەتەوەیەك دەبێ سەرۆكی هەبێت، ئەو عەقڵی بیرمەندێتی و بەڕێوەبەری ئەو میللەتەیە، گەلی كوردستان بە بێ سەرۆك ناتوانێت پێكهاتە جیاوازەكانی لەژێر چەترێكدا كۆبكاتەوە، لە منداڵیمەوە كەسایەتی بەڕێز كاك مسعود بارزانی دەناسم، دیراسەتم كردووەو لە نزیكی دانیشتوم، كەسایەتیەكی مێژوویی و پێشمەرگەیەكی دێرینی كوردستانە، ئەو خۆی پێش هەر وەسفێك شانازی بە پێشمەرگایەتی دەكات، ئەمە شەرەفێكی گەورەیە كە سەرۆكی وڵات بە جوهدو هەوڵ و تێكۆشانی پێشمەرگەیی بووەتە سەرۆك، جگە لەو قووڵاییە مێژوویەو زەعامەتە ڕەمزیەی كە لە خوالێخۆشبوو مەلامستەفا بۆی ماوەتەوە، خۆیشی لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمایەتی و كوردستان كەسایەتییەكی دیارە، لە مەرحوم مامۆستا شێخ محەمەدی بەرزنجی باوكمم بیستووە كە كاك مسعود بارزانی سەراپا ئەدەبە، ئەمانە ڕەصیدن بۆ ئەو پیاوە كە بە شایستەیی ببێتە سەرۆك، دڵنیاشم كە ئەو سازانەی كە پێویستە لە نێوان لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەم كەسایەتیە بەرزە دروست دەبێت و ئەویش لە جاران زیاترو بەرزتر ڕۆڵی خۆی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و لە كۆكردنەوەی بیرو بۆچوونە جیاوازەكان دەبینێت و دوعای سەركەوتن و پایەداری بۆ دەكەین.
* ئەگەر بگەڕێینەوه بۆ مێژووی نەتەوەكەمان دیاره مێژووی كورد و مێژووی ئیسلام له كوردستان تێكەڵاوه، ئەوەی لەم مێژووه كوردییه ئیسلامیه دەخوێنرێتەوه، خۆشەویستی و لێبوردەیی و پێكەوه ژیان و ئاشتیه، بۆچی تەنیا مێژووی كوردو ئیسلام پێكەوه ئاشتی و پێكەوه ژیان و لێبوردەیی بەرهەمهێناوه؟
ـ ئیسلام لە سلم و ئاشتی وەرگیراوە، ئاینێكە لەسەر بناغەی قەناعەت دەڕۆیتە ناویەوە، دەتوانی هەموو پرسیارێكی تێدا بكەی، لە بنەماترین بنەمایەوە تاوەكو لق و پۆپەكانی ئەم ئایینە، بواری قسەكردن و گفتوگۆكردن و دیالۆگ و قەناعەتپێكردنی تێدایە، ناڵێم ئێمە وەك گەلی كورد لە بەرەبەیانی ئیسلامەوە یەكسەر ئیسلاممان وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەی كە وەچەی یەكەمی موسڵمانانی كوردستان پێكدەهێنن، بە قەناعەتەوە ئیسلامیان وەرگرتووەو وردە وردە ئەم ئایینە هەر بە قەناعەت لە كوردستاندا بڵاوبۆتەوە، چونكە پێش دەسەڵاتی ئیسلام، كورد لە ژێر دەسەڵاتی فارسەكان و ڕۆمەكاندا بووەو غەدری زۆری لێكراوە، خاوەنی بەروبووم و تواناكانی خۆی نەبووە، بەڵام بە هاتنی ئیسلام گەلی كورد بووەتە پێشەوا لە وڵاتی خۆیدا، لەبەرئەوەی كورد ئاشتیخواز بووەو بینیویەتی ئەم ئایینە ئاشتیخوازانەیەو ڕزگاریخوازەو داكۆكی لە گەلان و كەسانی ژێردەستە دەكات، بۆیە ئامێزیان بۆ كردۆتەوەو ئێمە بە درێژایی سێزدە سەدە، هەر لە كوردستانی خۆماندا نزیكەی 63 میرنشینمان هەبووە، كە بە دەربڕینی ئەمڕۆكە نیمچە سەربەخۆیی بوون، تەنیا لە سیاسەتی گشتیدا تابیعی خەلافەتی ئیسلامی بوون، ئەگینا لە وردەكاریەكانی كاروباری ناوخۆی خۆیاندا سەربەخۆ بوون، سوپا و ئاڵاو دراوی تایبەتیان هەبووە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە میللەتی كورد هەمیشە ویستویەتی لە خزمەتی ئاشتی و ئاشتیخوازیدا بێت، خزمەتی بە ئاینی ئیسلام گەیاندووە، لە پاڵ برا عەرەب و توركمان و فارس و نەتەوەكانی تری موسڵماندا، تا هێزەكانی كۆلۆنیاڵزم هات و میراتی دەوڵەتی عوسمانی دابەش كرا و غەدرێكی گەورە لەگەلی كوردستان كرا و ڕێگایان نەدا خاوەنی كیانی سەربەخۆی خۆی بێت، بێ پرسكردن بە گەلی كوردستان كوردستانیان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كرد، لەڕووی شەرعیەوە هەق وایە گەلی كوردستان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، نەتەوەكانی دراوسێمان ئەگەر پەیڕەوی شەریعەتی خودا بكەن، دەبێت بە سنگێكی فراوانەوە پێشوازی لە داخوازییە سیاسی و ئابووری و كلتووری و كۆمەڵایەتیەكانی گەلی كوردستان بكەن.
* بەشی زۆری شاعیره گەورەكانمان پەروەردەی حوجرەو مزگەوتەكانن، بەڵام كاتێك وەسفی حەزرەتی پێغەمبەر(د.خ) به شیعرەكانیان دەكەن، هەست دەكەین لەناو خۆشەویستی پێغەمبەر(د.خ) تواونەتەوه، ئەم خۆشەویستیەیان گواستۆتەوه بۆ ناو خەڵكی كوردستان، بەڵام كاتێك باسی مێژووی ئیسلام دەكرێت، ئەم مێژووه كوردییه ئیسلامیه فەرامۆشكراوه، زۆر كەم مزگەوت و شوێنه ئایینەكان بەناوی ئەو زانا گەورانەی كورد دەكرێت، ئایا ئێستا كاتی ژیانەوەی ئەو مێژووه كوردییه ئیسلامیه نییه؟ چۆن دەست پێبكەین، بەرای تۆ هەنگاوەكان چۆن بن؟
ــ پێویستمان بە هەڵمەتێكی نیشتمانی هۆشیاری هەیە بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە لە گەنجینە كەلتووریەكەی خۆی شارەزا بێت، كەسایەتی و زاناو بیرمەندانمان لە خوێندنگاكان بخوێندرێن، باسی مەولانا خالیدو كاك ئەحمەدی شێخ و موفتی زەهاوی و مەلا عەبدوڵای بیتۆشی و مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و دەیان شاعیرو كەسایەتی تری نەتەوەكەمان بەشێوەیەكی وردترو دەوڵەمەندترو قووڵتر بكرێت و گرنگی زیاتر پێ بدرێت، هەروەكو چۆن كاری وەزارەتی ئەوقاف و رۆشنبیری و شارەوانییە خەڵكی هان بدەن نەك تەنیا مزگەوتەكان بەڵكو شوێنە گشتیەكان بەناوی زاناو رەمزە مێژووییەكان ناوببرێن، رەنگە زۆر خەڵكی ئێمە هەر نەزانێت مەلاعەبدوڵای بیتۆشی و موفتی زەهاوی و بەدرخانەكان و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبێدوڵڵای نەهری و سەید تەهای نەهری و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی كێن، چونكە وەكو پێویست توێژینەوەیان لەسەر نەكراوە، ئەركی سەرشانی خوێندەوارانی ئێستایە رێز لەم كەلەپوورە بگرن، ئەمە ئەركی بەرزترین دەزگا تەشریعی و جێبەجێكارەكانە كاری پێ بكەن و كۆنفرانس و كۆنگرەی لەسەر ببەستن و میدیای كوردستانی بە گرنگیەوە رووماڵی بكات بە تایبەتی كەناڵە ئاسمانیەكان، نەوەی پێشوو تۆمەتبارە بەوەی نەیتوانیوە ئەو شاعیرو بیرمەندو زانایانە بەنەوەی ئێستا بناسێنێت، نەیتوانیوە حاجی قادری كۆیی و كانی لەهەولێر و ئەختەر لە كۆیە و سەید كاملی ئیمامی كە كەڵە شاعیرێكی گەورەیە لە كوردستانی ئێران و دەیان شاعیرو كەسایەتی ناسراوی تری گەلەكەمان بناسێنێت، وەزارەتەكانی شارەوانی و ئەوقاف و رۆشنبیریی و میدیاكاران نەهاتوونەتە مەیدان(ئەوەی شانازی بە رابردووی خۆی نەكات ئێستاو داهاتووشی نابێت)، ئێرانیەكان ئێستاش شانازی بە فیردۆسی و سەعدی و حافیزەوە دەكەن، توركەكان شانازی بە نازم حیكمەت و شاعیرو كەسایەتی و سەركردە گەورەكانی خۆیانەوە دەكەن؛ عەرەبەكانیش شانازی بە موتەنەبی و ئەبو تەمام و دەیان شاعیری تریانەوە دەكەن، بۆ ئێمە شانازی بە ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری و نالی و مەولەوییەوە نەكەین، دەتوانین لە ڕێگای ئەم كلتوورو رۆشنبیرییەوە فەزای پێكەوەژیان و لێبووردەیی پتەوتر بكەین و خەڵكی فێر بكەین بەخۆشی و تەباییەوە بژین.
* یەكێك لەو گرفتانەی كە ئێستاكە بووەتە هۆی دروستبوونی توندڕەویی دەسكاریكردنی فیقهی ئیسلامیە یاخود بە هەڵە خوێندنەوەیەتی یا بەشێوەیەك داڕێژراوە كە لەگەڵ بۆچوون و كلتووری نەتەوەكانی دەوروبەرمان دەگونجێت و لە دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودەكان لایان داوە، وەكو شارەزا لەزانستی شەریعەت و فیقهی ئیسلامی چۆن دەڕوانیتە ئەم مەسەلە هەستیارە.
- بەداخەوە فیقهی ئیسلامی پارچە پارچە جێبەجێ كراوەو وەكو سیستەمێكی یەكگرتوو بەكار نەهێنراوە، ئەمەش رەنگدانەوەی جیهانی ئیسلامییە كە یەكگرتوو نەبووە، رەنگە لە گۆشەیەكدا لایەنێكی فیقهی ئیسلامی باش جێبەجێ كراوە لە گۆشەیەكی تردا باش جێبەجێ نەكراوە، ئەمە تایبەت نییە بە جیهانی ئیسلامی بەڵكو لەهەموو دنیادا دین لەخزمەتی سیاسەتدا بەكارهێنراوە، ئێمەش لەهەرێمی كوردستان هیچ بەربەستێك نییە لەبەردەممان ئیسلام بەشێوەیەكی كوردانە خوێندنەوەی بۆ بكەین و بەكاری بهێنین و جێبەجێی بكەین بۆ خزمەتكردن بە دنیای خۆمان و دابینكردن و مسۆگەركردنی دواڕۆژمان، لەم پێناوەدا پێویستە گوتاری ئاین یەك بخرێت و زانا و مامۆستا ئاینیەكان بەرەو یەك ستراتیژی بەهێزكردنی شوناسی نەتەوەیی كورد لەڕێگای فقهی ئیسلامی و ئەخلاقی ئیسلامی و دەقە شەرعیەكانەوە كار بكەن. ئەمە بەو مانایە نایەت كە ڕێگا بەبیروبڕواكانی تر نەدرێت، با ئێمە دیالۆگی بەردەواممان لەگەڵ ئاین و بیروبڕواكانی تر هەبێت.
* ئێستاكە ململانێیەكی توندی مەزهەبگەرایی لەناوچەكەدا هەیە، بەو پێیەی گەلی كوردستانیش كە دابەش بووە بەسەر ئەو وڵاتانەدا كە ئەو شەڕە خوێناویی و ململانێ توندە تائیفیەی تێدایە، هەربۆیە مەترسی بۆ سەر ئێمەش هەیە، تەنانەت لەناو بیروبۆچوون و ئاڕاستەی زۆر لە حزبە كوردستانیەكان رەنگی داوەتەوە، چۆن گەلی كوردستان و سەركردەكانمان دەتوانن لەو شەڕە خوێناوییە خۆیان بە دوور بگرن و تێكەڵ بە شەڕی تائیفی نەبن.؟
- كورد كێشەی مەزهەبی نەبووەو دەبێت كێشەی مەزهەبی سوننەو شیعەش كۆتایی بێت چونكە خودای گەورەو میهرەبان ناوی ناوین موسڵمان نەك سوننەو شیعە، لەبەرژەوەندی كوردیشە رەنگێكی مەزهەبی دیاریكراو بەخۆیەوە وەرنەگرێت و رێز لەهەموو مەزهەبەكان بگرێت. باشترین بژاردە بۆ ئێمە ئەوەیە یەكەم لەو شەڕە مەزهەبیەی لە عێراق و ناوچەكە دروست بووە بەشداری نەبین و بانگەشەی ئەوە بكەین ئەم ئاسمانە چەترێكە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، نەك تەنیا بۆ ئاین و ئاینزاكان بەڵكو بۆ ئەوانەشی كە بڕوایان بەئاین نییە.
* پێت وانییە لەم قۆناغەدا كورد بەگشتی و سەرۆك بارزانی هەمان بۆچوونی هەیە و هەوڵی ئەوە دەدا كلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەنێوان هەموو ئاین و ئاینزاو نەتەوەو پێكهاتەكانی كوردستان و عێراق گەشە بكات ؟
- سەركردایەتی سیاسی كوردو مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆشیارە لەوەی نەیویستووە لایەنگیری بكات لەو ململانێ مەزهەبیەی نێوان سوننەو شیعەو ئاین و ئاینزاكانی تر، لەمەشدا لایەنگیری نە شیعەی كردووە لەسەر حسابی سوننە نە لایەنگیری سوننەی كردووە لەسەر حسابی شیعە، بە پێچەوانەوە دەرگایەكی كراوەی لەبەردەم سووننەو شیعە كردۆتەوە بۆ ئەوەی بە كیانێكی هاوبەش و روئیایەكی برایانە كێشەكان چارەسەر بكرێت.
* زۆرجار خەڵكی گلەیی ئەوەیان هەیە كە لەهەندێك وتاری مامۆستایانی ئاینی رۆژانی هەینی زۆر بەكەمی باس لەو فیتنەو هێرشە دڕندانەیە دەكرێت كە دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و لەسەر ئەو تاقمە تیرۆریستیەی كە بەناوی خەلافەتی ئیسلامیەوە زیانیان بەكەرامەت و سەرو ماڵی كوردستانیەكان گەیاندووە.؟
- من پێم وانییە نەمامۆستایانی ئاینی نە وەزارەتی ئەوقاف كەمتەرخەمن لەوەی بەپێی پێویست باس لە تیرۆرستانی داعش و ئەو مەترسییە ناكەن كە دەكرێتە سەر گەلی كوردستان، لەكوردستان هەندێك كێشەی سیاسیمان هەیە كە كاریگەری داناوە لەسەر وتاری مامۆستایان و وتاری خەڵكیش، هەموومان دەبێت یەك دەنگ بین لەسەر پاراستنی خەڵكی كوردستان و مەترسی داعش و هاوفیكرەكانی داعش، رەنگە مامۆستایەكی ئاینی ئەوەندەی پێویست بەوە نەبێت بڵێت داعش كافرە، چونكە كافری تریش هەیە لەكوردستان و خەڵك كێشەی لەگەڵدا نییە، نە ئێمەو نەمامۆستایانی ئاینی پێویستیان بەوە نییە كەس تەكفیر بكەین، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت نەڵێین ئەمە هەڵەیە و ستەم و تاوانە و فیتنەیە كە لە كوشتن مەترسیدارترە(الفتنە اكبر من قتل)، هەربۆیە مامۆستایانی ئاینی لەمبارەیەوە درێخیان نەكردووە، دڵنیا بن لەوەی مامۆستای ئاینی زامنی داكۆكیكردنە لە كیانی سیاسی و سەركردایەتی كوردستان و هەر بەرگریكردن و پاراستنێكی كوردستان لەتیرۆریستان و خراپەكارێك، هەربۆیە دەسەڵاتی سیاسیش دەبێت موراجەعەی خۆی بكات بەوەی بۆچی رۆشنبیران و نووسەران و مامۆستایانی ئاینی و زانكۆ و زۆر لە چین و توێژەكانی تر دەنگیان زۆر بڵند نییە، خۆ دەسەڵاتی سیاسیش گلەیی لەخۆی هەیە، باشە ئەو هەموو كێشە سیاسیانەی لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە، ئەو هەموو كۆبووونەوەیەی دەوێت با چی لەبەرژەوەندی كوردە ئەوە بكەن و ئەو هەموو لێدوانە دژ بە یەك و پرۆژەیە چییە با رۆژێك لەهۆتێلێكدا دانیشن و مۆبایلەكانیان لێبسەنن كاریگەری دەرەكی و ناوخۆیان لەسەر لابچێت، دەگەنە دەرئەنجام و چارەسەر، حزبە سیاسیەكان و دەسەڵاتی سیاسی لەكوردستان كاریگەری زۆریان لەناوچەكەو جیهان دەبێت ئەگەر بەیەكەوە بن و هەریەكەو لەدۆڵێك بخوێنن و سەدان گرفتی خزمەتگوزاری هەبێت و ژیانی خەڵك چاك نەكرێت مامۆستایانی ئاینیش هەر لەدژی داعش بخوێنن، ئەمڕۆ دۆخێك و قۆناغێكی زۆر هەستیار دروست بووە كورد لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەیەكڕیزی و یەكبوون هەیە، تەنانەت ئەو گفتوگۆو ململانێیەی ئێستا لەنێو حزبە كوردستانیەكان لەسەر درێژكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دروست بووە كاتی ئەوە نەبوو، با كێشە سیاسی و بارودۆخەكەو بژێوی ژیانی خەڵك و خزمەتگوزاری چاك بكەین.
* وەكو ئاشكرایە لە قۆناغەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لەنێو حزبە كوردستانیەكان ململانێیەك هەیە، باشە حزبە ئیسلامیەكان لەناو پەرلەمان و دەسەڵاتدا بۆ دەبێت پاڵپشتی لایەنێك لەدژی لایەنێكی تر بكەن و رۆڵی چاكسازیی نەگێڕن لەكاتێكدا خودای گەورەو میهرەبان و فەرموودەكانی پێغەمبەریش باس لەو رۆڵە دەكەن.؟
- ئەگەر پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەگوێی حزبە ئیسلامیەكان بكەن، كێشەكە چارەسەر دەبێت، ئێمە تەماعی دەسەڵاتمان نییە، حزبێكی ئیسلامی بۆ ئەوەی ناوەندگیری لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان بكات ئەو مافەی بدەیتێ هەندێكجار رەخنە لە تۆش بگرێت و هەندێكجاری تر لەلایەنەكەی تریش، ئەگەر ئەو سێ لایەنە بڕیار بدەن ئێمە وەكو ئیسلامیەكان دەیانگەیەنین بە دەرئەنجام و چارەسەر.
Top