تۆفیق یاسری شارەزای سەربازیی عێراقی بۆ گوڵان:خەریكە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق سنووردار دەبێت

تۆفیق یاسری شارەزای سەربازیی عێراقی بۆ گوڵان:خەریكە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق سنووردار دەبێت
لە ئێستادا چەقی شەڕی دژ بە تیرۆریستی داعش زیاتر كەوتۆتە دەڤەری ئەنبارو بیابانی رۆژئاوا و ئۆپەراسیۆنەكانی سەربازیش لەو ناوچانەدا درێژەیان هەیە، هێزەكانی سەربازی و حەشدی شەعبیش بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەمادی و شارۆچكەكانی دیكە و رزگاركردنیان لەدەست داعش بەردەوام لە پێشڕەویدان، بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە رەوشی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەكانی سەربازی لەو ناوچانە، گوڵان ئەم دیدارەی لەگەڵ فەریق روكن تۆفیق یاسری شارەزای سەربازی و بریكاری پێشووتری وەزارەتی ناوخۆی عێراق سازدا و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
تۆفیق یاسری شارەزای سەربازیی عێراقی بۆ گوڵان:خەریكە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق سنووردار دەبێت


* بەگشتی رەوشی سەربازی لەسەر زەوی لە ناوچەكانی رۆژئاوا لە رووی شەڕو كوشتارەوە چۆنە؟
- بە گشتی لە ناوچەی رۆژئاوا كەموكوڕیی و پێداویستییەكی زۆر هەبوو لە رووی چەكداران و چەك و تەقەمەنی و پلان و بەرنامەی شەڕ، بەڵام دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆرو بەشداریپێكردنی ژمارەیەكی زۆری گەنج و لاوانی عەشیرەتەكانی دەڤەرەكەو زیادكردنی ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی، بۆیە دەبینین لە ئێستادا كێرڤەكە زیاتر لە بەرژەوەندیی چەكداراندایە نەك لە بەرژەوەندیی تیرۆریستانی داعش، واتا هێزە چەكدارەكان و هێزی حەشدی شەعبی و لاوانی عەشیرەتەكان توانیویانە جڵەوی كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بگرنە دەست، بۆیە زۆر پێویستە كە ئاڕاستەی بەرنامەی شەڕەكە بە شێوەیەكی یەكگرتوو بێت، نەك بە جیاو هەر هێزێك لەلای خۆیەوە رووبەڕووی دوژمن ببێتەوە، چونكە هەوڵەكان پەرت دەبن، راستە هەر هێزێك لەو هێزانە توانیویەتی سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵام كاریگەریی و ئەنجامەكانی دوای ئەوە بە شێوەیەكی نێگەتیڤانە دەردەكەوێت، واتا ناكرێ هێزێك رووی لە شار یان شارۆچكەیەك بێت و پێشڕەوی بكات بێ ئەوەی دواتر نەزانێت هەنگاوی دیكە چییە، بۆیە زۆر پێویستە فەرمانەكان یەكبخرێن و سەنتڕاڵی بن، واتا لە سەركردایەتییەوە دەرچن، گرفتێكی دیكەش ئەوەیە كە زۆر جار دەستتێوەردان روو دەدات، سوپا لە لایەك هێرش دەكات یان حەشدی شەعبی پێشڕەوەی لە ناوچەیەك دەكات، ئەمە شپرزەیی و نیگەرانی دێنێتە ئاراوە، بۆیە سەركەوتنەكان پەرت دەبن و رەنگە ئەنجامی نەرێنی لێبكەوێتەوە، ئەمە وێڕای بەشداریكردنی هێزی دیكەی پشتیوانیی عەشایر كە بەم شێوەیە بێت رەنگە زیانی گیانی و ماددیشیان لێ بكەوێتەوە، جاران ئیش و چالاكیی سەربازی بەم شێوەیە نەبوو، هەر فەیلەق یان فیرقەیەكی سەربازی یان فەوجێك سنووری چالاكییەكانی بۆ دیاریكرابوو، هاوكات ژمارەی سەربازو چەكداران و تەقەمەنی و پێداویستییەكانی سەربازییان بۆ فەراهەمكرابوو، دەیانزانی سروشت و قەبارەی دوژمن لە بەرامبەری چۆنەو فەرمانەكانیش كە دەگەیشتنە لایان بە تەواوی جێبەجێ دەكران، بەڵام ئێستا رەوشەكە زۆر جیاوازو بێ سەروبەرەو بەمەش ئاستی سەركەوتن و پێشڕەویی خەریكە سنوورداردەبێت، بۆ نموونە وەزارەتی ناوخۆ یان ئاسایشی ناوخۆ و نیشتمانی دەست لە پرۆسە سەربازییەكان وەردەدەن كە ئەمە ئیشی وەزارەتی بەرگرییە، نەك تەنانەت فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش بۆی نییە لەسەر ئەم ئاستە بەرپرسیارێتیی ئەم شەڕو پێكدادانە لەئەستۆبگرێت، لەبەر ئەوە دەبینین كە تا لە رووی دارایی و كارگێڕیی و چەكداریكردن و بەڕێوەبردنی ئیشوكارەكان جۆرە بێ سەروبەرییەك لە ئارادایە، هاوكات وڵات لە زۆر رووەوە دووچاری گرفت و كێشەی ناوخۆو داخوازییەكانی خەڵك و كاركردن بۆ دابینكردنی پەناگەو شوێن بۆ ئاوارەكان بۆتەوە بە تایبەتیش لەو ناوچانەی كە شەڕو كوشتاریان تێدا روودەدات. زەقترین كێشەش داخوازییەكانی شەقامە لە رووی نەبوونی كارەباو ئاوو ئاسایش و چۆنێتیی مامەڵەكردنی حكومەتە لەگەڵ ئەم كێشانە، بۆیە ئەم هەموو هۆكارانە تا رادەیەكی زۆر كاریگەرییان بۆ سەر پرۆسەی شەڕو رووبەڕووبوونەوەكە هەیە.
* پێتان وا نییە كە ئۆپەراسیۆنەكان زۆر بە سستی و هێواشی بەڕێوەدەچن، بە تایبەتیش كە دەبینین تیرۆریستانی داعش زۆر بە خێرایی تكریت و موسڵ و ئەنبارو شارۆچكەكانیان داگیركرد، بەڵام فەرماندەیی گشتی هێزی چەكدار بەم شێوەیە رەفتار ناكات كە بە زووترین كات و بە خێرایی سەركەوتن لەم شەڕەدا بەدەست بێنێت؟
- لە راستیدا بابەتەكە زۆر لەوە گەورەترو ئاڵۆزترە، نەبوونی سەنتڕاڵیەت و فەرمانی مەركەزی لە لایەن سەرووی خۆیانەوە بۆ سوپاو هێزەكان، ئەمە هۆكاری سەرەكییە لەو شكست و درەنگ بەدەستهێنانی سەركەوتن و پێشڕەوییەدا، پاشان ئەوەندە داعشیان گەورەكردو بایەخی پێدەدەن هەر لەگەڵ هاتنی هێزێكی داعش ئەگەر بچووكیش بێت ئەوا یەكسەر لە هەندێ شوێن ورەی هێزی سوپاو حەشدی شەعبی و چەكدارانی عەشایر دادەبەزێت و تەنانەت لە هەندێ شوێندا تانك و زرێپۆش و تەقەمەنیش بەجێ دێڵن و رادەكەن، هاوكات كەمیی ئاڕاستەكردن و رۆشنبیری و ئامۆژگاری و موحازەرە بۆ سەربازو بەرزكردنەوەی لایەنی باری دەروونیی سەربازو چەكداران ئەمانە هەموویان كاریگەرییان هەیە بۆ سەر ئاستی شكست یان سەركەوتن لە شەڕەكاندا.
* قۆناغی داهاتوو چۆن دەبینن ئایا ژیانی ئاسایی بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، یان هەر وەك موسڵ و شوێنەكانی دیكە دەمێنێتەوە، بەڵكو تەنیا راونان و هێرشیان تێدا بەردەوام دەبێت؟
- با بە راشكاوی پێت بڵێم، پرسی موسڵ زۆر گرنگە، ئەم پارێزگایە ئازاد ناكرێت، ئەگەر ئەنبارو بیابانی رۆژئاوا ئازادنەكرێت و داعش لەو شوێنانە دەرنەكرێت، دەبێ هێڵی پێوەندی و هاتوچۆی نێوان سوریاو عێراق بە یەكجاری ببڕدرێت، ئەوجا دەكرێ باس لە ئازادكردنی موسڵ بكرێت، بەڵام سەیرە ناتوانرێت ئەو رێگە نێودەوڵەتییە كۆنتڕۆڵ بكرێت كە ئەگەر هەوڵ و پلانی تۆكمەی سەربازی هەبێت رەنگە بتوانرێت ئەو شادەمارە بەیەكجاری بپچڕێنرێت.
* ئایا كە هێزی ئێستای داعش وەك هێزی یەكەم قۆناغەكانییەتی یان جیاوازە؟
- گریمان ئەو داعشە لەدایكبووی دوێنێ بێت، بەڵام هەتا ئەگەر ئەمەش تەواو بێت رەنگە داعشێكی دیكەی بەدوادا بێت، چۆن بینیمان سەرەتا تاڵیبان و ئەلقاعیدە دروست بوون دواتر لە سوریا جەبهەی نوسرەو تاقمی دیكە هاتنەكایەوە، ئێستاش ئەو داعشە سەرەتا لە عێراق و سوریا بوون ئێستا لە یەمەن و لیبیاو میسرو تونس شوێنەكانی دیكەش سەریان هەڵداوەو بەهێز بوونە، نازانین ئەو داعشە چییە بەم شێوەو بەم خێراییە تەشەنەی كردووەو بەهێز بووە!.
* لە ئێستادا مەترسیی ئەوە هەیە كە زۆریی چەكداران و ژمارەی سەرباز لە عێراق بەم شێوەیە فراوانەو بێ بەرنامەو پلانە كاریگەریی هەبێت بۆ سەر ئاییندەی ئەم شەڕەو دواتر ئاستی بەدیهێنانی سەركەوتن؟
- من لەو باوەڕەدام ئەو هەموو سەربازو چەكدارو چەك و تەقەمەنییە چارەنووسیان چۆن بێت، من گوێم لێبووە كە راوبۆچوونێك هەیە گوایە هێزەكانی حەشدی شەعبی دێنە نێو هێزەكانی چەكداریی عێراقییەوە، بەپێی هەموو شارەزایی و پسپۆڕییەك، رای دیكەش هەیە كە دەڵێت حەشدی شەعبی دەبێتە سوپایەكی یەدەگ، كە لە كاتی پێویستدا بانگ دەكرێن، ئێستا ركابەریی هەیە لە لێكدانەوە و جیاوازیش هەیە لە نێوان حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی، كە حەشدی نیشتمانی بۆ ناوچەكانی باكوورو رۆژئاوا بێت، بەڵام حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور بێت، هەروەها ناوچەی رۆژئاوا داوا دەكات حەشدی وەتەنی لە رووی جموجۆڵ و كارگێڕی و دارایی بە تەواوی بە حكومەتی خۆجێیی ببەسترێتەوە، بەڵام لە نێو حكومەتی فیدڕاڵ و پەرلەمان دەنگۆی ئەوە هەیە كە دەبێت ئەو هێزە سەر بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت، بەڵام من پێموایە ئەو كێشەیە جارێ لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەماندا دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی رێگە چارەی بۆ دەدۆزرێتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا من بە چاكی دەزانم كە لە ئێستاوە پلانێكی ستراتیژی بۆ ئەم دۆسێیە دابنرێت، تا ئەو كاتەی ئۆپەراسیۆنەكان كۆتاییان دێت و رەنگە وای دابنێین كە داعش كۆتایی نەیەت، بەڵام هەر وەك ئاماژەم پێكرد پێویستە هەموو لایەنەكانی حكومی و سەربازی لە ئێستاوە پلانیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆسێیە، نەك دواتر بە شێوەیەكی كتوپڕو لە ناكاو كارەكە ئاڵۆز بێت كە نەتوانرێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوەو ئەو كاتەش رەنگە عێراق بكەوێتە دۆخێكەوە كە هەر خوا بۆ خۆی دەزانێت چارەنووسی بەكوێ دەگات.
Top