ئەوەی لە هۆڵی پەرلەمان روودەدات حزبایەتییەو بووەتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ بۆ خەڵكی كوردستان
August 6, 2015
دیمانەی تایبەت
شەڕی فیكر لە دژی داعش بایەخێكی تایبەتی خۆی هەیە، رووبەڕووبوونەوەی فیكری توندڕەوی و توندوتیژی ئەركێكە تەنانەت لە ئەستۆی مامۆستایانی ئاینیشە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو دۆخی هەستیاری ئێستای هەرێمی كوردستان، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز دكتۆر (عومەر مەلا حەسەن حەمەد مرۆ) راگری پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان و پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی (رەشاد موفتی) ئەنجام دا، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.دكتۆر عومەر مەلا حەسەن مرۆ:ڕاگری پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان و پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی رەشاد موفتی بۆ(گوڵان)ئەوەی لە هۆڵی پەرلەمان روودەدات حزبایەتییەو بووەتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ بۆ خەڵكی كوردستان
* كورد گەلێكی موسڵمانەو لەمێژوودا خاوەنی دەیان زاناو مامۆستای بەناوبانگی ئیسلامییە، كەچی ئێستاكە جۆرە تێكەڵییەك لەبیروبۆچوون و فيقهی ئیسلامی و مەزهەبی كەوتۆتە ناو كوردستان، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- لەمێژوودا دەیان زاناو بیرمەندو مامۆستای ئاینی لەناو میللەتی كورد هەڵكەوتووە، مزگەوت و حوجرەو شوێنی فەقێ كە لە تەواویی شارو گوندەكانی كوردستان دەبینرێت، گەواهیدەری ئەو ناوبانگیەی نەتەوەی كوردە لەناو ئیسلامدا كە رۆڵی چاكسازی و نیشتمانپەروەرانەی دیارو بەرچاویان هەبووە، ئەركی ئاین و نیشتمانپەروەرییان لێكتر جودا نەكردۆتەوە، زۆر لەسەركردەو شۆڕشگێڕەكانمان پەروەردەی مزگەوت و تەریقەتەكان و ئاینی پیرۆزی ئیسلام بوون، هەر لە شێخ ئەحمەدی بارزانی و شێخ مەحمودی حەفیدو قازی محەمەدو مەلا مستەفا، تا دەیان سەركردەو پیاوی گەورەی ئاینیی تر، كە رۆڵی باش و پیرۆزیان گێڕاوە چ بۆ ئاین و نەتەوەكەشیان، مەرجەعی خەڵك ئەو سەركردەو پیاوە ئاینیانە بووە، لەناوخۆدا تەنیا یەك مەزهەبی شافيعی لەسەر یەك عەقیدە كە عەقیدەی ئەشعەرییە، وایكردووە بێ جیاوازی یەك دەست و یەك ڕیز بێت، تەنانەت جیاوازییەكانیش ئەگەر هەبووایە كاریگەرییان نەبوو، بەپێچەوانەی ئێستا كە هەندێ لە خەڵكی ئێمە دەچێتە دەرەوەو فەتواو بیروبۆچوونی جیاواز وەردەگرێت، پێوەندییان بەئێمەوە نییە، بێ ئەوەی گوێبدەنە ئەوەی هەموو شوێن و كاتێك فەتوای خۆی بۆ دروستە، نەك فەتوای دەرەوە كە كێشەو گرفتێكی زۆرو كاریگەریی بۆ سەر میللەتەكەمان دروست كردووە، تێكەڵبوونێكی هەمە جۆرەی فەتوای تێكەوتووە، تەنانەت هەندێ لە گوتاری ئاینی كە بەهۆی بوونی هەندێك لە بانگخوازی حزبە ئیسلامیەكانەوە دروست بووە هۆكارێكە بۆ ئەو پەرتەوازەبوونە.
* ئایا ئەم جیاوازییەو پەرتەوازەبوونە تاچەند زیانی بەئاینی پیرۆزی ئیسلام و كورد گەیاندووە؟
ـ هەندێك لەو برایانەی حزبە ئیسلامییەكان لەگەڵ هەندێك لە بانگخوازەكانیان خۆیان كردووە بە بەدیلی مامۆستایانی ئاینی و فەتوا دەدەن و شت بڵاودەكەنەوە، ئەمەش وادەكات گوتاری ئاینی یەكگرتوو نەبێت و یەك ئاڕاستە وەرنەگرێت، تەنانەت هەر حزبێكی ئیسلامی لای خۆیەوە، مەكتەبی زانایانی ئاینی هەیەو لە یەكێتیی زانایانیش بەشدارییان هەیە پەرتەوازەیەكی مامۆستایانی ئاینی لێكەوتۆتەوە، نابێت مامۆستایانی ئاینی سەر بەهیچ حزب و گروپێك بن دادوەرو مامۆستایانی ئاینی بەتایبەتی وتاربێژەكان، ئەگەر حزبی بن لەكارو فرمانەكانیاندا ئاڕاستەو قسە لەحزبەكانیان وەردەگرن و جێبەجێی دەكەن، واتە دەبنە مەئمور، لەكاتێكدا مامۆستا دەبێت ئامر بێت و دژی خراپەكاری بێت و پاڵپشتی چاكسازیی بكات، تەنانەت توندوتیژی و ململانێی سیاسی و وەڵامی توند رژاوەتەوە ناو گوتاری مزگەوتەكانەوە، لەكاتێكدا مینبەری پێغەمبەر(د.خ )تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، ئەركی مینبەر بڵاوكردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێكەوەژیانە لەگەڵ بانگەوازی یەكڕیزی و ئاشتەوایی.
* تیرۆریستانی داعش شەڕێكی نەخوازراویان بەناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە بەسەر گەلی موسڵمانی كوردستان و ئاین و ئاینزاكانی تری كوردستان داسەپاند، لەم قۆناغەدا ئەركی مامۆستایانی ئاینی چییە؟
- لەم دۆخەدا كە باسی دەستوور و دین و علمانیەت و سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت، میللەتەكەمان رووبەڕووی دوژمنێكی سەرسەختی تیرۆرستی بووەتەوە، ئەم باسانە گرفتی دروست كردووە، ناتوانین بڵێین مامۆستایانی ئاینی رۆڵێكی باش و گرنگیان نەبووە، بەڵام رۆڵەكەیان لە هەوڵی فەردی دەرنەچووە، گەرچی دەبووایە مامۆستایانی ئاینی رۆڵێكی جەماعیيان هەبووایە و بە یەك ئاڕاستە. بۆ نموونە بەئەركی سەرشانمان زانیوە كە لەسەر فیكری داعش قسە بكەین و بۆ گەنج و موسڵمانان روون بكەینەوە كە ئاینی ئیسلام ئاینی بەزەیی و نیعمەتە، بەپێچەوانەوە داعش فیتنەیە بە هەموو ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزو فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ)، جێگای داخە هەندێك لە مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەكان، باسی خراپەكاری داعش ناكەن، هەندێك لەمامۆستای ئاینیش هەیە لەژێر گوشاری خەڵكدا باسی خراپەكاری داعش دەكەن، خەڵك هەیە داوايان لێدەكەن دوعا لەداعش بكەن و خراپەكانیان بخەنەڕوو، جێگای داخە لە كوردستان لەم دۆخە دژوارەدا مامۆستاو گوتاربێژەكان نەتوانن بەیەك ئاڕاستە گوتاری ئاینی خۆیان بدەن. كەباس لە دەستووری كوردستان دەكرێت ئێمە ناڵێین سەد لەسەد با دەستوورەكە ئیسلامی بێت، بەڵام خۆ دەبێت رەچاوی ئەوەش بكرێت سەد لەسەد عیلمانیەت نەبێت بەڵكو لەگەڵ میللەتی ئێمەو لەگەڵ هەموو بنەماكانی ئەخلاقی و ئاینی گەلەكەمان بگونجێت، بەگشتی مامۆستایانی ئاینی وڵات و میللەتی خۆیان خۆش دەوێت و بەرگریكردنیان لەم وڵاتە بەئەركێكی پیرۆز داناوەو پێشمەرگەیان بە موجاهید داناوەو داعشیان بەفیتنەچی و دەست درێژیكار داناوە.
* ئایا وەزارەتی ئەوقاف و زۆر لەمامۆستایانی ئیسلام بۆچی داعشیان بەكافر دانەناوە؟
- وەڵامەكە دەبێت لەدەقەكانی قورئانی پیرۆزو فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ) سەرچاوە بگرێت و، پێم وانییە كەسێك یا گرووپ و تاقمێك كە هەڵەی كرد ئێمەی موسڵمانیش هەمان هەڵە بكەین یا وەڵامی بدەینەوە، ئەوان موجەرەد لەبەر ئەوەی تەكفیری موسڵمانانیان كردووە راستەوخۆ كافر دەبن، (من كفَّر مسلماً فقد كفر) ئێمە شایەتمانمان هێناوەو نوێژ دەكەین و بڕوامان بە ئیسلام هەیەو میللەتەكەمان خاوەنی ئیمان و عەقیدەیەو پابەندی بنەماكانی ئاینی ئیسلامەو ئەركەكانی جێبەجێ دەكات، بەرێكەوتنی زانایانی عەقیدە هەر كەسێك بڵێت(لا اله الا الله محمد رسول الله) ئەوا بەموسڵمان دادەنرێت، تا ئەو ئاستەشی كە تۆ بڵێیت ئەمە بەدڵ وا دەڵێت یا نا، بەو كەسە بووترێت كافر ئەوا خۆت كافر دەبیت، بەڵام داعش رەفتاری كافرانیان هەیە، بڕوانە پێش مێژووی ئیسلام لە شەڕو تاڵانی و كوشتن و سووتاندن هەرچی خوداو ئیسلام پێی ناخۆش بوو لەبەرامبەر یەكتر كردوویانە، ئەوەی ئێستاش داعش دەیكات هەمان شتە، تەنانەت كەسێك كافر بێت بۆت نییە تەعەدای لێ بكەیت لەسەر كوفر، چونكە ئەمە پێوەندییەكە لەگەڵ خۆی و خوای خۆی تۆڵەو لێپرسینەوەی خوا لەرۆژی قیامەتدایە (إِنَّ إِلَيْنَا إِيَابَهُمْ (25) ثُمَّ إِنَّ عَلَيْنَا حِسَابَهُمْ (26).) (لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ)گرنگ ئەوەیە نایەتە سەر ماڵمان و تەعەدامان لێ نەكات:(لا يَنْهَاكُمْ اللَّهُ عَنْ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ) ئینجا كافر بێت و جوولەكەو مەسیحی و ئێزیدی بێت مادام لەگەڵ تۆ بە ئاشتی بژی و وەكو تۆ هاووڵاتی بێت، پێویستە لەگەڵیدا باش بیت و دەستدرێژی نەكەیتە سەری بەڵكو پێویستە لەگەڵیان چاك بی، ئەوەی داعش دەیكات هەمان شێوازو رەفتاری كافرەكان و خەوارجەكانە، كە سێ ئەسحابەی پێغەمبەریان شەهید كرد، بەحەزرەتی عەلی یەوە كاتێكیش بەعەلیيان وت ئایا خەوارجەكان كافرن وتی(اخواننا بغوا علینا) دەمانەوێت هەمان ئەخلاق لەگەڵیاندا بەكاربهێنین بەڵكو بەهۆش خۆیان بێنەوە، چونكە ئێمەیان كافر كردووە بەوە دەبنە كافر. وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی مامۆستایانی هانداوە بەئەركی نیشتمانی و ئاینی خۆیان هەڵسن لەم قۆناغەدا كە ئێمە پێویستیمان بەیەكڕیزی و ئاشتەوایی هەیە، لەبەرامبەردا مامۆستا هەیە بەئەركی ئاینی و نیشتمانی خۆی هەڵنەساوە لە وتار لایانداوە، دەكرا مامۆستایانی ئاینی ئیسلام رۆڵێكی باشتریان بگێڕایەو سەردانی بەرەكانی شەڕیان بكردایە بە بەردەوامی.
* زۆر لە قۆناغەكانی تێپەڕبوونی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، نەتەوەی عەرەب و تورك و فارس بەپێی ویست و خواست و بەرژەوەندیی نەتەوەییان دەسكاری فيقهی ئیسلامی و فەرمودەی پێغەمبەریش(د.خ)یان كردووە، كلتوری خۆیان تێكەڵی فيقهی ئیسلامی كردووە، بەو پێیەی كوردستان هەموو پێكهاتەو نەتەوەو ئاین و ئاینزاكانی پێكەوە كۆكردۆتەوە، ئایا ئەم دەسكاریكردنە بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و لایەنی نەتەوەیمان چۆن گەڕاوەتەوە؟
- تەنیا میللەتی كوردە ئاینی پیرۆزی ئیسلامی وەرگرتووەو بەپاكی و بێگەردی پارێزگاری لێ كردووەو بۆ مەرام و مەبەستی بەرژەوەندیی خۆی بەكاری نەهێناوە، بەپێچەوانەی ئەو میللەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشبووە، هەر هەموویان ئاینی پیرۆزی ئیسلامیان دژ بەنەتەوەی كورد بەكارهێناوە. لە ئیسلامدا كۆمەڵێك پرەنسیب و بنەما هەیە كە هەندێكیان جێگیرن و دەسكاری ناكرێن وەكو نوێژەكان و حەج و رۆژوگرتن و حەرامكردنی كوشتن و گوناهە گەورەكان و حەرامكردنی خواردنەوەی مەی و چەندین بابەتی تر بەڵام زۆر بابەتی تر هەیە كە جێگیر نییەو دەكرێت دووبارە چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت، خۆزگە زانایان و مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەكوردستاندا لەڕێگای كۆنگرەو كۆنفرانس و وۆرك شۆپەوە گفتوگۆیان سەبارەت بەچاوخشاندنەوە بە سەرجەم بابەتە فيقهیەكان بكردايە، لەبەر ئەوەی فيقهی ئیسلامی بەرهەمی فكری زانایانی پێشووەو بەرهەمی دەرئەنجامی قۆناغەكانی رابردووە، بەڵام قورئان شەریعەتە، هەربۆیە پێویستە جیاوازی لەنێوان شەریعەت و فيقهی ئیسلامی بكرێت، ئایا ئەو هەموو مەزاهیبە بۆچی دروست بووە؟ ئێمە ئەمڕۆ لەقۆناغێكی دیكەین، هەموو شتەكان گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە. هەر لەبەر جیاوازی فیكرو كات و شوێن و پێویستیەكانی سەردەمی خۆی هەر میللەتەو بەپێی بەرژەوەندیی خۆی كار لەسەر بابەتە فيقهیەكان دەكات، دەكرێت كوردیش بەهەمان شێوە زانایان و مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامی چاوخشاندنەوە بەزۆر بابەتی فيقهی ئیسلامی لەروانگەی شەریعەتەوە بكەن و بگونجێت لەگەڵ مەبەستەكانی شەریعە، بەتایبەتی لەو بابەتانەی لەدژی مەبەست و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستانە وەك ئەوەی ئێمە دروست نەبێ داوای فیدراڵی و دەوڵەت بكەین، لەكاتێكدا بۆخۆیان بە ڕەوای ببینن و بۆ ئێمە ناڕەواو گوناهە.
* سەرۆك بارزانی كۆشكی سەرۆكایەتی و دەسەڵاتەكانی بەجێهێشت، لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە وەستایەوە، ئایا دەبێت مامۆستایان و زانایانی ئیسلامی چۆن ئەم هەڵوێستەی سەرۆك هەڵبسەنگێنن؟
- هەر میللەتێك ئەگەر سەركردەیەكی بەهێزو بەتوانای نەبێت، كاروباری دنیای بۆ بەڕێوەناچێت، ئیبن قەیم دەگێڕێتەوە لە ئیمامی ئەحمەدی كە پرسیاری لێكراوە: دوو كەس هەیە دەمانەوێت یەكێكیان بكەین بە ئەمیری خۆمان، یەكێكیان زۆر بەئیمان و بەتەقوایە لەگەڵ خودا بەڵام دەسەڵاتی كەمەو كارا نییە، ئەوی تریان ئەو تەقوایەی تێدا نییە، بەڵام بەتواناو بەدەسەڵات و حەكیم و زانایە؛ لەوەڵامدا پێی وتن دووەمیان هەڵبژێرن، چونكە هەردووكیان تەقواكەیان لەنێوان خۆیان و خوای خۆیاندایە، بەڵام بەدەسەڵات و زاناكە، بۆ خزمەتی موسڵمانانە، چونكە كەسە بێ دەسەڵاتەكە بەخراپی دەگەڕێتەوە سەر ئومەتەكە ئەوی تریان حیكمەت و دەسەڵاتەكەی سوودی بۆتان دەبێت. لەم بۆچوونەوە دەتوانین بڵێین: ئەمڕۆ لەكوردستان كەسێك نییە بەتوانای كاك مسعود بارزانی كە ئیدارەی ئەو بارودۆخ و شەڕو ئەو هەموو ململانێ و پیلان و هێرشانە ببێتەوە، كە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەكرێتە سەر نەتەوەكەمان. سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئیدارەی شەڕێكی دژوار لە دژی تیرۆریستان و مەرامی شاراوەی زۆر وڵاتانی دەوروبەر بكات، دیبلۆماسیەتێكی حەكیمانەشی هەبووەو دەرئەنجامەكەی ئەو هەموو هاوكارییە سەربازی و مەدەنیانەیە، كە هێزەكانی هاوپەیمانان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەو خەڵكی كوردستانیان كردووە. بەڵام دەبێت ئاوڕێك لەناوخۆی وڵاتیش بدەینەوە، تاوەكو بەرەی پێشەوەو ناوخۆ بەهاوشانی یەكتر بەرەو پێشەوە ببرێت، هەرچۆن لەبەرەكانی شەڕ سەركەوتوو بووین، بەرەی دواوەش بەهەمانشێوە بەهێز بكەین، گەندەڵی و لاوازی لەناوخۆدا وایكردووە لاواز دەربكەوین، پێویستە جەنابی سەرۆك چەند سەركەوتووە لەبەڕێوەبردنی شەڕو دیبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی، هەروا سەركەوتووش بێت لەئاوڕدانەوە لەبەرەی ناوخۆدا، ناكرێت پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ خۆی گیانفیداو شەهید بكات كەسانێكیش لەناوخۆدا خەنجەر لەپشتەوەمان بدەن وگەندەڵكاربن.
* لەكوردستان و هەولێر بەتایبەتی ژمارەیەكی زۆری مزگەوت هەیە، زۆربەیان لەیەكترەوە نزیكن، گوتاری ئاینی و گوتاری هەینی تێیاندا پێشكەش دەكرێن، ئایا ئەمە بە یاساو رێنمایی رێك خراوە؟
- لەرووی شەرعەوە دەبێت لەمزگەوتێكدا خەڵكی جێگایان نەبێتەوە، ئەوجا مزگەوتێكی تر لەشوێنێكی تر دروست بكرێت، پێشتر لەدانانی مزگەوت رەچاوی لایەنی جوگرافیای گەڕەكەكان نەكراوە، بە ڕادەیەك وتاری مامۆستای مزگەوتێك لەگەڵ مزگەوتێكی تر تێكەڵ بەیەكتر دەبوو. سەبارەت بەگوتارەكانی هەینی و ئاینیش وەكو هەر پسپۆرییەكی تر پێویستە كەسەكە شارەزایی تەواوی لە زانیاری و زانستی ئیسلامی و پرەنسیبی گوتار و سوننەتەكانی گوتارو خوێندنەوەی گوتار هەبێت، گوتاری ئەمڕۆو بارودۆخ لەگەڵ پێشوو زۆر جیاوازە، وەزارەتەكانی ئەوقاف رەچاوی ئەوەیان نەكردووە كە هەموو گوتاربێژەكانی بەتوانا بن، یا هەڵگری بڕوانامە بن نەتوانراوە ئەمە بكرێت، بۆیە خەتیبەكان پێویستیان بەخولی بەردەوام هەیە.
* هەرێمی كوردستان لەقۆناغێكی زۆر هەستیاردایە، ئەركی سەرشانی هەموو پێكهاتەو پارتە سیاسییەكانە ئەو یەك ریزی و تەباییە بپارێزن كە هەوێنی سەركەوتن و بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستانە؟
ــ ئاینی پیرۆزی ئیسلام داوامان لێدەكات یەكڕیز بین (واعتصموا)، ئەگەر كێشەو ناكۆكی كەوتە نێوانتان هێزو تواناتان نامێنێت، ئەمەی ئەمڕۆ روودەدات جێگای نيگەرانی خەڵكی ئێمەیە، رۆژانە خەڵكی پێمان دەڵێت لەمینبەری پێغەمبەرەوە لەوتارەكانمدا باسی بكەم كە لەم بارودۆخە ئەركێكی ئاینی و ئەخلاقیی و نیشتمانی و كۆمەڵایەتیە، بەهەمووان رووبەڕووی دوژمنان و ناحەزان ببینەوە، سەركردەكان و جەنابی مسعود بارزانی و پێشمەرگەو شەهیدەكانمان، لەپێناو ئەم رۆژەدا قوربانیيان داوە، لەسایەی ئەواندا توانیومانە دەنگی خۆمان بگەیەنینە دەرەوە، جێگای داخە پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان حزبایەتی بەسەریاندا زاڵە، پێویستە ئەوان ناوبژیكارو رۆڵی ئیجابی ببینن، كەچی خۆیان بوونەتە حزبایەتی و فراكسیۆنەكان بەقسەی حزبەكانیان شەڕە حزبایەتی دەكەن، ئەوەی لەپەرلەمان روودەدات، بووەتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خەڵكی كوردستان، تێبینیم لەسەر هەردوو حزبە ئیسلامیەكەی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی ناو پەرلەمانیش هەیە، بەداخەوە سیفەتێكی چاكسازییان پێوە دیار نییە، ئەبووایە ئەوان وەكو قورئان دەفەرمووێت(وأصلحوا ذات بینكم) ئەوان باش دەزانن ئەو ململانێ و ناكۆكییە مێژووییەی ئەمڕۆ كەوتۆتە ناو پەرلەمان نابەجێیە، ئەوانیش بوونەتە بەشێك لەو ململانێیەو بۆ خەست كردنەوەی كێشەو ململانێكان چوونەتە لایەكەوە،پێویستە ئەوان سوڵح بكەن لەبەر ئەم هۆیانە، ناوی ئیسلامیان هەڵگرتووە، خوای گەورە فەرمویەتی(وان طائفتان من المؤمنين اقتتلوا فاصلحوا بينهما) دەبێ نێوانگیری بكەن نەوەك بچنە پاڵ لایەنێك.
* لەناوچەكەو عێراقدا شەڕێكی مەزهەبی و تائیفی توند هەیە، كورد چی بكات تاوەكو نەبێتە بەشێك لەو ململانێ تائیفییەی ناوچەكەو خۆی دوور بگرێت لەچوونە ژێر باڵی بەرەی سوننەو شیعە؟
- زۆربەی هەرە زۆری كورد ئەهلی سوننەیەو لەسەر مەزهەبی شافیعییە، هەربۆیە پێشتریش ئەو ململانێ خوێناوییە كەمتر هاتۆتە ناو كوردستان، لەبەرژەوەندیی كورددایە دەست بگرێت بەئامانج و مافەكانی خۆیی و دوور بكەوێتەوە لەو شەڕە تائیفییە، جێگای داخیشە لەناو حزبە كوردستانییەكان كەسانێك هەیە هەستی مەزهەبی و بەرژەوەندی شەخسی خۆی وادەخوازێت بەسەر هەستی نەتەوەییدا زاڵتر بێت، هەربۆیە ئومێدەوارم ئەوان مافی نەتەوەی كورد نەخەنە ژێر ئەو فشارە ئیقلیمی و تائیفییە، كاتێك میللەتی كورد زوڵمی لێكراوە لەبەر ئەوە لێی نەكراوە كە ئاینی نییە یا مەزهەبی نەبووە بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە نەتەوەیەك بووە خاوەنی خاك و بنەما نەتەوەییەكانی بووە، هەربۆیە كێشەی ئێمە نەتەوەییە نەك مەزهەبی.
* ئاینی پیرۆزی ئیسلام پێش ئەوەی حزبە ئیسلامییە سیاسییەكان بێن، ئەو جیاوازی و حزبایەتیەی تێدا نەكراوە ئایا ئاینی پیرۆزی ئیسلام پێویستی بەوە هەیە حزبایەتی پێوە بكرێت ئایا ئەمە چ زیانێ بەبەها پیرۆزەكانی ئیسلام دەگەیەنێت؟
- كاتێك ئاین حزبایەتی پێوە كرا، زیان بەبەهای ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەگەیەنرێت، سیاسەت گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و ڕەچاوی بەرژەوەندییەكان دەكرێت، بەڵام ئاین نەگۆڕیی هەیە راستە موتەغەیراتیشی هەیە، بەڵام ئاین چوارچێوەی خۆی هەیە، جودایە لەو سیاسەتە گۆڕاوەی كە بۆ خزمەت و بەرژەوەندیی تایبەتی بەكار دەهێنرێت. رام لەگەڵ زۆر لە بیرمەندو زانایان و مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە، پێویست ناكات ئاین سیاسەتی تێدا بكرێت، زۆر جەخت لەوە بكەینەوە ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی كە لە كوردستان هەیە ئەركی هەمووانە، دۆخەكە بپارێزین، كاتی خۆی حەزرەتی ئیبراهیم یەكەم شت داوای لە خودای گەورە كرد ئارامی و ئەمانی بداتێ لەگەڵ ڕزق و ڕۆزی، خوای گەورە فەرمووی نەخێر ئیبراهیم، لە دنیادا بە ئێوەشی دەدەم و بەكافرەكانیش.