مەتران رەبان ئەلقس مەترانی ئەبریشیەی زاخۆ و ئامێدی بۆ گوڵان:ئەگەر سەرۆك مسعود بارزانی نەبوایە ئێستا دۆخی كوردستان لە بەشەكانی دیكەی عێراق باشتر نەدەبوو

مەتران رەبان ئەلقس مەترانی ئەبریشیەی زاخۆ و ئامێدی بۆ گوڵان:ئەگەر سەرۆك مسعود بارزانی نەبوایە ئێستا دۆخی كوردستان لە بەشەكانی دیكەی عێراق باشتر نەدەبوو
پێكەوەژیان و ئاشتیی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، سیمایەكی جوانی كوردستانە و هەموو جیهان بە سەرسامی و رێزەوە سەیری دەكات، ئەمەش بەرهەمی ئەو سیاسەتەیە كە بارزانی نەمر پەرەی پێداوە و ئەمڕۆش سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر هەمان رێباز لە هەرێمی كوردستاندا كردوویەتە هەوێنی یەكڕیزی و خۆشەویستی نێو خەڵكی كوردستان. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پێكەوەژیان و ئاشتییە، گوڵان سەردانی مەتران رەبان ئەلقس، مەترانی ئەبریشیەی زاخۆ و ئامێدی كرد و بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.
* ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا بۆتە جێگەی سەرنجی جیهان، ئەو پێكەوەژیان و لێبوردەییەیە كە ئەم وڵاتە بەخۆیەوە دەیبینێت. ئێوە وەك كریستیانەكانی كوردستان چۆن سەیری ئەم پێكەوە ژیانە دەكەن، بەتایبەتی كە ئەم ژینگەیە لە عێراق و ناوچەكە بوونی نییە؟
- من باس لە پێكەوەژیان و ئاشتی دەكەم لە هەرێمی كوردستاندا، دەبێت ئەم پێكەوەژیان و ئاشتیە خەمی هەر تاكێكی كوردستانی بێت و بیپارێزین و پەرەی پێبدەین، ئەم وڵاتەی ئێمە لەگەڵ ئەوەی لە دێرزەمانەوە پێكەوەژیانی تێدابووە، بەڵام لە سەردەمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی زیاتر پەرەی پێ دراوە، ئەمەش نەك تەنها بەرامبەر كریستیانەكانی كوردستان، بەڵكو بەرامبەر هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بایەخی پێدراوە، كاتێكیش تیرۆریستان لە دوای 2003 تائێستا هێرشیان كردۆتە سەر برا كریستیانەكانمان لە بەشەكانی دیكەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەرگای بۆ ئەوان واڵا كردووە و بە رێز و خۆشەویستییەوە پێشوازی لێكردوون، هەروەها هەرێمی كوردستان بۆتە نەوایەكی ئارام بۆ خەڵكانی دیكەش كە لە دەستی تیرۆریستان ئاوارە بوون، هەم لە عێراق و هەمیش لە سووریا. وێڕای ئەو بارە ئابوورییە سەختەی كە كوردستانی خستۆتە قەیرانێكی ئابووری گەورەوە، هەروەها وێڕای ئەوەی كوردستان بە درێژایی 1100 كیلۆمەتر بەرەی شەڕی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هەیە، بەڵام پێشوازی لە نزیكەی 2.5 ملیۆن ئاوارە كردووە و توانراوە هەموویان نیشتەجێ بكرێن و تا رادەیەكی باش خزمەت بكرێن و بە ئاشتی بژین، ئەم كەشە ئارامەی دابینكراوە، بەرهەمی خوێنی ئەو پێشمەرگانەیە كە تا ئێستا نزیكەی 1500 پێشمەرگە شەهید بوون، ئەم پێشمەرگانە شەهید بوون بۆ ئەوەی هەموومان بە ئازادی و ئاشتی لەم كوردستانە بژین، بۆیە دەبێت هەموومان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە، بەرامبەر بە قارەمانیەتی و شەهیدەكانی پێشمەرگە وەفادار بین، ئەوان بەرەڤانییان لە كەرامەتی هەر تاكێكی ئەم كوردستانە كردووە. هەروەها دەبێت هەموومان بەوەفا بین بۆ سەرۆكی خۆمان هێژا مسعود بارزانی كە شانبەشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕبووە و بەرەڤانی لە كەرامەتی هەموو كوردستانییەكان كردووە، ئەو برا كریستیانەی ئێمە كە لە ناو موسڵ و دەشتی نەینەوا ئاوارە بوون و هاتوونە كوردستان و ئێستا لە عەینكاوە و دهۆك نیشتەجێن، هەموو خەڵكی كوردستان بێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی هاوكاری كردوون، ئەمە هەمووی لە سایەی سەرۆكایەتی سەرۆك مسعود بارزانی بووە، لەمەش گرنگتر عەرەبێكی زۆر زۆر روویان لە كوردستان كردووە، بێگومان ئەو خەڵكانەی هاتوون، بەشێكی زۆریان هەر ئەوانەن پێشتر بەشداربوون لە سەركوتكردنی كورد و هەر ئەوان ئەو كارەساتەیان بەسەر كورد هێناوە، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش كوردستان زۆر بە رێكوپێكی پێشوازی لە عەرەبەكان كردووە و هەموویان وەك هاووڵاتی كوردستان بە ئاشتی و ئازادی دەژین و هەموو خەڵكیش رێزیان دەگرێت.
* وەك ئاماژەتان پێكرد، ئەم كەلتووری ئاشتی و پێكەوەژیانە لە سەردەمی بارزانی نەمرەوە زیاتر بایەخی پێدراوە و سەرۆك مسعود بارزانی درێژە پێدەری ئەو بایەخ پێدانە بووە، ئەگەر لەسەر ئەم پرسە سەبارەت بە هەڵوێستی فاتیكان قسە بكەین، ئایا ئەوان چۆن لەم سیاسەتەی سەرۆك بارزانی دەڕوانن و چۆن سەیری پێكەوە ژیانی كوردستان دەكەن؟
- لە ساڵی 2005 پاپا یوحنا پۆلس كاتێك پێشوازیی لە سەرۆك بارزانی كرد لە فاتیكان، زۆر بە ئیعجابەوە باسی پێكەوەژیان و ئاشتی كوردستانی كرد و رۆڵی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم پرسە بەرز نرخاند، لەم روانگەیەوە ئێمە كاتێك باسی رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین، پیاهەڵدان بۆ سەرۆك ناكەین، هەروەها باسی شتێكیش ناكەین كە بوونی نەبێت، ئەوەی ئێمە باسی دەكەین، واقیعە و هەموو جیهان بە چاوی خۆی دەیبینێت، سەرۆك بارزانی بە هەموو پێكهاتەكانی كوردستانی راگەیاندووە، یان ئەوەتا هەموو پێكەوە لەسەر ئەم خاكە بە سەربەرزی و ئاشتی دەژین، یان هەموومان پێكەوە دەمرین، ئێمە كاتێك سەردانی بەڕێز سەرۆك بارزانی -مان كرد لە بەرەكانی شەڕ، راشكاوانە پێی وتین ئێوەی كریستیان لە سەر خاكی خۆتان دەژین و كوردستان نیشتمانی هەموومانە، بۆیە دەبێت هەموومان، یان سەربەرزانە لەسەر ئەم خاكە بژین، یان ئەوەتا هەموو پێكەوە دەمرین. بۆیە من بە هەموو جیهانی رادەگەیەنم، ئەگەر سەرۆك بارزانی نەبوایە حاڵی كوردستان و بەتایبەتیش كریستیانەكان لە بەشەكانی دیكەی عێراق باشتر نەدەبوو، لەبەر ئەوەی تیرۆریستان رەحم بە هیچ كەسێك ناكەن، بەڵام ئەوە ماوەی ساڵێك زیاترە نەك هەر تەنها كریستیان، بەڵكو تەنانەت عەرەبیش لەم وڵاتەن و هەمووش سەربەرزانە پێكەوە دەژین. هەروەها لەمانگی 8 و 9ی ساڵی 2014 دوو كاردیناڵ كە نوێنەری پاپا بوون لە فاتیكانەوە سەردانی كوردستانیان كرد، سەردانی ئاوارەكانیان لە عەینكاوە و دهۆك كرد، هەروەها ئێمە بردمانن سەردانی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی نەمریان كرد و بینیان چۆن ئەو رێكخراوە بەبێ جیاوازی هاوكاری هەموو ئاوارەكانی كوردستان دەكەن، ئەوان زۆر بەو پێكەوە ژیانە ئاشتییەی كوردستان سەرسام بوون. لەمەدا مەبەستم ئەوەیە ئێمە دەستكەوتی زۆرمان بەدەست هێناوە، ئێستا كاتی ئەوەیە ئارام بگرین و ئەو دەستكەوتانە بپارێزین، ئەمڕۆ هەموو جیهان دەستی خستۆتە ناودەستی سەرۆك بارزانی، كاتی حزبایەتی كردن نییە، كاتی پیادەكردنی كوردستان، یان نەمانە.
* هەر سەبارەت بە كریستیانەكانی عێراق و كوردستان، ئایا جیاوازییەك لە نێوان كریستیانەكانی عێراق و كوردستان هەیە؟
- بەشی هەرە زۆری كریستیانەكانی عێراق، ئەوانەن كە لە دوای ساڵی 1961 و دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوول، لەلایەن رژێمەكانی عێراقەوە گوندەكانیان بۆردومان كراوە و بە ناچاری روویان لە بەغدا و موسڵ كردووە، تەنانەت بەشێكیان چوونە بەسرا-ش، ئەوەی جێگەی سەرنجدانە لە ساڵی 1961 تا ساڵی 2004 ماوەی چل ساڵ زیاترە ئەو كریستیانانەی چوونە ئەو شارانە لەگەڵ كەلتووری ئەوان ژیاون و تێكەڵییان پەیدا كردووە، بەڵام لە دوای 2003وە هەر لە لایەن دراوسێكانی خۆیانەوە بوونە هەڕەشە لە سەر ژیانی كریستیانەكان و چەندین جار لە ساڵەكانی 2003، 2006، 2009، هێرشیان كراوەتە سەر و كەنیسەكانیان تەقاندۆتەوە، لە دوای هاتنی تیرۆریستانی داعشیش، ئیتر كریستیانەكان هەر هەموویان ئاوارە بوون و ماڵ و موڵكیشیان داگیركراوە، لەبەرامبەردا ئەوانەی ماوەی 40 ساڵ بوو كوردستانیان بەجێهێشتبوو، كە گەڕانەوە هەموو موڵك و ماڵی خۆیان بۆ گەڕێندرایەوە، لەمەش زیاتر ئەوانەی هاتوونەوە كوردستان شەو و رۆژ بۆ هەر كوێیەك بچن ئازادن و كەس هەقی بە سەریانەوە نییە. دووبارەی دەكەمەوە ئەم ئاشتی و پێكەوەژیانە بەرهەمی خەباتی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی -یە، هەروەها سەرۆك مسعود بارزانی درێژەپێدەری هەمان رێبازی مەلا مستەفا بارزانی-یە، بۆیە گرنگە ئێمە هەموومان گرنگی بەو رێباز و فەلسەفە و فیكرە بدەین و بیكەینە بناخەی پەروەردەی كۆمەڵایەتی بۆ كوردستانییەكان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، بە موسڵمان و ئێزیدی و كریستیان، هەروەها بە كورد و توركمان و كلد و ئاشوورەوە، بۆ ئەوەی هەموومان وەك برا پێكەوە بژین، جوانی كوردستانیش ئەم پێكەوەژیانە برایانە و ئاشتییانەیە.
* ئەو ئەزموونە دیموكراتییەی ئێستا لە باشووری كوردستان بەرهەم هاتووە، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانێكی گەورەیە، راستە بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام نموونەیەكی سەركەوتووە لە ناوچەكە، ئایا چۆن هەموو پێكەوە پارێزگاری لەم ئەزموونە بكەین؟
- ئەگەر مێژوو لە ئازادییەوە دەست پێبكات، ئەوا من دەڵێم مێژووی كوردستان لە ساڵی 1991ـەوە دەست پێدەكات، لەو كاتەوەی كوردستان گەیشتە ئازادی، با بپرسین لە ماوەی 1991 تا ئێستا چی كراوە؟ بێگومان لەم كەشە ئازادەی كوردستاندا خەڵكانێكیش هەبوون كە حەزیان كردووە لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە جیاوازی بكەن و بڵێن ئێمە سەر بە فلانە ئایین و نەتەوە، یان حزبین، بەڵام لەبەر ئەوەی پەروەردە دروستەكە باڵادەست بووە، بەوەی نابێت جیاوازی بكرێت، ئێستا پێكهاتەكان بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە هەموویان لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەریان هەیە، بەڵام مەسەلەی جیاوازی نەكردن هەرماوە و بە تەواوەتی بنبڕ نەبووە، لەبەر ئەوەی بەداخەوە هەتا ئێستاش بەشێك لە حزبەكانی ئێمە لە ژێر كاریگەری دەور و بەرن و بە تەواوەتی سەربەخۆیانە و كوردستانییانە بیرناكەنەوە، بۆیە هەندێك جار دەبینین ئەو حزبانە ئامانجەكانی خۆیان ون دەكەن، ئەمەش بەو مانایە كە ئەو دژایەتییەی حزبەكان هەندێك جار بە وەكالەتی نەیارانی كوردستان دەیكەن، یاخود بەدحاڵیبوونە و لە ئامانجی راستەقینە تێنەگەیشتوون كە هەنگاو هەڵگرتنە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، كە ئەم قسانەش دەكەم، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی پڕكارەساتی كوردستان، ئەگەر بێتو ئەو كارەسات و قوربانیدانەی بۆ ئەم ئازادییەمان داوە، لەبەرچاوی بگرین، ئەوا هەرگیز ئەو ئامانجە راستەقینەیە لە بیر ناكەین و بە ناهەق دژایەتی یەكتری ناكەین، ئەگەر ئەم بیركردنەوەیە راست نەكرێتەوە، ئەوا هەرگیز كوردستان نابێتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ. دیارە من پیاوێكی ئایینیم، بەڵام داوای دەوڵەتێكی سەربەخۆی مەدەنی دەكەم، نەك ئایینی، دەوڵەتێك كە بتوانێت بە یاسا هەموو پێكهاتەكان و ئایینەكان و تاك بە تاكی هاووڵاتیانی كوردستان بپارێزێت. بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە، گرنگە و بۆ گەیاندنی ئەم قۆناخە بە كەناری سەرفرازی، پێویستیمان بە سەرۆكێكی بەئەزموون و لێهاتووی بوێر هەیە، ئەگەر لەم كاتە بیر لەوە بكەینەوە ئەو سەرۆكەی كە بۆ ئێستا پێویستە، بیگۆڕین، ئەوا ناحەزان و داگیركەرەكانیش، رۆڵی خۆیان دەگێڕن بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە لەناو بەرن، یان بەربەستی بۆ دروست بكەن، بۆ ئەوەی نەهێڵن بگەینە ئامانجی راستەقینەی خۆمان كە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە. بۆیە لەم قۆناخە گرنگە پێویستە هەموومان یەكڕیز و یەكهەڵوێست پشتگیری سەرۆكی خۆمان بكەین، كەی ئەم شەڕە تەواو بوو، یان ئاشتی و سەقامگیری گەڕایەوە، ئەو كاتە كاتی ئەوەش دێت بیر لە رێگەچارەی دیكە بكەینەوە. ئێستا كاتی ئەوە نییە باس لەوە بكرێت كوردستان دابەش بكرێت و باسی دووئیدارەیی بكرێت، ئەگەر خوانەخواستە ئەمە روو بدات، ئەوا كاریگەری دەبێت لە سەر تێڕوانینی ئەوروپا و جیهان بەرامبەر بە كورد و كوردستان، ئەوان ئەو كات پێمان دەڵێن هاوكاری چییان بكەین كە خۆیان لەناو خۆیاندا رێك ناكەون و دابەشبوون. بۆیە گرنگە بۆ ئێستا بیر لە ئایندەی نەتەوەی خۆمان بكەینەوە، بیر لەوە بكەینەوە دەسەڵاتەكان بگەڕێنەوە بۆ گەل، نەك بۆ حزبەكان، گرنگە گەل خۆی بڕیار بدات كێ هەڵدەبژێرێت بۆ سەرۆكی خۆی، ئەمە هەنگاوێكە بەرەو پێشەوە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن حزبەكانەوە گەڕانەوەیە بۆ دواوە.
* پێتانوایە پێداویستی ئەم قۆناخە بۆ سەرۆكایەتی مسعود بارزانی چییە؟
- سەرۆكایەتی مسعود بارزانی پێویستە بۆ ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان پارێزراو بێت، پێویستمان بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی هەیە بۆ ئەوەی كوردستان لەناو ئەم گێژاوە بگەیەنێتە كەناری سەرفرازی، ئێستا باری كوردستان وەك ئەوەیە كەشتییەك بێت لەناو دەریایەك، ئێمە لەناو ئەو كەشتییە لە سەرۆك مسعود بارزانی دڵنیاین كە ئەم كەشتیە دەگەیەنێتە كەناری ئارامی، بەڵام لە ئێستادا ئەم كەشتییە بدرێتە دەست كەسێكی كەم ئەزموون، ئەوا لە بری ئەوەی بمانگەیەنێتە كەناری ئارامی، كەشتییەكە نقووم دەكات، هۆكاری سەرەكیش كە دوژمنانی كوردستان حەز دەكەن سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆك نەبێت، بۆ ئەوەیە پەیامەكەی تەواو نەكات و خەڵكی كوردستان نەبنە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ، من خۆم زۆر سەردانی وڵاتانی ئەوروپام كردووە، كاتێك باسی بارزانی دەكەیت، ئەوكاتە هەست دەكەیت چۆن سەیری كورد و كوردستانییەكان دەكەن و پێشوازیمان لێدەكەن، جیهان ئەمڕۆ لە سایەی سەرۆكایەتی سەرۆك مسعود بارزانی هەموو جوانییەكانی كوردستانی بینیوە، دەزانن لە ساڵی 1961 تا ئێستا لە ناو شۆڕشی كوردستاندا هێزێكی تیرۆریستی دروست نەبووە، لەم قۆناخەشدا سەرۆكی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان بۆتە سیمبۆلێك بۆ پیشاندانی ئیرادەی كوردستانییەكان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان، بۆیە ناكرێت خۆمان بە دەستی خۆمان ئەم ئامانجە گرنگ و مێژووییە لەبار بەرین.
* ئێوە وەك كوردستانییەك و پێكهاتەی كریستیان لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەشدار بوون، ئایا چۆن سەیری شۆڕشی كوردستان دەكەن، یان شۆڕشی كوردستان چی بۆ ئێوە كردووە؟
- لە ساڵی 1961 ـەوە كە خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا شۆڕشی دەست پێكردووە، نەمبیستووە كریستیان جیاوازی لەگەڵدا كرابێت، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە ناوەكەیەوە پارتێكی دیموكراتییە، كە دیموكراتیش بوو واتە جیاوازی ناكات، لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەم كە لە ساڵی 1960 یەكەمین شەهید كە درابێت لە سەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزان، شەهید مەلك چەكۆ بووە كە كریستیان بوو، ئەوان خۆیان رایانگەیاند یەكەم شەهیدی ئێمە مەلك چەكۆ-یە، بۆیە ئەگەر جیاوازی ئایینییان بكردایە، دیارە ئێمە كریستیانین بە كوژراوەكانی ئێمەیان نەدەگوت شەهید، كە خۆیان بە شەهید ناویان بردن، مانای ئەوەیە هیچ جیاوازییەكی نەتەوەیی و ئایینی بوونی نەبووە، ئێمە جیا لەم شەهیدە چەندین شەهیدی دیكەمان داوە، دیارە كە باسی شەهیدانی كریستیان دەكەم منەت بەسەر كەسدا ناكەین، چونكە ئێمەش لە پێناوی وڵاتی خۆمان شەهیدمان داوە، ئەم وڵاتە، وڵاتی هەموومانە و هەموو وەك برا لێی بەرپرسیارین و دەبێت قوربانی بۆ بدەین، ئەم مێژووە درێژ بۆتەوە بۆ ئێستا و ئێستاش ئامادەین لە ژێر رابەرایەتی سەرۆكی خۆمان مسعود بارزانی هەموو قوربانییەك بدەین.
Top