سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی بەرگری لە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان كردووە
July 30, 2015
دیمانەی تایبەت
ئایدن مەعروف سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و لێپرسراوی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان لە وەڵامی چەند پرسیارێكی تایبەتی گۆڤاری گوڵان، باسی چەند تەوەرێكی تایبەت بە پرسی دەستوورو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و مافی توركمانی وەك نەتەوەی دووەم لە كوردستان كرد، كە لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بەڕێزیان بڵاو دەكەینەوە.ئایدن مەعروف سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان و لێپرسراوی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان بۆ(گوڵان):سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی بەرگری لە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان كردووە
* ماوەیەكە یەكێك لەو پرسە گرنگانەی كە هەمووانی پێوە سەرقاڵ بوون، پرسی دەستوورێكە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڕێزتان وەك سەرۆكی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان چۆن لە مەسەلەی دەستوور دەڕوانن؟
ــ دەستوور بۆ ڕێكخستنی مافەكانی هاووڵاتیانەو بە دایكی یاساكان دادەنرێت، سیستمی حوكمڕانی دەوڵەت و هەرێم ڕێكدەخات، مافەكانی مرۆڤ بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكانەوە دەپارێزێت، بۆ هەرێمی كوردستانیش دەستوورێكمان دەوێت بە هەمووان پەسەندی بكەین، تا چیتر بۆ كاروبارەكانی ناو هەرێم پشت بە دەستووری عێراقی نەبەستین، توركمان لە ماددەی 4ی دەستووری عێراقیدا پاش عەرەب و كورد وەك نەتەوەی سێیەم ناوی دێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان، نەتەوەی دووەمە، چ بە ژمارەی دانیشتووان، یان بە قەبارەی سیاسی، پتر لە هەزار ساڵە لەسەر ئەم خاكەدا هاوشانی نەتەوەی كورد دەژین، ئێستاش كاتێك كوردستان بەرەو دیموكراسیەتی زیاتر هەنگاو دەنێت، پێویستە ئێمەش بە یەكسانی و ئازادییەوە داوای مافەكانی خۆمان بكەین، داوامان كردووە دوو ئەنداممان لە ناو لیژنە 21 كەسیەكەی دووبارە نووسینەوەی دەستووردا هەبێت، بەڵام تەنیا ئەندامێكمان تێیدا بەشدارە، مەبەستمان لە دوو ئەندام ئەوەبوو، یەكێكیان سەر بە هەرێم بێت و ئەوەی دیكەیان، توركمانێكی دەرەوەی هەرێم لە پرۆژەكەدا بەشداری پێبكرێت، چونكە لە 70%ی توركمانەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم دەژین، بەڵام هەندێ لایەن ئەوەیان قبوڵ نەكرد كە دوو ئەنداممان لەو لیژنەیەدا هەبێت، توركمان زۆر گلەییان لەم دەستوورەیە كە كاری لەسەر دەكرێت، وێڕای ئەوەی خۆشحاڵین بەوەی كوردستان خاوەنی دەستوور بێت، بەو مەرجەی ماف و پێگەی پێكهاتەكانی بە پێی قەوارەكانیان تێدا دیاری بكرێت، لەو 43 مادەیەی كە تا ئێستا لە دەستووردا نووسراونەتەوە هەر هەموو داواكانی ئێمەی تێدا قبوڵ نەكراوە، كە ئەمەش پێچەوانەی سازان و یەكتر قبوڵكردن و بنەماكانی پێكەوەژیانە، ڕاستە لایەنێك یان دوو لایەن بە تەنگ مافەكانی ئێمەوەن و لایەنگیریمان لێ دەكەن، بەڵام دەمانەوێت دەستوور بۆ وڵاتێك بنووسرێتەوە كە ماف و ئەركی هەموو پێكهاتەكانی تێدا ڕەچاو بكرێت، هەر هاووڵاتیەكی ئەم كوردستانە مافی بەسەر ئەوە هەیە ڕاو بۆچوونی لەسەر دەستوور هەبێت، لە پێشەكی دیباجەی پرۆژە دەستوورەكەدا بە یەك وشە چییە باس لە پێكهاتەكانی كوردستان نەكراوە، بەڵام لەو دەستوورەی عێراق كە ساڵی 2005 نووسراوەتەوە بە ڕوونی و ئاشكرا باسی لە مافی هەموو پێكهاتەكانی عێراق كردووە، بە نموونە لە پرۆژە دەستووری كوردستان ئاماژە بە زمانی توركمانی نەكراوە كەچی لە عێراق ئاماژە بە زمانی كوردی و عەرەبی كراوە، لە بواری ئاڵاشدا بە هەمان شێوە ئێمە وەك توركمان ڕێزمان بۆ گیانفیدایی و شۆڕشەكانی كوردو كوردستان هەیەو ئەو ئاڵایەی ئێستای كوردستان ڕەمزی ئەو بەرخودانەكانە، بەڵام ئێمە مێژوویەكی زیاتر لە هەزار ساڵ پێكەوەژیانمان لەگەڵ كورد لە كوردستان هەیە پێویستە لە ناو ئەو ئاڵایەدا كە سیمبۆلێكی پیرۆزە ڕەمزێكی ئێمەش دابنرێت، دەستووری عێراق ساڵی 2005 زۆر دیموكراتیتر نووسراوەتەوە لەوەی كوردستان بەمەرجێك دە ساڵیان ماوە لە نێواندا هەیە، گەرچی ئەم دەستوورەی كوردستان ئێستا ڕەشنووسەو پاشان كە بۆ گفتوگۆو دەنگدان لەسەری، هاتەوە ناو پەرلەمان، ئەگەر هاتو ئەو ئەرك و ماف و ئازادییانەی ئێمەی تێدا دەستنیشان نەكرابێت، دواتر ئێمە قسەی خۆمان دەبێت، بە نموونە پێویست بوو لە یەك دێڕدا لە دیباجەكەدا باس لە ئێش و ئازارو داواكانی پێكهاتەكانی كوردستان وەك توركمان و كلدۆئاشوورو ئایین و ئاینزاكان بكرایە، هەروەها لە مادەی(5)ی دەستووری كوردستان كە سنووری جیۆگرافیایی كوردستانی دیاریكردووە كە ئەمە شتێكی چارەنووسسازە، لە كاتێكدا هەندێ ناوچە هەن كە زۆرترین خەڵكی توركمانیان تێدایەو خراونەتە ناو سنووری جیۆگرافیایی سیاسیی كوردستان، كەواتە پێویستە زمانی توركمانیش وەك زمانێكی فەرمی لە پاڵ زمانی كوردی هەژمار بكرێت، ئەمەش نەكراوە، ئەوەتا لە مادەی 9دا نووسراوە تەنیا زمانی كوردی زمانی فەرمی كوردستانە، پێویستە ئێمە وەك پێكهاتەكان كە لە كوردستاندا دەژین، زمانەكەشمان لە پاڵ زمانی كوردی بە فەرمی دابنرێت، تاوەكو هەست بە شەراكەتی خۆمان لەو وڵاتەدا بكەین.
هەروەها لە سروودی نیشتمانیشدا هیچ مافێك بە پێكهاتەكان نەدراوە، لە كاتێكدا ئەمانە زۆر گرنگن و وەك دیكۆمێنتاریی دەچێتە ناو ئەجیندای نەتەوەیەكگرتووەكان و دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ دەوڵەتداری، بەو شێوەیە لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا پێویستە چ لە سروودە نیشتمانیەكەدا چ لە لە ئاڵاكەیدا چ لە زمانەكەیدا ماف بدرێت بە توركمان.
* كوردستان لە خۆرهەڵاتی ناوین بەو هەرێمە دەناسرێتەوە كە بووەتە پێگەیەكی ئارام بۆ پێكەوەژیان و لێبوردەیی بۆ نەتەوەی كوردو توركمانەكانیش مێژوویەكی هاوبەش پێكەوەیان دەبەستێتەوە، ئێوە وەك نوێنەرانی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان تا چەند هەست بەو پێكەوەژیانەی نێوان نەتەوەكان لە كوردستان دەكەن؟
ــ وەك وتم نزیكەی هەزار ساڵە كلدۆئاشوورو ئەرمەن و نەتەوەكانی تری ناو كوردستان و ئاینزاكانی تری كوردی ئێزیدی و كاكەیی لەگەڵ كورد پێكەوە دەژین و هیچ گرفتێكی سیاسی یان نەتەوایەتی لە نێوانیان نەبووەو وەك برا پێكەوەژیاوین و چارەنووسمان بە یەكەوە گرێدراوە، ئەم حاڵەتەی كوردستان نموونەیەكە لە ناوچەكەداو بۆ سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراسییە، بەڵام خۆ دەبێت ئەم كەلتوورو ناوبانگەی پێكەوەژیان زیاتر بەرەو پێشەوە بەرین، لەم ڕووەوە هیچ گرفت و گلەییەكمان نییە لە دنیادا، لە هەر كوێیەك نەتەوەی توركمان هەبووبێت، نەتەوەی كوردیش هەبووە، بە پێچەوانەشەوە لە كوێ كورد هەبووە توركمانیش هەبووە، واتە نەتەوەی كوردو توركمان زۆر لە یەكتر نزیكن، مێژوو داب و نەریت و كەلتوورو ئایندەمان شاهیدی ئەو پێكەوەژیان و لێكنزیك بوونەوەیەی نێوان كوردو توركمانە، هیچ مەرام و پیلانێكیش لە دنیادا ناتوانێت نەتەوەی كوردو توركمان لێكجودا بكاتەوە.
* پاراستنی ئەم ئەزموون و كەلتوورەی پێكەوەژیان بەشی زۆری دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمەش ئەركێكی سادەو ئاسان نییە، ئێوە وەك توركمانەكانی كوردستان چۆن لە ڕۆڵی ڕێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڕوانن، بە تایبەتی لەم ساتەدا كە ناوچەكە بە هەستیارترین قۆناغە چارەنووسسازەكانیدا گوزەر دەكات؟
ـــ پێشتریش ئەو بۆچوونەمان هەبووە كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی و بێ جیاوازی بەرگری لە هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان كردووە ئیتر سەر بە هەر نەتەوەو ئایین و ئاینزایەك بووبن،، هەمیشە لە نزیكەوە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ گرفتەكانمان دوپاتكردۆتەوە، بە كردار سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەلماندویەتی كە بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و ئایدۆلۆژی بەرگری لەهەموو هاووڵاتیانی كوردستان كردووە، ئەمەیە كە بەڕێزیانی كردۆتە كاریزماو كەسایەتیەكی دیبلۆماسی و نێودەوڵەتی بەرز، هەر ئەمەشە كە ناوچەكەو جیهان وەك كەسایەتیەكی بەهێز لێ دەڕوانن، ئێستاش هەموو پێكهاتەكان پاڵپشتی هەوڵەكانی ئەون، چونكە هیچ كاتێك نەك دژ بە مافەكانی پێكهاتەكان نەبووە، بەڵكو زۆر كاریگەری هەبووەو پاڵپشتی تەواوی كردون، ئەمەش مامەڵەیەكی ڕاست و دروستی دیموكراسییە كە ڕێز لە خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بگیرێت، واتا هەر كەسێك بەرپرسیارێتیەكی هەبێت پێویستە لەسەر بنەمای دیموكراتیی مامەڵە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكاندا وەك یەك بكات، هەر لەبەر پاڵپشتی كردنی پێكهاتەكانە بە یەك چاو سەیركردنیانە لە لایەن بەڕێزیانەوە ئێمەی هانداوە بە باشی باسی بكەین.
* سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە پرسێكی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ گەلەكەمان، لەم بوارەشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە ئایا بەڕێزتان وەك نوێنەری پێكهاتەیەكی گرنگ لە كوردستان لەمبارەیەوە چ بۆچوونێكتان لا گەڵاڵە بووە؟
ـــ خەڵكی هەرێمی كوردستان گرفت و كێشەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە، لەم بڕوایەدام هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مانەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانن و نایانەوێت هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا بكرێت، ئەگەر گۆڕانكارییەك لەم سیستمەی ئێستا بكرێت، ئەوە هەرێم سیاسەتەكەی بە لاڕێدا دەچێت، چونكە قۆناغەكە ئەوە دەخوازێت كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان خاوەنی بیرو ڕوئیاو سیاسەت و دیبلۆماسیەتێكی بەهێز بێ لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەكەدا، هەر لەبەر ئەم فاكتەرانەو لەبەر خەسڵەت و هێزی سیاسەت و دیبلۆماسیەتی بارزانی، خەڵكی كوردستان زۆر پێویستییان بە مانەوەی سەرۆكێكی وەك ئەو هەیە، ئەوە خەڵكی كوردستان نین باسی ئەوە بكەن سەرۆك بگۆڕدرێت یان بمێنێتەوە یان نەمێنێتەوە بەڵكو ئەوە باس باسی چەند حزبێك و بەرژەوەندی حزبی ئەوانە، ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە هەستیارو تایبەتیەدا پێمان باش نییە هیچ گۆڕانكارییەك لەو بوارەدا بكرێت، پاش ئەوەی دەرباز دەبین لەم قۆناغە دژوارە، ئەوكات كاتی دێت باس لە گۆڕانكاری ڕیشەیی سیستم و سیاسەت و سەرۆك و هەموو شتێك بكرێت ئەمەش مادام لە ناو پرۆسەیەكی دیموكراتی ئەنجام بدرێت شتێكی ئاساییە.
* مادام سەرۆكی كوردستان سەرۆكی هەموو خەڵكە، ئیتر بۆ نابێت ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت ئایا ئەو حزب و لایەنانەی دژی ئەوەن لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە هەڵبژێردرێت، ئایا ئەمە پێچەوانە نابێتەوە لەگەڵ ئەو بانگەشانەیان كە لەسەر ئازادی و دیموكراتیەت دەیكەن؟
- گرنگی هەڵبژاردن لەوەدایە لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، ناشڵێم دەنگدان بە سەرۆك لە ناو پەرلەمانەوە خراپە، بەڵام دەنگدان لە ناو خەڵكەوە باشترو دیموكراتی ترە، سەرۆكێكی بەهێز بە هەرێمەكە دەنگ وەردەگرێت، ناوچەكەش هەموو پێویستی بە سەرۆكێكی بەهێزە لە هەرێمدا هەڵبژێردرێت، لە ئەمەریكاو زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووش هەمان سیستم و شێوەیە، دروستكردنی سەرۆكی كاریزمای تەنیا گرنگ نییە بۆ خودی كەسایەتی سەرۆك، بەڵكو بۆ نەتەوەو بەدەستهێنانی مافەكان و تەنانەت بۆ ناوچەكەش گرنگە، لە مێژوودا لەسەر دەستی زۆر لە كەسایەتیە كاریزماكان كە پاڵپشتی خەڵكییان هەبووە، دەوڵەت دامەزرێنراوە، ئێستا پێی ڕازی بین یان نا سەرۆك بارزانی بووەتە ڕەمزێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، چونكە لە نێوەندە جیهانیەكاندا دەوڵەتان ڕێزی تایبەت لەم جۆرە سەرۆكانە دەگرن.
* زۆر لەو لایەنانەی كە نیازمەندن سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت وەك پەرچەكردارێك دژ بە هەڵوێستی پێكهاتەكانی كوردستان باس لە كەمكردنەوەی كورسی كۆتای پێكهاتە كوردستانیەكان دەكەن و لە هەوڵدا بوون كۆتاكان كەم بكەنەوە؟
- نەتەوەی توركمان كەمینە نییە، بەڵكو یەكێكە لە سێ پێكهاتە نەتەوەییە سەرەكیەكەی عێراق، كۆتا واتە تایبەتمەندی بدرێتە پێكهاتەیەكی گرنگی كوردستان و بە یاسا ڕێكخراوەو مافێكی سروشتی پێكهاتەكانی كوردستانە، بە بێ توركمان و كلدۆئاشووری شتێك نییە بە ناوی پەرلەمانی كوردستان چونكە پەرلەمانێك بە بێ پێكهاتەكانی ناو كوردستان، مەترسیدارە بۆ پرۆسەی دیموكراتیەت و پێكەوەژیان و دواجار هەرێمی كوردستان لە ناوەندە جیهانیەكاندا دەكەوێتە ژێربەرپرسیارێتی مێژوویی، ئێمە دەمانەوێت 5كۆتای توركمان بكرێتە 10 كۆتا تا نوێنەرایەتی زیاترمان هەبێت، ئەم كەمكردنەوەی كۆتایە لە هیچ لایەنێكی حزبی و سیاسی قبوڵ ناكەین، پاشتر لەم قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی داعش و جەنگی داسەپاوەی بەسەر كوردستان و هاتنی بە لێشاوی ئاوارەو گەمارۆی داراییەی لەسەر كوردستانە، كەی گرفتی خەڵكی هەڵبژاردنی سەرۆك و كۆتاكانە، ئەگەر كاتێتی ئێمە لەگەڵ مانەوەو زیادكردنی كۆتاین، ئەم مۆدێلی پرس نەكردنە بە پێكهاتەكان و باسكردنی مافێكی ئەوان و كەمكردنەوەی مافیان بێ ئەوەی ڕاوێژ بە نوێنەرانی پێكهاتەكان بكەن پێی ناوترێت دیموكراتیەت.
* سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك پێشمەرگەو سەركردەی هێزە چەكدارەكان ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش، تەنانەت ڕۆڵی هەبوو لە پاراستنی ئەو پێكهاتانەی لە دەشتی نەینەوا وەك توركمان و مەسیحی و كوردی ئێزیدی كەوتنە بەر هەڕەشەی جیددی و كۆمەڵكوژییان بەرانبەر كرا ئایا بۆچوونتان لە بەرانبەر ئەو ڕۆڵەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی شەڕ چییە؟
- لە خەمی نەتەوەی خۆیی و هاووڵاتیان و پێكهاتەكانی تری وڵاتەكەیدایە، لە كاتی هەر هێڕش و هەڕەشەیەكدا ڕاستەوخۆ لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ سەرپەرشتی پێشمەرگە دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، ئەمە جێگەی ڕێزەو پێویستە هەموو لایەنێك ئەم پەرۆشی و جوامێریانە قبوڵ بكات.
* دوور لە سازانی نیشتمانی هەڕەشە دەكرێت بۆ تێپەڕاندنی مەسەلەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناو پەرلەمانی كوردستان ئایا هەڵوێستی لەو شێوەیە لەبارە؟
ــ ئێمە چ وەك بەرەی توركمانی و چ وەك نوێنەرانی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەوەداین لەم قۆناغەدا هیچ گۆڕانكارییەك نەكرێت و لەچوارچێوەی سازانی نیشتمانی چارەسەری كێشەكان بكرێت و هەڕەشەی تێپەڕاندنی مەسەلەكە نەكرێت.
* پێت وانییە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان زیاتر لەقەبارەی خۆی گەورە كراوەتەوە بەڕادەیەك زۆر لەپەرلەمانتاران ئەجێندەی وڵاتانی ئیقلیمی جێبەجێ دەكەن؟
- بەداخەوە مەسەلەكە ئەو ئاڕاستیەی وەرگرتووە، لەكاتێكدا خەمی خەڵك و گرفت و كێشەی خەڵك، هیچ پێوەندی بەسیستمی سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی سیستمێكەوە نییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی ئابووری و گرفتەكانی دیكەی بێبازاڕی و كەمی سوتەمەنی و بەنزین و كارەباو ئاودان.
* وەكو پەرلەمانتارێكی توركمان لەپەرلەمانی كوردستان ئایا تا چەند لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی ئابووریدایت؟
- كێشەی نێوان هەولێرو بەغدا كێشەیەكی سیاسییە نەك تەكنیكی، ئەوە حكومەتی عێراقە لە جێبەجێكردنی زۆر لە بڕگەكانی رێكەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەشیمان بووەتەوە، هەرگیز ناكرێت خەڵكی كوردستان كە لەچوارچێوەی هەرێمێكی فیدڕاڵی لەعێراقدا دەژین بكەونە ژێر گەمارۆی ئابووری و بڕینی مووچەوە، خەڵكی كوردستان قوربانیەكی زۆریان دژی تیرۆرستانی داعش داوەو قورسایی هاتنی 2 ملیۆن و نیوی ئاوارەشیان لەسەر شانە كە زۆرینەیان ئاوارەی عێراقین، ئەگەر بێتو سزاكان دژ بەخەڵكی كوردستان بەردەوام بێت، ئەوا هیچ ئەلتەرناتیڤێكی تر لەبەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان نامێنێتەوە، جگە لە سەربەخۆیی ئابووری بەڵام دەبێت ئەم سەربەخۆییەش بەشەفافی و تەوافوق بێت، ناكرێت لایەنێكی گرنگی ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی بكات و لایەنێكی تر دژی بووەستێتەوە، ئەم جیاوازی و نایەكبوونە ناوبانگی هەرێمی كوردستان لەكەدار دەكات.