هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك پێوەندی بە دەسەڵاتەكانییەوە نییە
July 30, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر جاك ستیرین ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی بێركلی و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە سەر ئاكاری سیاسی و متمانەی سیاسی و دیموكراتییەتی راستەوخۆ و ناسنامەی نەتەوەیی، بۆ قسەكردن سەبارەت بە مێژووی دروستبوونی گۆڕانكاری لە شێوازی سیستمی حوكمڕانیی دیموكراتی و هۆكاری دروستبوونی ئەو گۆڕانكارییانە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.پڕۆفیسۆر جاك ستیرین تایبەتمەند لە دیموكراتییەتی راستەوخۆ بۆ گوڵان:هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك پێوەندی بە دەسەڵاتەكانییەوە نییە
* لەگەڵ ئەوەی شێوازی دیموكراتییەتی نوێنەرایەتی لە بنەڕەتدا پەرلەمانی بووە، سەرچاوەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، بەڵام بە تێپەربوونی كات، دوو شێوازی دیكەی بۆ دروست بوو، كە ئەوانیش بریتین لە (سەرۆكایەتی و نیمچە سەرۆكایەتی) ئێستا هەر سێ شێوازەكە پیادە دەكرێت، ئایا چۆن ئەم گۆڕانكارییە دروست بوو؟
- لە ڕووی مێژوییەوە وڵاتانی دیموكراتی كە یەكێك لەو سیستمانە پیادە دەكەن –وەك ئێوە ئاماژەتان پێكردن- كە تێیدا سەرۆك لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە هەڵدەبژێردرێت، با بڵێین وەك ئیتاڵیا، ئەوا سەرۆك لە بنەڕەتدا جێی پاشا دەگرێتەوە. كاتێك لە سیستمی پاشایەتییەوە بەرەو سیستمی پەرلەمانی هەنگاو دەنێن بە ڕاددەیەكی زۆر سەرۆك ڕۆڵێكی تەشریفاتی هەیە، نەك ڕۆڵێكی سیاسیی بەهێز، لەو سیستمانەدا كاری سەرەكیی سەرۆك ئەوەیە كەسێك – لە پەرلەمان- دەستنیشان بكات، یان داوای لێبكات كە حكومەت پێكبهێنێت، كەواتە ئەو كەسەی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەیە، سەرۆك وەزیرانە. ئەگەر لە بەریتانیا بڕوانیت، ئەوا سەرۆكیان نییە، بەڵام شاژنیان هەیە. لەلایەكی دیكەوە وڵاتانی دیكەش هەن، وەك فەڕەنسا. لە كۆماری ئێستای فەڕەنسا- كە جێی سیستمی پێشووی گرتەوە، كە تێیدا سەرۆك هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو-، ئێستا دەسەڵات لە نێوان سەرۆك و سەرۆك وەزیراندا دابەش بووە و كاری سەرەكیی سەرۆك لە بواری سیاسەتی دەرەكی و سیاسەتی بەرگریدایە، ئەو دۆخانەش دروست دەبێت كە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی وڵات سەر بە دوو پارتی جیاواز دەبن، ئەمەش ئەگەری ناكۆكی دروست دەكات. لە كۆتاییدا سیستمی ئەمەریكا هەیە كە هەم سەرۆك و هەم كۆنگرێس بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن و ئیدارەكەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی پەرلەمان و لە بەردەم سەرۆكدا بەرپرسیارن، حاڵەت هەیە سەرۆك پێشنیاری یاسا دەكات بۆ كۆنگرێس، بەڵام كۆنگرێس دەتوانێت بە بڵێ و نەخێر وەڵام بداتەوە. ئێستا ئەم حاڵەتە لە ئارادایە كە دیموكراتەكان سەرۆكایەتییان بەدەستەوەیە- سەرۆك ئۆباما- لە كۆنگرێس-یش كۆمارییەكان باڵادەستن بەسەریدا و بە زەحمەت لەسەر سەرجەم سیاسەتەكان ڕێكدەكەون، لەبەر ئەوە بگرە و بەردە هەیە لە نێوان ئەو دوو دامەزراوەیەدا. بەڵام هێشتا زۆرێك لە وڵاتان پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانێكی باڵادستیان هەیە و سەرۆك تێیاندا میراتگیری پاشایە و لە ڕێی پرۆسەی بە دیموكراتیزەكردنەوە لاواز بوون.
* بۆچی گرنگە سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت؟
- ئەگەر سەرۆكێك ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و زۆرینەی وڵاتەكەی لەگەڵدا بێت، ئەوا ئەو كەسە خاوەنی شەرعییەتی زیاتر دەبێت، بەڵام ئەو شەرعییەت و دەسەڵاتە ئەو كاتە لە ئارادا دەبن كە سەرۆك بتوانێت وڵاتەكە لەگەڵ خۆیدا هەنگاو پێ هەڵبگرێت.
* ئایا هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك كاریگەری لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆك دەبێت؟ راشكاوانەتر ئایا ئەوە راستە ئەگەر سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، دەسەڵاتی زیاتر دەبێت؟
- مەسەلەكە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نییە، هێندەی ئەوەی پەیوەستە بەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك چین، چونكە ئەگەر حاڵەتێكی وەك ئیرلەندا، یان نەمسا لە بەرچاو بگرین، دەبینین دەسەڵاتەكانی سەرۆك زۆر نین، بە چەشنی سەرۆكی ئەڵمانیا بە بەراورد بە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتانە، واتە گرنگ نییە لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، یان لەلایەن پەرلەمانەوە، بەڵام ئەگەر سەرۆك دەسەڵاتی زۆر بوو، وەك ئەوەی لە ئەمەریكا و فەڕەنسا هەیە، ئەوا لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێن، چونكە ئەگەر سەرۆك بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەڵبژێردرێت، ئەوا سەرۆكێكی بەهێز نابێت و هەمیشە لە ژێر باری كۆنتڕۆڵكردنی پەرلەماندا دەبێت. گرنگیی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لەوەدایە كە ئایا دەستوور چ دەسەڵاتێكی بۆ سەرۆك دیاری كردووە. واتە ئەگەر سەرۆك دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەبوو، ئەوا هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ گرنگە بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەسەڵاتانە، چونكە شەرعییەتی جەماوەری و پشتیوانی جەماوەری دەبێت و ئەو كاتە پشت بەوە نابەستێت كە باڵانسی پارتەكان لە ناو پەرلەماندا چی دەبێت. بەڵام ئەگەر سەرۆكێكی لاواز و تەشریفاتی هەبوو، ئەوا جیاوازییەكی ئەوتۆ دروست ناكات.
* ئەگەر سەرۆك لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئایا ئەگەری ئەوە دروست نابێت سەر بە هەمان زۆرینەی پەرلەمانی بێت كە حكومەتی پێكهێناوە؟
- ئەگەر هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆكت هەبوو، ئەوا سەرۆك دەستینشانی سەرۆك وەزیران دەكات و كاریگەر دەبێت لە هەڵبژاردنی حكومەتدا، ئەگەر هاتوو پارتەكەی زۆرینە بوو لە پەرلەماندا. یەكێك لەو كێشە گەورانەی دروست دەبێت كاتێك هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە جیا دەكرێن. ئەوا بۆی هەیە هەردوولا سەر بە هەمان پارتی زۆرینە بن، ئەو كاتە بە بێ بوونی ناكۆكییەكی زۆر كارەكانیان ڕایی دەكەن. ئەگەر حاڵەتێكی وەك ئەوەی ئێستای ئەمەریكا هەبێت كە سەرۆك سەر بە پارتێكە و كۆنگرێس-یش سەر بە پارتێكی دیكەیە، ئەوا ناكۆكییەكی زۆر دێتەئارا و زۆر زەحمەتە بگەنە ڕێككەوتنێك لەسەر سیاسەتەكان. پێكهاتەی دامەزراوەكان شتێكە، بەڵام ئەوەی بە ڕاستی گرنگە واقیعە سیاسییەكەیە و چۆن ئەو واقیعە سیاسییە لێكەوتەی دەبێت، ئەم دووانەش كارلێك لەگەڵ یەكتردا دەكەن.
* بەڵام زۆرجار ڕوو دەدات كە سەرۆكی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵكەوە سەر بەو حزبە نابێت كە زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە و سەرۆك وەزیرانیان هەڵبژاردووە، ئایا چۆن ئەم حاڵەتە لێكدەدەنەوە و بۆچوونتان چییە لەم بارەیەوە؟ ئایا پێتانوایە ئەمە دەرئەنجامی ئیجابی لێدەكەوێتەوە؟ ئایا ئەمە چاودێری دەسەڵاتەكانی لێناكەوێتەوە؟
- بە دڵنیاییەوە چاودێری لێدەكەوێتەوە و بە ئەنجامدانی گفتوگۆكردن ناچاریان دەكات، بەڵام تۆ لە جیهانێكدا دەژیت كە بۆی هەیە ئەو گفتوگۆیانە قورس بن و ناگەنە ڕێككەوتن كە ئێستا ئێمە لە ئەمەریكا لەو دۆخەداین. مەسەلەكە ئەوەیە ئایا جیاوازی نێوان ئەو لایەنانە چاودێری لێدەكەوێتەوە، ئایا گفتوگۆكان سازشی لێدەكەوێتەوە، یان دەگەینە دۆخێك كە مەسەلەكە دێتەسەر مەسەلەی مەرگ و ژیان.
* تاچەند دامەزراوەكان و بەهێزیی دامەزراوەكان لە سەقامگیری حوكمڕانیی دیموكراتیدا رۆڵ دەگێڕن؟
- ئەگەر وڵاتێك دابەشبوونی قووڵی تێدا بێت، واتە دابەشبوونی ئایینی و ئیتنی لە چوارچێوەی وڵاتێكدا هەبێت، ئەوا پێویستی بە سیستمێكە كە ناچار بە سازش و ڕێكەوتنی بكات. ئێمە باسی تەرتیباتی دامەزراوەیی دەكەین و ئێوە باسی ئەوە دەكەن كە لە دیموكراسیدا دامەزراوەی جیاواز هەن، دەكرێت دامەزراوەكان رۆڵی زۆر باش ببینین لە ئیدارەدانی ناكۆكییەكان و پاڵنەری جیاواز بخوڵقێنن، ئەمە ئەگەر هاتوو ئەو دامەزراوانە شان دابدەنە سەر واقیعە كۆمەڵایەتییەكە. بەڵام ئەگەر هەروەك ئێوە دەڵێن واقیعە كۆمەڵایەتییەكە ناكۆكیی گەورەی تێدا بوو، بە جۆرێك كە خەڵكانێك بۆ سەدان ساڵ متمانەیان بە یەكتر نەبووە و لە چوارچێوەی یەك وڵاتیشدا بژین، ئەوا پێویستی بەو دامەزراوانە هەیە كە كارێك بكەن هەردوولا هەست بە سەلامەتی بكەن و دڵنیابن لەوەی دەسەڵاتەكان كۆنابنەوە و لە دژیان بەكار ناهێندرێن، ئەگەرنا شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت، ئێستا ئەوە لە عێراق و لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەشێكی ئاسیا و هەروەها ئەفریقیا بەدی دەكەین.