واشنتۆن دەزانێت كوردستان دەیەوێت سەربەخۆیی رابگەیەنێت و لەناو كۆنگرێسیشدا پشتیوانییەكی گەورە بۆ ئەم پرسە هەیە
July 16, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر تۆزان بەهچلی ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی رۆژئاوای ئۆنتاریۆ لە كەندا و یەكێكە لەو توێژەرانەی كە بۆ لێكۆڵینەوەكانی سەردانی مەیدانی ئەو ناوچانە دەكات كە توێژینەوەیان لەسەر دەكات. هەربۆیە چەندین جار بۆ توێژینەوە لەسەر پرسی كورد سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و دیدار و دیمانەی لەگەڵ تێكڕای حزبەكانی كوردستان كردووە. پرۆفیسۆر بەهچلی چەندین جار وتاری تایبەتی بۆ گوڵان نووسیوە، بەڵام ئەمجارەیان سەبارەت بە رەوشی ئێستای عێراق و هەنگاوەكانی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستە كردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.پڕۆفیسۆر تۆزان بەهچلی تایبەتمەند لەسەر سیاسەتی توركیا و كوردستان بۆ گوڵان:واشنتۆن دەزانێت كوردستان دەیەوێت سەربەخۆیی رابگەیەنێت و لەناو كۆنگرێسیشدا پشتیوانییەكی گەورە بۆ ئەم پرسە هەیە
* لەدوای كەوتنی رومادی كە داعش داگیری كرد، هەست دەكرێت پێشوەختە پرسی عێراق بۆتە یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریكا. ئایا تا چ ڕاددەیەك ئایندەی عێراق كاریگەری لەسەر ئایندەی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەبێت؟
- ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە عێراق كاریگەرییەكی گەورەی هەبێت لەسەر ئەو ماوەیەی كە ئیدارەی ئۆباما ماویەتی لە دەسەڵاتدا، یاخود لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە داعش پێشڕەوی زیاتر بكات لەو وڵاتەدا. ئەگەرچی ئۆباما كەوتۆتە بەر نەشتەری رەخنەی كۆمارییەكان، بەڵام ژمارەیەكی كەمی ڕكابەرەكانی سیاسەتەكەی پێچەوانە دەكەنەوە و هێزی زەمینی لە عێراق، یان سووریا بڵاو دەكەنەوە، تەنها ژمارەیەكی كەمی راوێژكار نەبێت، كە ئەوانیش حاڵی حازر رەوانە كراون.
* بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا باس لەوە دەكەن كە بارودۆخی عێراق لە سووریا جیاوازە، لەبەر ئەوەی لە عێراقدا حكومەتێكی خاوەن شەرعییەت هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا حكومەتی شەرعیی عێراقیش توانای كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی بەغدای نییە، ئایا چۆن لەم بۆچوونەی ئیدارەی ئەمریكا دەربارەی شەرعییەتی حكومەتی بەغدا دەڕوانن؟
- باوەڕم وایە دەكرێت مشت و مڕی ئەوە بكرێت كە حكومەتی عێراقی حكومەتێكی شەرعییە، تەنانەت ئەگەرچی زۆرێك لە سوننەكان و كوردیش تەحەددای ئەو شەرعییەتە دەكەن. چەندین جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان سووریا و عێراقدا. ئەمریكا بەڵێنی لابردنی رژێمەكەی ئەسەدی دا، ئەگەرچی شێلگێرانە نەكەوتۆتە شوێن ئەو ئامانجە لە دوای دەركەوتنی داعشەوە وەك هەڕەشەیەكی گەورە. لەهەمان كاتدا ئیدارەی ئۆباما تەواو هۆشیارە بە لاوازییەكانی حكومەتی عێراقی كە لەلایەن حەیدەر عەببادی -یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەمریكا بێ ئومێد نەبووە لەوەی بتوانێت بە جۆرێك لە جۆرەكان دڵسۆزی دانیشتووانی سوننە بەدەست بێنێتەوە. واشنتۆن ئەو ڕاستییە دەزانێت كە ڕەنگە كورد جاڕی سەربەخۆیی بدەن، بەڵام هەوڵێكی بەهێز دەدات بۆ ساردكردنەوەی هەرێمی كوردستان، تاوەكو ئەم هەنگاوە هەڵنەگرێت، لەبەر ئەوەی خوازیاری سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكی گەورەی دیكە نییە لە ناوچەكەدا.
*ئیدارەی ئەمریكا چاوپۆشی كرد لە سیاسەتە تایفەگەری و خۆسەپێنەكانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە نوری مالیكی پیادەی دەكرد، بە بۆچوونی ئێوە ئایا ئەمە هۆكاری ئەوە نەبوو كە چەند شارێكی گەورە بكەوێتە دەستی داعش؟ هەروەها ئایا سیاسەتی ئێستای ئۆباما لە عێراقدا نەبۆتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێرانەوە؟
- بەڵێ ئەوە ڕاستە كە ئیدارەی ئۆباما بۆ ماوەیەكی زۆر چاوپۆشی لە مالیكی كرد، دەرئەنجامەكەش بریتی بوو لەوەی بەشێكی زۆری دانیشتووانی سوننە متمانەیان بە حكومەتەكەی بەغدا لە دەست دا، ئەو حكومەتەی شیعەكان زاڵن بەسەریدا. لەوەش زیاتر، دەكرێت مشت و مڕی ئەوەش بكەین كە كشانەوەی خێرای ئۆباما لە عێراق ڕێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی داعش بێت و ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە بواردان بە ئێران بۆ ئەوەی عێراق كۆنتڕۆڵ بكات، ئەوەی دەتوانین بە دڵنیاییەوە بیڵێین ئەوەیە كە ئێران كاریگەرییەكی گەورەی هەیە لە بەشە شیعەكەی عێراقدا، بەڵام نەك لە ناوچە سوننەنشینەكان، یان هەرێمی كوردستان. ناكرێت ئۆباڵی ئەم دۆخەش بخرێتە ئەستۆی ئیدارەی ئۆباما، بەڵكو بەرپرسیارێتییە دەكەوێتە سەر شانی ئیدارەی جۆرج بۆش كە لە ساڵی 2003دا عێراقی داگیر كرد و ئەو داگیركارییەش بە چارەنووسێكی خراپ كۆتایی هات.
*ئاشكرایە كە نزیكترین هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بریتین لە توركیا و سعودیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمریكا سیاسەتێكی ڕوونی نییە بۆ تێكشكاندنی داعش، ئەوا لە دەرئەنجامدا ئەم هاوپەیمانانە –سعودیە و توركیا- دەستیان داوەتە پشتیوانیكردنی داعش و بەرەی ئەلنوسڕە، ئایا دروستبوونی ئەم دۆخە بە شكشتی دیبلۆماسیەتی ئەمریكا نازانیت؟
- باوەڕم وانییە هەردوو حكومەتی توركیا و سعودیە بە ئاشكرا پشتیوانی داعش بكەن، بەڵام مەسەلەكە كەمتر ڕوونە بەلای منەوە لە پێوەندی بە هەڵوێستی سعودیە لە ئاست بەرەی ئەلنوسرەدا. بە دەگمەن پشتیوانییەك، یان هاوسۆزییەك بەدی دەكرێت بۆ هەڵوێستی توندڕەوانەی داعش، یان بەرەی ئەلنوسرە لە نێو ڕای گشتی توركیا، یان حكومەتی توركیادا. هەرچۆنێك بێت، ئەنقەرە بەهۆی پەرۆشییەوە بۆ ڕووخاندنی رژێمەكەی ئەسەد، چاوی داخستووە لە ئاست جیهادییە جۆراوجۆرەكاندا لەوەی لە ڕێی سنووری توركیاوە بچنە نێو خاكی سووریا. بە پێچەوانەی توركیا، هاوسۆزییەكی بەربڵاو هەیە لە سعودیە بۆ داعش، یان بەرەی نوسرە. ئەوەی شایەنی ئاماژە پێكردنە ئەوەیە كە ئایدیۆلۆژیای داعش هەمان ئایدیۆلۆژیای وەهابیزمی عەرەبستانی سعودیەیە. بەڵام داعش بەرهەڵستی خۆی بۆ رژێمی سعودیە ڕاگەیاندووە، لەبەر ئەم هۆكارەشە كە حوكمڕانەكانی سعودیە لێی دەترسن و بەرهەڵستی دەكەن.
*سیاسەتێكی دیكەی ئەمریكا كە هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیگەران و ناڕەحەت كردووە، بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێراندا. ئەمەش وایكردووە ئەمریكا چاو دابخات لە ئاست هەڵسوكەوتەكانی ئێران لە عێراق و سووریا و باشووری لوبنان و یەمەن -دا. ئایا ئەمە نابێتەهۆی شەڕێكی خوێناوی ناوچەیی لە نێوان گرووپە تایفەگەرییەكانی سوننە و شیعەدا؟
- پشتیوانی ئێران بۆ شیعەكانی عێراق و رژێمی عەلەوی ئەسەد بۆتە هۆی قووڵبونەوەی دابەشبوونی شیعە و سوننە. هەرچۆنێك بێت، زۆرێك لە رژێمە عەرەبییەكان بە چەشنی رژێمی عەرەبستانی سعودیە و یەمەن و بەحرەین پتر خەتابارن بە قووڵكردنەوەی دابەشبوونی شیعە و سوننەكان لە ڕێی جیاكاری كردنەوە لە دژی كەمینەی شیعەی نیشتەجێی وڵاتەكانیان.
*نوێترین و نزیكترین هاوپەیمانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا نەتەوەی كوردە، بەڵام ئەمریكا وەك پێویست پشتیوانییان ناكات. بە بۆچونی ئێوە ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی كورد بكات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمە دەبیتە هۆی دەووبارە ڕێكخستنەوەی سیاسەت و ستراتیژیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- لە واشنتۆن هاوسۆزییەكی زۆر هەیە بۆ كوردی عێراق، بەتایبەتی لە ناو كۆنگرێسدا، هەروەها سیاسییەكانی ئەمریكا پشتیوانییەكی بەرچاویان هەیە بۆ سەربەخۆبوونی كورد لە عێراقدا. هەرچۆنێك بێت، واشنتۆن نیگەرانە لە كاردانەوەی پێچەوانەی ئێران و توركیا. لەم ڕوانگەیەوە راسپاردەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە پەنا بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی نەبات، بۆ ئەوەی قەیرانێكی دیكە نەخوڵقێنێت بۆ ئەمریكا كە ناچار بێت لە سایەی ئەم هەلومەرجەی ئێستادا ڕووبەڕووی بێتەوە وەك هەر پرۆسەیەك بۆ دووبارە نەخشەكێشانەوەی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود دەتوانین تا ڕاددەی دڵنیایی بڵێین لە هەر شوێنێكی دیكە- دەبێتەهۆی بەرپابوونی توندوتیژی لەسەر ئاستێكی بەربڵاو. هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە ئەمریكا و هێزە گەورەكانی دیكە نیگەرانن لە دووبارە داڕشتنەوەی ئەو سنوورانە.