دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان رێگای دروستە بۆ تێكشكانی تیرۆریستانی داعش

دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان رێگای دروستە بۆ تێكشكانی تیرۆریستانی داعش
پڕۆفیسۆر رایمۆند تەنتەر لە ساڵی 2011 یەكێك بووە لە توێژەرە باڵاكانی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك و لە ئێستاشدا گەورە توێژەرە لە سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی میشیگان و تایبەتمەندە لەسەر كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و كێشەی عەرەب – ئیسڕائیل. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای ناوچەكە و بانگەشەی داعش بۆ دامەزراندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و زەروورەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بۆ تێكشكانی تیرۆریستان لەسەر زەوی، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
رایمۆند تەنتەر توێژەری باڵا لە سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان رێگای دروستە بۆ تێكشكانی تیرۆریستانی داعش


* لە دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی-یەوە، رۆژئاوا بە جۆرێك نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتەوە، كە زۆر كەس ئەو نەخەشەیە بە هۆكاری ئەو ئاڵۆزییە دەزانێت. ئایا هۆكاری ئەم بارودۆخە چۆن دەستنیشان دەكەیت؟
- دەكرێت پشێویی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو نەخشەیەی دوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی درووست كرا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەشێكی زۆری عێراق و سووریا و زۆرێك لە باكووری ئەفریقیای كۆنتڕۆڵ كردبوو. ئێستا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا (داعش) دەیەوێت خەلافەتی ئیسلامی بۆ ئەم دوو وڵاتە بگەڕێنێتەوە، واتە بە پێچەوانەی رێككەوتنی سایكس-پیكۆ كە ئەو سنوورانەی كێشاوە كە داعش دەیەوێت بیانسڕێتەوە. فاكتەرە لاوەكییەكانیش، داكشانی دەسترۆیشتوویی ئەمریكا لە دوای شەڕی عێراق (2003-2011) لە خۆدەگرێت، لەگەڵ شكستهێنان لە پاراستنی دەستكەوتەكانی زیادكردنی هێزی ئەمریكا و كشانەوەی خێرای هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2011، هاوشان بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی بە هەماهەنگیی ئێران لە عێراقدا، كە ئەمەش دەبێتە هۆی باسك ئەستووربوونی شیعەكان لە دژی سوننە و كورد، بەو پێیە ئەمە دەبێتە مایەی هاندانی شیعەكان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە گۆشەگیركردنی سوننەكان لە عێراقدا. لەگەڵ بوونی 10 ملیۆن سوننەش لە عێراقدا، داعش ژینگەیەكی لەباری هەیە بۆ گەشەكردن. تاوەكو سوننەكان ئاوێتە نەكرێنەوە لە عێراقدا، داعش بەردەوام لە گەشەكردندا دەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە عێراقدا كارێكی بێهودەیە ئەگەر هاوشان نەبێت بە ستراتیژیەتێك بۆ ڕێگەگرتن لەوەی داعشە یاخیبووە میانڕەوەكانی سووریا بەرەو بەرەی ئەلنوسرە و دواتر بەرەو داعش پاڵ پێوە نەنێت.
* پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بۆتە بابەتی گەرمی ڕاگەیاندن و ناوەندەكانی توێژینەوە لە رۆژئاوا. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانی ئەم پرسە ناكرێت، تا چ ڕاددەیەك دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەبێتە فاكتەرێك بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش؟
- راستە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان فاكتەرێكە بۆ تێكشكاندنی داعش. هەنگاوەكانیش بەم ئاڕاستەیەدا ئەوە لەسەر هەرێمی كوردستان پێویست دەكات كە خاوەنی داهاتی نەوتی خۆی بێت، لە بری پشت بە رژێمی شیعە ببەستێت لە بەغدا كە ئەو داهاتەی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، لە جێی خۆیدا بەكار ناهێنێت، هەروەها دەبێت واشنتۆن ڕاستەوخۆ چەك بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات لە بری ئەوەی لە ڕێی بەغداوە ئەم كارە بكات.
* ئەگەر گریمانەی لەناوچوونی داعش بكرێت، ئایا ڕێگەی گونجاو بۆ ریشەكێشكردنی بیرۆكەی داعش چییە؟
- ئەگەر هاتوو سوننەكان دووبارە ئاوێتەی عێراق كرانەوە، دەكرێت ڕەوتی سەلەفیزمی جیهادی لە عێراقدا خاو بكرێتەوە و لە كۆتاییدا تێكبشكێندرێت، هەروەها ئەگەر هاتوو كوردستانی سەربەخۆ هاتەئاراوە، دەكرێت یارمەتی موعارەزەی ئێرانی بدرێت، بۆ ئەوەی لە عێراق بگوێزرێنەوە و لە كوردستان و ئەلبانیا و ئەمریكا نیشتەجێ بكرێن.
Top