كاتێك سیستمی پارتایەتی لاواز بوو ئەو سەركردە پۆپۆلیستیانە دەردەكەون كە دیموكراتی لەناو دەبەن
July 2, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر سكۆت مەینوارینگ ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی نۆرس داما، هەروەها پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر دیموكراتی و رژێمە ئەسۆریتاریزمەكان و وەرچەرخان و پاشكشەی دیموكراتی و پارتەكان و سیستمی پارتەیاتی لە سیستمە دیموكراتییەكاندا. بۆ قسەكردن لە سەر رۆڵی حزبە سیاسییەكان لە پرۆسەی دیموكراتی و كاریگەریی حزبی نادیموكراتی لەسەر ئایندەی دیموكراتی لەو وڵاتانەدا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.سكۆت مەینوارینگ تایبەتمەند لەسەر سیستمی پارتایەتی لە دیموكراتیدا بۆ گوڵان:كاتێك سیستمی پارتایەتی لاواز بوو ئەو سەركردە پۆپۆلیستیانە دەردەكەون كە دیموكراتی لەناو دەبەن
*پارتە سیاسییەكان سەرچاوەی هەموو كێشەكانن لە سیستمی دیموكراسیدا، بەڵام چۆن دەكرێت حزبەكان ببنە بەشێك بۆ چارەسەری كێشەكان؟
- راستە پارتە سیاسییەكان زۆر جاران سەرچاوەی كێشەكانن، بەڵام بە تەنیا هەر پارتەكان نا، هەندێ جار كاراكتەرە سیاسییەكانی دیكە و كاراكتەرە چەكدارییەكانی ناو حكومەتەكان بە زۆری سەرچاوەی كێشەكانن. لەوەدا پێكاوتانە كە زۆرجار پارتە سیاسییەكان كێشەكان خراپتر دەكەن، لەبەر ئەوەی رێككەوتنی نێوان پارتە سیاسییەكان بۆی هەیە لە سەر بنەمای بەخشینەوەی ئیمتیاز بۆ بەدەستهێنانی لایەنگیری سیاسی بێت. كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە چۆن پارتە سیاسییەكان هاوكار بن لە چارەسەركردنی كێشەكاندا؟ بە دڵنیاییەوە هەر كەسێك لە هەر بەشێكی عێراقدا بێت، لەمە تێدەگات كە پارتە سیاسییەكان دەرمانی هەموو دەردێك نین و ناتوانن هەموو شتێك چارەسەر بكەن. پرسیارەكە ئەوە نییە پارتە سیاسییەكان باشن، یان خراپن، بەڵكو ئەوەیە ئایا ئامرازێكن بۆ چاكسازی، یان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان؟ پارتە سیاسییەكان بە زەڕوورەت ئامرازێكی گرنگن و بە زەڕوورەت هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدەن- ئەمە بۆ زۆرێك لە پارتە سیاسیەكان ڕاستە، ئەگەرچی سەرجەم پارتە سیاسییەكان وا نین-. كەسایەتییەكی بە ناوبانگی ئەمریكی هەیە كە هەم سیاسەتكار و هەم تیۆریزانی سیاسی بوو، جەیمس مادیسۆن، بیرۆكەی ئەو ئەوە بوو هەمیشە دەتوانیت پێشبینی فەزیڵەت لە سیاسەت بكەیت، بەڵام ئەوەی ناتوانیت بیكەیت دروستكردنی پاڵنەر و ململانێیە كە ئەو كاراكتەرانەی بە دوای بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوەن، چاكەی گشتی بەرهەم بهێنن. بەڵام ئایا ئەمە لە پێوەندی بە پارتە سیاسییەكانەوە چ مانایەكی هەیە؟ بە مانای ئەوە دێت- ئەگەرچی ئەمە هەموو شتەكان چارەسەر ناكات- بوونی سیستمێكی هەڵبژاردنی بەهێز كاریگەریەكی بنەڕەتی هەیە بۆ ئەوەی پارتە سیاسیەكان بتوانن چاكەی گشتی بەرهەم بهێنن، خاڵی دووەم بۆ ئەوەی پارتە سیاسییەكان بتوانن چاكەی گشتی بەرهەم بهێنن، بریتییە لە بوونی سیستمێكی یاسایی بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كارا بە گژ گەندەڵیدا بچێتەوە، گەندەڵی لە شەپۆلی سێیەم و چوارەمی دیموكراتیدا ڕەنگە خراپترین كێشەیەك بووبێت كە پارتە سیاسییەكان و خودی سیاسییەكان هەیانبووبێت. ڕێگەكانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی- ئەوەی ئیمە دەیزانین- بریتییە لە بوونی سیستمێكی یاسایی بەهێز و ململانێیەكی بەهێز لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، هەروەها میكانیزمی سێیەم – كە گەندەڵی چارەسەر ناكات، بەڵام هاوكارە لە بەرەنگاربوونەوەی و ئەمەش لە بەڕازیل تاقیكراوەتەوە- بریتییە لە بڵاوكردنەوەی لیستی ناوی ئەو سیاسییانەی كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بەڵگەی یاسایی هەیە لەسەریان، خۆ ئەگەر ساغ بۆوە كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، ئەوا لە پۆستەكانیان لادەدرێن و دەخرێنە زیندانەوە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت پرسیارێكی قورسی دیكە دێتەئاراوە، چۆن دادگایەكی كارا بنیاددەنیێت؟ خاڵی چوارەم ئەوەیە ئەگەرچی هەمیشە دەكرێت چاوەڕوانی فەزیڵەت بكەین لە سیاسەتدا، بەڵام دەكرێت هەندێ جار سەركردەی خاوەن فەزیڵەتیش بوونی هەبێت، كەواتە ئەگەر بتوانیت گەندەڵی كەم بكەیتەوە و پاڵنەری ململانێ دروست بكەیت، ئەوا هەندێ سەركردەی خاوەن فەزیڵەت سەرهەڵدەدەن. كەواتە لێرەدا پارتە سیاسییەكان دەتوانن چی بكەن؟ دەكرێت پەرە بە پرۆگرامەكان بدەن بۆ ئەوەی دەنگدەر تەنها دەنگ بە سیاسییەك نەدات، هەروەها دەكرێت پەرە بەو بەرنامانە بدرێت بۆ دەنگدەران و هەروەها لە بواری یاسادانانیشدا، پارتە سیاسییەكان دەتوانن هاوكار بن لە ئەنجامدانی ئەم كارانەدا.
* هەر كاتێك پارتی براوەی هەڵبژاردنەكان نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت و ناچار بوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتەكانی دیكەدا ئەنجام بدات، ئەوا ئەمە ناسەقامگیری و دۆخێكی نائارام بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كە ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری وڵاتەكە لێدەكەوێتەوە، واتە ناسەقامیگرییە سیاسییەكە ناسەقامگیری ئابووری دروست دەكات، هەروەك لە كۆماری چوارەمی فەڕەنسا و توركیای ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوودا بینیمان، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند گرنگە پارتێكی سیاسی بتوانێت زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەنها حكومەت پێكبهێنێت؟
- من لە پرسیارەكە تێدەگەم، بەڵام پێموا نییە گرنگ بێت. هاوپەیمانێتی و فرەحزبی لە زۆربەی وڵاتە دیموكراسییەكانی جیهاندا هەیە و حكومەتی هاوپەیمانێتی فرەحزبیان هەیە، بەدڵنیاییەوە ئەوە بە زەروورەت سازش و گفتوگۆ لەخۆ دەگرێت، بەڵام بۆی هەیە سازش و گفتوگۆ شتێكی باش بن، ئەگەرچی بۆی هەیە لایەنی خراپیشیان هەبێت، دەكرێت گفتوگۆكان تەنها سەفقەی سیاسی بن. لایەنە باشەكەی ئەوەیە ئەگەر تۆ ناچار بیت گفتوگۆ بكەیت و سازش بكەیت، ئەوا مەیلی دەنگە خۆسەپێنەكان كەم دەبێتەوە. ئەگەر لەو وڵاتانەی بەم دواییە بوونەتە دیموكراسی- هاوسەنگییەك بكەیت لە نێوان ئەوەی ئایا باشترە تاكە حزبێك حكومەت پێكبێنێت، یاخود چەند حزب بێت، ئەمە بەتایبەتی ڕاستە بۆ ئەو كۆمەڵگەیانەی لە ڕووی ئایینی، یان نەتەویی، یاخود ئیتنییەوە دابەش بوون. پێموایە لەم حاڵەتە كارێكی مەترسیدارە تەنها حزبێك حكومەت پێكبهێنێت، چونكە لەم جۆرە حكومەتەدا مەیلی فەرامۆشكردن و تەنانەت سەركوتكردنی كەمینەكان دروست دەبێت، ئەوەش رێگایەكە بۆ لە ناوبردنی دیموكراسی.
* لە وڵاتە تازەگەشەكردووەكان، یان پارتی سیاسیی بەهێز و نادیموكراتی هەیە، یاخود پارتی لاوازی دیموكراتی، لە دوای بەهاری عەرەبییەوە پارتە سیاسییە ئیسلامییەكان دەسەڵاتیان گرتەدەست. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پارتە نادیموكراتییەكان كە دەگەنە دەسەڵات، ملكەچی بنەما دیموكراتییەكان دەبن، یاخود تەنها دیموكراسی بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆیان بەكار دەهێنن و دواتر پێشێلی دەكەن؟
- ئەمە پرسیارێكی لە ڕادەبەدەر جێی بایەخە، ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستە كە پارتی سیاسی هەن زۆرینە بەدەست دەهێنن لە هەڵبژاردنەكان، بەڵام پابەند نین بە بنەما دیموكراتییەكانەوە، ئەمە تایبەت نییە بەو بەشەی ئێوەوە، هەروەها ئەگەرچی من شارەزای میسر نیم، بەڵام هەموو ئەو زانیارییانەی من هەمە لەبارەی ئیخوان موسلمین ـەوە، وام لێدەكەن هاوڕابم لەگەڵ ئەوەدا كە ئێوە وتتان. بەدڵنیاییەوە لە بەشەكانی دیكەی جیهانیش نموونەی لەم شێوەیە هەیە، لە فەنزویلا پارتی حوكمڕان لە ساڵی 1999ـەوە لە دەسەڵاتدایە و هۆكار بووە بۆ داخوڕانی دیموكراسی، دەتوانم نموونەی دیكەشتان بدەمێ. دیموكراسی تەنها سیستمێك نییە بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، بەڵكو ئەو سیستمەیە هاوشان بە دەستەبەركردنی مافەكان، مافی هەموو كەس، بۆ كەمینە و موعارەزەش مسۆگەر بكات. ڕوون نییە كە تۆ چی دەكەیت لە دۆخێكدا ئەگەر هاتوو پارتێك زۆرینەی بردەوە و دەسەڵاتی گرتەدەست و دواتر لە هەندێ حاڵەتدا بە شێوەیەكی دراماتیكی بكەوێتە وێرانكردنی دیموكراسی، چارەسەرێكی دیموكراتییانە بۆ ئەو كێشەیە بوونی نییە.
* لە هەندێ وڵاتی ئەمریكای لاتین، پارتە سیاسییەكان بوونەتە كارگەی بەرهەمهێنانی سەركردەی پۆپۆلیستی، ئایا تا چەند ئەمە لەسەر دیموكراسی مەترسی هەیە؟
- ئەمەش پرسیارێكی باشی دیكەیە. پۆپۆلیزم لەو وڵاتانەدا زیاتر مایەی مەترسییە كە سیستمێكی لاوازی حزبایەتی هەیە. ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیاری یەكەمتان لەبارەی سوود و زیانەكانی پارتە سیاسییەكان. بە دڵنیاییەوە دەتوانین هاوڕابین كە زۆرێك لە پارتە سیاسییەكان لە جیهاندا كێشەی جددییان هەیە و بێگومان هەندێكیان كێشەی زۆر خراپن، بەڵام پرسیارەكەی دواتر ئەوەیە ئایا بەدیلی پارتە سیاسییەكان چییە؟ من نامەوێت بۆچوونێك دەربڕم كە تێیدا پارتە سیاسییەكان لە ڕادەبەدەر پێگەیەكی مەركەزییان هەبێت لە دیموكراسیدا. دەكرێت بەهۆی چەندین كاراكتەری سیاسییەوە دیموكراسی دەوڵەمەند بێت، بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان و گرووپەكانی بەرژەوندی و.. تاد، پارتە سیاسییەكان بە زەڕوورەت بەشێكن لە دیموكراسی و كاتێك پارتە سیاسییەكان بێ ئەندازە لاواز دەبن، ئەوا ئەمە پانتاییەكی زیاتر بۆ دروستبوونی سەركردەی پۆپۆلیستی دروست دەكات. سەركردە پۆپۆلیستیەكان پابەند نین بە دیموكراسییەوە و زۆربەی پۆپۆلیستیەكان سەرەتا و پێش هەر شتێك پابەندن بە دەسەڵاتەوە، ئەمەش دۆخێكی باش نییە بۆ حوكمڕانییەكی كارا، یان پاراستنی دیموكراسی.
* دیارترین كێشەی وڵاتە تازە گەشەكردووەكان ئەوەیە پارتە سیاسییەكان رۆڵێكی بنەڕەتی دەبینن لە داڕشتنەوەی دەستووردا، لەبەر ئەوەی ئەمەش پرۆسەیەكی سیاسییە و و ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیای پارتە سیاسییەكانە. ئایا تا چەند ململانێی ناتەندروستی نێوان پارتە سیاسییەكان كاریگەری لەسەر ئایندەی نەتەوەكە هەیە؟
- ئەمە بەندە بە سروشتی پارتەكانەوە، با ئەمە ڕوون بكەمەوە، ئەگەر پارتە سیاسییەكان پابەندبن بە دیموكراسییەوە، ئەوا ململانێ شتێكی مەزنە- من ناڵێم بوونی ململانێی زیاتر بە زەوورەت بە مانای دەرئەنجامی باشتر دێت- بەڵام تاوەكو ئەو پارتە سیاسییانەی پابەندن بە دیموكراسییەوە، ململانێی زیاتر بكەن، ئەوا دەرئەنجامەكە بۆ دیموكراسی باشتر دەبێت. پرسیارەكە ئەوەیە چی ڕوودەدات ئەگەر هاتوو ململانێ لە نێوان پارتەكاندا ڕوویدا كە هەندێكیان پابەند نین بە دیموكراسیەوە. پارتە نادیموكراتەكان دەبنە هۆی ئەوەی كاراكتەرەكانی دیكەش كاردانەوەی نادیموكراتییانەیان هەبێت. كەواتە لێرەدا پرسیارەكە لە بنەڕەتدا پەیوەست نییە بە ململانێوە، بەڵكو پەیوەستە بە سروشتی پارتە سیاسییەكانەوە، بەوەی كە ئایا باوەڕیان بە دیموكراسی هەیە و توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەكی كارا حوكمڕانی بكەن یان نا؟
* ئەگەر نەكرێت دەستەبەرداری پارتە سیاسییەكان بین لە دیموكراسیدا، چۆن دەكرێت پارتە سیاسییەكان بكەینە میكانیزمێك بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان لە كۆمەڵگەدا؟
- ئەمە پەیوەستە بە پرسیاری یەكەمەوە و من ئەوە دووبارە دەكەمەوە كە پێویست بە بوونی سیستمێكی بەهێزی هەڵبژاردن دەكات و پێویست بە بوونی سیستمێكی یاسایی دەكات بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی لە نێوان سیاسییەكان و پارتە سیاسییەكان بە ئومێدی بەهێزكردنی پێگەی سەركردە خاوەن فەزیڵەتەكان.
* تا چەند گرنگە پارتە سیاسییەكان دۆخی هەستیاری وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن و ئیستیغلالی نەكەن، چونكە دەكرێت كاریگەرییەكی مەترسیداریان هەبێت لەو بارودۆخانەدا، ئەمەمان لە فەڕەنسا بینی كاتێك بە دوو شەڕەوە سەرقاڵ بوو، شەڕی جەزائیر و شەڕی چینی هیندی، واتە لەبەرچاونەگرتنی دۆخەكە چ كاریگەرییەكی خراپی لێدەكەوێتەوە لەسەر وڵاتەكە؟
- ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستە، پارتە سیاسییەكان دەتوانن كارەسات بخوڵقێنن، بەڵام پارتە سیاسییەكان تەنها كاراكتەر نین كە دەتوانن كارەسات بخوڵقێنن، بەڵكو حكومەتەكانیش كە هەندێكیان لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە پشتیوانیان لێكراوە و هەندێكیان نا، هەروەها بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان و گرووپە نیمچە سەربازییەكان و سوپاكان و كاراكتەرە چەكدارەكانی دیكەش، هەموو ئەمانە بۆیان هەیە بەشێك بن لە خوڵقاندنی كارەسات و نەهامەتی مرۆیی. كەواتە مەبەستەكەی من ئەوەیە بەڵێ دەكرێت پارتە سیاسییەكان هاوكار بن لە دروستكردنی دەرئەنجامێكی خراپ، بەڵام پارتە سیاسییەكان تەنها لایەن نین ئەو كارە بكەن.
* وەك دوا وتە پەیامت بۆ كوردان چییە؟
- من سەرسامییەكی زۆرم هەیە بۆ شەڕكردنی بوێرانەی كورد لە دژی داعش و هەروەها سەرسامم بە توانای كوردی كوردستانی عێراق- سەرەڕای كێشە خراپەكانی دیكەی بەشەكانی دیكەی عێراق- بەوەی هەرێمێكیان هەیە كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات، ڕاستە بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام بەلای كەمەوە كوردستانی عێراق كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و من ئومێد دەكەم بەشەكانی دیكەی عێراق و بەشەكانی دیكەی ناوچەكە بە هەمان شێوەی كوردستانی عێراق كاروبارەكانیان هەڵسوڕێنن.