د.رایان گریفس تایبەتمەند لە پرسی سەربەخۆیی و فاكتەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نیگەرانییەكانی ئەمریكا بڕەوێننەوە

د.رایان گریفس تایبەتمەند لە پرسی سەربەخۆیی و فاكتەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نیگەرانییەكانی ئەمریكا بڕەوێننەوە
د.رایان گریفیس یەكێكە لە توێژەرەكانی زانكۆی سیدنی لە ئۆستراڵیا و تایبەتمەندە لەسەر دوو بواری گرنگ، یەكەمیان دینامیكیەتی جیابوونەوە و جەختكردنەوە لەسەر فاكتەرە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان و دوایین كتێبیشی بە ناونیشانی (پێوەندی نێوان دیموكراتی و ئاكامەكانی جیابوونەوە)، بڵاو كردۆتەوە، د.گریفیس یەكێك بوو لە ئامادەبووانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی (كوردستانی عێراق و دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) كە لە كۆتایی مانگی رابردوو زانكۆی كوردستان لە هەولێر رێكیخستبوو. گوڵان لەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە ئامادە بوو، ئەم وتووێژەی لەسەر پرسی سیستمی دەوڵەت و سەربەخۆیی لەگەڵ د.گریفیس تاوتوێ كرد و بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.
د.رایان گریفس تایبەتمەند لە پرسی سەربەخۆیی و فاكتەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نیگەرانییەكانی ئەمریكا بڕەوێننەوە

* باس لەوە دەكرێت كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڕەشەی جددی لەسەر سیستمی دەوڵەت هەیە، بەڵام هەندێ لە توێژەران و دیپلۆماتكارەكانی پێشوی ئەمریكا ڕاسپاردەی ئەوە بۆ ئیدارەی ئەمریكا دەكەن كە كاری پێویست بكات بۆ دووبارە بەهێزكردنەوەی سیستمی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا، لەبەر ئەوەی ئەم سیستمە چەقی هاوسەنگییە لە سەرجەم ناكۆكییەكاندا، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من ناتوانم لە سەر حاڵەتێكی دیاریكراو قسە بكەم، بەڵام پێموایە بەو ئاست و ئەندازەیەی كە ئەمریكا و هێزە جیاوازەكان سیستمی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا بەهێز بكەن، ئەوا دەبێت هەموو لایەك لەو دۆخە سوودمەند بن. ئەوەش زۆر ڕوونە بۆ من، كە زۆرێك لە هێزە ڕۆژئاواییەكان و هێزەكانی دیكەش لەو كارەدا بەرژەوەندییان هەیە. ڕەنگە هەر دەوڵەتێك بەرژەوەندی تایبەت بە خۆی هەبێ، بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە ئەمە چۆن گرێ دەدرێتەوە بە پرسە هاوتەریبەكانەوە، وەك داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە ئێران، یان كێشەی ناتۆ لەگەڵ توركیادا، هەموو ئەو پرسانە گرنگییان هەیە. لەبەر ئەوە زۆر كەس هاوڕایە لە سەر ئەوەی كە بەهێزكردنی دەوڵەتە جیاوازەكانی ناوچەكە بێ ئەندازە گرنگە.
* باس لەوە دەكرێت كە دوو سەرچاوەی هەڕەشە هەن لەسەر ئەم سیستمە، یەكێكیان دەوڵەتی ئیسلامییە كە هەڕەشەیەكی ئاشكرا و ڕاستەوخۆیە و خەلافەتی ڕاگەیاندووە بە ئامانجی ئەوەی جێی ئەو سیستمە بگرێتەوە كە لە ئارادایە، دوەمیان ئێرانە كە دەیەوێت لە ڕێی شەڕی بەوەكالەتەوە، بەهۆی میلیشیاكانەوە ئەم دەوڵەتانە لاواز بكات، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- پێموایە داعش كارێكی زۆر باشی كردووە لە یەكخستنی ئەو گرووپە جیاوازانەی پێشتر زۆر یەكگرتوو نەبوون. لە لایەكەوە ئەمە تەحەددیە بۆ ئەو سیستمی دەوڵەتەی لەئارادایە، لەبەر ئەوەی دەوڵەتێكی جیهانی ڕاگەیاندووە كە هەموو كەس دەبێت بچێتە ژێر باریەوە، ئەگەر بۆ پرۆسەیەكی هاوشان و هاوتەریبی ئەمە بگەڕێیت، ئەوا دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ شۆڕشی بەلشەفی لە ساڵی 1917، یان شۆڕشی ئەمریكی لە ساڵی 1776 كە تێیدا كاراكتەرێكی زۆر ڕادیكاڵ دروست بوو. بۆ من جێی سەرسوڕمان دەبێت- ناڵێم بە هەڵەداچوون دەبێت- ئەگەر داعش بتوانێت درێژە بە خۆی بدات، لەبەر ئەوەی دوژمنێكی زۆری هەیە، ئەگەر شتێك هەبێت دەربارەی داعش بیڵێین ئەوەیە چەندین لایەنی جیاوازی یەكخستووە.
* ئەی دەربارەی ئێران، ئایا پێتوایە رۆڵێكی ناسەقامگیركار لە ناوچەكەدا دەبینێت؟
- بەڵێ بە دڵنیاییەوە پێم وایە، نەك لەبەر ئەوەی ئێران پەرە بە حوكمڕانییەكی تیوكراتی دەدات، من لەو بارەیەوە دڵنیا نیم، ڕەنگە ئەمە هەندێ بارگرژی دروست بكات لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەدا. بەڵام ئەگەر ئێران لە ڕووی ئەتۆمییەوە پەرە بە تواناكانی خۆی بدات، ئەوا دەبێتە مایەی ناسەقامگیری، چونكە ئەگەر بتوانێت ڕەدعی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، ئەوا پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن دروست دەكات، ئەوەش بەلای منەوە مایەی كێشە دەبێت.
* ئایا كێشەكانی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمریكا بە هەڵە ئیدارەی بارودۆخەكەی كرد، یاخود كێشەكە ڕیشەی قووڵتری هەیە؟
- ئەوە پرسیارێكی ملیۆن دۆلارییە. من وەڵامێكی زۆر باشم نییە بۆ ئەو پرسیارە و ڕەنگە ئێوە لە من باشتر بزانن. بەڵام پێموایە ئەوە پلانێكی زۆر بەرزەفڕانە بوو، ڕاستە ڕەنگە داگیركارییەكە بیرۆكەیەكی باش نەبوبێت، بەڵام هەوڵدرا جۆرێك لە دەوڵەت دروست بكرێت لە بارودۆخێكدا كە زۆر زەحمەتە بتوانین ئەو جۆرە دەوڵەتە بنیادبنێین، لەبەر ئەوە بووە هۆی ناسەقامگیركردنی دەوڵەتێك كە بە جۆرێك لە جۆرەكان خۆی دەوڵەتێكی سەقامگیر بوو، -كە ئەمە دەڵێم، مەرج نییە دەوڵەتێكی مەزن بووبێت- چونكە ئاشكرا بوو كە خەڵكانێكی دیاریكراوی كردبووە ئامانجی سەركوتكاری و كوشتن و بڕین، ئەوەش پلانێكی بەرزەفڕ بوو كە شكست بووە چارەنووسی.
* لەسەر ئاستی شیعەی عێراق باس لەوە دەكرێت كورد دەیانەوێت دەستكەوتەكانیان تا ئەوپەڕی سنوور ببەن و ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بەدەستی بهێنن ناواقیعیە و دەگوترێت ئەگەر كورد جیا ببنەوە و عێراق لەبەریەك هەڵبوەشێتەوە، ئەوا ئەمە پێشینەیەك دروست دەكات و پێكهاتەكانی دیكەش هەمان ڕێچكە دەگرنەبەر، لەم بارەیەوە چ لێكدانەوەیەكتان هەیە؟
- بەلای منەوە سیاسەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتێك نییە بیەوێت مەسەلەكان تا ئەوپەڕی سنوور ببات، ڕەنگە بارزانی و راوێژكارەكانی لە پشت پەردەوە ئەو كارە بكەن، بەڵام وتاری گشتی بەم شێوەیە نییە و من دڵنیا نیم لەوەی كە پێویستە وابێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر من لە جێی ئەوان بوومایە و خوازیاری سەربەخۆیی بوومایە، ئەوا بە ئاشكرا نەمدەوت، لەبەر ئەوە دەبێت زۆر وریا بن و زۆر ژیرانە هەنگاو هەڵبگرن لەو كێلگە سیاسییەدا، بەتایبەتی بەهۆی ئەو پرسانەی ئاماژەتان پێكرد، كە دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەكان زۆر موحافیزەكارن و دەیانەوێت ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە بیپارێزن و هەندێ دەوڵەتیش نیگەرانن لەم بارەیەوە، چونكە پێیانوایە ئەمە كاریگەریەكی دۆمینەئاسای هەبێت، لەبەر ئەوە دەبێت ئەوەندەی دەكرێت ئەو نیگەرانییانە كەم بكەنەوە.
* كاتێك پرسیار لە سیتفن هادلی كرا كە ئایا پێویستە ئەمریكا چەكی كوشندە بداتە ئۆكرانیا، لە وەڵامدا وتی: ئەو كارە بكەن، بەڵام باسی مەكەن. تا چەند پێویستە هەرێمی كوردستانیش ئەو ڕاسپاردەیە لە پێوەندی بە كاركردن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی جێبەجێ بكات؟
- ڕەنگە خاڵی لێكچوونی ئەو دوو حاڵەتە ئەوە بێت كە كارەكە بە پەنهانی ئەنجام بدەن. ڕەنگە ئەوە تاكە هێڵی هاوتەریب بێت لە نێوان ئەو دوو حاڵەتەدا. ئەگەر من سەرقاڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بم- كە من ناڵێم ئەمە ئەجێندا سەرەكییەكەیە- ئەوا زۆر وریا دەبم لە ئەنجامدانی ئەو كارەدا.
* لەبەر ئەوەی تا ئێستا كوردستان سیاسەتێكی هەڵەشە و نابەرپرسیارانەی پیادە نەكردووە، ئایا پێتوانییە كوردستان شایستەی ئەوە بێت پاداشت بكرێت، یاخود بەلای كەمەوە دڵنیا بكرێتەوە لەلایەن ئەمریكاوە لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەك كە ئاسایش و گەشەكردنەكەی بخاتە مەترسییەوە؟
- من تەنها دەتوانم لە بارەی پرسی سەربەخۆییەوە قسە بكەم، پێموایە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی زۆر بە حەزەر بوون، بۆ پێوەندیەكانیان لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە و لەگەڵ ئەمریكا دەگەڕێتەوە، هەروەها لایەنەكانی دیكەش، پێموا نییە ئەمە تەنها پرسێك بێت پەیوەست بێت بە ئەمریكاوە. لە پێوەندی بە پاراستنی ئاسایشەوە ناتوانم لەم بارەیەوە بدوێم، بەڵام لایەنەكانی دیكە و بە دڵنیاییەوە ئەمریكا خوازیارە توانای بەرگریكردنی كورد بەهێز بێت، لەبەر ئەوە كێشەیەك نابینم لە پێوەندی بە پرسی بەرگریكردنەوە.
Top