هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە لە هەموو شێوازێكی دیكە دیموكراتیترە و بەشداری راستەوخۆی خەڵكە لە پرۆسەی دەنگداندا

هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە لە هەموو شێوازێكی دیكە دیموكراتیترە و بەشداری راستەوخۆی خەڵكە لە پرۆسەی دەنگداندا
لەسەر داوای سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2014 پڕۆژەیاسای دامەزراندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی پەسەند كرد، بەپێی ئەم یاسایەش دامەزراوەی كۆمیسێونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دامەزراوە بۆ ئەوەی ئەركی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لە كوردستان لە ئەستۆ بگرێت. لە ئێستاشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لەم كۆمیسێونە كردووە ئامادەكاری بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 20ی ئابی 2015، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و گرفتەكانی ئەم دامەزراوە تازەیە، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ هەندرێن محەمەد ساڵح سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان سازداوە، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.
هەندرێن محەمەد ساڵح سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە لە هەموو شێوازێكی دیكە دیموكراتیترە و بەشداری راستەوخۆی خەڵكە لە پرۆسەی دەنگداندا




* كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، دامەزراوەیەكی تازەیە و هەموو خەڵكی كوردستان چاوی لە سەریەتی بۆ ئەوەی زوو بكەوێتە سەرپێ و ئەركەكانی راپەڕێنێت. تائێستا چیتان كردووە و كەی دەتوانن كاری راپرسی و هەڵبژاردن ئەنجام بدەن؟

- ئەم كۆمیسیۆنە لە ساڵی 2014 بە یاسای ژمارە 4ی پەرلەمانی كوردستان دروست بوو، بۆ ئەوەی ببێتە دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، ئەم كۆمیسیۆنە كار بۆ ئامادەكاری و ڕاپەڕاندنی هەموو هەڵبژاردنەكان دەكات لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، چ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان بێت، یاخود ئەنجومەنی پارێزگاكان، یان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، یان راپرسی لەسەر هەرپرسێك كە پێویست بێت دەنگی میللەتی لەسەر وەربگیرێت. لەلایەكی دیكەوە ئەم كۆمیسیۆنە وەك لە ناوەكەی دیارە، دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە و سەربە هیچ كام لە دەسەڵاتەكانی پەرلەمان و حكومەت و دادوەری نییە، بۆیە دەبێت بودجەی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام ئەو كاتەی ئەم دامەزراوە تازەیە دامەزرا، بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا بڕابوو، هەرێمی كوردستانیش نەیتوانی بودجەی خۆی ئامادەبكات، بۆیە ئێمەش وەك كۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، بودجەمان بۆ دیاری نەكرا، بەڵام ئەوەی توانیومانە لە نەبوونی بودجەی دیاریكراوی خۆمان بیكەین، ئەوەیە پەیڕەوەكانی تایبەت بە كارەكانی كۆمیسیۆنمان رێكخستووە، پڕۆژەی بودجە و هەیكەلی كۆمیسیۆنمان ئامادە كردووە. هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ چەندین رێكخراو گفتوگۆ و دانیشتنمان ئەنجامداوە، بەتایبەتی لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی پاڵپشتی و هاوكارییەكی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنین و پردێك دروست بكەین لەگەڵ هەموو لایەك، هەروەها لەگەڵ كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی حكومەتی بەغداش دانیشتووین و لە چوارچێوەی لیژنەیەكی تایبەتدا هەماهەنگیمان هەیە. ئەم هەماهەنگییە بەو مانایە نییە كە كۆمیسیۆنی هەرێم بەبێ كۆمیسیۆنی بەغدا ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجامبدا، نەخێر دەسەڵاتەكانی هەردوو كۆمیسیۆن لە یاسا رێكخراوە، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەو هەڵبژاردنانە دەكات كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێن، كۆمیسیۆنی بەغداش ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجامدەدات لەسەر ئاستی حكومەتی فیدڕاڵی لە هەموو عێراق ئەنجامدەدرێن. كارێكی دیكەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم ئەوەیە كار لەسەر نوێكردنەوەی تۆماری ناوی دەنگدەران بكات، بۆ ئەوەی هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن كە لە كوردستان ئەنجامدەدرێت، ئاكامەكەی بە پێی ستاندەری نێودەوڵەتی بێت و جێگەی رەزامەندی هەموو لایەك بێت.

* دیارە ئەمە یەكەمجارە لە مێژوودا كوردستان دەبێتە خاوەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی و دامەزراوەیەكی كوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەدەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە لە رووی پراكتیكیەوە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەزموونێكی گەورە نین لەم پرۆسەیەدا، بۆیە ئاساییە ئەگەر ئاستەنگ و كێشە بێتە بەردەمتان، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە بەگشتی لە ئێستادا ئەو گرفتانە چین كە رووبەڕووتان بۆتەوە؟

- ئەم كۆمیسیۆنە لەكات و ساتێكی وادا دروست بوو، كوردستان خۆی رووبەڕووی كۆمەڵێك كێشە و قەیران ببووەوە، لە هەمووشیان سەختتر ئەو شەڕە گەورەیەی تێرۆریستانی داعشە كە یەخەی گرتووین، ئەمەش بارگرانییەكی گەورەی لەسەر خەڵكی كوردستان دروستكردووە. لەلایەكی ترەوە هەرێمی كوردستان كەوتۆتە ناو قەیرانێكی كەمی سیولەی نەختینەیی و داراییەوە، ئەمە یەكەمین بەربەستە كە بەرەوڕووی ئەو كۆمیسیۆنە بووەتەوە، هەروەها هەر بەهۆی ئەم بارودۆخەوە هەتا ئێستا میلاكاتی پێویست بۆمان دانەمەزراوە. دوای ئەوەی بودجەشمان بۆ دابین دەكرێت و میلاكاتی پێویستمان بۆ تەواو دەبێت، ئەوجا پێویستمان بە مەشق و راهێنانی كارمەندەكانمان هەیە بۆ ئەوەی ئامادە بن پرۆسەی هەڵبژاردن، یان راپرسی ئەنجامبدەین. هەروەها پێویستمان بە دامەزارندنی ناوەندی كۆكردنەوەی داتا و زانیاری هەیە، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەكان ئەو داتایانە كۆبكەینەوە لە سەنتەرێكدا و دەرئەنجامەكانیش رابگەیەنین.

* لە كوردستاندا ئەمرێكی واقیعی نوێ دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش هاتۆتەئاراوە، لەبەر ئەوەی ئێستا هەموو ناوچە كوردستانییەكان بە ئەمری واقیع بوونەوە بەشێك لە هەرێمی كوردستان، ئایا ئێوە وەك كۆمیسێونی هەڵبژاردنەكانی هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە دەكەن؟

- بەپێی یاسا ئێمە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارین، ئێستا سەرقاڵی دانانی ئۆفیسەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەین، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لە ناوچە كوردستانییەكان كە پێشتر بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ناودەبران، بۆ ئەمەیان دەبێت، یان لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بكەین و ئەم هەمانگیەش دەبێت بە یاسا رێكبخرێت و لە چوارچێوەی یاسا پێكەوە بە هەماهەنگی ئەو كارە بكەین، یان دەبێت لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە هەڵبژاردن، یان راپرسی بۆ ئەو ناوچانە دەربچێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە شێوەیەكی سەربەخۆ، خۆمانی بۆ ئامادە بكەین. دەبێت لە یاسای هەڵبژاردن، یان ریفراندۆم بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، باسی سنوورەكان و دەسەڵاتەكان و چۆنیەتی دەنگدانی خەڵك بكرێت.

* ئاماژەت بەوە كرد، داتاو زانیاری بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر گرنگە، ئایا تا ئێستا ئێوە پشت بە پسولەی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان دەبەستن، یان بەرنامەی دیكەتان هەیە؟.

- بەڕاستی ئەمە پرسیارێكی زۆر گرنگە؛ ئێمە لە راپۆرتی یەكەممان كە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانمان كرد، تێیدا كۆمەڵێك گرفتمان باس كرد و داوامان لە پەرلەمان كرد كە نووسراوێك ئاراستەی كۆمیسیۆنی بەغدا بكات بۆ وەرگرتنی داتابەیسی تۆماری دەنگدەران، بۆ ئەوەی ئەوە بكەینە بناخەیەك بۆ خۆمان و هەوڵبدەین ئەو كەموكوڕییانەی لەو داتابەیسەی تۆماری دەنگدارانی كوردستان هەیە، چارەسەریان بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان گلەییان لە داتابەیسی ئەو تۆماری دەنگدەرانە هەیە كە لە بەغدا هەیە، بەوەی ناوی مردوو و دووبارەی تێدایە، بۆیە بەرنامەی ئێمە بەو جۆرەیە، ئەو داتا بەیسە دوای ئەوەی وەریدەگرین، لە كۆبوونەوەیەكی فراوان دەیخەینە بەردەستی هەموو حزبەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان و پێیان دەڵێین ئەمە داتابەیسی تۆماری دەنگدەرانەو فەرموون پێمان بڵێن چ میكانیزمێكتان هەیە كە وادەكات دڵنیابن لە تۆماری دەنگدەران، ئەمەشمان وەك پڕۆژە بدەنێ، بە مەرجێك لە چوارچێوەی یاساییدا بێت. ئێمە دەرگا دەكەینەوە لە بەردەم هەموو حزبەكان و تێبینییەكانیان و ماوەشیان دەدەینێ. واتا ماوەی مانگێك تاكو ئەوەی لەبەردەستیانە دیراسەتی بكەن و پڕۆژەمان بدەنێ، دەبێت پڕۆژەكانیان لە خزمەتی پاككردنەوەی لیستەكان بێت و لە چوارچێوەی یاسادا بێت.

* ئەو تەكنەلۆژیا و داخڵكردنی تەكنیكییە بۆچی كاری بۆ نەكراوە، بەتایبەتی كە كۆمیسیۆنی بەغدا دووبارە پسوولەی نوێی هەڵبژاردن بە دەنگدەران دەدات؟

- ئەمە زیاتر پێوەندی بە كۆمیسیۆنی فیدڕاڵییەوە هەیە. ئەوان لە ساڵی 2014 ـەوە دەستیان كردووە بە تۆماری خەڵكەكە بۆ ئەوەی بێجگە لەوەی خەڵكەكە ناوی لەسەر كارتەكان هەبێت، وێنە و بەنچەمۆر و گلێنەی چاویشی هەبێت، ماوەی دوو ساڵە ئەوان دەستیان پێكردووە، بەڵام بەداخەوە بەشداریكردنی خەڵك زۆر كەمە، بەدەنگ هاتنی دەنگدەر زۆر گرنگە، دەكرێت ئێمەش سوود لەم پڕۆژەیە وەربگرین ئەگەر توانرا لە 80%ی خەڵكی تۆمار بكرێت، بەپێچەوانەوە سبەی ئەگەر بۆ نموونە تەنیا لە 10%ی خەڵكی بەشدارییان كرد، هیچ سوود لەو داتایە وەرناگرین، چونكە ناتوانین بەكاری بهێنین.

* یەكێك لە مەسەلە چارەنووسسازەكان بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و ریفراندۆمە لەسەر سەربەخۆیی كوردستان؛ ئایا تا چ رادەیەك لەم رووەوە كارتان لەسەر كردووە و تاچەند ئامادەكاریتان بۆی كردووە، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەرژمێری دانیشتووان نییە؟

- سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری دووەمتان هەڵبەتە ئەنجامدانی سەرژمێری كارێكی باشە ئەگەر بكرێت، داتاكان باشتر رێك دەخرێتەوە و ئێمە سوودمان لێوەردەگرت.

سەبارەت بە ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی كوردستان، ئەمە بڕیارێكی دەوێت، لە مەسەلەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، كاری ئێمە ئاسانترە لەبەر ئەوەی ریفراندۆم كاری تۆماركردنی قەوارەی سیاسی و ناوی كاندیدی تێدا نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆمیسیۆن تازە دروست بووە، دەبێت پێداویستی و ئیمكاناتی بخرێتە بەردەست، ئەو كات كارێكی ئاسانتر و كاتێكی كەمتری دەوێت .

* لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی دەستوورێكی نوێن، باس لەوە دەكەن لە دوو مانگی دادێ، دەستوورەكە ئامادە دەبێت بۆ راپرسی، ئایا ئێوە دەتوانن راپرسی ئەنجامبدەن؟

- لە پەیڕەوی ناوخۆی كۆمیسیۆن نووسیومانە، دوای دابینكردنی بودجەی پێویست، ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن، یا راپرسی پێویستی بە 180 رۆژە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە ئەگەر یاساكە سبەی دەربچێت، ئەو كات 180 رۆژمان دەوێت وەكو ئامادەكارییەك بۆ جێبەجێكردنی هەر هەڵبژاردنێك، ئەمە بێجگە لەوەی تا ئێستا كۆمیسیۆن بە هەموو ئۆرگانەكانیەوە نەكەوتۆتە سەر پێ و كەموكورتی لە ئامێر و كەلوپەل و ئامرازەكانی هەیە، بۆیە بە تەئكید لەو ماوە كەمەدا ناتوانین راپرسی لەسەر دەستوور بكەین، بەلانیكەم 2 بۆ 3 مانگمان پێویستە .

* سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوایەكی رەوانەی كۆمیسیۆن كردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئایا بۆ ئەمەیان چی دەكەن؟

- جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 20/6/2015 فەرمانێكی سەرۆكایەتی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە وەكو كۆمیسیۆن هەر زوو دانیشتنێكی نائاساییمان لەسەر كردو رامانگەیاند لەم كاتەدا لەبەر ئەوەی كۆمیسیۆن نەكەوتۆتە سەر پێ و بودجەكەمان نییە و گرفتی كەمی كادیرمان هەیە، ناتوانین ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدەین، بەڕاستی ئێمە پێشبینیمان نەكرد، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان داوامان لێبكات لە بەر ئەوەی بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 1992 هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبێت، ئەم خولەی پەرلەمانیش دوو ساڵی ماوە، بۆیە خۆمان بۆ ئامادە نەكردبوو.

* دەتوانن بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كار بكەن؟

- بەڵێ دەكرێت، بەڵام بۆ ئەمە دەبێت لە یاساناسەكان بپرسن، لەبەر ئەوەی كۆمیسیۆن ناتوانێت تەفسیری یاساكان بكات.

* ئەوەی ئێستا بووەتە كێشە لە نێوان حزبەكان و ململانێیەكی توندی لێكەوتۆتەوە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئێوە وەكو كۆمیسیۆن پێشنیاری چی دەكەن تاوەكو ئەم كێشەیە چارەسەر بێت؟

- ئێمە وەكو كۆمیسیۆن دەزگایەكی پیشەیین و تەدەخولی شیكردنەوەی یاساكان ناكەین، ئەوەی داوا لە ئێمە كراوە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە بكرێت، بەمەش جەنابی سەرۆك بارزانی ئەركی یاسایی خۆی بەكار هێنا، لەبەر ئەوەی یاساكە داوادەكات بەوەی دەبێت پێش 60 رۆژ لە تەواوبوونی خولی سەرۆكایەتی، كاتی هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێویستە رابگەیەنێت، هەر بۆیە سەرۆك بارزانی ئەركی یاسایی خۆی جێبەجێ كردووە، ئەوە بوو رایگەیاند كە لە (20/8/2015) هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە ناتوانین لەو رۆژەدا هەڵبژاردنی گشتی بكەین.

* دیارە ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كوردستانی لە دەرەوە هەن، ئەوانیش مافی خۆیانە بەشداری دەنگدان بكەن، ئایا بۆ ئەوان چیتان كردووە، بۆ ئەوەی بەشداری دەنگدان بكەن؟

- لە یاسای كۆمیسیۆن باس لەمە كراوە كە دەبێت كار بكەین بۆ ئەوەی رەوەندی كوردستانی لە هەندەران بتوانن دەنگ بدەن، ئەگەر لە هەڵبژاردنی 2017ی پەرلەمانی كوردستان ئەو كارە بكەین، دەبێت ئۆفیس لە هەموو ئەو وڵاتانە بكەینەوە كە رەوەندی كوردستانی لێ نیشتەجێن، بۆ ئەمەش دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەكانی پەیوەندییەكانی دەرەوە بكەین و كاتێك دیاری بكەین بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەران بكەین و بنكەی دەنگدەرانیان بۆ دەكەینەوە و دەنگەكانیشیان هەژمار دەكرێت، ئەمە زۆر گرنگە بۆ سەرجەم هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەبەر ئەوەی رەوەندێكی زۆری كوردستانی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانن.

* ئایندەی كۆمیسیۆن چۆن دەبینیت؟

- هەموومان بینیمان پاڵپشتی و پشتگیرییەكی گەورەی سیاسی لە كوردستان بۆ كۆمیسیۆن هەیە. جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان داوای كرد كە ئەو كۆمیسیۆنە دروست بێت و بە دامەزراوەیی كردنی بە زەروور زانی، هەرواش بوو، كۆمیسیۆن لە پەرلەمان بە زوویی دروست بوو، ئومێدەوارم لەگەڵ هاوكارانم لە ناو كۆمیسیۆن پێكەوە كار و هەنگاوی جددی بنێین و زیاتر كۆمیسیۆنەكە بناسێنین و زیاتر بەدامەزراوەیی بێت و جێگیرتر بێت .

* لە بواری راگەیاندن و هۆشیاری چیتان كردووە، بەتایبەتی كە مومارەسەكردنی هەڵبژاردن و بەشداریكردن لە دەنگدان بۆ پرسە چارەنووسساز و گرنگەكان هۆشیاری دەوێت؟

- بەشداریكردنی خەڵك لە هەر هەڵبژاردنێكدا فاكتەرێكی گرنگە، بەتایبەتی لە هەرێمێكی وەك كوردستان و وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، چەند رێژەی بەشداریكردن بەرز بێت، ئەوەندە متمانەی خەڵكی بیانی و وڵاتان و رێكخراوە جیهانییەكان بە هەڵبژاردنەكە زیاتر دەبێت. بە راستی ئێمە لەم بوارە رەنگە زۆر بەتوانا نەبین بۆ هاندانی خەڵك، لەبەر ئەوەی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حزبەكان رۆڵی زیاتر دەبینن بۆ بەشداریكردنی خەڵك و چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بۆ نموونە لە كوردستان زیاتر لە 3 ملیۆن دەنگدەر هەیە، ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ ژمارەی كارمەندانی ئێمە لە بەشی راگەیاندن كە 5 بۆ 6 هەزار كارمەندمان هەیە، زۆر كەمە. حزبەكان لەم بوارەدا رێكخراوێكی گەورەی كۆمەڵگەی مەدەنین و دەتوانن رۆڵی گەورە ببینن.

* تاچەند بەشداریكردنی راستەوخۆی هاووڵاتی لە هەڵبژاردنەكان پێگەی دیموكراتی لە هەرێمەكەدا بەهێز دەكات، بەتایبەتی لە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان؟

- بەشداریكردنی راستەوخۆی خەڵكی لە هەڵبژاردنەكان كە لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو ئەزموونە دیموكراتییەكان هەر وایە ئازادی و دیموكراتیەتێكی زیاتر بە خەڵكی دەدات و ئەوان راستەوخۆ دەتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن. هەربۆیە هەڵبژاردنی راستەوخۆ گرنگی خۆی هەیە و دواهەنگاوە لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەمەش ئەوپەڕی دیموكراتییە و لە وڵاتانی پێشكەوتووش بەم شێوازە دەڵێن: هەڵبژاردنی راستەخۆ، كە ئەوپەڕی ئازادی و شەفافییەتی تاكی هاووڵاتی لە هەڵبژاردنەكاندا دەخاتەڕوو، لەم روانگەیەوە هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵات بە شێوەی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە، دیموكراتیترین شێوەیە و هەڵبژاردنێكی راستەوخۆیە.
Top