بارزانی وەك رێبەری نەتەوە بوێرە و خاوەنی روئیایە بۆیە بڕیاری سەربەخۆیی دەدات

بارزانی وەك رێبەری نەتەوە بوێرە و خاوەنی روئیایە بۆیە بڕیاری سەربەخۆیی دەدات
پڕۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ ئوستادی زانستی ساسیەتە لە زانكۆی تەلئەبیب و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی هاوچەرخی عێراق و هەروەها تایبەتمەندە لەسەر كێشەی كورد. لەسەر ئەم پرسەش چەندین كتێب و دەیان توێژینەوەی هەیە. خاتوو ئۆفرا یەكێكە لەو ئەكادیمییانەی لەسەر ئاستی جیهان، باسی لە فەشەلی دەوڵەتی عێراق و پێویستیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان كردووە، تەنانەت لە رۆژی 28ی ئایاری 2015 لە كۆنفرانسی كوردستانی عێراق و دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەلایەن زانكۆی كوردستانەوە رێكخرا بوو، مەسەلەی یەكپارچەیی عێراقی وەك حاڵەتێكی مەحاڵ وەسفكرد. بۆ قسەكردن لەسەر نەمانی عێراق وەك دەوڵەت و ئایندەی كوردستان لەناو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.
پڕۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ تایبەتمەند لەسەر عێراقی نوێ و هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:بارزانی وەك رێبەری نەتەوە بوێرە و خاوەنی روئیایە بۆیە بڕیاری سەربەخۆیی دەدات

راستە كوردستان دەروازەی بۆ سەر دەریا نییە بەڵام ئەمە رێگری لە بڕیاری سەربەخۆیی ناكات سویسراش دەروازەی لەسەر دەریا نییە


• ئەوانەی شارەزاییان لە ئەزموونی دەوڵەتاندا هەیە، لەم دواییەدا گەیشتنە ئەو قەناعەتەی دەوڵەتی عێراق بە دەوڵەتێكی شكستخواردوو بناسێنن. ئەو هۆكارانە چین كە عێراقیان كردۆتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو؟
ــ عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووە بە هۆی كۆمەڵە هۆكارێكەوە، گرنگترینیان لە سەرەتاوە- كە ئەمەیان گرنگترین فاكتەریانە- ئەوەیە كە عێراق بە شێوەیەكی نائاسایی پێكهێندراوە، ئەمە كەیسی شەڕكردنی دوو نەتەوە بووە لە دژی یەكتر، لە نێوان بزووتنەوەی نەتەوەی كورد و قەومییەی عەرەبیدا. لە سەرەتادا بەریتانیا و ویلسۆن بەڵێنی دەوڵەت، یان بەلای كەمەوە خۆبەڕێوەبەری- ئۆتۆنۆمی- یان بە كورددا، دواتر بەریتانیا پاشگەز بۆوە، بەڵام كورد نەتەوەن و مافی شەرعی و باوەڕپێكراوی خۆیانە كە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەمە سەرەتای كێشە بونیادییەكە بوو. بە دڵنیاییەوە كێشەیەكی دیكەی بونیادی بریتییە لە دوژمنایەتی مێژووییانەی نێوان شیعە و سوننە، تا ئەمڕۆش زەمەن ئەم دوژمنایەتی و دابڕانەی نێوان شیعە و سوننەی نەسڕیوەتەوە، ئەمانە ئەو كێشانەن كە لە هەناوی دەوڵەتەوە هەڵگیرابوون. هەروەها هێزە دەرەكییەكانیش ئەم كێشانەیان خوڵقاندووە. بۆ نموونە، هەروەك لە سەرەتاوە ئاماژەم پێكرد، بەریتانیا لە وڵاتێكدا دوو نەتەوەی پێكەوە كۆكردەوە كە نایانەوێت پێكەوە بن، بەلای كەمەوە كورد هەرگیز ئەمەی ناوێت و نەشیویستووە. هەروەها هەڵەكانی ئەم دواییەی ئەمریكاش كێشەكانی ناوچەكەی قووڵتر كردۆتەوە.
•ئایا دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لە بەرژەوەندی توركیادا نابێـت، لەبەر ئەوەی ئەو كاتە توركیا دەبێتە دراوسێی دەوڵەتێكی ئارام و سەقامگیر لە بری عێراقی ناسەقامگیر؟
ـ سەرەتا شتەكان لە توركیادا دەگۆڕێن. ئێستا پێوەندییەكی ستراتیژی هەیە لە بواری نەوت و غاز و ئەو كەسانەی لە توركیاوە دێن و لە كوردستانی عێراق كار دەكەن، كەواتە ئێستا ڕاددەیەك لە پشت بەیەك بەستن هەیە لە نێوان كوردستان و توركیادا. ئەم شتانەت لە خەڵكانی ناو توركیاش گوێ لێ دەبێت، تەنانەت بەم دواییەش ئەردۆغان ڕایگەیاند كە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نییە، ڕاستە دەكرێت بڵێیت ئەمە بە هۆی هەڵبژاردنەكانەوە ئەم قسەیەی كردووە، بەڵام ئایا وێنای ئەوە دەكەیت دە ساڵ پێش ئێستا ئەم قسەیە بكردایە، نەخێر. كەواتە شتەكان دەگۆڕێن و خەڵكیش سەرنج نادەن لەوەی لەسەر ئەرزی واقیع چی دەگۆڕدرێت.
•ئەی سەبارەت بە هەڵوێستی نەگۆڕی ئەمریكا راتان چییە؟
ـ ئەمریكا هەڵە لە دوای هەڵە دووبارە دەكاتەوە و نە لە ئەزموونی بەریتانیا و نە لە هەڵەكانی خۆیەوە فێر نابێت و لە دوای هەر هەڵەیەك هەڵەیەكی گەورەتر دەكات، بۆ نموونە، وەك ئەوەی لەم دواییە لە ڕومادی بینیمان، بەڵێ موسڵ 75 هەزار سەربازی عێراقیی تێدابوو، بەڵام لە بەرامبەر 200 چەكداری داعشدا خۆیان ڕانەگرت و هەموویان هەڵهاتن، كەچی ئەمریكا لە هەمان هەڵەی پێشووی سوودی وەرنەگرت و دواتر پشتیوانییەكی زیاتری سوپای عێراقی كرد، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە ڕومادییەوە هەبێت، ئەوا ئەوەندەی من ڕاپۆرتەكانی پەنتاگۆنم خوێندبێتەوە، ئەوا عەبادی بووە كە داوای كردووە سوپا لە ڕومادی شەڕ نەكات، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئێران نایەوێت عێراق سوپایەكی بەهێزی هەبێت، بەڵكو دەیەوێت هێزێكی وەك حەشدی شەعبی بەهێز هەبێت، بەڵام پێدەچێت ئەمریكا ئەوە نەبینێت كە ڕوودەدات و لێوەی فێر نەبێت، لەوەش خراپتر سەرەڕای ئەوەی كورد پشتیوانی ئەمریكایان كردووە لە ساڵی 2003ـەوە- كە لەو كاتەدا توركیای هاوپەیمانیش یارمەتی نەدا- ئەوا ئەمریكا سوپاسگوزار نەبووە، لە بری ئەوە ئەمریكا پشتیوانی سوپای عێراق دەكات، كە وەك بەرمیلێكی بێ بنی لێهاتووە و هەر پارە و هەر كەل و پەلی بۆ دابین دەكات، بۆچی؟ لەبەرئەوەی نایەوێت دان بە شكستی خۆیدا بێنێت لە داگیركردنی عێراق و لە بێتوانایی لە پارێزگاریكردن لە یەكگرتوویی ئەم وڵاتە.
•ئەمریكا هەموو كارێك كە لە دەستی بێت ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق، ئەمە لە كاتێكدا لەسەر ئەرزی واقیع عێراق دابەش بووە و حكومەتی ناوەندی تەنها دەسەڵاتی لە بەغدا و شارە شیعەكانی باشووری هەیە، بە دەربڕینێكی دیكە، حكومەت تەنها نوێنەرایەتی شیعەكان دەكات لە وڵاتەكەدا، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا هاوڕانین لەگەڵ ئەوەدا كە پێداگیری ئەمریكا لەسەر یەكپارچەیی عێراق، خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات، چونكە عێراقێكی یەكگرتوو شیعەكان بەسەریدا زاڵ دەبن؟
ـ دەقاودەق وایە، من ئەمەم وت، مەبەستەكە ئەمەیە، ئەگەر ئێستا ئێمە باسی دابەشبوون بكەین بۆ سێ بەش، كوردستان و شیعەستان و سوننەستان، كوردستان لە هەموویان زیاتر قابیلی ئەوەیە حوكمڕانی باشی تێدا بكرێت، حكومەتێكی بەهێزی هەیە، لەبەر ئەوەی توانای بەرەوپێشچوونیان هەیە و توانیویانە ئاستێكی دیاریكراو لە حوكمڕانی بەدەست بێنن. ئەوەی پێوەندی بە شیعەوە هەبێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ كەلتوورێكی حوكمڕانیكردن نین، بە لای كەمەوە لە عێراقدا، ئەوا خراپترین ڕەفتار دووبارە دەكەنەوە و لاسایی سوننەكان و بەعسییەكان دەكەنەوە و خراپترین هەڵەكانی ئەوانی دیكە دووبارە دەكەنەوە، بەتایبەتی لە پێوەندی بە بیرۆكەی پاراستنی یەكێتی و ئایدیای دەوڵەتەوە، بەڵام شیعە ناتوانێت ئەم كارە بكات، لەبەر ئەوەی هیچ كەلتوورێكی فەرمانڕەوایی و حوكمڕانییان نەبووە زۆر كەس ئومێدی ئەوەی هەبوو كە عەبادی لە سەرۆك وەزیرانی پێشوو باشتر بێت، من پێموا نییە هیچ باشتر بێت لە پێوەندی بە حوكمڕانییەوە. ئەمریكا لەسەر ئەسپێكی هەڵە- ئەسپێكی دۆڕاو- گرەو لەسەر هەموو پارە و سەرجەم هەوڵەكانی دەكات.
•ئێمەش ئومێدی ئەوەمان هەبوو عەبادی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ بكات، بەڵام تا ئێستا ئاكامێكی نەبووە؟
ــ بەڵێ، ڕەنگە ئەمە بۆ كوردستان باشتر بێت، ئەو كاتە كورد ڕایدەگەیەنێت كە ئێمە باشترین هەوڵی خۆمان خستەگەڕ و ڕێككەوتنمان كرد، بەڵام بڕوانن چی ڕوودەدات، ئێستاش ئێمە هەموو پاساوێكمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەوەی دەمانەوێت ئەنجامی بدەین.
•كەواتە كەس گلەیی لە كورد ناكات ئەگەر هاتوو سەربەخۆیی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوەی حكومەتی ناوەندی لە عێراق وەك هەموو حكومەتەكانی پێش خۆی پابەندی هیچ رێككەوتنێك نەبووە؟
ـ بەڵێ عەبادی هەمان هەڵەی كەسانی پێش خۆی دووبارە دەكاتەوە لە بەرامبەر كورد و سوننەدا، ئەمە لە كاتێكدا بەغدا لە خراپترین بارودۆخدایە و كاراش نییە، بەڵام ئەمریكا پشتیوانی دەكات.
•ئێستا نەك هەر لە كوردستاندا، بەڵكو لە تەواوی میدیا جیهانییەكانیشدا باس لە سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت، هەروەك ئێوە ئاماژەتان پێكرد، ڕەنگە پێوەندییە خراپەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەرفەتێكی باش بێت و لە هەمان كاتدا هاتنی داعشیش دیسانەوە دەرفەتێك بێت بۆ ئەوەی ئێمە سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی تا ئێستا ئێمە سەربەخۆ نین؟
ـ ئەمە پێویستی بە تێڕوانین و بە بوێری هەیە، لە ڕاستیدا ئەم مەسەلەیە پێوەندی نییە بە ڕەخسانی دەرفەت و باشترین كات، یان هەبوونی خراپترین كاتەوە، بەڵكو ئەمە مەسەلەیەكە پەیوەستە بە بڕیاردانەوە هەیە، چونكە ڕاستە ئێوە دەروازەتان نییە بۆ سەر دەریا، بەڵام سودانی باشوریش دەروازەی نییە بۆ سەر دەریا، سویسراش دەروازەی نییە بۆ سەر دەریا، ڕاستە چەندین دوژمن لە ئارادان و ئێمەش كاتی خۆی حەوت وڵات چوونە شەڕەوە لەگەڵماندا. لەبەر ئەوە هیچ كات باشترین هەلومەرج بۆ دابەشبوون لە ئارادا نابێت، بەڵكو ئەمە پەیوەستە بە بوونی كەسێكەوە، بە سەركردەیەكی خاوەن ڕوئیا و خاوەن هێز و خاوەن بوێری.
•چۆن لە رۆڵی بارزانی دەڕوانیت لە هەنگاوهەڵگرتنیدا بۆ ئەم پرسە؟
ــ پێدەچێت بارزانی زۆر جددی بێت لەم بارەی پرسی سەربەخۆبوونی نیشتمانی كوردستانەوە و ئامادەیە بۆ ئەم ئامانجە هەموو كارێك بكات، لەبەر ئەوەی دەیەوێت لە سایەی سەرۆكایەتییەكەی خۆیدا سەربەخۆیی ڕووبدات، چونكە دەیەوێت پیشانی بدات كە سەركردەی نەتەوەكەیە. ئەو زەمینەسازی دەكات بۆ ئەم كارە، ئەمەش بەندە بەوەی دەیەوێت، زۆر چاوەڕێ نەكات. هەر لەبەر ئەوەشە وتم پرسی سەربەخۆیی پێویستی بە سەركردەیەكی خاوەن ڕوئیا و بوێر هەیە و بەلای منەوە ئەم دوو خەسڵەتە لە بارزانیدا كۆبوونەوەتەوە، من ئەمە دەبینم، هەر لەبەر ئەوەیە كە پێموایە دەكرێت ئەمە ڕووبدات، لە ئایندەیەكی دووریشدا نا.
•بارزانی داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی بكات، ئیدی ئەو ڕاپرسییە لە ژێر چاودێری ڕێكخراوە جیهانییەكان بێت، یان چاودێری پەرلەمان، یاخود چاودێری پەرلەمانی عێراقدا، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
ـ باوەڕم وا نییە لەم كاتەدا پەرلەمانی عێراق كاتی ئەوەی هەبێت، هەروەها پێموایە پەرلەمانی عێراق ئەم پرۆسەیە تێكدەدات و چاودێری ناكات، چونكە دەزانێت ئەنجامەكەی چی دەبێت. هەروەها ئەگەر ئەنجام بدرێت، ئەوا گرنگە، ڕێگە بە چاودێرانی بیانی بدرێت بۆ ئەوەی -پرۆسەكە- پاڵپشتی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەربگرێت، لەبەر ئەوە كارێكی یارمەتیدەر دەبێت و ئەو كاتە هەموو لایەك دەیبینن. بە بۆچوونی من دەرئەنجامەكە زانراوە، هەموو لایەك دەزانێت دەرئەنجامەكە چی دەبێت، بەڵام ئێوە وەك پاساوێك پێویستتان پێیەتی.
•چۆن بتوانین كارێك بكەین دەوڵەتە دراوسێكانیش دەرئەنجامەكە قبووڵ بكەن؟
ــ تۆ كە سەربەخۆیی رادەگەیەنیت، ئەوا سەربەخۆییت ڕاگەیاندووە و تەواو، و ئەو كاتە شەڕ دەست پێدەكات، كاتێك ئێمە سەربەخۆییمان ڕاگەیاند، ڕاستەوخۆ تووشی شەڕ بووین، بەڵام باوەڕم وا نییە دەستبەجێ توركیا شەڕ لە دژی ئێوە دەست پێبكات، پێموانییە ئێرانیش ئەم كارە بكات، لەبەر ئەوەی چەند وڵاتێك پشتیوانی دەكەن، هەنگاریا پاڵپشتی كرد و سەركردەیەكی سعودیەش شتێكی لەو بارەیەوە وت، بە دڵنیاییەوە ئیسڕائیلیش رازییە، بەڵام نابێت باسی ئیسڕائیل بكرێت. بە بۆچوونی من كاتێك تۆ واقیعێكت لەسەر ئەرز دروست كرد، ئەوا شتەكان دەست بە گۆڕان دەكەن. ئایا باشووری سوودان چییە؟ ئایا دەروازەی هەیە بۆ سەر دەریا؟ نەخێر، ئایا شەڕی ناوخۆی لەو وڵاتەدا هەیە، بەڵێ. بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی كوردستان بكەین، ئەوا زۆر باشترە ئەگەر ئەم دوو قەوارەیە بەراورد بكەیت بە یەكتری، ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە كە پاساوەكە بۆ جیهان بهێندرێتەوە كە ئەوەی ئێوە لە ئێستادا مومارەسەی دەكەن، بریتیە لە مافی بڕیاردانی چارەنووس.
•ئێوە باستان لە بڕیارەكەی عەبادی كرد بۆ كشانەوە لە ئەنبار بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی زاڵ بێت. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە شكستی عەبادی –یە، یان ئەمریكا؟
ــ عەبادی شكستی هێنا لە ئەنجامدانی ئەوەی پێویست بوو ئەنجامی بدات، ئەوان چەك و كەلوپەل و ڕاوێژكاریان دەنارد، بەڵام كاتێك پێویست بوو ئەم كارە ئەنجام بدەن بۆ بەرگرتن بە داعش، دەقاودەق پێچەوانەی ئەم كارەیان كرد، واتە كشانەوە، ئەمە شكستی عێراقیەكان بوو. بەڵام شكستی ئەمریكییەكان خراپترە، لەبەر ئەوەی پارەی زیاتر و ڕاوێژكاری زیاتر ڕەوانەی ڕومادی دەكات، كە دووبارە سوپای عێراق شكست دەهێنێتەوە، ئەمە جێی باوەڕپێكردن نییە.
•ئایا تا چەند ڕاستە ئێمە چاومان لە پشتیوانی ئەمریكا بێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین؟
ـ ئەمە ڕاستە، بەڵام من نازانم ئایا بە دەستی دەهێنن، یان نا. ئایا دەزانن ئیدارەی ئەمریكا پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسڕائیل نەدەكرد لەو كاتەدا، تەنها سەرۆكێكی شێت نەبێت. لەبەر ئەوە ڕەنگە كاتێك ئۆباما دەڕوات و سەرۆكێكی نوێ دێت كە ئێستا دەبینین چەند كۆمارییەك باسیان لەوە كردووە پاڵپشتی كوردستانێكی سەربەخۆ دەكەن. بەڵام ئۆباما پشتیوانی ناكات، لەمە دڵنیاین، بە بۆچوونی من ناكرێت چاوەڕوان بن تاوەكو دەڕوات.
•ڕات چییە لەبارەی ئەمریكا و ئێران پێكەوە لە گۆڕەپانی شەڕی عێراقدا كە شەڕی دژ بە داعش دەكەن؟
ــ ئەمە هەڵوێستێكی دیكەی ئەمریكایە كە جێی باوەڕپێكردن نییە، چونكە دەزانن كاتێك سوپای ئێران و ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەكات بەهێز دەبن، ئەوا شیعەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی شانزدە كە ناوچەكە لە نێوان عوسمانییەكان و فارسەكان و بەپێچەوانەوە دابەش ببوو، ئەمە هەمان ئەو حاڵەتەیە كە لە سەدەی شانزەدا لە ئارادابوو، تەنانەت لە سەدەی حەوتەمیش. بۆ كەسێك ئەگەر لێكۆڵینەوەی لەسەر مێژوو نەكردبێت، ئەوا زەحمەتە لەوە تێبگات كە لێرەدا چی دەگوزەرێت. ئەو لایەنەی زۆرترین ناسەقامگیری لە عێراق، هەروەها سعودیە و لوبنان و سوریا دروست دەكات دەوڵەتی ئێرانە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریكا پشتیوانی هێزێكی ناسەقامگیركار دەكات لەبری هێزی سەقامگیركار، بۆ نموونە سعودیە. هەروەها ئەوان میتۆدێك بەكار دەهێنن كە دژیەكی لە خۆگرتووە، هەندێ جار دەستی راست ئاگای لەوە نییە كە دەستی چەپ چی دەكات.
•ئایا ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینیت و جێی كوردستان لەو وێنەیەدا چییە؟
ـ بە بۆچوونی من ناكرێت ئەوەی دەقەومێت پێچەوانە بكرێتەوە، نەخشەی جیۆستراتیژی ناوچەكە گۆڕدراوە، ناكرێت بگەڕێینەوە بۆ عێراقی یەكگرتوو، ناشكرێت بگەڕێینەوە بۆ سووریایەكی یەكگرتوو. ئەمە كۆتایی هاتووە. پرسیارەكە ئەوەیە تا كەی ئەم شەڕە ناوخۆییانە درێژە دەكێشن، تاوەكو زیاتر ئەمریكا و هێزەكانی دیكە درك بەوە بكەن كە ئەو هێزە كێیە سەقامگیری دروست دەكات، كوردستانیش لەو رووەوە قازانج دەكات.
• لە بارودۆخێكی سەخت و پڕ لە جەنگی وەك ئەمەی لە خۆرهەڵاتی ناوین هەیە،پەیامت بۆ كورد چییە ؟
ــ من بە سەرسامییەوە لە دەستكەوتەكانیان دەڕوانم لە هەر كوێیەك بێت، لە عێراق و لە سووریا و لە توركیا و پێموایە سەدەی بیست و یەك، سەدەی كوردە و كاتی ئەوە هاتووە چارەسەری ئەو جینۆسایدە خراپانە بكەنەوە كە لە سەدەی ڕابردوودا بەسەریان هاتووە، هەموو ئەو ئێش و ئازارانەی لە سەدەی ڕابردوودا دووچاری بوون. لەبەر ئەوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم لە پرۆژەكەیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
Top