پڕۆفیسۆر بیڵ سماڵن بەڕێوەبەری دیراساتی ئاسایشی نیشتمانی لە زانكۆی ماكسیۆڵ بۆ گوڵان: هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە سنووردارەو دەبێت فراوانتر بكرێت
November 6, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر بیل سماڵن تا ساڵی 2002 سەرۆكی ستافی نووسینگەی (كۆڵن پاوڵ)ـی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە و ئێستا بەڕێوەبەری پڕۆگرامەكانی دیراساتی ئاسایشی نیشتمانییە لە زانكۆی ماكسویل بۆ چۆنیەتی پێكەوە كاركردنی بەرپرسە سەربازی و مەدەنییەكان، بۆ قسەكردن سەبارەت بە هاوكارییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئاسۆی سەركەوتنەكان لەسەر زەوی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردووە و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* هەتا ئێستا ئەمریكا هاوكارییەكی سنوورداری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، ئایا ئەو هاریكارییانە بەشی ئەوە دەكات سەركەوتنی گەورە بەسەر تیرۆریستانی داعش تۆمار بكرێت؟
- ئەو هاوكارییەی لەلایەن ئەمریكاوە پێشكەشی هێزی پێشمەرگە كراوە، زۆر سنووردارە و هەر بەشی ئەوە دەكات كە ببێتە هۆی راگرتنی پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعش، بەڵام مەرج نیە ببێتە چارەسەرێك بۆ پاشەكشەپێكردنی داعش لەوەی نەتوانێت ئامانجەكانی لە كۆبانێ بەدەست بهێنێت. بۆیە لەم حاڵەتە دەبێت ئاستی هاریكارییەكان بۆ هیزەكانی سەر زەوی زیاتر بكرێت.
* ئیدارەی سەرۆك ئۆباما زۆر جەخت لەسەر سەركەوتنی حكومەتی عەبادی دەكاتەوەو ئاماژە بەوە دەكەن، ئەگەر ئەم حكومەتە سەركەتوو بێت، ئەوا كورد و سوننە و شیعە دەتوانن لە یەك بەرەدا شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن، ئایا ئەمە لە حكومەتی بەغدا چاوەڕێ دەكرێت؟
- لە ئێستادا حكومەتی عێراق توانای ئەوەی نییە ئاسایشی پێویست دابین بكات، نەك تەنها بۆ بەرگریكردن لە بەغدا، بەڵكو بۆ تێكشكاندنی داعشیش. پێویستە حكومەتی عێراق وەبەرهێنانی زیاتر بكات لە بواری ئاسایشدا و پێویستە بە خێرایی ئەم كارە بكات. ئەو كێشەیەی لە ماوەی خولی پێشووی مالیكدا هەبوو، لە پەیوەندی بە بایەخدان بە ئاسایش لە وڵاتەكەدا، بە شێوەیەكی بەرچاو نەگۆڕاوە لەلایەن ئەم حكومەتە نوێیەوە. كەواتە كات گرنگیەكی بنەڕەتی هەیە بۆ باشتركردنی تواناكانیان.
* لە رووی ئەمری واقیعەوە دەوڵەتی ئیسلامی سنوورەكانی سڕیوەتەوە و عێراق كۆنتڕۆڵی بەسەر سنوورەكانی سوننەكانی عێراق و سوریادا نەماوە، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ نەخشە كۆنەكە، یاخود عێراق و سوریا بۆ چەند وڵاتێك دابەش دەبن؟
- من متمانەم هەیە بەوەی دەتوانرێت داعش تێكبكشێندرێت و تێكیش دەشكێندرێت، هەروەها متمانەم هەیە بەوەی لە كۆتاییدا دۆخێكی ئاسایی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە. بەڵام سوریا حاڵەتێكی جیاوازترە بەهۆی رژێمەكەی ئەسەد و بەهۆی ئەوەی ئامادە نییە گوێ بۆ گفتوگۆ و نیازی ئاشتیخوازانە بگرێت، كەواتە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژتر شەڕ لە سوریا بەردەوام دەبێت. بەڵام بەهۆی ئەو هێزە ئاگرینەی ئەمریكا و وڵاتانی دیكە لە دژی داعش دابینی دەكەن، ئەوا دەتوانن نەك هەر تەنها سستیان بكەین، بەڵكو پاشەكشەیان پێ بكەن، بۆ ئەو شوێنانەی لێوەی هاتوون. متمانەم بەوە هەیە كە ئێمە بەسەر نیازەكانی ئەواندا زاڵ دەبین.
* سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەكان هێشتا داعش لە جموجوڵدایە لە كۆبانێ، ئایا پێویست ناكات هێزی زەمینی رەوانە بكرێت؟
- بە ڕای من لە كۆتاییدا بەسەر داعشدا زاڵ دەبین، ئێمە راوێژكارمان ناردووە و بۆردومانە ئاسمانییەكانمان زیاتر كردووە، ئەو بۆردومانانەش زیاتر دەبن لە كاتێكدا كە داعش پێشڕەوی دەكات، بەڵام ئێمە لە كۆتاییدا زاڵ دەبین. لەمەش زیاتر بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە بەرەو كۆبانێ بڕیاریكی لۆژیكییانە بووە.
* ئایا پێتوا نییە پێویستە لە ئێستادا هاوپەیمانان ستراتیژیەتی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی بەتەواوی بەسەر تیرۆریستاندا سەركەوتن بەدەست بهێنن؟
- من ئومێدی ئەوەم نییە هاوپەیمانان سەركەوتوو بن لە سوریا. هەروەها پێموا نییە هیچ بەدیلێكی دیكە هەبێت، جگە لەوەی ئێستا ئەنجامی دەدەین، ئێمە هێزی زەمینی رەوانە ناكەین و ئەوەی لێی بەردەوام دەبین بریتییە لە هێرشی ئاسمانی، بەڵام ناتوانین لە هەموو شوێنێكی سوریا ئەو هێرشانە بكەین كە پێویستیشن، ئەویش بەهۆی كێشەی بواری ئاسمانییەوە لە سوریا، كەواتە دەبێت وریا بین لەوەی فڕۆكەكانمان بۆ كوێ دەنێرین، لەبەر ئەوە لە پەیوەندی بە سوریاوە من گەشبین نیم.
* چۆن لە بایەخدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە كوردستان دەڕوانیت، وەك سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا و هاوكارییەكانی ئۆباما؟ ئایا ئەمریكا و ناتۆ دەتوانن وەك هێزی زەمینی پشت بە پێشمەرگە ببەستن؟
- ئەوان دەبێت پشت بە پێشمە رگە ببەستن، بەڵام پێموایە زۆر زووە بۆ ئەوەی ئەوە دیاری بكەین كە ئەمە چۆن دەكەوێتەوە، من ئومێدەوارم كە هەوڵەكەیان سەركەوتوو بێت.
* ئەی سەبارەت بەو جیاوازییانەی لە نێوان دەوڵەتانی هاوپەیمان لە بارەی شەڕی دژی داعش لە ئارادایە، ئایا ئەم جیاوازییانە نابێتە فاكتەرێكی نەرێنی بۆ دابەشبوونی شەڕەكە بۆ شەڕی نێوان شیعە و سوننە؟
- پێموایە لە سەرەتادا ئەوە دابەشبوونێكی گرنگ و دابەشبوونێكی ئایینی بوو، كە كەرتبوونیشی لێكەوتەوە، بەڵام پێموا نییە ئەو دابەشبوونە چارەسەر بكرێت، ئەگەر هاتوو لە دەرئەنجامدا شیعە و سوننە هەوڵ و تواناكانی خۆیان یەك نەخەن بۆ زاڵبوون بەسەر دابەشبوونی ئایینی لە رێگەی پیادەكردنی عەمەلی هێزەوە.