رێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی و ئابووريی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:پابەند نەبوونی حكومەتی ناوەند بە دەستوور و فیدڕاڵیەت و شەراكەتی راستەقینە هۆكاری سەرەكی كێشەكانە

رێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی و ئابووريی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:پابەند نەبوونی حكومەتی ناوەند بە دەستوور و فیدڕاڵیەت و شەراكەتی راستەقینە هۆكاری سەرەكی كێشەكانە
پاش ئەوەی رەوشی ئابووريی هەرێمی كوردستان بە هۆی گەمارۆ داراییەكەی حكومەتی ناوەندەوە رووی لە نالەباری كردو هاوكات شەڕی داسەپاوی داعش بۆ سەر كوردستانیشی هاتەسەر، گەرچی خەڵك و سەركردایەتی سیاسی لە كوردستان بە ئیرادەو خۆڕاگرییەوە رووبەڕووی ئابڵوقەو هێرشە ناڕەواكان بوونەوە، بەڵام بەگشتی باری بژێوی خەڵك ناسەقامگیری و نیگەرانی لێ كەوتەوە. سەبارەت بە شرۆڤەو تاوتوێكردنی هەندێ پرس و رای ئابووری و دارایی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی وەزیری دارایی و ئابووريی حكومەتی هەرێمی كوردستان (رێباز محەمەد حەملان) كرد، بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
گوڵان: پاش ئەوەی لە لایەن حكومەتی ناوەندەوە بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕدرا، ئەمە وایكرد كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراو و هەستیاردا تێپەڕێت، وەك وەزیری دارایی و ئابووری و كەسێكی شارەزا چ خوێندنەوەیەكتان بۆ دۆخی ئابووريی هەرێمی كوردستان هەیە؟
رێباز محەمەد: بێگومان لە ئێستادا ئابووريی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی هەستیاردايە، بەتایبەتی پاش ئەوەی حكومەتی ناوەند لە سەرەتای ساڵی نوێوە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە، دەتوانم بڵێم ئابڵوقەیەكی ئابووريی توندی لەسەر هەرێم داناوە، كە ئەم ئابڵوقەیە خۆی دەبینێتەوە لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەی حكومەتی هەرێم و كەمكردنەوەی بەشە دەرمان و سووتەمەنی و تاد.... دیارە ئەمەش كاریگەریيەكی راستەوخۆی بۆ سەر ژیان و بژێوی هاووڵاتیان دروست كردووە، كە سەرجەم جومگەكانی ژیانی گرتەوە، پڕۆژە درێژخایەنەكان تا راددەیەك راگیراون و پڕۆژە نوێيەكانیش بەهۆی نەناردنی بودجە و پەسەند نەكردنیەوە لە پەرلەمان ئەو پڕۆژانەش نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، جگە لەوەش شەڕی داعشیش بارودۆخێكی ناهەموارتری هێنایە كایەوە كە بەو هۆیەوە سەدان هەزار خێزانی ئاوارە بەرەو شارەكانی هەرێم هەڵهاتن، ئەمەش دۆخێكی نالەبارتری بۆ هەرێم دروستكردووە و حكومەتی هەرێم تووشی قەیرانێكی دارایی قورستر كردەوە. كارەساتی مرۆیی دروست بووە، لەگەڵ ئەمەشدا حكومەتی هەرێم هەموو تواناكانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە نالەبارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە رووی دابینكردنی شوێن، ئاو، كارەبا، خواردن و دەرمان بۆ ئاوارەكان، بێگومان ئەمانە هەموویان پێكەوە كاریگەریيەكی نەرێنیان لەسەر ئابووريی هەرێم دروست كرد.
گوڵان: شەڕی داعش بە راددەیەكی زۆر زیانی بە ئابووريی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو جیهانيش گەیاندووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری چ رێوشوێنێكیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی شەڕی داعش گرتۆتەبەر؟
رێباز محەمەد: دیارە ئێمە كە باسی چەمكی ئابووريی جەنگ دەكەین، پێمانوایە وڵات لە حاڵەتی جەنگدایە و تووشی زیانی ئابووری بووەتەوە، كاریگەریيەكانی جەنگیش بەسەر بژێوی هاووڵاتیانەوە زیاتر بەدیار دەكەوێت. لە ئێستادا هێزەكانی پێشمەرگە بە درێژایی 1050 كم لە بەرەی جەنگدان دژی هێرشەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش، ئەمەش رووبەرێكی فراوان و توانایەكی دارایی و ئابووری و سەربازی زۆر و زەبەندی دەوێت، دەبێت هەموو ئامادەكاری و رێوشوێنەكان بگرینەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ هەرێمی كوردستان. بوونی سەدان هەزار ئاوارەش قورسایيەكی زۆری خستۆتە سەر هەرێم، لە رووی دابینكردنی شوێن و پێداویستيیەكانی ژیانەوە كە بەڕێوەبردنیان زەحمەتە، ئەمەش بێگومان لەم بارودۆخەی ئێستادا كە حكومەتی ناوەند بەشە مووچە و بودجە نانێرێت، قەیرانەكەی قووڵتر كردۆتەوە، دیارە كاریگەریشی هەبووە لەسەر بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەكان، هەر بۆ نموونە پێشتر لە70%ى هەناردەی توركیا بۆ عێراق لە رێگەی خاڵە گومركییەكانی هەرێمەوە بوو، بەڵام لە ئێستادا زۆر كەمی كردووە، بەهۆی شەڕی داعشەوە ناوچەكان لێك ترازاون، وەنەبێ شەڕی داعش كاریگەری و نەرێنی بەس بەسەر هەرێمەوە بێت، بگرە ناوچەكەو وڵاتانی دیكەشی گرتۆتەوە، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ كە هەموویان رێوشوێنی پێویستیان گرتۆتەبەر، ئەم ناسەقامگیریيەش بووەتە هۆی راگرتنی كاری هەندێ لە كۆمپانیا بیانيیەكان، جگە لەمەش لە رووی گەشتیاريیەوە هەرێم و ناوچەكە زیانی زۆریان بەركەوتووە، چونكە گەشتیار مەرجی سەرەكیيان بۆ هەر وڵاتێك، ئاراميی ناوچەكەیە، هەروەها تێچووی جەنگ لە رووی ئابووریيەوە كاریگەری خۆی هەیە.
گوڵان: حكومەتی ناوەندی لەچارەسەركردنی زۆربەی كێشەكان خۆی دەدزێتەوە، گەمارۆ ئابوورییەكەی بەغداش لەسەر هەرێمی كوردستان ئەگەری بەردەوامبوونی هەیە، لەو بارەیەوە راتان چیيە؟
رێباز محەمەد: پابەندنەبوونی حكومەتی ناوەند بە دەستوور و باوەڕنەبوون بە فیدڕاڵیەت و دیموكراسی و شەراكەتی راستەقینە و بە مەركەزیكردنی هەموو دەسەڵاتەكان، هەروەها جێبەجێنەكردنی ماددەی (140) و یاسای نەوت و غاز و نەناردنی بودجەی پێشمەرگە لە ساڵی (2007)ـەوە هۆكارێكی ئەو بارودۆخەن كە هاتۆتەئاراوە، بۆیە پێویستە حكومەتی نوێی عێراق بە جددی لە رێگەی دەستوورەوە چارەسەری تەواو بۆ ئەم كێشانە بدۆزێتەوە. ئێستا لە رێگەی شاندی دانوستانكاری كورد گەیشتوونەتە رێگەچارەیەك بەپێی رێككەوتنەكانیش دەبێت لە ماوەی ساڵێك ماددەی (140) جێبەجێبكرێت، بەپێی ئەو قۆناغانەی لە ماددەكە دەستنیشانكراوە، چونكە ئەوەی لە حكومەتی مالیكی بینرا، بە بڕینی قووتی هاووڵاتیانی كوردستان لە مێژووی نوێدا كاری وەها لە هیچ حكومەتێكی دنیا نەبینراوە.
گوڵان: ئەو ناوچە كوردستانيیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە گەڕاونەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت؟ واتە ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان و ئەو رووبەرە فراوانە لە رووی ئابوورییەوە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن؟
رێباز محەمەد: گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیيەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەكو پێشتر ئاماژەم پێكرد بەپێی ماددەی (140) دەستوور دەبێت و خاڵێكی سەرەكیشە لە نێوان كێشەكانی هەولێر و بەغدا و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت. دیارە بە گەڕانەوەی ئەم ناوچانە، دەبێت چاوێك بە رێژەی بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بخشێندرێتەوە بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەشە بودجەی هەرێم حيساب بكرێت. لەگەڵ ئەمەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان درێغی نەكردووە لە خزمەتكردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دامەزراندنی هەزارەها هاووڵاتی كورد لەم ناوچانە كە ئەمەش بەڕاستی قورساییەكی زۆری خستۆتە سەر بودجەی هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم بە ئەركی سەرشانی خۆی زانیوە كە هەرچی لە توانایدا بێت بۆ خزمەتكردنی ئەم ناوچانە درێغی لێنەكات، بۆ پاراستن و ئاسایشی ناوچەكەش بە هەزاران پێشمەرگە و ئاسایشەوە پارێزگاری لێدەكەن، جگە لەوەش وەزارەتی دارایی هەرێم رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پێدانی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری و خزمەتگوزاريی دیكە.
گوڵان: بۆ رووبەڕووبوونەوی ئەو قەیرانە و كەمكردنەوەی خەرجی زیادەو كۆكردنەوەو دووبارە رێكخستنەوەی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم چی كراوە؟
رێباز محەمەد: بێگومان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەو پلانی نوێ راگەیەندرا، وێڕای ئەو بارودۆخەی ئێستا و قەیرانی ئابووری كە لە ئارادایە، چەندین رێوشوێنی پێویستی گرتۆتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوی ئەو قەیرانە لە رووی كەمكردنەوەی خەرجیيەكان و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات و دانانی چەندین لیژنە لە وەزارەتی دارایی بۆ چاوخشاندنەوە بەو قەرزانەی كە حكومەت لای كۆمپانیا و بانكەكان و هاووڵاتیان هەیەتی، كە لە پێدانی پێشینەكان سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە حكومەتی هەرێم بە بەرنامە و پلانی تۆكمەوە لە هەوڵی ئەوەدایە ئابووریيەكی سەربەخۆ و ژێرخانی ئابووری خۆی بەهێزتر بكات كە سەرجەم بوارەكان بگرێتەوە.
گوڵان: بۆ چارەسەری كەميی سیولەی نەختینەیی چی كراوە؟
رێباز محەمەد: وەك پێشتر باسم كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی پێویستمان بە بەرنامەو پلانی تۆكمە هەیە و دەبێت راوێژ بە كەسانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون بكەین، جگە لەوەش پێداچوونەوە بەو رێنماییانە بكرێت كە بارودۆخەكە وادەخوازێت هەموار بكرێتەوە، هەروەها پێویستە هەوڵ بدەین بانكە بازرگانيیەكان جموجۆڵی زیاتر بە خۆوە ببینن و متمانەی بانكەكانیش بگەڕێنينەوە، هاوكات بە شێوەیەكی سەردەميیانە پێداچوونەوە بە سیستەمی بانكی بكرێت.
Top