جامیس لی رەی تایبەتمەند لە تەنگژەی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: هەموو ئەو خەڵكانەی رۆژئاوا كە پەیوەندی بە داعشەوە دەكەن بە جۆرێك پەیوەندییان بە ئیسلام و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە

جامیس لی رەی تایبەتمەند لە تەنگژەی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: هەموو ئەو خەڵكانەی رۆژئاوا كە پەیوەندی بە داعشەوە دەكەن بە جۆرێك پەیوەندییان بە ئیسلام و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە
پڕۆفیسۆر جامیس لی رەی، ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی ڤاندەر بێڵت و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە سەر دیموكراسی و تەنگژەی نێودەوڵەتی و هەروەها تایبەتمەندە لەسەر شەڕی دژی ئاشتی دیموكراتی كە تیرۆریستان ژینگەی ئاشتیی دیموكراتی بە فرسەت وەردەگرن، بۆ قسەكردن لەسەر جیاوازیی نێوان ریكخراوی تیرۆریستی داعش لەگەڵ ئەلقاعیدە و هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم شەڕەدا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە
* رێكخراوی تیرۆریستانی داعش لە هەمان سەرچاوەی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام زۆر لە چاودێران داعش بە جیاواز لە ئەلقاعیدە سەیر دەكەن، ئایا ئەو جیاوازییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- پێموایە ئەو شەڕەی ئێستای تیرۆریستانی داعش جۆرێكی نوێی شەڕە، قۆناغی ئێستای سیاسەتی نێودەوڵەتی یاخود سیاسەتی جیهانی لە دژی تیرۆر لەو كاتەدا دەستی پێكرد كە ئەلقاعیدە هێرشی كردە سەر نیویۆرك، مانهاتن، هەروەها پەنتاگۆن، ئەوە سەرەتای قۆناغی ئێستای سیاسەتی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بوو. تیرۆریستی نەتەوەبڕ هەوڵەكانی زۆر چڕ نەدەكردەوە لە دەستبەسەرداگرتنی خاكدا، بەڵكو زیاتری بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی تەركیزی لەسەر مەشقپێكردن دەكرد. ئەوەی نوێ جیاوازە و داعش هەوڵەكانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاك چڕدەكاتەوە و داهاتی نەوتی كۆنتڕۆڵ كردووە و دەستی بە سەر ئەندازەیەكی زۆر لە كەل و پەلی سەربازیدا گرتووە، كەواتە لە رووی دارایی و كەلوپەل و ئامانجەكانی بۆ بەدەستبەسەداگرتنی خاك، دەریدەخات زیاتر وەك دەوڵەتێك شەڕ دەكات، ئەگەرچی هاوشێوەی دەوڵەتێكی تەقلیدیش نییە، بەڵكو دەوڵەتێكە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەك و داهاتی نەوتەوە خۆی دروست كردووە.

* ئەمریكا پێیوابوو دوای بن لادن قاعیدە كۆتایی هاتووە، بەڵام داعش بە هێزێكی زیاترەوە دەركەوت. ئایا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی تا چ راددەیەك دەتوانێت درێژە بەم شەڕە بدات لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و چۆن سەیری ئەم شەڕە دەكەیت؟
- ئەوەی ئاشكرایە ئەمە حاڵەتەكەیە كە شەڕی دژە تیرۆر بەردەوامە، ئەمریكا بۆ ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵ شەڕی لە عێراقدا كرد و بۆ ماوەی سیانزە بۆ چواردە ساڵە شەڕ لە ئەفغانستاندا دەكات و لە لیبیادا شەڕی بەرپاكرد و ئێستاش ئەمریكا بەتایبەتی دوودڵە لەوەی هێزی زەمینی بڵاو بكاتەوە و ئاشكرایە ئەم جۆرە رێكخراوەش بەتایبەتی پێویستی بەوە هەیە لە سەر زەوی رووبەڕووی ببینەوە. كەواتە جۆرێكی نوێی شەڕ لە ئارادایە و پێویست بەوە دەكات لە رێی هێزی زەمینییەوە رووبەڕووی ببینەوە. بەڵام ئەمریكا لەم قۆناغەدا زۆر دوودوڵە لەوەی بە هێزی زەمینی تێوەبگلێت.

* بەپێی سەرچاوەكان ژمارەیەكی زیاتری هاووڵاتیانی رۆژئاوا دەچنە نێو ریزەكانی داعشەوە و پشتیوانییان لەو وڵاتانەدا زیاتر دەبێت، ئایا ئەو كەسانە خەڵكی ئەسڵی ئەو وڵاتانەن، یاخود كۆچبەرن و هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن؟ بەگشتی ئایا ئەوانە هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر رۆژئاوا زیاتر ناكەن؟
- من دیراسەتێكی سیستماتیكم لەبارەی ئەم پرسەوە نەكردووە، بەلای منەوە زۆربەی ئەو كەسانە جۆرێك لە رایەڵی پەیوەندییان هەیە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە ئیسلام و بە ناوچەكەوە هەیە و پێموایە مەترسی دروست دەكات و نازانم چۆن نكۆڵی لەوە دەكرێت كە بوونی هاووڵاتی ئەمریكی لەوێدا كە شەڕ بكات و راهێنان بكات، بە ئاسانی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا و دەتوانن پشتیوانی یەكتر بكەن و پەرە بە چالاكییەك بدەن، یاخود هێرش بكەنە سەر ئامانجگەلێك، ئەمە بۆ كەسێك ئاسانترە كە لێرە لە ئەمریكا لە دایك بووبێت و گەورە بووبێت، وەك لەوەی بۆ كەسێك لە عێراق، یان سعودیە لە دایك بووبێت. بۆیە من لەوەدا هاوڕام كە داعش بە بەراورد بە ئەلقاعیدە خەڵكانێكی زیاتری لە رۆژئاواوە هێناوەتە رێزەكانیەوە، ئەمەش تواناكانی زیاتر كردووە بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی لە ئەمریكا. لەبارەی ئەوەش كە ئایا هەڕەشە بۆ سەر دیموكراسی دروست دەكات؟ من پێموایە دەبێت ساویلكە بین گەر پێمانوابێت هەڕەشە لەسەر دیموكراسی دروست ناكات. ئەمریكا لە كاردانەوە جۆراوجۆرەكانیدا بەرامبەر ئەلقاعیدە هەڕەشەی بۆ سەر ئازادییە مەدەنییەكان دروست كرد، رەنگە ئەمە پاساوی خۆی هەبووبێت، بەڵام باوەڕم وا نییە كەس نكۆڵی لەوە بكات كە ئازادییە مەدەنییەكان سنووردار دەكران و هەندێ جار رێزیان لێنەدەگیرا.

* ئەی چۆن دەكرێت رێگرییان لێبكرێت؟
- چەكدارانی داعش هەوڵدەدەن داب و نەریتێك بچەسپێنن كە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، تەكنەلۆژیا و تەكنیكی مۆدێڕنیش بەكار دەهێنن، ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاواش بێ توانا نین لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی لەم شێوەیە، چونكە لە رێی سوپا و بیریارانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاواشەوە بایەخ بە تەكنەلۆجیا و شەڕی ئەنتەرنێت دەدرێت.
* دەركەوت كە هێرشی ئاسمانی بەس نییە بۆ كۆتایی هێنان بە هێزەكانی داعش، بۆ نموونە سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەكان لە كۆبانێ، ئەوان هەر لە پێشڕەویدان، تا چ راددەیەك ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پەنا ببەنە بەر هێرشی زەمینی؟
- من پێشبینی ناكەم ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا چی دەكەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە لەبەرچاو دەگرم كە ئەوە روونە فشارەكان بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە زیاتر دەبن، لەبەر ئەوەی هێرشە ئاسمانییەكان پاشەكەشەیان پێناكات و لەم ساتەوەختەدا مەترسییەكی گەورەی لەسەر دروست نەكردوون، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكاش رایگەیاندووە كە رەنگە پێویست بەوە بكات هێزی زەمینی بەكاربهێنرێت. لەبەر ئەوەی هێرشە ئاسمانییەكان سەركەوتوو نین، ئەوا فشاری زیاتر لەسەر ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا دروست دەبێت بۆ ئەوەی بەلای كەمەوە هێزی تایبەت بنێرن.
Top