تیموسی وایت پسپۆڕ لە سیاسەتی شەڕ و ئاشتی بۆ گوڵان: شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لەسەر زەوی یەكلایی دەكرێتەوە نەك لە ئاسمانەوە
October 25, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر تیموسی جی وایت، ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی زافیر لە ولایەتی ئۆهایۆ و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی شەڕ و ئاشتی و هەروەها پسپۆڕە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا، بۆ بەدواداچوون لەسەر گۆڕینی شیوازی تاكتیكی شەڕ لە لایەن تیرۆریستانی داعش و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی هاوپەیمانان بۆ لیدانی داعش، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو* شەڕی ئێستای هاوپەیمان شەڕی زیاتر لە 60 دەوڵەتە دژی كاراكتەرێكی غەیرە دەوڵەتی بەناوی داعش، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو كاراكتەرە هەڕەشەی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروستكردووە، بۆیە پرسیار ئەوەیە تا چەند شەڕی داعش سیاسەتی شەڕ و ئاشتی لە جیهاندا گۆڕیوە؟
- ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە كە بەڕاستی تیرۆریستانی داعش تەحددی و هەڕەشەیەكی نوێن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا، هەموو ئەو دەوڵەتانەی خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرین و شەڕیان ناوێت، بەرژەوەندییان لەوەدایە كە تیرۆریستانی داعش بوەستێنن و رێگری لەوە بكەن ئەم گرووپە خۆی رێك بخاتەوە و شەڕ بكات. من ناڵێم ئەمە بە تەواوەتی نوێیە لە شێوازی شەڕدا، چونكە لە دوای دامەزراندنی سیستمی دەوڵەتەوە شەڕی دژ بە دەوڵەت هەر هەبووە، ئیتر لە شێوەی شەڕی ناوخۆدا بێت، یاخود لە شێوەی رێكخستنی گرووپێكدا بێت لە دەوری ئایدیۆلۆژیایەك كە لە سنووری دەوڵەتێكی دیاریكراو دەبڕێت و شوێنكەوتەی كەیسێكی یان بەرژەوەندییەكی دیاریكراوە.
* ئەوەی لە تاكتیكی تیرۆریستانی داعش سەرنج دەدرێت، ئەوەیە تیرۆریستانی داعش تێكەڵاوی شارەكان بوون، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك لە ئاسمانەوە هێرش دەكرێتە سەریان، ژێرخانی ئەو شوێنانە كاول دەبن، ئایا تاچەند ئەم حاڵەتە ئاستەنگی بۆ هاوپەیمانان دروستكردووە؟
- من لەوە دڵنیا نیم كاتێك ژێرخانی شارێك كاول دەكرێت، چەندی پێدەچێت هەتا بنیات دەنرێتەوە، بەڵام دەڵێم كە تاكتیكی جۆراوجۆر هەن جگە لە تێكشكاندنی بەربڵاوی شارەكان و ژێرخانی شارستانی كە بۆی هەیە هەوڵەكانی تێكشكاندنی داعش لاواز بكات، ئەمەش نەك تەنها رێگری دەكات لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، یاخود هێرشی ئاسمانی، بەڵكو هەماهەنگی لە بواری هەواڵگری و شەڕكردن لە ناوچە مەحەلیەكاندا كە پتر تاكتیكی سەربازی تەقلیدی بەكار دەهێنێت بۆ تێكشكاندنیان، ئەمەش بەو مانایەی مەرج نییە هەوڵ بدرێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئەم هێزانە ببیتەوە، بەڵكو دەكرێت لە پشتەوە و لە لاوە هێرش بكرێتە سەریان و داعشیش ناوچەیەكی بەربڵاوی لەبەردەستدایە كە دەیەوێت كۆنتڕۆڵی بكات و هەماهەنگی بكات تێیدا، كە دەكرێت بە ئاسانی دابەش بكرێت لە رێی هێرشكردنەسەر ئەڵقە لاوازەكە، یاخود هێڵی گواستنەوە و هتد، لەبەر ئەوە پێشبینی من ئەوەیە كە رووبەڕووبونەوەیەكی راستەوخۆی بەربڵاو روونادات لەگەڵ هێزە زەمینیەكانی داعشدا لە شارەكاندا، بەڵكو هەوڵدەدرێت لە رێی پچڕاندنی هێڵەكانی گواستنەوە تێكیان بشكێنن و رێگریان لێبكرێت بەوەی نەتوانن هەماهەنگی بكەن لەگەڵ داعشەكانی دیكەدا كە بوونیان هەیە لە شار و شارۆچكەانی دیكەدا كە پتر بە شێوەیەكی مەركەزی رێكخراون.
* ئەوەی داعش هەوڵی بۆ دەدات، ئەلقاعیدە بەو جۆرە نەبوو، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە ئایدیۆلۆژیەتی داعش لە ئەلقاعیدە جیاوازە؟
- مەترسیدارتربوونی داعش لە ئەلقاعیدە هیچ پەیوەندیەكی نییە بە ئایدیۆلۆژیاوە، بەڵكو پتر پەیوەندی بە توانای ناوخۆییەوە هەیە، چونكە داعش سەلماندوویەتی دەتوانێت خەڵكی زیاتر و بە شێوەیەكی كاراتر رێكبخات بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا زیاتر لەوەی ئەلقاعیدە كردی. لەبەر ئەوە توانا باڵاكەیەتی كە بۆتە هۆی ئەوەی ببێتە هەڕەشە لەسەر رۆژئاوا، یان بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا، نەك ئایدیۆلۆژیاكەی، واتە پێموا نییە ئایدیۆلۆژیایەكی دوژمنكارانەتری هەیە لە ئاست رۆژئاوا بە بەراورد بە ئەلقاعیدە، چونكە هەردووكیان مەیلی دژ بە رۆژئاوایان هەیە، كەواتە جیاوازییەكە لە ئایدیۆلۆژیادا نییە، بەڵكو لە توانایاندایە.
* ئەگەر بیر لە گوشار خستنە سەر داعش بكرێتەوە بۆ وشككردنی سەرچاوەی دارایی و رێگرتن لە پەیوەندیكردنیان، تاچەند ئەمە كاریگەری دەبێت و تا چ راددەیەك سەركەوتن مسۆگەر دەكات؟
- ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە گواستنەوەی پارەوە لە رێی ئەلەكترۆنییەوە، ئەوا دەتوانن تا راددەیەك ئەم كارە بكەن، بەڵام تەنانەت ئەگەر پارەی كاشیان لەبەردەستدا بێت، ئەوا رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەتوانن بە شێوەیەكی كاراتر گەمارۆیەكی ئابووری توندتر بخەنە سەریان، یاخود وەك پێشتر وتم دەتوانن بە پچڕاندنی هێڵی گواستنەوە لە نێوان ئەو ناوەند و خاكانەی لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كراون، فشاری زۆریان بۆ دروست بكەن، چونكە چەكدارەكانیان و سوپاكەیان پێویستیان بە سووتەمەنی و خواردن و كەل و پەلی سەربازی هەیە، كە دەكرێت ئەو هێڵانە بە شێوەیەكی كارا بپچڕێنرێن، ئەویش لە رێی بۆردومانكردنی ستراتیژیی رێگە و بان و پردەكانەوە، بەڵام بە شێوەیەكی عەمەلیتر دەكرێت لە رێی هێزی زەمینییەوە بكرێت، كە مەیلیان بۆ رۆژئاوا هەبێت، یان هاوپەیمانی رۆژئاوا بن و دژ بە داعش بن كە تێكیان بشكێنن. ئەگەرچی داعش باش رێكخراوە، بەڵام رۆژئاوا و كاراكتەرە مەحەلییەكان بەرژەوەندی تەواویان هەیە لەوەدا كە بە سەریاندا زاڵ بن، ئەویش رەنگە بەم نزیكانە نەبێت، بەڵكو لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.
* بەڵام هەموو ئەمانە و هێرشە ئاسمانییەكانیش نەبوونە هۆكاری ئەوەی داعش لە پێشڕەوی بوەستێنرێت، ئەمە چۆن سەیر دەكەیت؟
- ئەمە گەورەترین تەحەددیە، لەبەر ئەوەی تەواو ئاشكرایە ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا نایانەوێت هێزی زەمینی بڵاوبكەنەوە لە نزیك ئەو خاكانەی داعش كۆنتڕۆڵی كردوون و رەنگە پێویستی بە هێزی مەحەلی هەبێت، رەنگە وڵاتانی كەنداو دوور بن و ئەوەی زیاتر عەمەلییە ئەوەیە كە لە وڵاتانی وەك عێراق و توركیا و ئەردەن و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە كە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە چەك و كەل و پەل و زانیاریی هەواڵگرییان پێبدرێت بۆ ئەوەی بزانن لە كۆێدا و چۆن هێرش بكەن. پێموایە ئەو مۆدێلەی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی دیكەی ناتۆدا بەكاری دەهێنێت ئەوە دەبێت كە لە سەرەتادا ئەمریكا بەكاری هێنا لە دوای ساڵی 2001ـەوە و لە دوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەرەوە، كە هێزێكی زەمینی كەمیان بڵاوكردەوە، بۆ نموونە لە ئەفغانستاندا بۆ تێكشكاندنی تاڵیبان لەو كاتەدا زیاتر هێزی ناوخۆییان بەكارهێنا.
* رای گشتی ئەمریكا بەرامبەر بە هەڕەشە و مەترسیی داعش چۆن دەبینیت؟
- پێموایە سەربڕینەكان كاریگەری گەورەیان هەبوو لە ئەمریكا و بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە سەدا 60ی ئەمریكا پشتیوانی هێرشی سەربازی لە دژی داعش دەكەن، ئەگەرچی پاڵپشتییەكە بۆ هێرشی زەمینی كەمترە، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەویش تا راددەیەك بەرزە، بە لەبەرچاوگرتنی ناڕازیبوونی رای گشتی ئەمریكا لە ئاست شەڕی عێراق و ئەفغانستان، بەڵام تاوەكو داعش زیاتر خەڵكی رۆژئاوا بكوژێت، یاخود دەستگیر بكات، ئەوا خەڵكانێكی زیاتر لە رۆژئاوا هاوڕا دەبن لەسەر ئەوەی پێویستە هێرشی زیاتر بكرێتە سەریان، كەواتە نەك بە راددەیەكی گەورە بەڵام هاوسۆزییەكی بەرچاو هەیە، بۆ بەكارهێنانی هێزی زەمینی لەلایەن ئەمریكاوە. كێشەی درێژخایەنی هەر دەستێوەردانێكی دەرەكیش لەلایەن هێزی ئەمریكاوە بێت، یان توركیا، یاخود هێزی بەشەكانی دیكەی ئەوروپا، ئەوەیە كاتێك ئەو هێزانە دەكشێنیتەوە چۆن ئەو بۆشاییە سیاسیە پڕدەكەنەوە، كە مەرج نییە لەلایەن داعشەوە پڕبكرێتەوە، بەڵكو لەلایەن گرووپی دیكەوە و شكستهێنانی ئەمریكا لە پڕتفاقكردن و راهێنان و چەسپاندنی سوپای عێراقی لەوەی بتوانێت كۆنتڕۆڵی خاك بكات، مایەی زۆرترین كێشەیە. ئەوە ئاشكرایە داعش خزمەتی بە بەرژەوەندیی حكومەتی سووریا كردووە لەوەی دەست بە دەسەڵاتەوە بگرێت و هەوڵەكانی ئەمریكاش بۆ هێرشكردنەسەر داعش ئاكامی ئەوتۆی نەبووە، شكستهێنانی لە عێراقدا ئەوەندە گەورە بووە، وای لە ئەمریكییەكان كردووە دوودڵ بن، لەوەی ئایا چەك و زانیاریی هەواڵگری بدەن بە سوپای عێراق، یاخود پێیانوا بێت سوپایەكی ناكاران بۆ تێكشكاندنی داعش. ئەمە پرسیارێكی بەردەوامە لای رای گشتی ئەمریكا.