تۆفیق یاسری سیاسەتمەداری عێراقی بۆ گوڵان: بۆ بنیادنانەوەی سوپای عێراق دەبێ سوود لە ئەزموونی پێشمەرگە وەربگرین
October 25, 2014
دیمانەی تایبەت
- ئەمە قسەوباس نییە، بەڵكو واقیعە و پێمان دەڵێت كە داعش بەتەنیا رێكخراوێكی تیرۆریست نییە، بەڵكو دەكرێ بگوترێت هێزێكی نیمچە رێكخراوە و هێزی سەربازی و دارایی و كەلوپەل و جبەخانە و گواستنەوەو هاتوچۆی هەیە، بۆیە ناكرێ وا سەیربكرێت كە هێزێكەو دەتوانرێت لە كاتێكی دیاریكراودا لەناو ببرێت، داعش تەكتیك و ستراتیژییەتی خۆی هەیە لە هێرش و داگیركردندا، كاتێ روو لە شارو شارۆچكەكان دەكات دەزانێت چۆن جووڵە دەكات، هەروەها داعشییەكان كاتێ گوشاری لە بەرەیەكی دیاریكراویان لەسەر بێت، یەكسەر بیر لەوە دەكەنەوە كە شەڕەكە بۆ بەرەیەكی دیكە بگوازنەوە، تەنانەت ئەم تەكتیكیشە لە هەمبەر خۆرزگاركردن لە گورزی ئاسمانیی فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزی ئاسمانیی عێراقدا بەكار دەهێنن.
* چۆن دەكرێت لەگەڵ لاوازیی سوپای عێراق بە تەواوی رووبەڕووی ئەو هێزەی داعش ببینەوە، واتا پێگەی ئەو سوپایە لەو هاوكێشەیەدا چۆن دەبینن؟
- من پێموایە ئەگەر ئەو سوپایەی عێراق بە شێوەیەك رێكبخرێتەوە و هەماهەنگییەكی تۆكمە لە نیۆان ئەو سوپایە و هێزی پشتیوانیی میللی و هێزی پێشمەرگە بە هاوكاریی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان هەبێت، دەكرێ تا رادەیەكی زۆر كاریگەریی هەبێت بۆ لەناوبردنی رێكخراوی داعش، بەداخەوە دەبینین لە شوێنی جیاوازدا پێكدادان و شەڕ دەبێت بێ ئەوەی هەماهەنگی و هاوكاریی لەنێوان ئەو هێزانەدا هەبێت، لە كۆتاییشدا ئامانجەكان ناپێكێنرێن و سەركەوتن بەدەست نایەت، چونكە كاتژمێری سفر و میكانیزمی هێرش و چۆنیەتی گواستنەوەی هێز لە بەرەیەكەوە بۆ بەرەیەكی دیكە، پلانی بۆ داناڕێژرێت، بۆیە لە زۆر شوێن ئەو توانایە بەكار ناهێنرێت و ئەنجامی ئەرێنی نابێت، لەبەرئەوە فەرماندەكانی هێزی چەكداریی عێراق پێویستە بیر لەوە بكەنەوە كە جۆرە گۆڕانكارییەك لە پلان و بەرنامەی سەربازیدا بكەن، لەجیاتی ئەوەی كە لە بەرەیەك هێرش بكەن كە ئەنجامەكەی پێشوەختە دیارە و سەركەوتن ناهێنێت، با لە بەرگریدا بن، كە ئەم رەفتارە زۆر جار لە بەرژەوەندیی داعشدایە كە بتوانێت شار و شارۆچكەی زیاتر داگیر بكات.
* ئایا پێتوا نییە كە شەڕی ئەم جارە بۆ سەربازانی عێراق جیاوازیی لەگەڵ شەڕەكانی پێشتردا هەیە؟
- بەڕاستی شەڕی ئەم جارە سەرسوڕهێنەرە بۆ هەموو لایەك، چونكە نەمانزانی چۆن داعش بەو خیراییەو ئەو هێزەی هەیەتی لە پارێزگای نەینەوا توانی ئەو شوێنانە داگیر بكات لە بەرامبەر ئەو هەموو هێزە سەربازییەی عێراق و ئەو ژمارە زۆرەی سەرباز و جبەخانە و تەقەمەنییە و ئەو هێزە زۆرەی پۆلیس كە لەو پارێزگایەدا هەبوو، ئەمەش مەعنەویات و ورەی سوپای عێراقی هێنایە خوارەو كاتێ بینیمان ئەو هەموو هێزە بەو ژمارە زۆرەی تانك و تۆپ و چەكی گەورەو مامناوەند و بچووك نەیانتوانی بۆ ماوەیەكی كورتیش بەرگری بكەن و یەكسەر لە گۆڕەپانەكە رایانكردو بواریان بە داعشدا بەم شێوەیە پێشڕەوی بكات، ئێمە پێویستیمان بە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەیە بۆ بەرزكردنەوەی ورەی سەربازانی عێراق تاكو بتوانن لە بەرگریكردن بەردەوام بن.
* باسی هۆشیاركردنەوەی سوپای عێراقیتان كرد و هەندێكیش دەڵێن پێویستە سوپای عێراق راهێنان و مەشقێكی چاك بكەن، ئەمە كاتی زۆری پێویستە، تا ئەمە ئەنجام دەدرێت رەنگە داعش بگاتە ناو بەغدا، لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
- من بەم شێوەیە بیرناكەمەوە، بەڵكو ئەگەر ورەی سەربازان بەرز بكرێتەوە متمانە و بڕوا بە سوپاكە هەبێت و سەركردایەتییەكی بەتوانای هەبێت و لە رووی پێشڕەوی و كۆنتڕۆڵكردنەوە ئاراستە بكرێن، رەنگە لە زۆر شوێندا سەربكەون و دواتریش هەنگاو بۆ بەرنامەی دیكە بهاوێژرێت و پێشكەوتن لە بەرەكانی شەڕدا بەدەست بهێنن. بۆیە پێویستە بەتەواوی پشت بە ئەفسەر و شارەزایانی سەربازی ببەسترێت كە دەتوانن سەركردایەتیی كەرت و پێكهاتەكانی سوپا بكەن، هەر وەك ئاماژەشم پێكرد پێویستە سوود لە ئەزموونی پێشمەرگە وەربگیرێت، هەروەها بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان سەركەوتن مسۆگەر بكرێت.