جێرمی پرێسمان تایبەتمەند لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: پێشمەرگە سەلماندی كاریگەرترین هێزە لەسەر زەوی، سوپای عێراقیش سەلماندی ناتوانێت پێشڕەویی داعش رابگرێت
October 25, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر جێرمی پرێسمان ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی كونیتكت و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشەی عەرەب - ئیسرائیل و سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ قسەكردن لەسەر شەڕی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و تیرۆریستانی داعش و هەوڵەكان بۆ راگرتنی پێشڕەوییەكانی داعش لە سووریا و عێراق، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* لەم شەڕەی تیرۆریستانی داعش دەركەوت، ئەمە شەڕێكی جیاوازە و هەموو جیهانیش بەم شەڕەوە سەرقاڵە، بەڵام تا چ راددەیەك ئەم شەڕە ئەركی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی لە جیهاندا گۆڕیوە؟
- ئەمە گواستنەوەیە لە شەڕێكی تەقلیدییەوە بۆ شەڕێك لەگەڵ لایەنێكی غەیرە دەوڵەتی وەك داعش كە خاوەنی شەرعییەتی نێودەوڵەتی نییە و ئەمەش رەوتێكە بۆ چەند دەیەیەكە بەردەوامە. یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە ئەفغانستاندا شەڕی موجاهیدەكانی دەكرد كە شەڕكردن نەبوو لەگەڵ دەوڵەتێكدا، ئەگەرچی لەلایەن هەندێ دەوڵەتەوە پشتیوانی دەكرا. بۆیە ئەم شەڕەی ئێستای تیرۆریستانی داعشیش شەڕێكە كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ لایەنێكی غەیرەدەوڵەتی رووبەڕووی بۆتەوە.
* چەكدارانی داعش پێش راگەیاندنی خەلافەتەكەیان پەنایان بۆ كاری خۆكوژی و بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو دەبرد، بەڵام لە ئێستا ئەوا شارێك بە تەواوەتی بۆمبڕێژ دەكەن، پرسیارەكە ئەوەیە لە كاتێكدا شەڕ لەگەڵ خەلافەتی ئیسلامیدا دەكەن، ئایا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی تا چ راددەیەك ناچارە ئەو شارانە وێران بكات و ئایا دەكرێت ئەم باجە بدرێت و چۆن ئەو شارانە ئاوەدان دەكرێنەوە؟
- ئەمریكا و سەرۆك ئۆباما لەبەر ئەم حاڵەتە خوازیاری ئەوە نەبوون راستەوخۆ خۆیان لە شەڕەوە تێوەبگلێنن. هەروەها لە هەوڵی ئەوەدا بوون خۆیان لە شەڕی شارەكان لە عێراقدا لابدەن و هێزی زەمینی ئەمریكای تێوەنەگلێت. خاڵی دووەم ئەوەیە ئەمریكا داوا لە هاوپەیمانانی شەڕی دژ بە داعش دەكات، زیاتر هاوكاری بكەن و ئومێدی واشنتۆن ئەوەیە دەوڵەتانی دیكە و بە تایبەتیش لایەنە بەشدارە عێراقیەكان زیاتر رۆڵیان هەبێت و، هێزەكانی عێراق رۆڵی پێشەنگ ببینین لە دەست بەسەردا گرتنەوەی خاك و ئەو شار و ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیركراون، بۆیە هەتا ئێستا ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دوودڵە لەوەی هێزی زەمینی ئەمریكا بەشداری ئەم شەڕە بكات، وەك ئەوەی لەسەردەمی جۆرج دەبلیو بوش لە عێراق و ئەفغانستان پیادە كرا، ئەوەی پەیوەندی بە سووریاوە هەبێت، ئەوا سێ ساڵە ئەو مشتومڕە هەیە لە ئەمریكا كە ئایا پشتیوانی موعارەزەی سووری بكرێت و هاوسەنگی هێز بگۆڕێت بۆ رووخانی ئەسەد، بەڵام هێشتا هەنگاوی جددی بۆ هەڵنەگیراوە.
* شارەزایان و توێژەران بەو دەرئەنجامە گەیشتوون كە داعش مەترسیدارترە لە ئەلقاعیدە، واتە داعش هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەكی رادیكاڵی مەترسیدارترە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئەمە ئاییندەی دیموكراسی لە جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە؟
- پێموا نییە لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆجی مەترسی هەبێت و باوەڕم وانییە مەترسی بێت بۆ سەر لیبراڵ دیموكراسی لەسەر ئاستی جیهاندا و ئەگەر ئایدیۆلۆژیای داعش بگوازێتەوە بۆ ئەو بەشانەی جیهان كە لیبراڵ دیموكراسی تێدایە، ئەوا باوەڕم وانییە ململانێ لە نێوان هەردوو ئایدیۆلۆژیاكەدا دروست بێت. بەلای منەوە ئەوەی لە جیاوازیی ئایدیۆلۆژی گرنگترە لە نێوان داعش و ئەلقاعیدە بریتییە لە سەركەوتنە گەورەكانی داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا. توانای سەربازیی ئەلقاعیدە زۆر سنووردارترە و داعش بە بەراورد بە ئەلقاعیدە لە بەزاندنی دوژمنەكانیاندا زیاتر سەركەوتوو بوون، كەواتە جیاوازییەكە كەمتر پەیوەستە بە ئایدیۆلۆژیاوە، بەڵكو پتر بە پەیوەستە بە سەركەوتنە سەربازییەكانی داعشەوە لەسەر ئاستی تەكتیكی و ستراتیژی. هەروەها پێموایە جیاوازی گرنگ هەیە لە نێوان داعش و حزبوڵا لە لوبنان و حەمماس لە ناوچە داگیركراوەكان لە فەلەستین، من ناڵێم هەمان ئایدیۆلۆژییان هەیە، نەخێر، هەمان شت نییە، بەڵام ئەوەی جێی بایەخە ئەوەیە هەرسێكیان گرووپێكی غەیرە دەوڵەتین كە سەركەوتنی باشتریان بەدەست هێناوە لە گۆڕەپانی شەڕدا و ئەدایەكی باشتریان هەبووە لە تەكتیكی سەربازیدا، داعشیش گرووپێكی غەیرەدەوڵەتییە كە بەهێزتر دەبێت لە گۆڕەپانی شەڕدا، ئەمەش كەمتر پەیوەستە بە نوێكردنەوە و گۆڕانكاری ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵكو پتر پەیوەندی بە گۆڕانكاری سەربازی و ستراتیژیی و تەكتیكییەوە هەیە.
* بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا بۆتەهۆی ئەوەی پچڕاندنی سەرچاوەكانی پەیوەندیكردنی ئەندامانی داعش زەحمەتتر بێت، چونكە ئاشكرایە كە داعش سوودێكی زۆری لە تۆڕەكانی سۆشیال میدیا وەرگرتووە كە ئاسان نییە هیچ جۆرە گەمارۆیەك بخرێتەسەر ئابوورییەكەیان، لەبەر ئەوەی ئەوان لە ڕێی سیستمی گواستنەوەی ئەلەكترۆنییەوە پارە دەگوازنەوە، ئایا دەكرێت لەو بوارەدا رێگرییان لێبكرێت؟
- پێموایە ئاسانترە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای دارایی بسەپێنێت بە سەر دەوڵەتێكدا لەوەی بەسەر گرووپی داعشدا بیسەپێنێت، لەبەر ئەوەی داعش دەوڵەت نییە و دامەزراوەی دەوڵەتی نییە، بۆیە ئەگەر دەوڵەتێك بانك و دامەزراوەی ئابووری لەبەردەستدا بێت، ئەوا دەكرێت سزای بەسەردا بسەپێنرێت، بۆ نموونە لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریادا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای بەسەر رژێمی ئەسەد سەپاند، چونكە ئەمە حكومەت بوو، دەوڵەت بوو، ئەمە زەحمەتە لەگەڵ داعشدا بكرێت. بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر كۆنتڕۆڵی ئەو خاكانە ئەوا لە كۆتاییدا بەرپرسیار دەبێت لە ئابووری ئەو ناوچانە و تاوەكو زیاتر لە دەوڵەت بچن، ئەوا لاوازییان لە ئاست ئەم مەسەلەیەدا زیاتر دەبێت.
* دەبینین هەر زوو داعش توانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بۆردومانە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانەكاندا و ئەو هێرشانە پێشڕەوییەكانی داعشی رانەگرتووە، كە لە پێشدا كاریگەری بەرچاوی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەوان لە بەرەوپێشچووندان، بۆ نموونە سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەكان لە كۆبانێ ئەوان هەر لە پێشڕەویدان؟ پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پەنا ببەنە بەر هێرشی زەمینی؟
-پرسیاری سەرەتا ئەوەیە ئایا ئەمریكا و هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەكە تا چ راددەیەك پابەندن سنووری هێرشەكانیان فراوانتر بكەن، لەبەر ئەوەی هەندێ لە گوزرە ئاسمانییەكان سنووردارن و هەڵمەتێكی ئاسمانی گەورە نەكراوە و زیاتر هەڵمەتێكی رەمزییە ئەگەر بەراوردی بكەیت بە هەڵمەتی 2003 یاخود ساڵی 1991، كەواتە ئەمە پرسیارێكی رەوایە. ئایا ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەی ئەوەن هێرشە ئاسمانییەكان چڕتر بكەنەوە؟ ئایا ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات خاڵە لاوازەكانی داعش بدۆزێتەوە و لەوە بكۆڵێتەوە؟ ئایا ئەمریكا تا چ ئاستێك دەڕوات لە بۆردومانكردن و تا چەند مەودای زیانەكان لە هێرشەكانی ئەمریكاوە سنوردار دەكات؟ لەبەر ئەوە لە قۆناغێكدان هەردوولا هەڵسەنگاندن بۆ یەكتر دەكەن و رەنگە ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە، لە بارودۆخی مانگێك، یان شەش مانگ پێش ئێستا نەچێت. من لەگەڵ بنەمای پرسیارەكەی ئێوەدا هاوڕام كە رەنگە هێرشە ئاسمانییەكان بەس نەبن بۆ رێگریكردن لە بەرفراوانبوونی داعش -داگیركردنی خاكی زیاتر-، یاخود بەردەوام بوون لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو خاكانەی داگیری كردوون. ئەمریكا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هەست بە فشار دەكەن لە پرسی هێرشی زەمینیدا، لە ئەمریكادا مشتومڕێكی گشتی نەكراوە لە بارەی پرسی هێرشی زەمینییەوە، رەنگە سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبێت كە هێزی زەمینی بڵاوناكەینەوە، ئەگەرچی تا ئێستا راوێژكاری سەربازی ئەوەی بڵاوكردۆتەوە، ئەمریكا لە قۆناغێكدا نییە كە مشتومڕی گشتی و لەسەر ئاستی كۆنگرێس بكرێت لەبارەی ئەوەی ئایا ئامادەن دووبارە هێزی زەمینی بنێرنەوە بۆ عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی داگیركاریی ئەمریكا لە ساڵی 2003دا و مانەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر كە دواتر ئۆباما كەمكردنەوەی هێزە زەمینییەكانی لە عێراق بە دەستكەوتی خۆی زانی، لەبەر ئەوە بیرۆكەی دووبارە هێنانەوەی هێزێكی زەمینی گەورە لەسەر ئاستی رای گشتی ئەمریكا و كۆنگرێس مایەی گرفت دەبێت.
* شەڕی دژی داعش تەنها شەڕی كوردەكان نییە، شەڕی هەموو جیهانە، ئایا چۆن لە رۆڵی هێزە كوردییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەڕوانن و چ خوێندنەوەیەكت بۆ ئەوە هەیە كە هەندێ وڵات هەوڵی ئەوە دەدەن چەكی قورس و پێشكەوتوو و كۆمەكی مرۆیی بە كوردستان ببەخشن؟
- پێشمەرگە رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە پاشەكشەپێكردنی داعش بە چەشنێك سوپای عێراق و حكومەتی مەركەزی نەیانتوانیوە، لەبەر ئەوە مایەی تەحەددای زیاتر بووە بۆ حكومەتی عێراق، لە ئێستادا شەڕەكە فراوان بووە و ئەمریكا و هاوپەیمانێتییەكەش دەزانن تەنها پشتبەستن بە پێشمەرگە وەك هێزی زەمینی بەس نییە بۆ راگرتن و پاشەكشەپێكردنی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لە ئەمریكادا پێكناكۆك بوونێك هەیە لە نێوان پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و پاڵپشتیكردنی حكومەتی مەركەزی عێراق، لەبەر ئەوەی ترسی ئەوە هەیە چەكی زیاتر بدرێت بە پێشمەرگە، ئەوا بۆی هەیە دەوڵەتی عێراق لاواز بكات، بەڵام جار لە دوا جار ئەوە سەلمێنراوە كە دەوڵەتی عێراق و سوپای عێراق نەیانتوانیوە پێشڕەوی داعش بوەستێنن و پاشەكشەی پێ بكەن، لەبەر ئەوە ئەمریكا لە نێوان دوو بەرداشدایە. پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە سەلمێنراوە پێشمەرگە كاراترین هێزن لەسەر زەمین، بەڵام هەندێ بەگومانم لەوەی ژمارەیان وەك پێویست بێت. ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ژمارە و ئەو خاكانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان. دەبێت سوپای عێراقی بەرگری لە بەغدا بكات و دەكرێت پشتیوانی بكرێن، بەڵام پێشمەرگە كارێكی كەمی لەدەست دێت بۆ بەغدا ئەگەرچی كاراكتەرێكی سەربازی بەتوانان لەسەر زەوی.