ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە بۆ گوڵان: لای پێشمەرگە كەركووك هێڵی سوورە داعش، یان هەر لایەكی دیكە پەنجەی بۆ درێژ بكات، پەنجەی دەشكێنین

ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە بۆ گوڵان: لای پێشمەرگە كەركووك هێڵی سوورە داعش، یان هەر لایەكی دیكە پەنجەی بۆ درێژ بكات، پەنجەی دەشكێنین
ئەنوەری حاجی عوسمان راستە بریكاری وەزیری پێشمەرگەی كوردستانە، بەڵام لە حوزەیرانی رابردووەوە كە تیرۆریستانی داعش موسڵیان داگیركردووە، وەك پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك و لەگەڵ برا پێشمەرگەكانی لەسەنگەری پێشەوەی بەرگریدان بۆ پاراستنی كوردستان لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەم پێشمەرگە دێرینەی كوردستان سەبارەت بە ئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستاندا، راشكاوانە بە گوڵانی راگەیاند، ئەمادەبوونی سەرۆك بارزانی وەك پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕدا شتێكی ئاساییە، لەبەر ئەوەی بارزانی بەردەوام پێشمەرگە بووەو لە رۆژە سەختەكاندا داستانی قارەمانانەی لەگەڵ برا پێشمەرگەكانی تۆمار كردووە. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە سەركردایەتی بارزانی لەو شەڕانەدا هەموو كات ئاراستەی سیاسەتی شۆڕشی كوردستانی وەرچەرخاندووە، هەروەك چۆن داستانی خواكورك و داستانی كۆڕێ وەرچەرخانی گەورەیان دروستكرد، لەم شەڕەشدا كە بارزانی خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكات، وەرچەرخانێكی گەورە بۆ نەتەوەی كورد و كوردستان پشت بەخوا دروست دەبێت، سەبارەت بە بارودۆخی بەرەكانی شەڕ و هاوكاریی هاوپەیمانانیش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دەداتەوە.
* بێجگە لەوەی بریكاری وەزیری پێشمەرگەی كوردستانیت، لە هەمانكاتدا فەرماندەیەكی مەیدانیت و لەوەتەی داعش موسڵی داگیركردووە بەردەوام لە میحوەری كەركووك بوویت، لە ئێستادا بارودۆخی بەرەكانی شەڕ و ورەی پێشمەرگە چۆن دەبینی؟
- پێش هەموو شت سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە هاتوونەتە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ و لێرە ئەم دیدارە ئەنجام دەدەین، سەبارەت بە پرسیارەكەشتان دیارە ورە و مقاوەمەتی پێشمەرگە نەك ئێستا، بەڵكو لە كۆنەوە بەرز بووە و لەو كاتەوە داگیركەران خاكیان داگیركردووین، پێشمەرگە هەموو كات ئامادەبووە گیانی خۆی فیدای خاكی كوردستان بكات، ئەمجارەش كە تیرۆریستانی داعش هاتن و موسڵیان داگیركرد، ئەوانیش وەك هەموو داگیركەرانی دیكە ئامانجیان ئەوە بووە كە كوردستان داگیر بكەن، بۆیە لە یەكەم رۆژەوە دوای داگیركردنی موسڵ، پێشمەرگە هەستی بەو مەترسییە كردو سەنگەرەكانی خۆی قایم كرد بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە ببێتەوە، لەبەر ئەوەی لای پێشمەرگە روونە كە داگیركەرانی كوردستان دژی هەموو شتێكی كورد و كوردستانن، ئامادەن دەست بۆ هەموو پیرۆرزییەكی كورد بەرن، بە بێ ئەوەی بسڵەمێنەوە، هەروەك چۆن لە هێرشەكانی ئەمجارەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال بینیمان كە چۆن بێغیرەتانە هێرشیان كردە سەر شەڕەف و نامووسمان و بەسەدان كچ و ژنی ئێزیدییان بردو كردیانن بە كۆیلە و فرۆشتیانن، بۆیە بە دیدی ئێمە ئەوەی داعش دەیكات پێشتر داگیركەرانی دیكەی كوردستان دەرهەق بە كورد و كوردستانیان كردووە و بە سەدان لەیلا قاسمیان لەسێدارە داوین و بە هەزاران ژن و كچیان ئەنفال كردووین، ئەمەی ئەمڕۆش داعش بەرامبەر بە كورد دەیكات، درێژبوونەوەی هەمان رق و كینەیە بەرامبەر كورد و كوردستان بەڵام لە بەرگێكی دیكەدا، لەمەش زیاتر لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی بەعس و بەناو دامەزراندنەوەی دەوڵەتی تازەی عێراق، ئەم دەوڵەتە تازەیەش یەكەم فیشەك كە تەقاندی بەرامبەر میللەتی كورد تەقاندی كە ئەویش بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان و نەدانی مووچەی پێشمەرگە و رێگرتن بووە لەوەی كە پێشمەرگە ببیتە خاوەنی چەك و تەقەمەنی پێویست، بۆیە راشكاوانە دەڵێم: پێشمەرگە ئەمە یەكەمجاری نییە شەڕی داعش دەكات، بەڵكو ئەوە زیاتر لە 100 ساڵە بەردەوامە لە شەڕی دژ بە داگیركەرانی كوردستان كە هەموویان وەك داعش سەیری كورد و كوردستانیان كردووە، هەمووشیان بڕیاریان داوە كە كورد و كوردستان نەمێنێت، بەڵام هەموو جار پێشمەرگە مقاوەمەی كردووە و خەونی داگیركەرانی لە گۆڕ ناوە. سەبارەت بەم شەڕەی ئێستاش كە لە 10ی حوزەیرانی رابردوو دەستی پێكرد، دیارە لەگەڵ ئەوەی مەزندە دەكرا داعش هێرش بكاتە سەر چەند ناوچەیەكی موسڵ، بەڵام مەزندەی ئەوە نەدەكرا سوپای عێراق خۆی بدا بەدەستەوە و ئەو هەموو ناوچەیە بكەوێتە ژێر دەستی داعشەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە لە سەرتاسەری كوردستان بەگشتی و لەناوچەی كەركووك بەتایبەتی توانییان هەموو ئەو ناوچە كوردستانییانەی دەرەوەی هەرێم كە پێشتر سوپای عێراقی لێ بوو، پاشان كەوتبووە دەستی داعش هەمووی وەربگرینەوە و بیپارێزین، لەم ناوچەیەش ئەگەر سەیری سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەیت، دەبینیت پشتێنەیەكی زۆر باشمان بۆ كەركووك دروستكردووە بۆ ئەوەی كەركووكی دڵی كوردستان بپارێزین، دەتوانم بڵێم چەكدارانی داعش 21 جار هێرشیان كردووەتە سەر كەركووك، بەڵام بە هیممەتی پێشمەرگەكانی لیواكانی یەك،دوو، شەش، نۆ، دە و یانزە نەك هەر هێرشەكانمان تێكشكاندوون، بەڵكو بە دەیان كیلۆمەترمان پێ بەجیهێشتوون و بە سەدان چەكداری داعش كوژراون و توانیومانە هەموو ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنین كە لە قۆناخی یەكەمدا بۆمان دیاری كرابوو.

* هەندێك پڕوپاگەندە لەسەر میحوەری كەركووك هەیە، بەوەی داعش هێزی زیاتریان بۆ كۆكردووەتەوە، ئەم پڕوپاگەندانە تا چەند بنەمایان هەیە و ئەگەر راستن تاچەند مەترسی بۆ سەر ئەم میحوەرە دروست دەكات؟
- بەڵی راستە ئەو پڕوپاگەندانە هەن كە گوایە تیرۆریستانی داعش هێز و چەكیان هێناوە، بەڵام پێشمەرگەی كوردستان زۆر گوێ بە هێز و چەكی تیرۆریستانی داعش نادەن، ورەیان هێندە بەرزە كە دەتوانن داعش هەر هێرشێك بكات، تێكی بشكێنن، هەروەها لەمەش گرنگتر خەڵكی كەركووكی خۆشەویستیش متمانەیان بە كوڕ و براكانی خۆیان هەیە، بەوەی دەتوانن كەركووك بپارێزین، بۆیە ورەی پێشمەرگە و متمانەی خەڵك بە پێشمەرگە قەڵایەكی پۆلایینە و تیرۆریستان لەبەردەم ئەو قەڵایە لووتیان دەشكێت. لەمەش زیاتر لیرەوە دەمەوێت بە هەموو خەڵكی كوردستان بڵێم بەوەی كەركووك هێڵی سوورە نەك هەر بۆ داعش، بەڵكو بۆ هەر هێزێك كە بیەوێت پەنجە بۆ كەركووك درێژ بكات، پەنجەی دەشكێنین.

* ئێوە لەم میحوەرە بەرگری دەكەن، هەروەها ئاماژەت بەوە كرد كە دەتوانن پێشڕەوی بكەن، ئایا ئەگەر پێشڕەوی بكەن و سەنگەرەكانی بەرگری بەرنە پێشەوەتر بۆ ئاسایش و سەلامەتی كەركووك باشتر نییە؟
- ئەم میحوەرە نزیكەی 70 كیلۆمەترە بە رووی تیرۆریستانی داعش، لە زۆر شوێن بە دووری 40 كم تیروریستانی داعش لە كەكورك دوور خراونەتەوە، هەموو ئەو شوێنە هەستیارانەی پێویست بوون بۆ پاراستنی كەركووك لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كراوە و لەژیردەستی پێشمەرگەدان، هەروەها گوندەكانی دەوروبەری كەركووك هەمووی لە ژیر دەستی پێشمەرگەدایە، بۆیە لەم قۆناخەدا پلانی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە بەو جۆرە دیاری كراوە كە پێشمەرگە لەم سنوورە بێت، بەڵام هەركات قۆناخێكی نوێ هاتەپێشەوە و سەركردایەتی پلانێكی دیكەی داڕشت، ئەوا هێزی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ ئەوەی پلانی سەركردایەتی جێبەجی بكات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا جێگەی شانازییە ئەوەیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی تەحەددای تیرۆریستانی داعش و قاعیدەش بكات، پێشمەرگە سەلماندی تیرۆریستانی داعش و قاعیدەش ئەو هێزە نین كە بتوانن لەبەردەم هێرشی پێشمەرگەدا خۆیان رابگرن، ئەمە لە كاتیكدا چەكدارانی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە توانیویانە دەوڵەتی زۆر گەورە لە ئەفغانستانەوە تا عێراق ماندوو بكەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە سوپای عێراقیمان بینی چۆن لە بەردەم ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە توایەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەوە ماوەی چوار مانگە وەك تاكە هێز لە جیهاندا توانی بە تەنها شەڕی هەموو تیرۆریستان بكات و ئەو تەلیسمە پووچەڵ بكاتەوە كە دەیانگوت ناتوانرێت تیرۆریستان تێكبشكێنرێت. ئەمە لە كاتێكدا هەتا ئێستاش تیرۆریستانی داعش شوێن و بنكەی سوپای عێراق داگیردەكەن. ئەمەش مانای ئەوەیە مەسەلەی قەناعەتی پێشمەرگە بە كوردستان، یان نەمان و بڕوای بە پیرۆزیی خاكی كوردستان مەسەلەیەكە هەرگیز هیچ داگیركەر و تیرۆریستێك ناتوانێت بیشكێنێت. دیسان دەمەوێت بڵێم، تیرۆریستانی داعش سوپای دوو دەوڵەتیان تێكشكاندووە و چەك و تەقەمەنی تازەی دوو سوپای نیزامییان لەبەردەستە، بۆیە ئەگەر لەكاتی هێرشكردنیان بۆ سەر هەر ناوچەیەكی كوردستان توانییان هەندێك پێشڕەوی بكەن، ئەمە نابێت بكرێتە مەسەلەیەك بەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان شكاوە، نەخێر ئەمە شەڕە و پێشڕەوی پاشەكشەشی تێدا دەبێت، لەمەش گرنگتر شێوازی شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ هێزی پێشمەرگە تازە بوو، بۆیە هەتا پێشمەرگە لەگەڵ ئەم شەڕە تازەیە بەتەواوەتی رادێت، لەوانەیە لە یەك دوو ناوچە بتوانن هەندێك پێشڕەویی كەم بكەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە خۆڕاگری و مقاوەمەتی جوامێرانەی پێشمەرگە توانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژە تیرۆر دروست بكات، كە دەشڵێم پێشمەرگە توانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست بكات، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئەم هێزە قارەمانەی پێشمەرگە لەناو جەرگەی شەڕی تیرۆریستاندا بوونی نەبوایە، ئەو هاوپەیمانییە دروست نەدەبوو، خۆتان دەزانن ماوەی یەكدوو ساڵە شەڕ لە سووریا و ناوەڕاست و باشووری عێراق بوونی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزێكی هاوشێوەی پێشمەرگەی كوردستان بوونی نەبوو، جیهان نەیدەتوانی بێتە ناو شەڕەكە، ئەمە هەموو جیهان خۆی دانی پێدا دەنێت، لەمەش زیاتر جیهان لەو راستییە تێگەیشت پێشمەرگە خاوەنی ئەو ئیرادە پۆڵایینەیە، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە چەكی پێبدرێت و لەگەڵ سروشتی ئەم شەڕە تازەیە رابهێنرێت، ئەوا تەنها هێزە بتوانێت تیرۆریستان تێكبشكێنێت. ئێستا كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری پێشمەرگە دروست بوو، ئەوا بارودۆخەكە و هاوسەنگیی هێز بۆ بەرژەوەندیی پێشمەرگە گۆڕاوە و ئێستا موبادەری شەڕ بەدەستی پێشمەرگەیە نەك تیرۆریستانی داعش.

* لە بارودۆخی شەڕەدا رۆڵی سەرۆكی وڵات زۆر گرنگە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو سەرۆكە راستەوخۆ لەناو هێزەكانی خۆیدا بێت، ئەوەی لە ئێستاشدا تێبینی دەكرێت، ئەوەیە هەر لە یەكەم رۆژی ئەم شەڕەوە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام لە بەرەكانی شەڕدا بووە، ئێستاش بە شەخسی خۆی لە میحوەرەكانی شەڕدایە، ئایا ئامادەبوونی سەرۆك لە بەرەكانی شەڕدا چ كاریگەرییەكی لەسەر ورەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروستكردووە؟
- من وەك ئەنوەری حاجی عوسمان وەڵامی ئەم پرسیارەت دەدەمەوە، بەلای منەوە ئامادەبوونی سەرۆك مسعود بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا شتێكی ئاساییە، لەبەر ئەوەی جەنابی بارزانیی نەمریش هەر كاتێك كوردستان لە مەترسیدا بووبێت بۆخۆی بەشەخسی لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕ هاوشانی پێشمەرگە ئامادەبووە، دیارە سەرۆك مسعود بارزانی جیا لەوەی قوتابی جەنابی بارزانیی نەمرە، هەر بۆخۆی لەسەنگەری شەڕدا لە كۆماری كوردستان لە مهاباد لەدایك بووە، لەمەش زیاتر خۆ ئەمە یەكەمجار نییە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە بەرەكانی شەڕ دەبینرێت، ئەو لەهەموو داستانەكانی پێشمەرگەدا هاوشانی پێشمەرگە لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕەكاندا بووە، لێرەدا حەزدەكەم بگەرێمەوە بۆ رابردوو، لەدوای ئەنفال و كۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، لەو كاتەی رژێمی سەدام حوسێن هەوڵیدەدا ماسوولكەی هێزی خۆی بەرامبەر پێشمەرگە نمایش بكات، ئەو لەو كاتەدا بەڕێز مسعود بارزانی بەشەخسی سەرپەرشتی شەڕی خواكوڕكی كردو گەورەترین داستانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆمار كرد، هەروەها لە كۆڕەوەكەی بەهاری 1991 بەڕێز مسعود بارزانی هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە بوو، توانی نەهامەتی كۆڕەویش بگۆڕێت بۆ سەركەوتن، بۆیە لەوانەیە بۆ هەندێك خەڵك تازە بێت كە سەرۆك بارزانی لە سەنگەرەكانی پێشەوە هاوشانی پێشمەرگە دەبینین، بەڵام بەڕێز مسعود بارزانی هەر پێشمەرگە بووە و هەموو كات لە بەرەكانی شەڕدا هاوشانی پێشمەرگە بووە. دیارە ئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا ئیلهام و ورەیە بۆ هێزی پێشمەرگە، هەر بۆ نموونە سوپای سەدام حوسێن هەشت ساڵ شەڕی ئێرانی كرد، لەوكاتەی شەڕەكە كۆتایی هات، سوپاكەی سەدام حوسێن لەو پەڕی بەهێزیدا بوو، دەیوست وەك تەحدا خواكورك بگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی خۆی وەك پێشمەرگە لەناو شەڕەكەدا بوو، ئەو هێزە گەورەیە تێكشكاو پێشمەرگە سەركەوتوو بوو، لەساڵی 1991 سوپای عێراق توانی لەماوەیەكی كورت هەموو باشوور و ناوەڕاست بگرێتەوە، بەڵام كە گەیشتە كۆڕێ و سەرۆك بارزانی بڕیاری دا بەرگری بكرێت، ئەو سوپایە تێكشكا، بۆیە ئەمجارەش كە دیسان بەڕێز مسعود بارزانی هاوشانی پێشمەرگەیە، ئەوا لەم شەڕەش سەردەكەوین و پشتیوان بەخوا دوایین شەڕ دەبێت، پێش ئەوەی دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی رابگەیەنرێت.

* وەك وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، ئایا ئەو هاوكارییە سەربازییەی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئاستی پێویستدا دەبینن؟
- پێش هەموو شت دەمەوێت ئەوە بڵێم هەموو شەڕێك پێویستی بە دوو كۆلەگەی سەرەكییە، یەكێكیان چەكە، دووەمیان بوونی هێزی مرۆیی بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو چەكانە بە باشی بەكاربهێنێت، هەر بۆ نموونە سوپای عێراق هەموو چەكێكی پێشكەوتووی لەبەر دەست بوو، بەڵام نەیتوانی بەكاری بهێنێت و خۆیدا بەدەستەوە، بۆیە ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی هاوپەیمانان دەكەین كە هاوكاری پێشمەرگەیان بە چەك كردووە، بەڵام ئەو چەكانە وەك پێویست نین، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانان بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی دەزانن تیرۆریستانی داعش چ جۆرە چەكێكی پێشكەوتوویان كەوتۆتە بەردەست، لەمەش زیاتر دەزانن كە چۆن لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پیلان بۆ پشتگوێخستنی پێشمەرگە لە رووی چەك و مەشق و راهێنانەوە داڕێژرابوو، بۆیە لەم قۆناخەدا كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆریستانی جیهانیدایە، ئەوا ئومێدی ئێمە ئەوەیە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بگاتە ئەو ئاستەی كە ئەم هێزە بتوانێت ئەم شەڕە بباتەوە، هەروەها پێشمەرگە وەك سوپایەكی مۆدێڕین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان پێویستە پڕچەك بكرێت و مەشق و راهێنانی پێبكرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام لە ئامادەباشیدا بێت، بۆیە لەم رووەوە ئێمە سوپاسیان دەكەین كە چەك و كەلوپەلی سەربازییان بۆ پێشمەرگە ناردووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی خواست و ئومێدی ئیمەدا نییە، لەبەر ئەوەی ئومێدی ئێمە ئەوەیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك سوپایەكی مۆدێرن رێكبخرێتەوە.

* تاچەند سوودتان لەو راوێژكارە سەربازییانەی هاوپەیمانان وەرگرتووە كە بۆ هاوكاریتان هاتوون ؟
- دیارە ئەو راوێژكارە سەربازییانەی دەوڵەتانی هاوپەیمانان زۆر شارەزان لە زانستی سەربازی و وڵاتەكانیان ئەزموونی دوو جەنگی جیهانی، هەروەها شەڕی سارد و شەڕی تیرۆریستانیشان هەیە، بۆیە لە رووی ئەزموون و شارەزایی لە پلانی سەربازی سوودێكی زۆرمان لێوەرگرتوون، لەلایەكی دیكەوە ئەو چەك و تەكنەلۆژیا سەربازییەی ئەمڕۆ لە جیهاندا بەكار دەهێنرێت، دەوڵەتانی هاوپەیمانان خۆیان دروستی دەكەن، بۆیە كاتێك ئەوان فێرمان دەكەن چۆن ئەو چەكانە بەكار بهێنن، بەڕاستی زۆر شارەزان و بە ئاسانی پێشمەرگە فێر دەبێت و بە چاكی بەكاری دەهێنێت، لەمەش زیاتر ئێمە ئێستا چەند تیمێكمان لە دەرەوەی وڵاتن، وەك ئەو تیمەی لەچەند رۆژی رابردوو لە ئەڵمانیا گەڕانەوە بۆ مەشقكردن لەسەر چەكی ئەڵمانی، گروپێك لەو تیمە هاتوونەتە میحوەری كەركووك، بەڕاستی كە لەگەڵیان دانیشتم و گوێم لێگرتن، هەستمكرد شارەزاییەكی باشیان پەیدا كردووە، بۆیە كاتێك ئەمانە لەناو هێزی پێشمەرگە بە كارامەیی ئەو چەكانە بەكاردەهێنن، حەتمەن سوودێكی هێجگار زۆری دەبێت و ئاراستەی شەڕەكەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
Top