زیا شەكەرچی نووسەر و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:ئەگەر عەرەبی شیعە و سوننە بەشداری لە شەڕی دژی داعش بكەن، هەریەكەیان خۆی لە سەنگەرێكدا دەبینێتەوە

زیا شەكەرچی نووسەر و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:ئەگەر عەرەبی شیعە و سوننە بەشداری لە شەڕی دژی داعش بكەن، هەریەكەیان خۆی لە سەنگەرێكدا دەبینێتەوە
عێراق بە ساتەوەختێكی دژوار و سەختدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ ئەوەی ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست بووە بۆ هاوكاری عێراقییەكان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بەڵام باری ناوخۆیی و واقیعی نێوان عەرەبی سوننە و شیعە بە رادەیەك ئاڵوزە كە زۆر زەحمەتە بتوانرێت توانای هەردوو لایان بۆ ئەم شەڕە یەكبخرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە ئەم وتوێژەمان لەگەڵ نووسەر و سیاسەتمەداری عێراقی زیا شەكرچی ئەنجامداو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو
* چۆن دەڕوانیتە ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هاتۆتە ئاراوە لە هێرشی بەربڵاوی ئەوەی كە پێی دەگوترێ دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، ئایا پێتوایە ئەمە دۆخێكی تازەیە، یان پاشماوەی رابردووە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرهەڵدەداتەوە؟
- دەتوانین بڵێین پەیدابوونی داعش شتێكی لەناكاو بوو، بەڵام تا رادەیەك نیشانەكانی دیاربوون، زۆر دامەزراوەی ئایینی هەیە كە رەواج بۆ ئەم شتە دەكەن، هەروەها ژینگەیەكی لەبار لەئارادا بوو بۆ سەرهەڵدانی ئەم دۆخە، چونكە كەسانێك هەبوون پشتیوانییان لەمە دەكرد، بەڵام بۆ من شتێكی شاردراوە و نادیارە كە ئەمە چۆن هاتە كایەوە و بەم كاتە و بەم خێراییە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە لای زۆر كەس شاردراوەیە، لەلایەكی دیكەوە مایەی سەرسوڕمانە چۆن توانییان هەر وا و بەم خێراییە ئەو هەموو شار و شارۆچكەیەی عێراق داگیر بكەن و بەم ژمارە كەمەیان دەسەڵات بەسەر ئەو شوێنانەدا بسەپێنن.
* ئەگەر بە چاوێكی دیكەوە لە داعش بڕوانین، دەبینین زۆر دەوڵەت هەن، دەستیان كردووە بە لێدانی ئەم رێكخراوە و هەندێكی دیكەش رەنگە لە ژێرەوە پاڵپشتیی بكەن، ئایا تاچەند ئەم هاوكێشە لاتان دیار و روونە؟
- ئەوەی پەیوەندی بە كۆمەك و پاڵپشتیی نێودەوڵەتییەوە هەبێت، رەنگە هەندێ دەوڵەتی ئیقلیمی بە شێوەیەك لە شێوەكان دەستیان تێیدا بێت، بەڵام هێشتا زۆر روون نییە، چونكە لەوانەیە هەندێك لەو دەوڵەتانە تێوەگلابن و بیریان لە ئاكامەكەی نەكردبێتەوە، چ لە رێگەپێدان بە تێپەڕبوونیان لە خاكەكەیەوە، یان بواریان دابن كۆمەكی تەقەمەنی و داراییان بە خاكەكەیاندا گواستبێتەوە، لەوانەیشە هەندێ لەو دەوڵەتانە تا ئێستا هەستی پێ ناكەن و تەنیا چاوەڕوانی دەرئەنجامەكان دەكەن و كۆتاییەكەی دەخوێننەوە، بەڵام من دەپرسم چ لایەنێك، یان دەوڵەتێك بەرژەوەندییەكەی ئەوە دەخوازێت كە ئەو رێكخراوە بەهێز بێت و ئەم هەموو كارەساتە لە ناوچەكە بێنێتە ئاراوە؟
* وەك تێبینییەك، بەم دواییە بۆ هەموو لا دەركەوت كە 1500 ئۆتۆمبیل لە وڵاتێكی وەك قەتەرەوە گەیشتۆتە دەست داعش لە عێراق، بەرژەوەندیی ئەم دەوڵەتە لەوەدا چییە؟
- راستە، رۆڵی قەتەر تێكدەرانەیە، هەندێ دەڵێن قەتەر بەتەنیا نییە، دەوڵەتێكی دیكەی لە پشتە كە ئەویش ئیسرائیلە، باشە بەرژەوەندیی ئیسرائیل لێرەدا چییە؟چونكە ئەو رێكخراوە هاتووە دوژمنایەتی هەموو لایەك دەكات، دوژمنایەتی مەسیحی و جوولەكە و شیعەو كورد و ئەمریكا و ئەوروپا و هەموو ئایین و نەتەوەیەك دەكات، ئەگەر بڵێین مەسەلەكە دابەشبوونە، هەتا ئەگەر مەسەلەكە جارێكی دیكە دابەشبوونەوەی ناوچەكە بێت بۆ چەند دەوڵەتێك وەك رێكەوتننامەی سایكس- بیكۆ، كەواتە سوود و بەرژەوەندیی لەوەدا نابینم، بۆیە هەر دەوڵەتێك لەو دەوڵەتە تازانە رەنگە ببێتە مۆڵگەیەك بۆ توندڕەوی و تیرۆر، هەروەها شتێكی دیكە، رەنگە پیلانێكی گەورەو شاردراوەی نێودەوڵەتی بێت و بە نهێنی داڕێژرابێت و ئەنجامەكەی لە ئایندەدا دەربكەوێت، یان پیلانێك بێت، تەنا بۆ دژایەتیكردنی زۆرترین و فراوانترین ئایین بێت لە ناوچەكەدا، بۆ مەبەستی زاڵبوونی پرەنسیب و بیرۆكەی عەلمانییەت لە ناوچەكە و جوداكردنەوەی ئایین لە سیاسەت، من پێموایە ئەو مەسەلەیە زۆر قووڵە و رەنگە ئەنجامەكەی دوای 50 ساڵ، یان زیاتر دەربكەوێت، بۆیە هەرچەند بیری لێدەكەمەوە شتەكە بە شاردراوەو ناڕوونی دەبینم.
* ستراتیژییەتی ئەمریكا بریتییە لە لێدانی داعش، حكومەتی عێراقیش بانگەشەی ئەوە دەكات كە گوایە هێزی تایبەت بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش پێكدەهێنێت و كوردیش لە بەرامبەر ئەو رێكخراوە دەجەنگێت، پێتوایە ئەو گورزوەشاندنەی ئەمریكاو ئەو ستراتیژییە بەسە بۆ لەناوبردنی ئەو تیرۆریستانە؟
- من پێموایە پێویستە هەموو هێزەكان هاوكاریی یەكدی بكەن و هێزی ناوخۆ لە پێشمەرگەو عەشیرەتەكان و سوپای عێراق لەگەڵ پڕچەككردنیان بە چەكی پێشكەوتووی تازە كە بتوانن شەڕ بكەن، وێڕای پشتیوانیی دەوڵەتان، بەڵام نەك ئەو دەوڵەتە موسڵمانانەی كە رەنگە خودی خۆیان ژینگە بن بۆ بەهێزكردنی توندڕەوی كە مەترسین، بەڵكو دەوڵەتانی رۆژئاوا كە بتوانن پشتیوانیی لە دژایەتیكردنی داعش بكەن، بەڵام نەك راستەوخۆ دەست وەربدەنە كاروباری ناوخۆی عێراق، بێگومان وڵاتە ئەوروپییەكان خاوەنی شارستانی و پاشماوەی كەلەپوورن، داعشیش دوژمنی هەموو شارستانیەتێكە و نایەوێ هیچ بەڵگە و هێمایەكی پێشكەوتنی گەلان بمێنێت، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بوو، ئەوا رەنگە زۆر لایەنی دیكەی توندڕەوی بێتە پاڵ و قەیرانەكە قووڵتر و سەختتر بێت، كەواتە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر هەموو جیهان، لەهەموو بارێكیشدا پێویستە بەر لە هەمووان خودی گەلی عیراق رووبەڕووی ببێتەوە، بە تایبەتیش خەڵكی ئەو شوێنانەی كە لەلایەن داعشەوە داگیركراون.
* ئەو شەڕە بوو بە شەڕی دەستەویەخە، یان شەڕی كوچەو كۆڵان، كە زۆر زەحمەتە بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ بكرێت، راتان لەو بارەیەوە چییە؟
- من پێموایە گورزی ئاسمانی بە تەنیا بەس نییە و پێویستە هێزی وشكایی بەشداری بكات، هەروەها پەیدابوونی میلیشیا لەژێر هەر ناوێكدا بێت زۆر مەترسیدارە، چونكە ئەو هێزانە ناچنە ژێر باری هێزی چەكداریی فەرمیی دەوڵەتەوەو بە ئارەزووی خۆیان رەفتار و هەڵسوكەوت دەكەن، دواتر رەنگە شەڕی تایفەییان لێ بكەوێتەوە، بۆیە لەهەر لایەك بن، چ شیعە بن، یان سوننە، هەر لە روانگە و لەسەر بنەمای تایفی دروستكراون و مەترسییان لێدەكەوێتەوە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو. ئینجا مەسەلەی دیموكراسییەت و فرەیی سیاسی و حزبی، ئەمانە فاكتەرن بۆ ئەم مەسەلەیە، واتا ئێمە وا لە فرەحزبی و فرەنەتەوەیی گەیشتووین كە گوایە رێزگرتنە لە لایەن و نەتەوەكانی دیكە، بەڵام وا دەرناچێت، چونكە خزمەتی ئەو حزبە دەكەین كە مەبەستمانەو ئەوانی دیكە پشتگوێ دەخەین، واتا حزبەكە داخراو دەبێت و ئەوانی دیكە قبوڵ ناكات، لە ناو كوتلەی پەرلەمانیشدا تەنیا كار بۆ مەزهەب، یان ئایین، یان نەتەوەی دیاریكراوی خۆی دەكات، لەبەر ئەوە من پێموایە هەر یەك لەو حزبە داخراوانە هۆكار بووە بۆ سەرهەڵدان و فراوانبوونی داعش و قۆستنەوەی ئەو بارودۆخە تا كارەكە بەم ئاكامە گەیشت، بۆیە ئەگەر بڕوامان بە هاووڵاتیبوون هەبووایە و بەسەر بیرۆكەی تەسكی حزبایەتی و تایفی و تەنانەت نەتەوەیی (بێجگە لە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان) زاڵ ببووینایە، ئەو دەرفەتەمان بە داعش و تیرۆریستان نەدەدا بەم شێوەیە رەوشی عێراق تێك بدەن، تەنانەت لە ئێستادا دەبینین كە عەشیرەتەكانیش لەلای خۆیانەوە دەیانەوێت بەشدار بن لە شەڕی دژ بە داعش، سوننە لەلای خۆیەوە و شیعەش بە هەمان شێوە، بەڵام لە دەرئەنجامدا هەر مۆركی تایفەییان پێوە دیارە، ئەگەر هەردووكیشیان بەشداریان كرد لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، ئەوا هەر یەكەیان لە سنگەرێكدا خۆی دەبینێتەوە، بۆ نموونە وا دەردەكەوێت بە شێوەیەك لە شێوەكان كە سوننە بە هاوئاهەنگ لەگەڵ داعش تۆمەتباردەكرێت، سەبارەت بە میلیشیایەكانیش وا پیشان دەدرێت كە دژ بە سوننەن، ئەو بارودۆخەش دژایەتی و ململانێی هەڵەی سیاسی دروستی كردووە لەوەتەی ساڵی 2003، بۆیە ئەگەر بگوترێت كە جیاوازی نییە لە نێوان سوننە و شیعە لە راستیدا تەنیا لە میدیاكانەوە وا پیشان دەدرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەمە هەستی پێ ناكرێت، هەروەها دەبینین كە زانایەك لە كۆڕێك موجامەلە دەكات و بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئێمە رێز لە هەموو ئایینەكان دەگرین و دژایەتی هیچ لایەك ناكەین، یان زانایەكی دیكە دەڵێت: گوایە تەنیا دژی ئەوانەیە كە نوێژ ناكەن و مەی دەخۆنەوە و ئافرەتانیان سەرپۆش لەسەر ناكەن، باشە تۆ حەقت بەسەر ئەوانەوە چییە؟ یان بە باشی باس لە پێكەوەژیانی ئایینی لە عێراق دەكات و دواتر دەڵێ: ئەو ئاوارانە هەموویان دوژمنكارن، دیارە ئەو هەوڵی ئەوە دەدات پردی پەڕینەوە بۆ هەندێ هەڵوێست بدۆزێتەوە، بەڵام مەبەستی لایەنێكی دیكەیە، یاخود تەكفیری و پەراوێزخستن دەخاتە پاڵ توێژێكی دیكەی گەلی عێراق، ئەمەیە كلتووری خراپی ئێمە كە فاكتەرێكی بەهێزە بۆ پەرەسەندنی خێرای داعش، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی دەرئەنجامەكەی بكەین كە شاردراوەیە و تا ئێستا كەس بە تەواوی دەركی پێ ناكات.
Top