پڕۆفیسۆر یۆسی مەكلبێرگ لە ئامۆژگای چاتام هاوس بۆ گوڵان:لە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرژەوەندی جیاواز بوونی هەیە بەڵام مەترسی داعش هەموویان كۆدەكاتەوە

پڕۆفیسۆر یۆسی مەكلبێرگ لە ئامۆژگای چاتام هاوس بۆ گوڵان:لە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرژەوەندی جیاواز بوونی هەیە بەڵام مەترسی داعش هەموویان كۆدەكاتەوە
پڕۆفیسۆر یۆسی ماكلبێرگ تۆێژەری باڵایە لە ئامۆژگای چاتام هاوس لە بەریتانیا و تایبەتمەندە لە بوارەكانی دیراساتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و پرۆسەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شۆڕش و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەرەپێدانی سیاسی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە پرۆسەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دایەوە.
* داعش تەكنیك و شێوازی نوێ بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵك بەكار دەهێنێت، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەتوانێت بەسەر ئەو تەكنیك و تاكتیكە نوێیەدا زاڵ بێت؟
- ئەمە تەحەددییە و ستراتیژیەتی هاوپەیمانێتییەكە دەیەوێت رووبەڕووی ببێتەوە، هەڵمەتەكە ئێستا ئەوەیە كە جڵەوەكە بگرنەوە دەست و لە بری ئەوەی لە دۆخی بەرگریدا بن، كارێك بكەن داعش ناچار بكرێت لە دۆخی هەڵاتندا بێت، ئەویش بە هێرشكردنەسەر بنكەكانی و شوێنەكانی خۆحەشاردانی، هەروەها ژێرخانەكەی، وەك ئەوەی دوو رۆژ پێش ئێستا پاڵاوگەكانی نەوتی بۆردومان كرا، ئەویش بۆ ئەوە بوو سەرچاوەكانی دارایی داعش وشك بكات، بەڵام ئاشكرایە ئەمە هەڵمەتێكی كورتخایەن نابێت و دەبێت هاوپەیمانێتییەكە تاكتیكەكانیان زیاتر هەڵبسەنگێنن، گەورەترین مەترسی ئەوەیە زۆرێك لە داعشەكان تێكەڵی خەڵكەكە بن و لەشوێنی جیاواز دەربكەونەوە كە بۆیان گونجاو بێت، هەر بۆیە لەبەر ئەم بارودۆخە پێویستە هەڵمەتەكە تێكەڵێك بێت لە هێزەكانی عێراق و هێزە كوردییەكان و هێزە موعارەزەكانی دیكە كە بەرهەڵستی داعش دەكەن. هەروەها بە هاوكاری هاوپەیمانێتییەكە خەڵكەكەش شەڕی داعش بكەن، واتە تێكەڵەیەك بێت لە تاكتیكی جیاواز.
* تا چەند پێویستە هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر نەك تەنها بە پێدانی چەك، بەڵكو لە رووی هەواڵگری و ئابوورییەوە هاوكاری پێشمەرگە بكات؟
- من هاوڕام لەگەڵتاندا كە پێشمەرگە لایەنێكی زۆر گرنگە لە مامەڵەكردن لە گەڵ داعش، نزیكی و توانای هێزی پێشمەرگە لایەنێكی بنەڕەتیە لە سەركەوتنی ئەم هەڵمەتەدا. پێموا نییە ئەم شەڕە بە بێ سێ سەرچاوە بكرێت، كە چەك و تەقەمەنی و دارایین، كە باوەڕم وانییە ئەمە دواییان كێشەیەكی گەورە بێت، چونكە لە بەردەستدا هەیە. دەبێت هەماهەنگی هەواڵگریش هەبێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە و هێزەكانی دیكە لەم شانۆیەدا ئەدایەكی سەركەوتوویان هەبێت. هەروەها دەرفەتی ئەوە هەیە، پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقیدا و حكومەتی عێراقیش كار لەگەڵ پێشمەرگەدا بكات، ئەمەش تەنها لایەنێكی سەربازی نییە، بەڵكو لایەنێكی سیاسیشە.
* لەم رۆژانەی دواییدا بینیمان كە داعش هێرشی كردەسەر كۆبانێ و ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی بۆ خەڵكانی مەدەنی و كوردەكانی ئەو ناوچەیە دروستكردووە، ئایا چاوەڕوان دەكرێت كارەساتی دیكە بەسەر كورددا بێتەوە؟
- گومانی تێدا نییە كات رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لەم مەسەلەیەدا و هەر دوودڵییەك دەبێتە هۆی درێژەپێدانی ئەوەی روودەدات لە كوشتن و لە هێرشكردن و تێكدانی شوێنەكان. بەڵام ئەوەی لێرە هەستی پێدەكرێت، ئەوەیە رۆژئاوا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە كە دەبێت پەلە بكرێت لە شەڕی دژی داعش، نەك تەنها بەهۆی مەترسییەوە لەسەر عێراق و كوردەكان، بەڵكو دەبێتە مەترسی بۆ سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە بە رەوتێكی خێراتر كار بكرێت لەلایەن رۆژئاواوە، یاخود لەلایەن هاوپەیمانێتییەكەوە وەك ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بینیمان. بە دڵنیاییەوە ئەمە شێوازێكی جیاواز و كاراترە پەرلەمانی بەریتانیاش رەزامەندی پیشانداوە بۆ ئەوەی وڵاتەكەی بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە بكات.
* راستە كۆدەنگی هەیە لە نێو ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لێدانی داعش، بەڵام بەرژەوەندی و بۆچوونی جیاواز هەیە لە بڕیارداندا بۆ گورزوەشاندن لە ناو خاكی سووریادا، ئایا چۆن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت بەسەر ئەم جیاوازییەدا زاڵ بێت؟
- پێموایە لە نێو سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەكەدا دان بەوەدا دەنرێت كە داعش، یان دەوڵەتی ئیسلامی هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ ناوچەكە و دەرەوەی ناوچەكەش، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی زاڵبوون بەسەر هەموو جیاوازییەكانی هاوپەیمانێتییەكەدا، بەڵام جیاوازی زۆر دەردەكەون دوای شكستهێنانی داعش، چونكە ئەوەی كۆی كردنەوە، هەستی هەڕەشە بوو، كە ئێمە دەزانین جیاوازی هەیە لە نێوان قەتەری و سعودیەكان و لە نێو عێراقدا و ئەمەش ستراتیژیەتێكی درێژخایەنی دەوێت بۆ رووبەرووبوونەوەی، پێموایە كاركردن پێكەوە هاوكار دەبێت، بەڵام چارەسەری ناكات. بەڵام باشترە بەرەیەكی یەكگرتوو هەبێت كە لە نێویدا توركیا هەبێت. ئێمە بینیمان كە دابەش بوونی نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پانتاییەكی دروست كرد بۆ ئەوەی داعش بە خێرایی دەست بە سەر خاكێكی زۆردا بگرێت، هەروەها ئازار و نەهامەتیەكی زۆر دروست بكات، ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی توركیا لە یادی بێت، وەك ئەندامێكی ناتۆ هاوپەیمانێكی بەهێزتر بێت، بەڵام ئێوە دەزانن، توركیا بەرژەوەندی خۆی هەیە.
* ئایا ئەم جیاوازییە نابێتە هۆی شكست پێهێنانی هەوڵەكانی لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی؟
- پێموایە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خاڵێكی هاوبەش هەیە، ئەویش مەترسی داعشە، ئەگەر داعش نەبوایە، ئەوا ئەم هاوپەیمانێتییە پێكەوە نەدەمایەوە، هەڵەیە ئەو جیاوازییانە لابدەین كە بوونیان هەیە، چونكە بەرژەوەندی جیاواز هەیە و بە دڵنیاییەوە سعودیە و توركیا و میسر بەرژەوەندی خۆیان و ئەجێندای خۆیان هەیە و دەیانەوێت لە سەرەوی مەسەلەی داعشیشەوە ئەوان كاریگەریان هەبێت لەم وڵاتەدا، بەڵام بۆ تێكشكاندنی داعش دەبێت پێكەوە كاربكەن، دواتریش كەلێنەكان ئاشكرا دەبن، كە ئەمەش مەسەلەیەكە دەبێت دیبلۆماسیەت چارەسەری بكات، چونكە سوورییەكان زۆر دابەش بوون، ئەویش دوای شەڕێكی ناوخۆیی دژوار. كەواتە نەك هەر بۆ سووریا، بەڵكو بۆ ئێرانیش پێویستمان بە ستراتیژیەتێكی یەكگرتوو دەبێت.
Top