پڕۆفیسۆر دانیال سەروەر بۆ گوڵان:پێشمەرگەی كوردستان كاراترین هێزە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا

پڕۆفیسۆر دانیال سەروەر بۆ گوڵان:پێشمەرگەی كوردستان كاراترین هێزە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا
پڕۆفیسۆر دانیال سەروەر، ئوستادی بەڕێوەبەری تەنگژەكان و تۆێژەری باڵایە لەسەنتەری ترانس ئەتلەتیك لە زانكۆی جۆنز هۆپكین و ئەندامی ئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەساڵانی 1994-1996یش جێگری سەرۆكی ئامۆژگای بونیادنانی ئاشتی بووە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (USIP)، هەروەها راوێژكاری وەزیر بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و دوای رێككەوتنی دایتۆن نوێنەری تایبەتی و رێكخەری فیدرالیەتی بوسنا بووە. لەم وتووێژەدا سەبارەت بە ستراتیژە نوێیەكەی سەرۆك ئۆباما لە دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها كاریگەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو شەڕەدا و چەند پرسێكی هەنووكەیی وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دەداتەوە.
* كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵە بە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، كە بە داعش ناسراوە، لە دەرئەنجامدا یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە عێراقدا دروست بوو، بە بۆچوونی ئێوە تا چ راددەیەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕكردن لە دژی داعش سەركەوتوو دەبێت؟
- ئەگەر ئامانجەكە بریتی بێت لە كوشتنی جەنگاوەرەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، داعش، من وێنای سەركەوتنی هاوپەیمانێتییەكە دەكەم، تا ئەو كاتەی هێرشە ئاسمانییەكان تا راددەیەك ئامانجە دابڕاوەكان بپێكن لە وڵاتەكەدا. بەڵام كاتێك مەسەلەكە دێتەسەر گرتنەوەی شارێكی گەورەی وەك موسڵ، ئەوا ئەمە تەحەدییەكی گەورەترە. هێرشە ئاسمانییەكان سوودێكی سنوورداریان دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی ئەگەری زەرەر و زیانە لاوەكییەكانەوە. سەركەوتن بەندە بە هێزە عێراقی و كوردی و عەرەبەكانەوە كە دەچنە ناوچە پڕ دانیشتووانەكانەوە، بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام پاكیان بكەنەوە و دووبارە حوكمڕانییەك دابمەزرێننەوە، كە پەیوەندیدار بێت بە بەغداوە. ئەمە ئەركێكی زۆر سەختترە.
* بە گەواهی میدیا جیهانی ئەو سوپایەی رۆڵێكی كارا دەبینێت لەسەر زەوی لە بواری شەڕكردن لە دژی داعش، بریتییە لە هێزەكانی پێشمەرگە، لەو رووەوە بڕیارێك دەرچوو بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی لە هەولێر بۆ لێدانی دەوڵەتی چەكدارانی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش. تا چ راددەیەك هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژ بە داعش رۆڵێكی بنەڕەتی دەبینێت؟
- لە ئێستادا، پێدەچێت پێشمەرگە كاراترین هێز بێت لە دژی هێزەكانی داعش لە عێراقدا. رۆڵی ئەوان زۆر گرنگە. ئەوەی نایزانم ئەوەیە كە تا چەند لە كوردستان دوور دەكەونەوە بۆ شەڕكردن. فوئاد حوسێن لە ئەمریكا لە رێی رادیۆوە رایگەیاند داعش لە هەر كوێیەك بێت، ئەوا ئەوان شەڕی لە دژ دەكەن، چونكە داعش لە هەر كوێیەك بێت، هەڕەشەیە بۆ سەر كوردستان. بەڵام بە مەزەندەی من سنوورێك هەیە بۆ ئەوە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی بەغدا نایەوێت پێشمەرگە زیاتر بەرەو باشوور بڕوات.
* لایەنێكی دیكەی شەڕ لە دژی داعش، كە سەرۆك ئۆباما پێداگیری لێ دەكات، بریتییە لە لێدانیان لە ناو سووریا. بەڵام ئێمە یەكهەڵوێستییەكی نێودەوڵەتی بەدی ناكەین كە بەس بێت بۆ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە. تا چ راددەیەك لێدانی داعش لە ناو سووریادا گرنگە بۆ لە ناوبردنیان؟
- ئەگەر داعش نەوایەكی ئارامیان هەبێت لە ناو سووریادا، ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ ناوچەكە و بۆ جیهانیش. مەرجیش نییە ئەوە ئەمریكا بێت كە لە ناو سووریادا كردەوەیەك لە دژی داعش بكات. بەڵام تا ئێستا رژێمی بەشار ئەسەد دوودڵ بووە بۆ ئەوەی ئەم كارە بكات. ئەگەر دەیەوێت ویلایەتە یەكگرتووەكان هیچ كردەوەیەك ئەنجام نەدات بە بێ رێگەپێدانی ئەو، ئەوا دەبێت خۆیان زۆر سەرقاڵ بكەن.
* هەست دەكەین كە هاوپەیمانەكانی دیكە راستەوخۆ بەشداری لە شەڕی دژ بە چەكدارانی داعش ناكەن، كەواتە تا چ راددەیەك ئەمە دەبێتە هۆی سستكردنی پرۆسەی لە ناوبردنی داعش؟
- من وێنای ئەوە دەكەم هەر وڵاتێك چەند هۆكارێكی خۆیان هەیە. توركیا دوودڵە لە بەشێكیدا لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەستی بەسەر بارمتە دیبلۆماتكارە توركییەكاندا گرتووە. _ لەكاتی ئەم دیمانەیەدا دیبلۆماتكارە بارمتەكانی توركیا رزگار نەكرابوون - رەنگە قەتەر دوودڵ بێت، لەبەر ئەوەی عەرەبستانی سعودیە گەمەكارێكی گرنگە لە هاوپەیمانەكە. زۆرێك لە ئەوروپییەكان دوودڵن لە بەر ئەوەی، بە چەشنی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، شەكەت بوون لە شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە رووی ئابوورییەوە لە پێگەیەكی لاوازدان. بۆیە بەڕاستی پێشوازی لە پێویستیی ئەنجامدانی كارێك لە دژی داعش ناكەن، بەڵام زۆرێك لە وڵاتانیش پەیوەندی جددی دەكەن.
* فەڕەنسا بڕیاری بەشداریكردنی هێرشەكانی لە دژی داعش دەركرد، هەروەها میوانداری كۆنفرانسێكی كرد لەبارەی عێراقەوە، بەڵام هەست دەكەین كە هاوپەیمانەكانی دیكە راستەوخۆ بەشداری ناكەن، بەتایبەتی لە هێرشە ئاسمانییەكاندا، ئایا ئەوە پرۆسەی لە ناوبردنی داعش سست ناكات؟
- پێموا نییە رەوتی هێرشە ئاسمانییەكان بەهۆی بەشداری نەكردنەوە بە راددەیەكی گەورە خاو بووبێتەوە. دەستنیشانكردنی ئامانجەكان پرۆسەیەكی ئاڵۆزە، ئەویش بۆ ئەوەی خۆت لە زیانی لاوەكی لابدەیت و دڵنیا بیت لەوەی هێرشەكان ئەنجامی خوازراویان لێ بكەوێتەوە.
* وڵاتە عەرەبییەكان رۆڵێكی گرنگ دەبینن لە هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆریزمدا، بەڵام هەر كاتێك پلانی هاوكاریكردن دادەڕێژن، ئەوا هەوڵدەدەن ئەوەندەی دەكرێت بەشداری كردنەكەیان بشارنەوە. تا چ راددەیەك پشتیوانیكردنی وڵاتە عەربییەكان بۆ شەڕكردن لە دژی داعش بە گرنگ دەزانن؟
رەنگە دەوڵەتە عەرەبییە سوننەكان بەشداریكردنی خۆیان لە شەڕی دژ بە داعش بشارنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە بپارێزن، بەڵام داعش هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر دەوڵەتانی كەنداو، بۆیە زۆر گرنگە دەوڵەتە عەرەبیە سوننەكان بۆ شەڕ لە دژی داعش بەشێك لەو هاوپەیمانێتییە بن.
Top